Quantcast
Channel: ماڵێک لە ئاسمان
Viewing all 244 articles
Browse latest View live

چەند دێڕێک لە 'ڕەخنە لە عەقڵی فاشیستی'

$
0
0
چەند دێڕێک لە 'ڕەخنە لە عەقڵی فاشیستی'Heminیش, 10/20/2019 - 14:17

 

ماشێنە ڕاستەقینەکانی جەنگ بەرلەوەی لە مەیدانی جەنگدا تۆپەکانی خۆیان بتەقێنن، لە سەری ئینسانەکاندا ئەو کارە دەکەن. تۆپەکانی فاشیزم لە مێژە لە خەیاڵ و عەقڵ و فەنتازیای کۆمەڵایەتی و بیرکردنەوەی سیاسیدا گرمەیان دێت، جار جار لە فۆرمی دەوڵەتێکی سێنتڕاڵدا گوزارشت لە خۆیان دەکەن، وەک لە عێراقی سەدام حوسەیندا، یان تورکیای ئەتاتورکیدا دەیبینین، یاخود دابەشدەبنە سەر چەندەها دیالێکتی سیاسی جیاواز جیاواز و لەگەڵ خۆیاندا جەستەی کۆمەڵایەتیش هەلاهەلا دەکەن، وەک لە عێراقی ئەمڕۆدا دەیبینین.

....

....

فاشیزم مانای بوونی سیستمێک، توندوتیژیی تێیدا جەوهەرە، بڕیاردەری یەکەمە، کەرەستەی بنەڕەتی دابینکردنی دەسەڵات و دروستکردنی مۆڕاڵ و پاراستنی سیستمە. واتە توندوتیژیی زمانی سەرەکی کایەی سیاسەتە، زمانی گوزارشتە لە هەموو ناکۆکییەکدا، زمانی چارەیە لە هەموو ململانێیەکدا، هەموو ناتەباییەکیش بچووک بێت یان گەورە تا سنووری سووتان و خوێن و خنکان ڕادەکێشێت.

...

...

ڕەخنە لە عەقڵی فاشیستی، چاپی یەکەم. 2015، لاپەڕە 120، 264

 

 


لە غوربەتا

$
0
0
لە غوربەتاHeminسش, 10/22/2019 - 20:23

پرۆژەی هاوبەشی 'کتێبخانەی کوردی' و 'ماڵێک لە ئاسمان'١

نووسینەوەی ' لە غوربەتا' ی محه‌مه‌د عومه‌ر عوسمان

وشەیەک چێژ ببەخشێ..
لە هەزاران وشە باشترە
شیعرێک چێژ ببەخشێ..
لە هەزاران هۆنراوە باشترە
بودا


١ئێمە هەوڵمان داوە، لەسەر داوای شاعیر 'حەمە عومەر عوسمان' خۆی، شیعرەکان وەک ئەوەی لە چاپی دووەمدا نووسراوەتەوە، دەقاودەق ئاوا بنووسینەوە، ئەگەر هەڵەیەک لە کاتی نووسینەوەدا بەسەرماندا تێپەڕی بوو، سوپاستان دەکەین ئاگادارمان بکەنەوە.

شیعرەکان نووسراونەتەوە، دوای پێداچوونەوەیان یەک یەک بڵاویان دەکەینەوە.

28-03-2010



دەربارەی چاپی دووەمی 'لە غوربەتا'
ناوی کتێب: لە غوربەتا
شاعیر: محه‌مه‌د عومه‌ر عوسمان
بابه‌ت: شیعر
چاپخانەی ڕەنج، سلێمانی - 2002
چاپ و کۆمپیوتەر: سەیران ئەمین ئەحمەد
مونتاژ و نەخشەی بەرگ: ئەرسەلان ئەحمەد
تابلۆی بەرگ: ڕۆستەم ئاغالە
خۆشنووسی بەرگ: شاسوار حەسەن

كوڕیژگەی بێكەس و ...

$
0
0
كوڕیژگەی بێكەس و ... Heminیش, 11/10/2019 - 11:19

 

كوڕیژگەی بێكەس
ئەیوت بەنیازە گورچیلەیەكی بفرۆشێت بۆ باوكی
ئەیوت باوكی دەردێكی بێئامانی گرتووە
دوای چەندڕۆژێك من ئەوم لەژێر لافیتەیەكی ڕەشدا بینی
كەكراسە دڕاوەكەی دایكی بوو
ئەو ئەیزانی خۆر ئەڕوات و درەختەكان بۆ یەكتری ئەسوتێن
كەچی مرۆڤ مرۆڤ ئەبڕێتەوە
ئەو ئەیزانی بەرد بۆ بەرد دڵی نەرم ئەبێت و 
مرۆڤ ھەر بە دڵبەردی ئەمێنێتەوە
ڕۆژێكیان 
 تفەنگێكی لە باڵای خۆی بەرزتریان كردبووە شانی
من ئەمزانی 
ئێوارەیەك وەكو سەگە پۆلیسیەكان بەری ئەدەنە گیانی ئەم و ئەو
بەیانییەك وەكو ئەسپی قاچاخچیەكان گیانی ئەبێژن
دەستم بشكێ مناڵیەكی دلڕەق و شكاوی بەڕێكرد
دڵم ورد بێت دڵێكی باش و چارەنووسێكی خراپی ھەبوو
بەڵێنی دابوو كەس نەكوژێت و نانی گەرم بۆ دایكی بھێنێتەوە
بەڵام وەك تاریكی لەتاریكیدا جەنگ قوتی دا
وەك ئەو مەلە وێڵەی بەئاسمانی شارێكدا ئەفڕێت
دایانە بەر ڕێژنەی گوللە
من مامۆستای بووم و 
ئەو كوڕێكی نەوجەوان بوو
بە جوتێك پێڵاوی كچانەوە ڕۆژانە ئەھاتە حەوشەی قوتابخانە
كە كچە دراوسێكەیان گەورەبووبوو، پێی دابوو
ڕۆژێك لە تەریقیدا ڕۆیشت و ئیتر نەھاتەوە
دەستم بشكێ وەكو سەربازێكی پێكراو ئەشەلی
پێڵاوەكانی تەنگ بوو وەكو ئێستای دڵم


---


دەزگیرانەكەم ئەڵێت تۆ ژەھریت
من مناڵێكی بچووكم 
ژەھر نابێ لەبەردەمی مناڵدا دابنرێت و بخورێتەوە
خوشكەكەم ئەڵێت تۆ شارێكی بێدەنگیت
لە دوای جەنگێكی وێرانكەر
ئەبێت ئاوەدان بكرێیتەوە
باوكم ئەڵێت تۆجەرگی ئەو ئاسكە سەربڕاوەیت
 لەسەر خەڵوز كە
كەلـلەسەری لە ماڵی سوڵتاندا ھەڵواسراوە
مۆسیقارەكە ئەڵێت
تۆ ئەو دەنگەی لە بێدەنگیدا ئەبیت بەئاواز
ھاوڕێ شاعیرەكەم ئەڵێت 
تۆ خوێن و كوكوختیت 
جادەیەكیت لەوسەری خەیاڵەوە دێیتەوە
تۆ ڕێگایەكیت بەناو شەودا ئەڕۆیت 
دكتۆرەكەم كە بەسەر یادەوەریما ئەڕوانێت
ئەڵێت تۆ برینێكی قوڵی، نابێت بكولێیتەوە
بەڵام لەنێو مندا تەنیا منداڵێكی خەوتوو ھەیە
سەری لەسەر ئەڵغامێكە و
خەو بە دنیایەكی جوانترەوە ئەبینێت

---

مه‌ی په‌ستێنه‌
ئه‌و كه‌موڵه‌ی له‌مێژه‌ پڕبووه‌ له‌ئازار
ئه‌م جه‌سته‌یه‌ له‌به‌ر جێ برین
جێیه‌كی نه‌ماوه‌ بۆ تاتۆی گوڵێك
ئه‌و كاتژمێره‌ش له‌ناو ئاودا خنكاوه‌
ده‌بوو له‌مێژه‌ بووه‌ستێت
ژیانیش ئه‌و به‌فره‌ بوو له‌ حه‌وشه‌كه‌ی ئێمه‌دا نه‌باری
به‌خته‌وه‌ریش ماسییه‌ك بوو
له‌ ڕووبارێكدا
به‌ناو په‌رده‌ی په‌نجه‌ره‌كه‌دا ده‌ڕۆیشت
ئاگات لێی بێت دوكتۆر
ئه‌م ئاوێنه‌ زۆر له‌وه‌ زیاتر شكاوه‌
وێنه‌ی كه‌سێكی ته‌واوی تێدا ببینی
وه‌ ئه‌و دڵه‌ش به‌كاره‌با ژیانی بۆ ده‌گه‌ڕێنیته‌وه‌
دڵ نییه‌
په‌پووله‌یه‌كه‌ له‌ سینگیدا
ده‌نگی باڵه‌كانی دێت


----

هاتن و زیندانیان بۆ خۆشەویستی دروستکرد
هاتن و بیریان لە ئازاری نان  نەکردەوە، 
خەیاڵیان لای هەڵفڕین بوو 
 عەشقیان خستە ناو چوارچێوەوە
بەڵام برسیان بوو 
باڵندەکان قەفەزەکانیان خوارد !
 

ئایین و تێنوێتی ئەنتۆلۆجی

گۆشەخەیاڵ، بەرهەمەکانى عەتا محەمەد وەک نموونە

$
0
0
گۆشەخەیاڵ، بەرهەمەکانى عەتا محەمەد وەک نموونەHeminشە, 12/14/2019 - 07:37

 

قسەکردن لە گۆشەخەیاڵ لە ڕووى تێگەیشتنى زمانەوانییەوە لە گۆشەنیگا نابێتەوە، بەڵام ئەوەى گۆشەخەیاڵ و گۆشەنیگا لێک جیا دەکاتەوە، ئەوەیە کە گۆشەنیگا گۆشەیەکى خاوەن پلەیە و بە ئاڕاستەى ئاسۆییدا دەجولێ، بەڵام گۆشەخەیاڵ پلەدار نییە و لە بەرهەمەکانى عەتا محەمەددا (بۆ نموونە) ڕەنگاوڕەنگ دەکەوێتەوە! من لەم نووسینەدا دوو ئاڕاستە دیارى دەکەم، ئاڕاستەى یەکەم ڕووەو (داهاتوو)ە و ئاڕاستەى دووەم ڕووە و (ڕابردوو)ە.

دەشێ ئاڕاستەى یەکەم جوانتر لە (شوێن)دا دەربکەوێت، بەڵام ئاڕاستەى دووەم لە (زەمەن)دا دەیدۆزینەوە، بەو مانایەش گۆشەخەیاڵ لە بەرهەمەکانیدا دوو وەزیفە لە ئەستۆ دەگرێت، لە یەکەمیاندا بونیادى (جولەى گێڕانەوە)ى لە سەر دادەمەزرێ، بەڵام لە دووەمدا (کردە-Acte)ى لە سەر بونیاد دەنرێت! دوو دەرئەنجامیشى لێ دەکەوێتەوە، دەرئەنجامى یەکەم (چێژ) دەوڕوژێنێ و دەرئەنجامى دووەم لە (عەدەم)ەوە دێتەوە بوون، چێژ بەرەو (ژیان) دەبێتەوە و عەدەم (مردن) دەبزوێنێ. 
دواجار ئەو هەموو بەنێویەکداچوونانە بە جۆرێک لە جۆرەکان تەکنیکى (خۆرخێ لویس بۆرخیس Jorge Luis Borges 1899- 1986))مان لە گێڕانەوەدا بیر دەخاتەوە.
بە کورتى ئەوەى لە کارەکانى عەتا محەمەددا بەرەو پێشەوەمان دەبات، جولەى گێڕانەوەیە، بەڵام ئەوەى بەرەو نەبوونى و بەرەو دواوەمان دەبات، جولەى کردەیە! لەبەر ئەوەى جولەى گێڕانەوە شوێن دەبڕێ و جولەى کردە زەمەن نیشان دەدات... بۆیە ئاڕاستەى جولەى شوێن بەرەو پێشەوەیە و ئاڕاستەى جولەى زەمەن بەرەو دواوە دەجولێ! بەو مانایەش هەمیشە چێژ روو لە داهاتووە و هەمیشە عەدەم رابردوو و نەبوونمان بیر دەخاتەوە. 
دواجار پانتایى کارکردنى گۆشەخەیاڵى عەتا محەمەد لە وەزیفەى گێڕانەوە و وەزیفەى کردەدا بە نێویەکدادەچن و لەوێشەوە دەتوانین وەزیفەى گێڕانەوە تەرجەمەى (بیرکردنەوە) وەزیفەى (کردە) تەرجەمەى (ئارەزوو) بکەین... بە شێوەیەکى گشتى ئەو بە نێویەکداچوونە بەرەو داهاتووییەک دەمانبزێوێ، کە پشتمان لێیەتى.

 (1) 
بیرکردنەوە لە زەمەندا دەکەوێتە سەر رابردوو، بەو مانایەش پرسیارکردن لە بیرکردنەوە، پرسیارکردن نییە لە عەقڵێکى رووت، بە قەد ئەوەى بیرهێنانەوەى رابردووە، بەڵام بێ پرسیارکردن لە خەیاڵ پرسیارکردن لە بیرکردنەوە کورتى دێنێت! خەیاڵ هێزى روانینمان لەو شتەى کە بیرى لێ دەکەینەوە واڵا دەکات، ئەو کاتەش هێزى بیرکردنەوە دەردەکەوێت، کە بە (دۆزینەوەکان) دەگەین!
بەڵام ئارەزوو لە جوڵەى کردەدا (لە چالاکى کاراکتەرەکان) دێتە بەرهەم، هێزى چێژ لەو شتەى کە بەدوایدا دەگەڕێین دەوڕوژێنێ، ئەو کاتەش هێزى چێژ دەبزوێ، کە بە (دۆزینەوەکان) دەگەین. 
ئەگەر دۆزینەوەى یەکەم هێزى خۆى لە (خەیاڵ)دا بە دەست بهێنێ، ئەوە دۆزینەوەى دووەم هێزى خۆى لە (زمان)دا دەستەبەر دەکات! نووسین ئەو شتەیە کە ئارەزووەکانمان بەتاڵ دەکاتەوە! 
بە کورتى لە هەردوو باردا ئەوە گەڕان و دواتر دۆزینەوەکانن چێژمان پێ دەبەخشن... بەو مانایەش دەتوانین ئاوێتەبوونى (بیرکردنەوە و ئارەزوو) وەک یەکێک لە میکانیزمەکانى کار کردنى عەتا محەمەد بخەینە روو.

(2)
ئەوەى لە کۆى کارەکانى عەتا محەمەد بە مانا تایبەتییەکەى گرنگە ڕۆڵى خەیاڵە، کە بەرەو ڕابردوومان دەبات، هەڵبەتە ڕابردوو لە ڕووى ناسنامە و ڕەمزەوە، نەک لە ڕووى مێژوو و زەمەنەوە (بۆ نموونە –سەبتاتیڵ- لە زۆربەى ڕۆمانەکانیدا کەسایەتییەکى ڕابردوو، یان شاعیرێکى ڕابردوومان بیر دەخاتەوە)... 
کەچى زمان وەک ئەوەى لە کارەکانى عەتا محەمەددا لە حاڵەتى نووسیندا دێت، وەک ئەوەى شتێکە هەمیشە لە پێش ئێمەوەیە، وەک ئەوەى شتێکە هەمیشە بوون بە نووسین دەبەخشێ... بە هەمان ئەندازەش بایەخى خۆى لە نەخشەسازى بۆ داهاتوودا دەبینێتەوە. 
لە لایەکى دیکەوە دەتوانم بڵێم زمان لە کۆى بەرهەمەکانیدا وەک چۆن هەڵگرى جوانییە، هەڵگرى ئیشکالیەتێکیشە، ئەو ئیشکالیەتە لە ئێستادا (یان لە حاڵەتى نووسیندا) وا دەردەکەوێت، کە هەڵوەشێنەرەوەى ڕابردوو بێت، بەڵام بچووکى پانتایى (زەمەنى ئێستا) کە شوێنکەوتووى کردە و بڕى کاریگەرى چرکەساتى نووسینە، دواجار دەبێتە بەرئەنجامى خەسڵەتى گێڕانەوە و پەیوەندى خوێنەر بە زەمەنەوە... لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا جیاوازییەکى ئاشکرا لە نێوان زمان و خەیاڵدا هەیە، بنەماى سەرەکى ئەو جیاوازییەش لە جەختکردنەوەى ڕابردووەوە هاتووە، بەڵام هەمیشە نووسەر هەمەڕەنگى و ڕاڤەکردنە شیاوەکانى زمان ئاوێتەى یەکتر دەکات، بە مانایەکى دیکە ڕابردوو بە زمان دەنەخشێنێ.
بێگومان ڕابردوو وێڕاى هەموو بۆچوونە جیاوازەکان و چارەسەرەکراو و نەکراوەکانى مەسەلەیەکە ڕوویداوە و لە پشتمانەوەیە، بەڵام بوونى داهاتوو لە پێشمانەوەیە و لاى نووسەر ئەوە زمانى نووسینە ئەو کارە دەبات بەڕێوە! زمان لاى عەتا محەمەد ئەو شتەیە کە تەواوى دنیاى ڕابردوو دابەش و پارچە پارچە دەکات، بەو مانایەش هەوڵ دەدەم بڵێم چرکەساتى نووسین لاى عەتا محەمەد ئەوەیە کە بە زمانى دادێ، ئەو قسەیەش تێزى (مرۆڤ بەرهەمى زمانە)ى (ژاک لاکان)مان بیر دەخاتەوە، کەواتە بۆ ئەوەى لە مرۆڤ بگەین، پێویستە لە پەیوەندى بنەڕەتى نێوان (زمان) و (ئارەزوو) بگەین. 

(3)
ئارەزووە تێرنەکراوەکانمان یان چەپێنراوەکانمان دەخەینە نائاگاییەوە، بۆیە ئاگامان لەو واقیعە نییە، کە تێیدا دەژین... یان وەک (کارل مارکس) دەڵێ ئاگامان لەو دەستکەوتە کۆمەڵایەتیانە نییە، کە فۆڕمێک بە ژیانمان دەبەخشێت! دەتوانم بڵێم چرکەساتى نووسین لاى عەتا محەمەد لە نائاگاییەوە دەجولێ، یان بە مانایەکى دیکە بەو جۆرە دەجولێ، وەک ئەوەى ئاگاى لە دەستکەوتەکانى زمان یان ڕووداو نەبێت، کە شێوەیەکى مردنى لە سەر خەلق دەکرێت.
بۆ زێتر ڕوونکردنەوەى ئەو ڕستەیەى سەرەوە "فیلیب شملا"ى لاکانناس بیر دەخەینەوە، کە لە وتارێکى لە نێو کتێبى (اللغە الخیالی الرمزی) قسە لە تێزى مرۆڤ وەک بەرهەمى زمان دەکات و دەڵێت، تاکى مرۆیى دەکەوێتە ژێر کاریگەرى زمان و لەوێوە (خود)ێک پێکدەهێنێ، کاتێک ئەو (خود)ە قسان دەکات، دەبێ هەوڵ بدات ئەویدیکەى بەرامبەر (other) لێى تێ بگات، کاتێک داوایەک یان ناوکۆییەک بەرز دەکاتەوە، لەسەرى پێویستە ئەرزش بۆ داواکارى و ناوکۆییەکانى ئەویدیکەش دابنێ. دەتوانم بڵێم ڕووداو یان زمان لە نووسینى عەتا محەمەددا پەیوەندى بەوەوە هەیە، کە کاریگەرى نائاگایى لە کردەدا دەردەکەوێت، ئەوەش دەمانخاتەوە سەر تێزەکەى لاکان کە پێیوایە نائاگایى بونیادێکى زمانەوانى هەیە، هەر بەو مانایەش نائاگایى گوتارى ئەویدیکەیە، بەڵام ئەى ئەویدیکە لە کوێوە دێت؟ هەڵبەتە بە بڕواى لاکان شوێنى ئەویدیکە نائاگاییە...- (اللغە الخیالی الرمزی، ێ12). لێرەوە دەتوانم بڵێم بۆگێڕەوەى عەتا محەمەد نائاگاییە...

(4)
وەک چۆن ڕابردوو بۆ ئێمە (لانیکەم) شیاوى گۆڕان و دەستکارى نییە، (بۆگێڕەوە)ى عەتا محەمەدیش نزیک لە نائاگاییە و کەمتر شیاوى گۆڕان و دەستکارییە! بەڵام داهاتوو بە تەواوى دیارى نەکراوە. 
بۆیە لەم نووسینەدا داهاتوو تەرجەمەى زمان دەکەین، بەو مانایەش وەک پێویست ڕابردوو دەبێ لە خەیاڵ هەڵگرینەوە و داهاتوو لە ڕێگاى زمانەوە نەخشەسازى لە کردەدا دابڕژێت... دەمەوێ بڵێم لە کۆى کارەکانیدا خۆى دەداتە دەست قەڵەمڕەوى خەیاڵ و لە ڕێگاى زمانەوە پەرت و بڵاویان دەکاتەوە. 
لێرەدا خەیاڵ و زمان، لە ئامادەیى گێڕانەوە و کردەدا خۆیان دەنوێنن، بەڵام وەک چۆن خەیاڵ لە ڕێگاى زمانەوە بەرجەستە دەبێت، زمانیش هێزى داهێنەرانەى خۆى لە خەیاڵەوە بە دەست دەهێنێت، چونکە خەیاڵ لە کردەى بونیادنانى فیکریدا لە تێگەیشتن هەڵدەقووڵێ و لە هوشیارییدا جێگیر دەبێت، بەو مانایەش خەیاڵ ئەو پانتایەیە، کە خودى بیرکەرەوە تێیدا تێگەیشتنەکانى خۆى لە جوانىی نزیک دەکاتەوە! بۆرخیس دەڵێت: تامى سێو لە خودى سێودا نییە، لە دەمى ئەو کەسەشدا نییە کە دەیخوات، بەڵکو لە بەیەکگەیشتنى هەردووکیاندایە.

بە کورتى کردەى زمانى، هێزى خۆى لە خەیاڵدا هەڵدەگرێتەوە، یان بە مانایەکى دیکە کردەى زمانى بە ڕێگاى تایبەتى خەیاڵەوە بوونى خۆى لە ڕێگاى چالاکییەوە کەشف دەکات... کەواتە جوڵەى کاراکتەرەکانى عەتا محەمەد لە ڕێگاى خەیاڵەوە هەموو ئەو شتانەى دەکرێت بکەونە پێشییانەوە و پەرت و بڵاویان دەکاتەوە!
 دواجار لاى عەتا محەمەد ڕەتبوون بە سنورى نێوان گێڕانەوە و کردەدا وەک بەشێک لە (جوانى دەق) کە خوێنەر وەک ڕووداوێکى ڕابردوو دەیانبینێ، لە دەمى زماندا نادۆزینەوە، بەڵکو لە رێگاى بە نێویەکداچوونى (ڕابردوو و داهاتوو)دا  دەیانخوێنینەوە.

هێڵێکی ئاسنین لە بیابانەوە

$
0
0
هێڵێکی ئاسنین لە بیابانەوەHeminشە, 12/14/2019 - 08:00

 

ڕۆمانی: سەزەمینی زیکزیکە
نووسینی: عومەر سەید
چاپخانەی یاد
ساڵی بڵاوکردنەوە: ٢٠١٨
 

هۆڵۆکۆستی جووەکان تەنها وەک پرسیارێکی سیاسی و مێژووی نامێنێتەوە و لە بوارە جیاجیاکانی ئەدەب و هونەردا ئامادەیی خۆی رادەگەێنێت. ئەوەی کە ئینسان دەرەقەتی خوێندنەوەی ئەم مێژووە خوێناوییە درێژەی نەبێت، دەکرێ لە ئەدەبدا و لە رۆمانێکدا گۆشەیەکی ئەم چیرۆکە دیژ و گەوەرەیە بخوێنێتەوە. ئەم ئامادەییە هونەریی و ئەدەبییەی هۆلۆکۆست، وشیارییەکی کۆمەلایەتی گەورە لە دەرەوەی بازنەکانی جووبووندا دروستدەکات و پرسی هۆلۆکۆست لە پرسی جووەکانەوە دەگۆرێت بە پرسێکی ئینسانی و ئاسان ئینسانەکانی ژینگە کۆمەلایەتی و جوگرافیا جیاوازەکانی دیکە لەگەڵیدا هاوسۆزیی پەیدادەکەن.

" نۆرمان فینکڵیشتاین" لە (پیشەسازی هۆلۆکۆست) دا دەست بۆ هەستیارترین جومگەکانی تراژیدیای جووەکان دەبات و پێیوایە کە ئازار و فرمێسکی جووەکان لە هۆلۆکۆستدا لە دەستی ناسیونالیزمی جوودا دەبێتە سەرچاوەیەکی سەروەت و سامان پێکەوەنان بۆ ئیلیتێکی کەمی جوو.
بە کورتییەکەی: تەرمی قوربانیەکانی نازیزم هەمیشە بە شانی سیاسەتمەدارانی جوەوەوەیە تا قازانجی تایبەتی لێبکەن. یان بە هەق و ناهەق، پرسیاری جووی قوربانی بەرز ڕادەگیرێت. 
ئەگەر پیشەسازیدروستکردن لە قوربانییەکانی جوو، فینکڵیشتاین دەخاتە سەر کەلکەلەی ئەوەی سنوورێک بۆ ئەم ماکینە گەورەیەی دروستکرن و دووبارەدروستکردنەوەی جووی قوربانی دابنرێت، ئەوا لە بوارەکانی ئەدەبدا، کەمتر دروستکرن و دووبارەگێڕانەوەی قەتڵ وعامی جووەکان دەخرێتە بەر هەمان نیگای ڕەخنەگرانە.
بە بڕوای من، (لیستی شیندلەر) و(خاڵکوتەکەی ئاوشویتش) و دەیەها چیرۆک و فیلمی جۆراوجۆرلە ئاگادارکردنەوەی ئینسانەکانی ئەمڕۆدا، لە سەدان دۆکۆمێنت و وانەی مێژووی سەبارەت بە دڕندەییەکانی نازیزم کاریگەرتر بوون.
بەلام ئایا لەبەرانبەر هۆلۆکۆستی کوردەکاندا لە ئەنفالدا،  بە جیا لە شیوەن و فوغان و مۆنیۆمێنتەکانی ئەنفال و شیعرە پڕلە فرمێسکەکانی ئەنفالدا، چیرۆکی ئەنفال لە ڕۆماندا  چۆن دەگێڕدرێتەوە؟ 
لێرەوە دەمەوێ سەیرێک لە ڕۆمانی "سەرزەمینی زیکزیکە"ی (عومەر سەید)ە بکەم  کە کۆششێکی هەتا بڵێی جوانی بە ئەدەبیکردنی ئەم مێژووە پڕلە نەهامەتییەی خەلکی کوردستانە لە بواری ڕۆماندا. 
بۆ ئەم مەبەستە ، ناچارم باسەکەم هەر لە هۆلۆکۆستی جووەکانەوە دەستپێبکەم.
لە هەر لایەکەوە سەرنج لە هۆلۆکۆستی جووەکان بدەیت، ناکرێ چاوت نەچێتەسەر ڕەیلی شەمەندەفەرەکەی ئاوشویتس. قوولەیەکی بەرز، هێڵی شەمەندەفەرێک کە بە ژێر قوولەکەدا تێدەپەڕێت و دەتگەێنێتە ئەو دیوی شوراکانی دوای قولەکە. لێرەدا سنووری ژیانی کۆتایی دێت. بەخێربێن بۆ ئاوشویتش!

بەخێربێن بۆ ئاوشویتش

ئەم وێنەیەی سەرەوە، بە یەکێک لە بەهێزترین سیمبولەکانی قەتڵ و عامی جووەکان دەناسرێتەوە. تراژیدیای جوو، لەبەردەم ئەم دەمە داچەقیوەی ناو قوولە سەربازییەکەی ئاوشویتسدا، بە لووتکەی خۆی دەگات. بەڵام هەمووشمان دەزانین کە بەرلەوەی ژیانی پینەچییەکی کراکۆڤ، یان وێنەگرەکەی پراگ، یان پیانۆژەنەکەی بەرلین، لە کوورەکانی ئاوشویتسدا کۆتایی پێ بێت، ئەوا لە ڕێگای هونەری ڕۆمانەوە، بێگوومان هونەرەکانی دیکەشەوە، دووبارە ژیان بەبەریاندا کراوەتەوە و تەماشاکەری ئەم وێنەیە، دەکرێ ئەو ژیانەش ببینێت کە لە سەنتەری شارەکانی کراکۆڤ و پراگ و بەرلینەوە دەستپیدەکات و بەرلەوەی ئەو کەسانەی سەرەوە بخرێنە ناو فارگۆنی شەمەندەفەرەکانی ئاوشویتسەوە، ژیانێکی دیکەیان بووە و ئامادەیی هەبووە.
بەڵام لە دۆخی هۆلۆکۆستی کوردەکاندا، لە ئەنفالدا، ئێمە خاوەنی وێنەیەکی وەک ئەو وێنەیەی سەرەوە نین کە لە ناوشیاری دەستەجەمعی ئینسانەکانی سەرزەویدا ، ئەنفالی پێ بناسرێتەوە.
هونەر و ئەدەبی کوردیش لەم ئاستەی ئێستایدا لە خوڵقاندنی وێنەیەکی دیار و ناسراوی  هولۆکۆستی کوردەکاندا بە تەواوەتی دەستەپاچەیە.
ئەنفال لە شیعری کوردیدا ، بەشی شێری بەردەکەوێت. ڕێک بە پێچەوانەی (تیۆدۆر ئەدۆرنۆ)وە کە لە ساڵی ١٩٥١ دەنووسێ: (لە دوای ئاوشویتسەوە شیعرنووسین کارێکی بەربەریانەیە). بەڵام ڕێک لەو شوینەدا کە کورتهێنانی شیعر دەکرێتە هۆکارێک لەلای ئەدورنۆوە بۆ ئەوەی دەرەقەتی تراژیدیای هۆلۆکۆست نەیەت،  ڕێک لەو شوێنەوە، شاعیری کورد لە پاڵ ئەو هەموو شێوازەی دەربڕیندا، زیاتر دەست بەداوێنێ شیعرەوە دەگرێت بۆ ئەوەی ئەنفال بگرێت و ڕامی بکات. 
دەربڕینەکەی ئەدۆرنۆ جێگای مشت ومڕێکی زۆرە و بە شێوازی جۆراوجۆر ڕاڤەکراوە. لای ڕەخنەگری ئەدەبی (سارا عەبدوللاهی)، ئاواهی تەفسیری ئەم دەربڕینەی ئەدۆرنۆ کراوە: لە دوای سامی هۆلۆکۆستەوە، ئینسان لە بەرانبەر ئەو نەکردە مۆڕاڵییەدایە کە بتوانێت جوانییەکی شاعیرانە فۆرمۆلە بکات. ئاخر زمان وەک کەوتوویەک سەرنج دەدرێت ، بۆ ئەوەی بتوانێت هەستێتەوە ، پێویست بوو ئەو درزە بدۆزرێتەوە کە کەوتۆتە ناو زمانەوە، پاشان درزەکە تۆمار بکرێت.  لای ئەدۆرنۆ، شیعر فۆرمی دەربڕینی کەسی ئازادە، ئاوشویتسیش نەفیکەرەوەی  هەموو ئازادییەکی ئینسان بووە. ) (1)

گەر زیادەڕەوییم نەکردبێ، دەتوانم ڕاشکاوانە بڵێم: عەرعەر، بیابانی خۆرئاوا، زیل، جاش ئەو وشە هەمیشە ئامادانەن کە چیرۆکی ئەنفالییان لە شیعردا تۆمارکردووە و ئەنفالییان لە ناودا دیل کردووە. هەموویشی لە وێنەیەکی کۆلیکتیڤیستی گەورەدا کە قوربانی دەمووچاوی دیار نییە.
بە تەفسیری سارا عەبدوللاهی، لە هۆلۆکۆستی جووەکاندا، زمان زەربەیەکی گەورەی بەردەکەوێت و درزێکی گەورە دەکەوێتە  جەستەی زمان خۆیەوە. کاتێک ئینسان دەستی خستە سەر ئەو برین و درزەی کە زمان تێیکەوتووە، ئەوسا دەتوانێت فۆرمێک بدۆزێتەوە کە دەربڕی ئەو جوانکارییە بێت کە شیعری پێ دەناسرێتەوە. 
لەوە دەچێت کە دەربڕینی ئیستاتیکییانەی شیعری کوردی لە سی ساڵ دوای ئەنفالیشەوە، هێشتا نەیتوانییەوە دەست بخاتە سەر ئەو برینەی کە ئەنفال لە جەستەی ئینسانی کورددا هەڵیکەندووە. بۆیەش دەربڕینەکانی سەبارەت بە ئەنفال لە پێنچ وشە تێناپەڕێت کە نەک دەروازەیەکی ئەدەبی لە بەرانبەر ئەنفالدا ناکاتەوە، بەڵکو لە بێدەمووچاوییەکی نەبینراودا بە نادیاری دەیهێڵێتەوە.

ئەگەر بگەڕێمەوە سەر وێنەکەی سەرەوە، شەمەندەفەرەکەی کە دەگاتە ئاوشویتس، پەیوەندیی ئەم وێنەیە لەگەڵ وێنەیەکدا کە دەکرێ ئەنفالی کوردستانی لە ئاستی لۆکاڵیدا پێ بناسرێتەوە، ئەوا ئێمە جگە لە بیابانێکی ڕووت، هیچ شتێکی دیکە شک نابەین. واتا لەبەرانبەر دوا ویستگەی ئەنفالدا کە چارەنووسی 182 هەزار ئینسانی کوردی تیا دەگاتە کۆتایی، تەنها بیابانێکی ڕووت شک دەبەین.
بەڵام لە هۆلۆکۆستی جووەکاندا، لە دوای گەیشتنی جووەکانەوە بۆ ئاوشویتش، لە ڕێگەی چیرۆک و ڕۆمانەوە ، ئێمە دەمووچاوی ئەوانە دەبینین کە دەسووتێنرێن. واتا لە رێگای دووبارە دروستکردنەوەی ئەدەبی هۆلۆکۆستەوە، بە سەر هێڵی هەمان ئەو شەمەندەفەرەدا کە سەرێکی لە ئاوشویستدایە دەتوانین بگەرێینەوە بۆ ناو کوچە وکۆلانەکانی شارەکانی ئەوروپا و ژیان و دەمووچاوی قوربانییەکان بدۆزینەوە. بەڵام شیعری کوردی کە گێرەرەوەی بەشێکی زۆری ئەدەبی ئەنفالە، ئەم دەرفەتەمان بۆ ناڕەخسێنێ. واتا هێڵێک دروست ناکات بۆ گەرانەوە بۆ ناو ژیان. 
هەر بۆیەش ڕۆمانی (سەرزەمینی زیکزیکە)ی عومەر سەید لەم شوێنەوە جێگای سەرنجدانە کە بەرلەوەی قوربانییەکانی ئەنفال بگەێنرێنە عەرعەر و لەژێر لمدا بشاردرێنەوە، ژیانێکی دیکەیان بۆ دروست دەکات و سەرزەمینی زیکزیکە دەبێتە ئەو هێڵی شەمەندەفەرەی کە لە وێنەکەی ئاوشویتسدا هەیە، بەلام لە شێوەی ڕێگای قەتارئاسای ئەو لۆری و زیلانەی لە گوند و شارەکانی کوردستانەوە بەڕێدەخرێن تا بە دوا مەنزلگای خۆیان بگەن کە بیابانە.
 ئەگەر لە دیمەنی شەمەندەفەرەکەی ئاوشویتسدا سەرێکی ئەم هێڵی ئاسنە لە ناو ئاوشویتسدایە و سەرێکی تری بە پایتەختی شارەکانی ئەوروپاوەیە، سەرێک لە ناو مەرگ و سەرێکیش بە ژیانەوە، ئەوا ڕۆمانی (سەرزەمینی زیکزیکە) کێشانی ئەو ڕێگا درێژەیە کە سەرێکی لە مەرگدایە، لە بیاباندا و سەریکی دیکەی ڕیگاکە لە ناو شارو گوندێکی کوردستانەوە دەستپێدەکات. لێرەوەیە کە ئەنفال و حەکایەتە گەورەکەی تراژیدیای کورد دەکرێ بگیرێت و قوربانییەکان ببنە خاوەنی دەمووچاوی خۆیان. سەرزەمینی زیکزیکەی عومەر سەید، لێرەوە لە بەشەوە دەچێت بۆ کۆ، نەک وەک ئەو گوتارە باوە ئاساییەی کە ئەنفال هەمیشە لە کۆدا تەفسیر دەکات و توانای پەڕینەوەی نەبووە بۆ بەش. 

" لەم ماڵەدا من و میمکم و باپیرەم دەژین. لە باوک و دایک و سێ براو دوو خوشک ، هەر بە تەنها خۆم ماوم و ئەوان هەر هەموویان ئەنفالن. میمکیشم حەوت براو چوارخوشکی بێسەروشوێنی ئەنفالە."
عومەر سەید لە کێشانی وێنەی یەکێک لە پاڵەوانەکانیدا، بەو شێوەیەی سەرەوە، لە زمانی کەسی یەکەمی تاکەوە، کاراکتەرێکی ڕۆمانەکە دەخوڵقێنێ. ئەم پاڵەوانە لە ئۆردۆگایەکی کەس و کاری بێسەروشوینکراوی ئەنفالکراوەکاندا ژیان بەسەر دەبات. دیمەنی ئەم ئۆردوگایە کە بەسەرزیندووکانی دوای ئەنفالی تێدا دەژی، هێندە خاکستەری و بێڕەنگ باس دەکرێت، کە جیاوازییەکی ئەوتۆی لە ژیانی ناو ئاوشویتسدا نییە. دیمەنی کارو لە خەوهەستانی پاڵەوان و ئاخاوتنی بێ ئاخاوتنی ئەم لەگەل میمکدا، لە شانۆگەرێەکی بێدەنگ دەچێت. باسکردنی ژیانی ئەم ئۆردوگایە، خوێنەر دەخاتە ناو کەشوهەوایەکی هەتا بڵێی ئۆردوگائاساوە.
بەڵام ئەوەی کە جێگایەکی گەورە لە (سەرزەمینی زیکزیکە)دا داگیر دەکات، لە ڕاستیدا میمکی پالەوانە و لە بێزمانی ئەو و کەمقسەکردنیشیدا، بەشێکی گەورە لە حەکایەتی ئەنفال دێتە گێرانەوە، بێگوومان لە چارەنووسی بنەماڵەیەکدا.
یەکێک لە دیمەنە جوان و بەهێزەکانی  ئەم ڕۆمانە ئەوەیە کە پرۆسەی ئەنفالکردنی گوندێک لە گوندەکانی ئەنفال، لە ڕێگای پاڵەوانەکانی کتێبی (ئەلف و بێی) باڵدارەوە دێتە گێرانەوە ئەویش لە ڕیگای ئاخاوتنی نێوان  دارا  لەگەڵ کوڕە فیگورئاساکەی  (ناجی ئەلعەلی)دا کە بە حەنزەڵە ناودەبرێت. بێنە بەرچاوی خۆت کە دارا بۆردومان دەبینێت و مام زۆراب هەڵدێت و زارا پەلاماری منداڵ دەدات.

هەڵبژاردنی کەسایەتییەکانی ناو ئەلف و بێی باڵدار کە زرنگانەوەیەکی گەورە و شەخسی لە یادەوەری ئینسانی کورددا هەیە، قورساییەکی گەورە لەسەر زەینی خوێنەر دروست دەکات و نووسەر زیرەکانە خوێنەر کێش دەکاتە ناو بازنەیەکی خۆناسینەوەی کۆمەلایەتییەوە کە پالەوانی چیرۆکی ئەنفال پێویستی پێیەتی.  
شایەنی باسە کە دەنگی گێڕانەوەی ناو ڕۆمان بەسەر چەند کاراکتەرێکدا دابەش دەبێت. دەنگێکی بێڕەنگ کە ڕووداوەکان وەک ئەوە دەبینێ لە پەیوەند بە ژیان لە دوای قەومانی ئەنفالەوە. دەنگێکی دیکە کە هێندەی لە دەنگی ڕەنگدار دەچێت کە جێگایەکی تایبەت لە دووبارە نیشاندانی ژیانی پاڵەوانەکانی ناو ڕۆماندا داگیردەکات بەرلەوەی لە دواویستگەی ئەنفالدا، لە بیاباندا جێبگرێت. ئەم دەنگە وەک دەنگی زیکزیکەکانی گەرمیان وایە و ڕەنگاوڕەنگە. ئەم ڕەنگە دەکرێ ئازارێکی پرتەقاڵیی بێ کە سەرگوزشتەی دڕکەپیاوێکە کە شادییهێنەری ناو مەملەکەتی دڕکە، یان دەکرێ دەنگێکی خەنەیی بێت کە لە سیمای تارماییەکەی دەشتی حەمریندا خۆی بەرجەستە دەکاتەوە.

زمانی گێرانەوە لە دەربڕینی هەردوو دەنگی بێڕەنگ و ڕەنگداری سەزەمینی زیکزیکەدا سادەیە و وەک زمانی سادەی گەرمیانیەکانی قوربانی ئەنفال ئاسان دەچێتە دڵەوە. ئایا ئەمە هەڵبژاردنێکی بە ئاگاهانەی نووسەرە  بۆ نەخشاندنی زمانێک کە تراژیدیای تیا دەخوڵقێ، یاخود زمانی ناوەوەی قوربانییانێکە کە کەوتنی زمان لە دوای ئەنفالەوە تەنیویەتی، ئەگەر بگەڕێنەوە بۆ ئەدۆرنۆ، هیشتا دەستی نەخستۆتە سەر درز و بریندارییەکانی ناو زمانەوە تا لە ئاست ئەم تراژیدیایەدا بێت. بە هەر حاڵ، سادەیی ئەم زمانە لە گێرانەوەدا لە هەرکامێکی ئەو هۆکارانەی سەرەوە  سەرچاوەی گرتبێ،  وەک خاڵێکی سەرکەوتوو بۆ نووسەر تۆمار دەکرێت.
بەڵام جێی داخە لە نێوان لاپەرەکانی ٧٥ تا ٧٩ دا ئەم دووبارە گێرانەوەی تراژیدیای ئەنفال لە گێرانەوە ئەدەبییەکەی خۆی دەکەویت و بە زمانی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەوانی، مێژوویەکی سادە وەک ئەوەی کە چۆن بووە دەگێڕدرێتەوە. 
بە بڕوای من ئەگەر ئەم بەشەش وەک دەنگی زیکزیکەیەکی ڕەنگدار بهێنرایەتە گێرانەوە، دەکرا ڕەهەندی تر و گۆشەی دیکەی ڕووداوی تێبکەوتایە کە زمانی ڕیپۆرتاژی ڕۆژنامەوانیی نەدەکردە دەربڕین بۆ خۆی.

لەگەڵ گەیشتنە کۆتایی دێڕەکانی ئەم ڕۆمانەدا، خوێنەر هەست دەکات کە هەڵبژاردنی ناونیشانی سەرزەمینی زیکزیکە چەند هەڵبژاردنێکی بەئاگاهانەی نووسەرە و خوێنەر لە بەشی ٧ی ڕۆماندا: کیڵگەی دڕک، زریکەی ئەبەدی میمکمدا دەکرێ زریکەی ئەنفال ببیستێت و هاوکاتیش بە تاسەیەکی زۆرەوە بەشوێن گەیشتن بە کۆتاییەکانی ڕۆمانەوە بێت. لە جیگایەکی ئەم ڕۆمانەدا گوێبیستی ئاخاوتنێکی نێوان حەزرەتی ئیبراهیم و خودا دەبین: 
حەزرەتی ئیبراهیم بەدەم چەقۆ تیژکردنەوە ڕووی کردە ئاسمان و وتی:
خودایە قوربانییەکە ئامادەیە لە کوێ سەری ببڕم؟
دەنگێک لە ئاسمانەوە وەڵامی دایەوە: بچۆرە گەرمیان، مەگەر نازانی من ئەو جێگایەم بۆ قوربانیدان خوڵقاندووە. 
لە زریکەی ئەبەدی میمکمدا، زۆر بە سادەیی نەک هەر پرۆسەی سەربڕینی قوربانییەکان، بەلکو ژیانی ئەوانەیشی لە دوای ئەنفالەوە لە چاوەروانیدا ڕۆژەکان تێدەپەڕێنن، بە تەواوەتی دیلت دەکات و قورگت پڕ دەکات لە گریان. لانی کەم بۆ من کە چاوەروانی ئەم جۆرە لە چارەنووس نەبووم بۆ میمکی پالەوان. 
عومەر سەید، بەوەی حەنزەڵەی (ناجی ئەلعەلی) دەکاتە گوێگری دارای ئیبراهیم ئەمین باڵدار بۆ بیستنی چیرۆکی ئەنفال، ئەوا جێگای خۆیەتی ئاماژەیەک بەم فیگورە کاریکارێستییەی ناجی ئەلعەلی بدەین. ئەو  لە چاوپێکەوتنێکیدا سەبارەت بەم فیگورە دەڵێ: حەنزەلە خۆیەتی لە منداڵیدا کە لە گوندەکەی خۆی هەڵدەکەنرێت. وەک منداڵێکی تۆراو، دەست لە پشتا و پشت لە بینەر، تەمەن دە ساڵ، بڕیارە گەورە نەبێ تا نەگەرێتەوە بۆ شوینێ خۆی.

لە سەر زەمینی زیکزیکەدا، حەنزەلەکانی کوردستان، بە گەورە و بچووکەکانیانەوە، دەست لە پشت و پشت لە بینەر نین. وەک ئەوەی کە فیگۆرەکەی ناجی ئەلعەلیدا دەبینرێت،  بەڵکو ڕووخسارییان هەیە و ناوییان دڕکەپیاو و میمک و کاکەولایە.  
ئەگەر حەکایەتی گومناوکردنی ١٨٢هەزار گوندنشینی کورد تاکە زانیاری ئێمەیە لەسەر یەکیك لە برینە قوڵەکانی سەرجەستەی ئینسانی کورد، ئەوا (سەرزەمینی زیکزیکە) پێدانی دەمووچاوە بە چەند کەسێکی ئەم قوربانییانە.
وەزیفەی ئەدەبیش هیچ شتێکی دیکە نییە جگە بەخشینەوەی دەمووچاو بەو کەسانەی لە دەموچاو بێبەش کراون.
عومەر سەید لە کێشانەوە و دووبارە دروستکردنەوەی هەندێک لە دەمووچاوەکانی ئەنفالدا، بە سۆزو میهرەبانانە و وەستایانەوە ئەم پرۆسەی بەکەسیکردنەوەی قوربانییەکان ئەنجام دەدات و لە چەند سەد لاپەرەیەکدا کارێکی هەتا بڵێی جوان دەخوڵقێنێ. 

سەرچاوەکە بە سویدی لە ژێر ناونیشانی: شیعر لە دوای ئاوشویتسەوە لە رێگەی ئەم لینکەی خوارەوە پەیدادەبێت. 
    1) https://sverigesradio.se/sida/avsnitt/1297766?programid=503

چەد دێڕێک لە 'ناشوێن'

$
0
0
چەد دێڕێک لە 'ناشوێن'Heminیش, 12/22/2019 - 07:11

 

قسەکردن سەبارەت پەیوەندی تاراوگە و کولتوور بە دوو کەناڵی زۆر سەرەکیدا تێدەپەڕێت.
یەکەمیان کەناڵی پەیوەندی تاراوگەیە بە ڕۆحەوە، واتە پەیوەندی تاراوگە بە هەست و تێڕوانینە ستاتیکییەکانمانەوە بۆ دونیا. واتە قسەکردنە لەسەر ئەزموونێکی نوێی نامۆیی کە کەسی تاراوگەبوو پیادەڕوات، ئەزموونێک کۆمەڵێک سیفاتی دیاریکراو لە شێوازەکانی دیکەی غوربەت جیایدەکاتەوە، بە جۆرێک وا دەکات ''غوربەتی تاراوگە'' دیوێکی ناوازەتر و تایبەتیتری ناو هەموو غوربەتەکان بێت. ڕۆحی کەسی تاراوگەبووش ڕۆحێکی تایبەتتر و ناوازەتری ناو غەریبان بێت.

کەناڵی دووەم، کەناڵی پەیوەندی تاراوگەیە بە مەعریفەتەوە. واتە قسەکردنە لە ئەزموونێک لە ڕوانین و بیرکردنەوە کە تاراوگە پێشکەشمان دەکات، لەدایکبوونی جۆرە جیهانبینییەکی ترە کە دەرەنجامی تێڕامانە لە دونیایەکی گەورەتر، بەڵام بە هەستێکی تراژیدی گەورەتریشەوە.

هەر کاتێک قسەمان لە تاراوگە کرد، دەبێت ئەو دوو ئەزموونەمان لە بەردەستدا بێت، جۆرێک لە غەریبیمان هەست پێکردبێت کە دوو دەنگدانەوەی قووڵی جێهێشتبێت، جارێک تاراوگە لە شێوازی هەستکردنمان بە دونیادا ڕەنگیدابێتەوە، جارێکی دیش کاریگەری تاراوگە لە شێوازی بیرکردنەوە و جۆری کەرەستەکانی بیرکردنەوەماندا دەرکەوتبێتەوە. گەر ئەم دوو جۆرە تایبەتمەندێتییە نەدۆزینەوە، ئەوا تاراوگە تەنیا گواستنەوەیەکی جەستەیی لەشمانە لە جێگایەکەوە بۆ جێگایەکی دی، بێئەوەی بووبێتە گواستنەوەیەکی ڕۆحی لە وێستگەیەکەوە بۆ وێستگەیەکی دی،  بێئەوەی بووبێتە گواستنەوەیەکی عەقڵی لە شێوەیەکی بیرکردنەوەوە بۆ شێوەیەکی دی.

تاراوگە شوێگە و بزوێنێکی  گەورەی نوێبوونەوە و داهێنانە. لە ئەدەبیاتی ئێمەدا غوربەت هەمیشە مانایەکی نێگەتیڤی هەبووە. ''مەنفا'' وەک شوێنێکی تاریک و ''نیشتیمان'' وەک خاکێکی ڕوناک و پیرۆز تەماشاکراوە. نالی دامەزرێنەری یەکەمی ئەو وێنەیەی مەنفایە، یەکەمین کەسە هەستی غوربەتی نوسیوەتەوە، شێوازی مامەڵەکردنی نالی لەگەڵ غوربەتی خۆیدا دواتر دەبێتە شێوازێک و قاڵبێکی ڕیتۆریکی کە هەموو ئەدەبیاتی ئێمە ڕەچاویدەکات. شێوازێک بە ڕای من زیانێکی کوشندە لە کولتووری ئێمە دەدات. ئەزموونی مەنفا هەمیشە دەبێت بە دوو ئاڕاستەدا بجوڵێت: ئاڕاستەیەکیان ئەوەیە کەسی تاراوگەکراو دەپرسێت: "ماهییەتی ئەو جیهانە چییە کە من جێمهێشتووە؟". ئاڕاستەی دووەمیش دەپرسێت: "ماهییەتی ئەو جیهانە چییە کە من ڕووم تێکردووە؟". ونبوونی هەر یەکێک لەم دوو ئاڕاستەیە زیانێکی کوشندە لە کۆی ئەزموونی کەسی تاراوگەبوو دەدات. نالی لە سەرەتاوە لە چامەکەی خۆیدا غوربەتمان وەک تۆفانێک لە هەست و نەستی ئاگرین بۆ نیشتیمان بۆ وێنا دەکات. پرسیاری سەرەکی لای نالی ڕامانە لەو "خاکەی بەجێیهێشتووە". ئیشکردنی ئەو تەنیا بە یەک ئاڕاستەیە، لێرەوە کاریگەریی کولتووری "ئەویدی" لەسەر هەستی ستاتیکی نالی، کاریگەرییەکی نەبینراو و هەست پێنەکراوە. غوربەت لای نالی گریانە بۆ ئەو جێگایەی کە جێیدێڵێت، نەوەک سەفەرێک بێت لەو هەست و نەستانەدا کە بینینی "جیهانی بەرابەر -یان- جیهانی ئەوانیدی" لە مرۆڤدا دروستیدەکات. نالی ئەوەمان پێدەڵێت کە کەسی تاراوگەکراو لە مەنفا چی لە دەستدەدات، بەڵام ئەوەمان پێناڵێت کە لە بەرکەوتنی نێوان "من" و "ئەویدی"دا چی دروستدەبێت.

....

...

بۆئەوەی مەنفا بە هەموو قووڵییەکانییەوە بژین، دەبێت لە مانا سیاسییە ڕووتەکان پاکیبکەینەوە، لەو بارگە دینییە پاکیبکەینەوە و تێبگەین کە دەشێت تاراوگە، دەروازەی دوورکەوتنەوە بێت لەو هەستە سیاسی و کۆمەڵایەتییەی کە باڵادەستە. بۆئەوەی غوربەت لەو پاسیڤیستییە ڕزگاربکەین کە لە نالییەوە دەکەوێتەوە، پێویستە ببێت بە غەریبێکی سەرتاسەر و قووڵتر لەو جۆرە غوربەتەی ئەمڕۆ، دەبێت غوربەت لەوە دەرچێت "عاتیفەی گەڕانەوە بێت بۆ نیشتیمان" و ببێتە چاوێکی دی بۆ بینینی نیشتیمان و ببێتە "ئیرادەی تێڕامان و بیرکردنەوە لە نیشتیمان". غەریبی ئێمە هێندەی بیری نیشتیمان دەکات، بیر لە نیشتیمان ناکاتەوە. ئەوەشی کولتوور دروستدەکات بیرکردنەوەیە نەوەک بیرکردن. مەنفا تەنیا کاتێک هێزێکی داهێنەرە کە لە هەستی دوورییەوە لە نیشتیمانەوە ببێتە هەستی دووریی لەو جۆرە قاڵب و نۆرم و ئەخلاقییەتانەش کە نیشتیمان پەروەردەیکردوون، لە غوربەتێکی جوگرافییەوە وەرگەڕێت و ببێت بە غوربەت لە کولتووریش، چونکە هەموو گۆڕانکارییەکانی دونیا سەرەتا لە هەستکردن بە غوربەتەوە دەست پێدەکات. ئەوە کەسانی غەریبن جیهان دەگۆڕن. بەس نییە مەنفا تەنیا هەستی دووری بێت لە واقع، بەڵکو دەبێت ئاوێنەی توڕەییش بێت بەرابەر ئەو واقعە.

...

...

ئەمجۆرە غوربەتەی کە ئێمە سەدەونیوێکە لە ناو هەست و نەستەکانیدا دەژین، مایەی کوشتن و بێنرخکردنی هەموو جۆرەکانی تری غوربەت بووە. دیارە لەو مەودایەدا هەندێک وێستگەمان هەن کە شێوازی دیکەی غوربەت تیا زاڵە، وەک چرکەساتی "مەحوی" کە جۆرێک لە غوربەتی دینی دیکە باڵادەستە، غوربەتێک کە فاسیلەی ڕۆحێکی ئیماندارە لە دونیا، لە ساڵانی حەفتادا جۆرە غوربەتێکی وجودی قووڵ لای محەمەد عومەر عوسمان دەبینینەوە کە تا ڕادەیەک دەگمەن و بێوێنە و نامۆیە بە تەواوی ئەو سەردەمە. بەڵام جۆرە غوربەتێک کە لە جیابوونەوەی هەستێکی مەعریفییەوە سەری هەڵدابێت، دەرەنجامی کاری عەقڵێک بێت کە دەزانێت نامۆیە و دەتوانێت لە نامۆبوونیشی ڕابمێنێت، ئەوا ئەمجۆرە لە غوربەت هەرگیز ڕێگایەکی ڕاستەقینەی نەدۆزیوەتەوە و نادیدە ماوەتەوە. گەر نەتەوێت غەریبێکیش بیت وەک نالی، ئەوا غوربەت بەرەو لەدایکبوونی پەیوەستێکی ڕەخنەگرانەت لەگەڵ واقعدا دەبات، نەوەک پەیوەستێکی دینی و عاتیفی ڕووت.

...

...

 

 

---------------

ناشوێن، بەختیار عەلی، چاپی یەکەم، 2019
گەر نەتەوێت غەریبێک بیت وەک نالی، لاپەڕە 249
نووسینەوەی: ماڵێک لە ئاسمان

 

دووبارە قەرزوەرگرتنەوەیەک

$
0
0
دووبارە قەرزوەرگرتنەوەیەکHeminچش, 01/01/2020 - 10:23
 
کە لە دارستانەکە دێمە دەر
نیگام بە ترۆپکی بەرزی سنەوبەردا ‌هەڵدەواسم،
پەنجەکانم لە دەووری تەڕترین گەڵا و گوڵی بن بەردێکدا جێدەهێڵم
گوێچکەکانم دەدەمە دەست
گەرووی پڕئاوازی بەرزی
باڵندەی سەر بەردە گەورەی نزیک داربەڕووە تەنیاکە.
کە لە دارستانەکە دێمە دەر
من هەمیشە، بۆ ساتێکیش بیرم ناچێت
نیگا و پەنجە و گوێچکەکانم لەو شوێنانە بەجێبێڵم.
ئاخر وەختێک، میلی سەعات ڕاوم دەنێ و
پاسەکەی شار تین دەداتە بەر هەنگاوم
تا خێراتر بگەمە ناو ئاپۆرەی ناو گەراجەکە
کاتێک کەللەی سەر پردەبێ لە ژمارە و
لیستی درێژی پێویستە و دەبێ بکرێ
ئەو ساتانە
نیگای سەوزی لای سنەوبەر، پەنچەی تەڕی دەوری گوڵ و
گوێچکەی تەژی لە جریوە
بۆ چاو و پەنجە و گوێچکەی خۆم
دووبارە وەردەگرمەوە و بۆ چەند ساتێک قەرزییان دەکەم
تا هیچ نەبێ
ماوەی نێوان ماڵ و دواویستگەی پاسەکە، تەنها نەبم
تا بە نیگایەکی قەرسیلی و نەرمی گەڵا لە پەنجەدا و
گویێەکی پڕ لە نەغمەوە، ڕێگا تەی کەم.
 
20191231

دوو کۆپلەشیعر لە 'مێرگی زام.. مێرگی هەتاو..'ەوە

$
0
0
دوو کۆپلەشیعر لە 'مێرگی زام.. مێرگی هەتاو..'ەوەHeminشە, 02/01/2020 - 06:37
 
بەهرە
ئەی خواوەندی بەهرەی گەورە!
تۆ 'بیتهۆڤن'ێکی کەڕ و
یەک 'دستۆیفسکی' فێدار و
'ئەبولعەلا'یەکی کوێرم
پێ ببەخشە و
ئیتر هەموو بەهرە ساغە نیوەناچڵ و گچکەکان
بۆ دیوانی خۆت ببەوە!
 
درەختی مرواری
...
هەر لەبەر چاوی ئاسمان خۆی
هەوریان دزی.
بە بەرچاوی هەوریشەوە
'با'یان دزی.
هەر بە بەرچاوی 'با'یشەوە
دڵۆپە بارانیان دزی
هەر لەبەر چاوی بارانیش
خاکیان دزی و
لە خاکیشدا
ئەو چاوانەیان شاردەوە
کە دزەکانیان بینیبوو!
...

 

 

'مێرگی زام.. مێرگی هەتاو..'، شێرکۆ بێکەس، چاپی یەکەم، ١٩٩٦، لاپەڕە ١٠٥ و ١١٢
 
 
 
 
 
 
 
 
 

سووتووگر*

$
0
0
سووتووگر*Heminیش, 02/02/2020 - 19:47

لە کتێبی: حەکایەتەکانی دنیای کۆن و نوێ.
چاپخانەی: BRA BÖCKER

جیاوازی هەیە لە نێوان زەربەیەک و زەربەیەکی تردا. زەربەیەک کە بەرسەردەکەوێ هەروا ئاسان نییە.  مێشک شتێکی ناسکە، ئەگینا بۆچی رۆح دەبێ لەوێدا نیشتەجی بێ؟
بۆچی لە جگەردا، یان بمبوورن، یان لە گەدەدا دانانیشێ؟
ئینسان دەتوانێ لە چاودا ڕۆح ببینێ. چاو وەک پەنجەرەیەکە کە رۆح دەتوانێ لێیەوە لە دەرەوەی بڕوانێ.
لە شاردا (سووتووگر)ێکمان هەبوو خەڵک بە "یاشە ڕەش" بانگیان دەکرد. هەموو سووتووگرەکانیش هەر رەشن، ئاخر مەگەر ئەوان دەیانتوانی چی تر بوونایە؟ بەلام یاش لەوە دەچوو کە هەر بە ڕەشی لە دایک بووبێ. قژێکی زبری ڕەش و چاوەکانیشی قەترانی و پیستیشی بە شتنیش لە سووتوو پاکنەدەکرایەوە. تەنها ددانەکانی سپی دەچوونەوە. باوکیشی سووتووگری شار بوو ئەو  ئەم کارەی لە وەوە بۆ جێمابوو. یاش پیاوێکی زەلام بوو،  هیشتاش ڕەبەن و لەگەڵ  "ماچیچۆڤا" ی دایکە پیرەکەیدا دەژیا. 
مانگی جارێک دەهاتە ماڵی ئێمە، بە پێی پەتی و هەر شوێنپێیەکی پەلەیەکی رەشی لە ئەردەکەدا جێدەهێشت. دایکم، ئەمشەوی لە هەموو شەوێک خۆشتر بێ، هەمیشە بەرەو پیری ڕایدەکرد و نەیدەهێشت زیاتر وەژوورکەوێ.
یاش کرێی کارەکەی لە دەوڵەت وەردەگرت و ژنانیش "گرۆشێن"ێک یان لەتێ نانیان پێدەدا کاتێ لە کارەکەی تەواو دەبوو. ئەمە عورفێکی کۆن بوو. منداڵان زەندەقیان لە یاش چوو بوو ئەگەر چی ئەو ئازاری کەسیشیانی نەدابوو. تا یاش سووتووگری شار بوو، ئاگر لە لوولەکێشی هیچ کوورەیەک بەرنەبوو بوو.  وەک هەموو کریستیانەکانی دیکە لە یەکشەمماندا خۆی دەشوشت و لە گەڵ دایکیدا دەچوونە کلێسا. بەڵام ئەو بەشۆراویش هێندەی دی ڕەش دەهاتە پێش چاو ، ڕەنگە هەر ئەوەش بووبێ  نەیتوانی بێ کەسێک بدۆزێتەوە تا بیکاتە هاوسەری خۆی.
مانگێکیان، من وام لەبیرە کە دوێنی بوو بێ، "فێتیل"ی ئاو هەڵگر هاتە لامان و گێرایەوە کە یاش لە سەربانەکەی ماڵی "تێڤیی بۆرشێز"  بەربۆتەوە. تێڤیی ماڵێکی دوو تەبەقەی هەبوو  لای مەیدانەکە. هەموو بەزەییان بە یاشدا دەهاتەوە. ئەو هەمیشە نەرم وەک پشیلە بە سەربانەکاندا هەڵدەزنا، بەڵام ئەگەر لەناوچەوانێ کەسێک نووسرابێ کە تووشی شتێک دەبێ، هەر دەبێ ڕوو بدا.

فیتیل وتی کە یاش بە سەردا کەوتووە و هیچ شوێنێکی نەشکاوە. کەسێک گەیاندبوویەوە ماڵ . ئەو لە کۆخێکی ئامادە بۆ ڕووخاندا لە قەراغی شار و لە نزیک دارستانەکەدا دەژیا. 
ماوەیەک کەس هیچ شتێکی دەربارەی یاش نەبیست. ئاخر  سووتووگرێک چ جیگایەک داگیردەکات.؟
ئەگەر ئەو نەتوانێ چیدی ئیش بکات، شار پیویستی بوو کەسێکی دی دامەزرێنێ. ڕۆژێک فییتیل بە دوو سەتڵ ئاوەوە خۆیکرد بە ماڵدا و بە دایکمی وت: " ئاخر خەبەرت بیستووە، یاش بووە بە میشکخوێنەرەوە." 
دایکم بە پێکەنیەوە وتی: بە گاڵتەتە؟
نە بە گاڵتەمە و نە نووکتەیشە. ئەو لەسەر تەختەخەوەکەی بە سەری بەستراوەوە ڕاکشاوە و خەریکی هەلهێنانی نهێنییەکانی خەڵکیە.
دایکم بە تووڕەییەوە پێیوت: مەگەر تۆ شێت بووی؟
زۆری نەبرد هەموو شار باسی ئەوەیان دەکرد.
ئەو زەربەیەی بەرسەری کەوتبوو برغوویەکی ناو مێشکی یاشی شلکردبوویەوە و ببووە کەسێكی ئایندەبین. مامۆستایەکمان لە شاردا هەبوو، نۆشین میخێلس، ئەو یاشی بە فاڵچی بانگ دەکرد.
ئاخر کێ ڕۆژێک شتێکی لەو چەشنەی بیستبوو؟ گەر هەر زەربەیەک کە بەر سەردەکەوێ ئینسانی بکردایەتە ئایندەبین، ئەوا لە هەر شارێکدا سەدەها کەسی وەک یاش پەیدا دەبوون . بەڵام خەلکی دەچوونە لایی و بە چاوی خۆیان ئەوەیان دی بوو. 
ئینسان دەیتوانی مشتێک پارەی وردە لە گیرفانی دەربێنێت و بپرسێ: چیم لە دەستایە؟
ئەویش دەیوت: ئەوەندە سێ، چوار و پێنج گرۆشی و ئەوەندەش کۆپێک. پارەکان دەژمێردرا و تا دوا گرۆشێش هەڵەی تیدا نەبوو.
یەکێ دی دەیوت: هەفتەی ڕابردوو ئەم کاتە من لە (لوبلین) چیم دەکرد؟
ئەویش دەیووت کە ئەو بە هاوەڵی دوانی دیکە لە باڕێکدا  دانیشتووە. ئەو بە جۆرێک دەیگێراوە وەک ئەوەی بەرانبەریان دانیشتبێ.
کاتێک دوکتۆر و دەستگاکانی دەوڵەت خەبەری یاشییان بیست، بەهەلەداوان گەیشتنە لای.
کۆخەکەی ماچیچۆڤا هێندە بچووک و نزم بوو کە کڵاوی ئەوانەی بۆ سەردان دەهاتن،  لە بنمیچەکە گیر دەبوو.
ئەوان پرسیارەکانی خۆیان دەکرد و ئەمیش وەڵامی هەمووانی دەدایەوە.
قەشە تۆقی بوو. جوتیارەکان دەیانوت یاش بووە بە کەسێکی پیرۆز. ئەوان هیچ شتێکی زیاتریان پێویست نەبوو تا وەک ئایکۆنێک لە سەفەری حەجدا بەدەوریدا بسوڕێنەوە. بەڵام دوکتۆر خێرا وتی کە کەس بۆی نییە لە شوێنی خۆی بیجوڵێنێ. ئاخر جگە لە ڕۆژانی یەکشەمووان ، کەسی دی یاشی لە کڵێسادا نەبینی بوو.

بەڵێ، ئەو لە ناو دۆشەکە پووشەکەی خۆیدا ڕاکشابوو و وەک هەر کەسێکی سادە دەپەیڤی، دەیخوارد و دەیخواردەوە و لەگەڵ سەگەکەی دایکیدا یاری دەکرد. بەڵام ئەو هەموو شتێکی دەزانی، دەیزانی چی لە گیرفانەکانی سەر سنگدایە، چی لە گیرفانی پانتۆلەکانیادایە، ئەوی دی پارەکانی لە کوێ شاردبوویەوە و  ئەمی دیکە دوو ڕۆژ پێش ئێستا چەندی پارە لە کڕینی عارەقدا سەرفکردووە. وەختێک دایکی بینی چ قەڵەباڵغییەک دروست بووە، بۆ هەر کەسێک بڕی کۆپێکێکی وەردەگرت.
خەلکیش پارەکەیان دەدا. 
دوکتۆری شار نامەیەکی بۆ لوبلین نارد.
قایمقامی شار هینێکی نارد، ئەو شتە چی پێدەڵێن، راپۆرتێکی نارد و لە زامۆچچێ و لۆبلینەوە کەسانی مەقامدار هاتن.
دەڵێن شارەدار جێگرێکی خۆی ناردبوو، قایمقام تۆقی بوو و فەرمانی دابوو  دەبێ هەموو جادەکان پاکبکرێنەوە. گۆرەپانەکە بە جۆرێک پاککرابووەوە کە پووش یان چیلکەیەکی لێ نەدەبینرا.
بە خێرایی هەموو ئەندامانی قایمقامییەت بانگکران. ئەم هەموو لە پای چی؟ هەر هەمووی بە هۆی یاشی سووتووگرەوە.
(گیتێلس)ی خاوەن میوانخانەی شار گەشکە بوو بوو، کێ بە خەونیش دی بووی میوانی وا هێندە بەناوبانگ بێنە ئەوێ؟ هەموو سەرەگەورەکانی پاریزگا هاتبوون و سەردانی ماڵی یاشییان کرد لە کونجەکەی خۆیدا. ئەوان پرسیاری خۆیان دەکرد و وەڵامەکانی ئەویش ترسی لە دڵی هەموو فەرمانبەراندا چاندبوو. کێ دەیزانی ئەم کەسانە خۆیان لە چ تاوانێکەوە گلاندووە؟ هەرهەموویان بەرتیلخۆر بوون. یاشیش ئەمەی پێ ڕادەگەیاندبوون. 
ئاخر کابرایەکی سووتووگر چی دەزانێ؟ ئەوەی کە لە هەمووان دەسەلاتی زیاتر بوو، نازنم ناوەکەی چی بوو، وتبووی یاش تێکچووە و دەبوایە بنێردرایە بۆ شێتخانە. بەلام دوکتۆر زۆر بڕیاردەرانە وتی کە یاش نابێ لە شوێنی خۆی بگوێزرێتەوە.
دەنگۆێەک بلاوبۆوە کە دوکتۆر و نوێنەری پارێزگا بووەتە دەمەقاڵەیان و لەیەکترییان داوە. بەڵام دوکتۆرەکەمان خۆی پیاوی دەوڵەت بوو و لە بەشی خزمەتی سەربازی کاری دەکرد. ئەو پیاوێکی ڕەق بوو، بەرتیلنەخۆر، هەر بۆیەش سامی لە هەڵهێنانەکانی یاش نەبوو. ئاخر هەر ئەویش بوو کە بردیەوە. بەڵام نوێنەری پارێزگار لە ڕاپۆرتەکەیدا وتبووی یاش تێکچووە و گازندەیشی لە دژی دوکتۆر تۆمارکردبوو، بۆیەش زۆری نەبرد دوکتۆر گوێزرایەوە بۆ ناوچەیەکی تر.

لەو ماوەیەدا یاش سەری چاک بووەوە و گەرایەوە سەر کاروباری خۆی، پاککردنەوەی لوولەکێشی کوورەی ماڵان. بەڵام توانا سەرسوڕهێنەرەکەی هەر مابوو. کاتێک دەچووە ماڵانەوە بۆ ئەو ئەوەی پارەکەی وەربگرێت، ژنان وەک عادەت لێیان دەپرسی: یاش، چی لە چەکمەجەکەی لای دەستی چەپەوەیە، یان چی لە دەستمدایە کاتێک دەستم دەخەمە پشتمەوە. یان دوێنێ ئێوارە چیم خواردووە؟ 
ئەویش دەیتوانی هەموو شتێکیان  بۆ بگێرێتەوە. ئەوانیش پرسیاریان لێ دەکرد: یاش، ئەم هەموو شتە چۆن دەزانی؟ ئەویش شانی هەڵدەتەکاند و دەیووت: لە خۆمەوە دەزانم. پەیوەندی بە زەبرەکەی سەرمەوەیە و دەستی بۆ تەوێڵی ڕادەکێشا.
یاش دەیتوانی بچێت بۆ شارە گەورەکان و خەلکیش بلیتیان بۆ دەبڕی بۆ ئەوەی بیبینن بەڵام ئەو کەی تاقەتی لە خۆ مەشغوڵکردن بە شتێکی واوە هەبوو. 

لە شاردا ژمارەیەکی زۆر دز هەبوون. جلکی شۆراوی کە لە هەورەبانەکاندا هەڵخرابوون دەدزی و دەستیان بە چی دیکە بگەیشتایە دەیانبرد. بەڵام ئێستا دزییان بۆ نەدەکرا.
ئەوانەی دزیەکەیان لێ کرابوو دەهاتنە لای یاش و دەیانووت دزەکە ناوی چییە و شمەکەکانیش لە کوێ شاراونەتەوە. جووتیاری گوندەکانی دی کاتێک دەربارەی یاشیان بیست، هەر کاتێک ئێسترێکیان بدزرایە، ئەوا خاوەنەکەی دەهاتە لای یاش و دەیپرسی ئێسترەکە لە کوێیە؟ ژمارەیەکی زۆر لە دزان خرابوونە زیندانەوە. دزەکان چاویان لەسەری بوو و بە ئاشکرا دەیانووت کە ئاگایان لێیەتی، بەڵام یاش هەموو نەخشە لە پێشەوە دارێژراوەکانیانی ئەوانی دەزانی. شەوێکیان هاتبوون تا بە ڕاستی کەوڵی بکەن بەڵام ئەو لە کادانی ماڵە دراوسێیەکدا خۆی شاردبووەوە. کاتێک بەردیان تێدەگرت، خۆی لادەدا و سەری خۆی نەویدەکرد. ئەمە بەرلەوەی بەردەکە بەرەو ڕووی بێت. خەلکی پارە و ئالتوونیان دەشاردەوە، یاشیش هەمیشە پێیدەوتن لە کوێدایە. ئەو هەر بیریشی لێ نەدەکردەوە، یەکسەر دەیزانی لە کوێدایە. گەر منداڵێک ون ببووایە، دایکەکە بە هەڵەداون ڕای دەکرد بۆ لای یاش و ئەویش دەستی دایکەی دەگرت و دەیبردە لای منداڵە ونبووەکە. دزەکان دەیانووت کە یاش خۆی مندالەکەی دزیوە بۆیە دەزانێ لە کوێیە، بەڵام کەس بروای پێ نەدەکردن.
ئاخر ئەو بۆ بەرامبەر ئامۆژگارییە بەنرخەکانیشی بۆ خەلک ماقڕێکی وەرنەدەگرت.
دایکی داوای پارەی دەکرد، بەڵام یاش خۆی کەرێ بوو لەو گۆڕەی.
ئەو نەیدەزانی فلسێک چەندە. لە شارەکەماندا ڕابینێک هەبوو ناوی (رێب ئارێل) بوو کە لە شارێکی گەورەترەوە هاتبوو.
ئەو لە شاباتی پێش جەژنی پاکدا لە سیناگۆگدا وتاری خوێندبوویەوە،  بلێ چی باشە؟ دەربارەی یاشی سووتووگر قسەی کردبوو. 
"گووماندارەکان"، ئەو وای دەووت. ئەوان نەهییان لەوە دەکرد کە مووسا پێغەمبەر بێت. ئەوان دەیانووت هەموو شتێک دەبێ ڕوونکردنەوەیەکی عەقڵانی لە پشتییەوە بێت. ئەگینا سووتووگرێکی وەکو یاش چووزانێ (ئیتێ چایێ)ی نانکەر ئەلقەکەی لێ کەوتۆتە ناو بیرەوە؟ ئەگەر یاش بزانێ شتی شاراوە لە کوێدایە، چۆن دەکرێ کەسێک هەبێ گوومان لە دەسەڵاتی پیاوە پیرۆزەکان بکات؟ 
 لەم شارەدا کۆمەڵێک خەڵکی کافر بوونیان هەبوو بەڵام ئەوانیش هیچ وەڵامێکیان پێ نەبوو. هاوکاتیش ناو و ناوبانگی یاش گەیشتووە وارشۆ و هەندێ جێگەی تریش. لە ڕۆژنامەکاندا لەسەریان دەنووسی. لە وارشۆوە کۆمیتەیەکیان ناردبوو، قایمقامی شار دووبارە جارچی ناردبووەوە ناو شار و فەرمانی دابوو هەموو باخچە و خانووەکان دەبێ خاوێن بکرێنەوە. گۆرەپانەکە بە جۆرێ گسکدرابوو بریسکەی دەهات.
دوای جەژنی "سوککوت" باران دایکرد. لە شاردا تەنها یەک شەقامی سەنگفەرشکراو هەبوو کە ناوی شەقامی کڵێسا بوو. تەختەی دارەڕا و قەدی بڕاوەی درەخت لە هەموو شوێنێکی شاردا دانران تا جەنابعالییەکانی کە لە وارشۆوە هاتبوون نەکەونە ناو قوڕولیتەکەی شارەوە. گیتێلی خاوەن تاکە هوتێلی شار، چی هەبوو هێنابوویە دەر. هەر هەموو شار لە جووڵەدا بوو. تاکە کەسێک کە ئارامی خۆی لەدەستنەدابوو، یاش بوو. ئەو گەرانە ئاساییەکەی خۆی دەکرد و خەریکی پاککردنەوەی لوولەکیشەکان بوو. تەنانەت عیلمی نەبوو بە هۆی سەردانی جەنابەکانی وارشۆوە کەمێک بترسێ.
بەڵام باش گوێ لەمە بگرە!
ڕۆژێ پێش گەیشتنی کۆمیتەکە لە وارشۆوە، بووە بەفر و سەرمایەکی سەخت. شەوی پێشووتر، بریسکە و تەنانەت ئاگریشیان لە لوولەکیشی کورەی (چایم)ی نانەواوە بینی بوو. چایم لەوە تۆقی بوو ئاگرەکە تەشەنە بکات و ناردبووی بە دوای یاشدا. ئەویش بە خۆی وگسکەکەی دەستییەوە هاتبوو و خەریکی لوولەکیشەکە بوو. لە دابەزینیدا، هەلخلیسکا بوو و دووبارە بەربوو بۆوە. 
جارێکی دی کەللەی زەربەیەکی دیکەی خواردبوو، بەڵام وەک ئەوی یەکەم بەهێز نا. تەناتەت خوێنیشی پێوە نەبوو، بە کۆمەکی هەرچوارپەلی، توانی بووی هەستیتەوە و چوو بووە ماڵ.
هاوڕی خۆشەویستەکانم! بۆ ڕۆژی دوایی کاتێک کۆمیتەکە گەیشتبوو و دەستیان کردبوو بە سین و جیمی خۆیان لە یاش،  ئەو هیچ شتێکی لەبیر نەمابوو. زەربەی یەکەم شتێکی لەسەریدا کردبوویەوە و زەربەی دووەم دایخستبوو. ئەو پیاوە بەرێزانەی هاتبوون دەیانپرسی پارەیان چەند پێیە و دوینێ چییان کردووە و هەفتەی پێشوو لە کاتێکی وەک ئێستا چییان خواردووە،  بەڵام یاش وەک گەمژەیەک دەتریقایەوە و دەیووت: جا من چووزانم. 
پیاوانی دەولەت هەتا بڵیی توورەبوون. حەیای بەڕێوەبەری پۆلیس و دوکتۆریشیان برد. داوایان دەکرد بزانن بۆچی لە وارشۆوە ئەمانیان هێناوە بۆ ئێرە تا ئەم گەمژەیە یان ئەم دێوانەیە ببینن کە هیچ شتێک نەبووە جگە لە سووتووگرێکی ئاسایی کە لوولەکیشەکان پاک دەکاتەوە. بەڕێوەبەری پۆلیس و حەشاماتەکەی ئەوێ سوێنیان دەخوارد کە یاش هەموو شتێکی زانیوە و ئەوانەیشی بۆ سەردان هاتبوون نەیاندەویست گوێبگرن.
کەسێک وتی کە دوێنێ ئێوارە یاش لە سەربان بەربووەتەوە و سەری  بە ئەرزەکەیدا کێشاوە، بەڵام ئێوە ئەو خەلکە دەناسن، ئەوان بڕوایان تەنها بەو شتەیە کە لەبەر چاویاندایە و دەیبینن.
بەڕێوەبەری پۆلیس لە یاش چووە پێشەوە و بە کەشک چەند دانەیەکی لەسەری دا، ئەو پێیوابوو بەشکم برغووەکە بگەرێتەوە شوێنی خۆی، بەڵام کاتێک ئەو دەرگایەی ناومیشک داخرا، هەر بە داخراوی دەمێنێتەوە.
کۆمیتەکە گەرایەوە بۆ وارشۆ و سەرلەبەری حەکایەتەکەی لە ئەوەلەوە تا ئەخیر بە ڕوونەدراو لەقەڵەم دا. بەڵام یاش فریای ئەوە کەوت چەند ساڵێکی دی خەریکی کارەکەی خۆی بێ. تا پەتایەک لە شاردا بلاوبوویەوە  وئەویش بەهۆیەوە مرد.
 میشکی ئینسان پڕە لە ژوور و دەرگای جۆراوجۆر. یەک زرمە کافییە بۆ ئەوەی هەموو شتێک تێک بدات. بەڵام هەموو شتێک پەیوەندی بە ڕۆحەوەیە. بە بێ ڕۆح، مێشک بۆی ناکرێ لە پێیەکان زیرەکتر بێ. 
 

---
*سووتووگر بە کەسێک دەوترێ کە خەریکی پاککردنەوی لوولەکیشی کوورەی ناو ماڵانە کە بەدار کاردەکات. هەموو ساڵێ جارێک دەبێ پاک بکرێتەوە ئەگینا مەترسی لەسەر ماڵ دروستدەکات کاتێک دووکەڵکێشەکە توانای راکێشانی دووکەڵی نییە. ئەگەر داری تەڕ بەکاربهێنرێت بۆ داگیرساندنی کورەکە، ئەوا قەتران بە لێواری لوولەکیشەکەوە پەیدادەبێ و ئەگەری کەوتنەوەی ئاگر  زۆر دەبێ.

 

بونیادى ده‌لالى و شیمانه‌یى دال له‌ (شیعرى نوێى كوردى)1دا

$
0
0
بونیادى ده‌لالى و شیمانه‌یى دال له‌ (شیعرى نوێى كوردى)1داHeminیش, 02/02/2020 - 20:40

 

پێشه‌كى:
به‌ شێوه‌یه‌كى گشتى ده‌سته‌واژه‌ى بونیادى ده‌لالى (به‌ كۆى بیرورِا جیاوازه‌كانه‌وه‌) به‌رهه‌مهێنانى ده‌لاله‌تى -حه‌قیقى و شیمانه‌یى-2 ده‌گرێته‌وه‌، جا چ په‌یوه‌ندى به‌ سروشتى كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌، یان به‌ سروشتى تاكى رۆشنبیر و كه‌سه‌كانه‌وه‌ هه‌بێت... هه‌ڵبه‌ته‌ لێره‌دا له‌ رووى ئه‌ده‌بییه‌وه‌ قسه‌ له‌ به‌رهه‌مێنانه‌وه‌ى ده‌لاله‌ت ده‌كه‌م، به‌ڵام له‌ بیرمان نه‌چێ‌ فیكرى مرۆیى لێكدانه‌برِاوه‌، بۆیه‌ ده‌شێ‌ به‌شێك له‌و قسه‌كردنه‌، قسه‌كردنیش بێت له‌ رووى بیركارییه‌وه‌، ده‌مه‌وێ‌ بڵێم شیكردنه‌وه‌ى (حه‌قیقه‌ت) وه‌ك زاراوه‌ له‌ رووى بیركارییه‌وه‌ به‌ ته‌واوى ئه‌و راستییه‌ ده‌گوترێت، كه‌ وردبینیكراوه‌ و حه‌قیقه‌ته‌ مه‌عریفییه‌كان ده‌گه‌یه‌نێت. له‌ بیركارییدا دالى حه‌قیقى هه‌موو رێگایه‌ك بۆ كۆمه‌ڵه‌ى به‌شه‌كان و كۆمه‌ڵه‌ى ژماره‌ راستییه‌كان خۆش ده‌كات... به‌ڵام (شیمانه‌یى) له‌ رووى بیركارییه‌وه‌ هه‌موو ئه‌و ژمارانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ ده‌كه‌ونه‌ نێوان (سفر و یه‌ك)ه‌وه‌، تیۆرى شیمانه‌یى ئه‌وه‌ نییه‌، كه‌ خۆى بسه‌پێنێ‌، به‌ڵكو ئه‌وه‌یه‌، كه‌ هه‌ڵبژاردن ده‌خاته‌ پێشه‌وه‌... یه‌كه‌میان جه‌خت له‌ یه‌قین و دیار (Certain) ده‌كات... دووه‌میان پشت به‌ رێكه‌وت و نادیار (Chance) ده‌به‌ستێت.

له‌ فه‌لسه‌فه‌دا چه‌مكى (راڤه‌كردن) و (حه‌قیقه‌ت) ده‌چنه‌ نێو یه‌كتره‌وه‌، له‌ زمانى گریكیدا حه‌قیقه‌ت "ئه‌لیسیا- alethia" وشه‌یه‌كه‌ به‌ مانا حه‌رفییه‌كه‌ى واتاى "په‌رده‌ لادان" دێت، به‌ڵام راڤه‌كردن واته‌ رێگادان به‌ حه‌قیقه‌ت بۆ ئه‌وه‌ى بدوێت، یان له‌ رێگاى په‌رده‌پۆشین و په‌رده‌نه‌پۆشین به‌ كرده‌ى كه‌شفكردن رابێته‌وه‌.3 
هه‌موو ئه‌وانه‌ى قسه‌یان له‌ ده‌سته‌واژه‌ى بونیادى ده‌لالى كردووه‌، رێكخستنى مانا و كه‌شفكردنى مانایان خستۆته‌ پێشه‌وه‌، وه‌ك چۆن رووه‌ جیاوازه‌كانى ماناشیان به‌ هه‌ند هه‌ڵگرتووه‌! به‌ڵام نابێ‌ له‌ بیرمان بچێت، هه‌موو قسه‌كردنێك له‌ ده‌سته‌واژه‌ى بونیادى ده‌لالى، ده‌چێته‌ سه‌ر قسه‌كردن له‌ ته‌ئویلى ده‌لالى ((ته‌ئویلى ده‌لالى كرده‌یه‌كه‌ رێگا به‌ خوێنه‌ر ده‌دا هێلى ده‌لالى ده‌ق بخاته‌ روو)) به‌ڵام مانا چییه‌؟ مانا ئه‌و (په‌یوه‌ندییه‌) دوو سه‌ره‌یه‌، كه‌ له‌ نێوان وێنه‌ى هۆشه‌كى و وشه‌دا دروست ده‌بێت.4به‌ڵام ره‌نگه‌ پرسیار ئه‌وه‌ بێ‌ ئایا سنور و جۆرى ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ چه‌نده‌ و چییه‌ و چۆنه‌، ئایا له‌ هه‌موو رووه‌كانى دڵنیاین، ده‌لاله‌تى زانستى و راستى ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ چه‌نده‌، ئایا ده‌شێ‌ ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ گشتگیر بكرێت، ئایا ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ له‌ هه‌موو زمانه‌كان وه‌ك یه‌كه‌، ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ به‌ درێژایى مێژوو قسه‌ى لێده‌كرێت، یان به‌پێى گه‌شه‌كردنى زمان ده‌گۆرِێ‌....؟ 

به‌ دیوه‌كه‌ى دیكه‌ به‌رهه‌مهێنانى بونیادى ده‌لالى جۆرێكه‌ له‌ (دانان) و (به‌یادهێنانه‌وه‌) و (رێكخستن)! كه‌واته‌ بۆ تێگه‌یشتن له‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌ پێویسته‌ بۆ دیدى (سوسێر)5 و ئاستى گوزارشتكردن و ئاستى ناوه‌رِۆك و ماناى به‌رهه‌مهاتوو بگه‌رِێینه‌وه‌، ئه‌و دیده‌ سوسێرییه‌ش په‌یوه‌ندى به‌ هاوسه‌نگى نێوان گوزارشتكردن و ناوه‌رِۆك و به‌رهه‌مهێنانى ده‌لاله‌ت و جمگه‌كانى به‌ یه‌كه‌وه‌به‌ستنه‌وه‌ى ده‌لاله‌ته‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌، وه‌ك چۆن له‌ لایه‌كى دیكه‌ش په‌یوه‌ندى به‌ جیاوازییه‌كانى ئاستى گوزارشتكردن و ماناى وشه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ به‌ستراوه‌كان و چۆنێتى به‌یه‌كه‌وه‌ به‌ستنه‌وه‌وه‌ ده‌كات. هه‌موو ئه‌وانه‌ش له‌ رووى سیمیاییه‌وه‌ ئه‌وه‌ ئاشكرا ده‌كه‌ن، كه‌ دانان و به‌یادهێنانه‌وه‌ و رێكخستن په‌یوه‌ندى به‌ ئاستى (گوزارشتكردن) و (ناوه‌رِۆك) و (كه‌شفكردنى مانا)وه‌ ده‌كات. 

مه‌رج نییه‌ بیركردنه‌وه‌ى نوێ‌ وه‌ك پێویست پرسیارى نوێ‌ دابهێنێ‌، به‌ڵام ده‌شێ‌ به‌ رێبازى نوێ‌، پرسیاره‌ كۆنه‌كان لێكبده‌ینه‌وه‌، لێره‌دا پرسى مانا وه‌ك پرسێكى كۆن هه‌ر ته‌نها به‌ وشه‌وه‌ گرێ‌ نه‌دراوه‌، هه‌ر ته‌نها به‌ قسه‌كه‌ره‌وه‌ به‌ند نییه‌، هه‌ر ته‌نها به‌ ماناى ئاماده‌وه‌ به‌ند نییه‌، هه‌ر ته‌نها به‌ گوێگره‌وه‌ نالكێ‌، دروست بوونى په‌یوه‌ندى ماناى ئاماده‌ هه‌ر ته‌نها به‌ ئاستى گوزارشتكردن و ئاستى زمانى گوزارشتكردنه‌وه‌ نالكێ‌... به‌ دیوێكى دیكه‌دا پرسى مانا پرسى هاوژیانى و كه‌شفكردنى ده‌لاله‌ته‌؟! 
له‌ نێوان وشه‌ و ده‌لاله‌ته‌كانى وشه‌دا په‌یوه‌ندییه‌كى سروشتى بوونى نییه‌، وشه‌ و رسته‌ ره‌مزن! چ ماناى ئاماده‌، چ ماناى خه‌یاڵكراو و شیمانه‌یى شتێك له‌ ده‌ره‌وه‌ى خۆیان دیارى ده‌كه‌ن، ده‌لاله‌ت له‌ شتێك ده‌كه‌ن: بۆ نموونه‌ (دوكه‌ڵ) ده‌لاله‌ت له‌ ئاگر ده‌كات... (دڵى پێكراو به‌ تیر) ده‌لاله‌ت له‌ ئه‌ڤین ده‌كات و زێتریش... وه‌ك ده‌بینین ده‌لاله‌ت كارێكه‌ ده‌كه‌وێته‌ نێوان دال و مه‌دلول، ده‌لاله‌ت بایه‌خ به‌ دراسه‌كردنى نیشانه‌كان و شته‌كان و هه‌بوونه‌كان ده‌دات، بایه‌خ به‌ كۆى ئه‌و شتانه‌ ده‌دات، كه‌ له‌گه‌ڵیاندا ژیاوه‌، بایه‌خ به‌ كۆى ئه‌و شتانه‌ ده‌دات، كه‌ له‌گه‌ڵیاندا ده‌ژى، بایه‌خ به‌ كۆى ئه‌و شتانه‌ ده‌دات، كه‌ ئه‌ویدیكه‌ى جیاواز ده‌یبینێ‌؟! ره‌نگه‌ وشه‌ شتێك بگه‌یه‌نێت، له‌ ژێر سێبه‌رى په‌یوه‌ندییه‌كانى ئێمه‌، كه‌ ئێمه‌ بیرى لێده‌كه‌ینه‌وه‌، ره‌نگه‌ وشه‌ شتێك بڵێ‌، نه‌كه‌وێته‌ ژێر سێبه‌رى په‌یوه‌ندییه‌كانى وه‌رگره‌وه‌، ئه‌وه‌ى دواى ئێمه‌ بیرى لێده‌كه‌نه‌وه‌، یان بیرى لێناكه‌ینه‌وه‌، ده‌مه‌وێ‌ بڵێم ماناى ئاماده‌ ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌یه‌ كه‌ له‌ نێوان من و ئه‌و و له‌ نێوان شته‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌و مانایه‌ش بونیادى ده‌لالى (دنیاى حه‌قیقى مانا) دنیاى چه‌سپاو... نیشان ده‌دات، له‌ پشت هه‌موو ئه‌وانه‌ش رۆشنبیرییه‌ك ئاماده‌یه‌، كه‌ به‌ره‌و پرنسیب و یاسا و رێساكان هه‌نگاو ده‌نێت! به‌ڵام شیمانه‌یى دال (هاوژیانى مانا) وێنا ده‌كات، دنیاى جولاو... له‌ پشت هه‌موو ئه‌وانه‌ش رۆشنبیرییه‌ك ئاماده‌یه‌، كه‌ به‌ره‌و ده‌ق و ده‌قى كراوه‌ ده‌بێته‌وه‌، كه‌ به‌ره‌و ئه‌ویدیكه‌ى جیاواز ده‌بێته‌وه‌! دنیاى حه‌قیقى مانا له‌ سه‌ر رێكخستنى ماناى ئاماده‌ وه‌ستاوه‌، شیمانه‌یى دال و ده‌قى كراوه‌ له‌ سه‌ر خه‌یاڵى كه‌شفكردن، به‌ڵام رووه‌ جیاوازه‌كانى ماناى ئاماده‌ وه‌ستاو و ماناى كه‌شفكراو په‌یوه‌ندى راسته‌وخۆى به‌ ئه‌ویدیكه‌ى خوێنه‌ره‌وه‌ هه‌یه‌.... 

 

ئیشكالیه‌تى مانا. له‌ نێوان رێكخستنى ماناى ئاماده‌ و خه‌یاڵى كه‌شفكردندا

(سوكرات)6 پێناسه‌ى بیركردنه‌وه‌ ده‌كات، به‌ڵام (ئه‌فلاتوون)7 بیركردنه‌وه‌ له‌ واقیعى هه‌ستپێكراو جیا ده‌كاته‌وه‌. ئه‌و قسه‌یه‌ پێمانده‌ڵێت فیكرى مرۆیى له‌ ئه‌فلاتوونه‌وه‌ ئیشكالیه‌تى ماناى بۆ به‌جێماوه‌... ئه‌فلاتوون، سوكرات، سۆفستاییه‌كان پێیانوابوو په‌یوه‌ندى نێوان گوتن و ماناكانى گوتن په‌یوه‌ندییه‌كى خودى و سروشتییه‌! واته‌ گوتن راسته‌وخۆ له‌ مێشكدا تێگه‌یشتنى تایبه‌تى خۆى ده‌خاته‌وه‌... به‌ڵام ئه‌رستۆ بیركردنه‌وه‌ى ئه‌فلاتوون ره‌تده‌كاته‌وه‌ و پێیوایه‌ په‌یوه‌ندى نێوان گوتن و ماناكانى گوتن پیشه‌یى و تێرمئامێزه‌، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ تاكه‌كانى كۆمه‌ڵگا له‌سه‌ر ماناكانى رێككه‌وتوون، وه‌ك چۆن سوكرات ده‌ڵێ‌ راسته‌ هه‌ندێ‌ گوتن په‌یوه‌ندیه‌كى سروشتى به‌ ماناوه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام هه‌ندێكیان وا نیین، به‌ڵكو خه‌ڵكانێك ماناى تایبه‌تى پێده‌به‌خشن و ئه‌و مانا تایبه‌تییانه‌ ده‌چه‌سپێن و دووباره‌ ده‌بنه‌وه‌... له‌ كۆى ئه‌و قسه‌كردنانه‌وه‌ ده‌توانم بڵێم مانا فیكره‌یه‌كه‌ یان چییه‌تییه‌كه‌ یان پرنسیبى تێگه‌یشتنێكه‌، كه‌ وه‌ك یه‌ك له‌ واقیع یان فیكرێكه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت. بیریارى ئه‌ڵمانى (شلیرماخه‌ر) 8هه‌ڵوێستێكى كلاسیكیانه‌ى به‌رانبه‌ر هیرمینۆتیكا هه‌یه‌، پێیوایه‌ ده‌ق له‌ ناوه‌ندێكى زمانه‌وانى پێكهاتووه‌ و فیكرى دانه‌ر بۆ خوێنه‌ر ده‌گوازێته‌وه‌، له‌ رووى زمانه‌وه‌ ده‌لاله‌ت له‌ ته‌واوى زمان ده‌كات، له‌ رووى سایكۆلۆجییه‌وه‌ ده‌لاله‌ت له‌ فیكرى خودى داهێنه‌ر ده‌كات! په‌یوه‌ندى ئه‌و دووانه‌ په‌یوه‌ندییه‌كى جه‌ده‌لییه‌. وه‌ك دیاره‌ هه‌وڵده‌دات قسه‌ له‌ دوو روو بكات، یه‌كه‌میان بابه‌تى، كه‌ سه‌ر به‌ زمانه‌ و تێگه‌یشتنى هاوبه‌ش ده‌سازێنێ‌، دووه‌میان خودى، كه‌ تایبه‌تمه‌ندى دانه‌ر ده‌خاته‌ روو. به‌ڵام تێرِوانینى نوێ‌ بۆ ده‌ق ئه‌و شێوه‌ بیركردنه‌وه‌ كلاسیكییه‌ تێده‌په‌رِێنێ‌ و بونیادگه‌راكانیش ده‌خاته‌ لاوه‌ و پێیوایه‌ ماناكانى ده‌ق نه‌ په‌یوه‌ندى به‌ دانه‌ره‌وه‌ هه‌یه‌ و نه‌ به‌ خوێنه‌ره‌وه‌، به‌ڵكو له‌ نێوان دانه‌ر و خوێنه‌ردا ده‌جولێته‌وه‌، له‌ نێوان دانه‌ر و خوێنه‌ردا زمان په‌یوه‌ندییه‌كان رێكده‌خات، وه‌ك ئه‌وه‌ى پرۆژه‌یه‌ك بێ‌ بۆ ژیان له‌ خوێندنه‌وه‌دا بێته‌ به‌رهه‌م و له‌ خوێنه‌ردا خۆى واڵا بكات.
(فریگه‌9 و هۆسرل10 و راسل11) له‌ سه‌ر هه‌مان بیركردنه‌وه‌ى ئه‌فلاتوون، یان به‌لاى كه‌مى له‌ وێناكردنى بوونى بابه‌تخوازیانه‌ نزیك بوونه‌وه‌ و پێیانوابوو مانا بابه‌تخوازى و ئایدیالییه‌، مانا هه‌یه‌ و په‌یوه‌ندى به‌ ناوه‌رِۆكى عه‌قڵییه‌وه‌ نییه‌! واته‌ په‌یوه‌ندى به‌ لێكدانه‌وه‌ و راڤه‌كردن و به‌جێهێنانه‌وه‌ نییه‌، وه‌ك چۆن په‌یوه‌ندى به‌ نیشانه‌ زمانه‌وانییه‌كانه‌وه‌ نییه‌. بۆ نموونه‌ (نیازخوازى) هۆسرل په‌یوه‌ندى به‌ بابه‌تگه‌رایى ماناوه‌ هه‌یه‌ نه‌ك عه‌قڵ، هۆسرل هه‌رگیز قبوڵى فیكره‌ى (فره‌ مانایى) نه‌كردووه‌... به‌ كورتى هه‌موو ئه‌وانه‌ پێمانده‌ڵێن مانا هه‌یه‌ و ئاماده‌یه‌ و په‌یوه‌ندى به‌ رێكخستنه‌وه‌ هه‌یه‌، له‌ رێگاى ئه‌و تێگه‌یشتنه‌وه‌ هۆسرل ده‌ڵێ‌: هه‌موو ئاگامه‌ندییه‌ك ده‌رككردنى تایبه‌ت به‌خۆى هه‌یه‌...12
سیستمى زمانه‌وانى سیستمێكى داخراوه‌! زمان هه‌موو په‌یوه‌ندییه‌كانى ده‌كه‌وێته‌ ناوه‌وه‌ى خۆیه‌وه‌، وه‌ك بونیادگه‌راكان نازیان به‌و تێزه‌وه‌ ده‌كرد، بێگومان هه‌موو ئه‌وانه‌ ماناى ئاماده‌ و رێكخستنى ماناى ئاماده‌ ئاسان نیشان ده‌ده‌ن، من له‌ به‌ر حه‌قیقه‌تى ئه‌و داخرانه‌ نییه‌، دنیاى رێكخستن وه‌ك دنیایه‌كى داخراو ده‌بینم، راسته‌ هه‌موو رێكخستنێك گرنگیه‌كى زۆرى به‌ نسبه‌ت ریتم و ناوكۆیى و تێگه‌یشتنه‌وه‌ هه‌یه‌. من له‌ به‌ر ئه‌وه‌ نییه‌، دنیاى رێكخستن وه‌ك دنیایه‌كى داخراو ده‌بینم، به‌ڵكو له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ زمان ده‌ژى و گه‌شه‌ ده‌كات و به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ده‌چێت و به‌رده‌وام له‌ ناوكۆیى و خه‌یاڵى رێكخستنى نوێ‌ خۆى ده‌بینێته‌وه‌...
 برِوایه‌ك هه‌یه‌، پێیوایه‌ (تێگه‌یشتن) و (مانا) هه‌ردووكیان عه‌قڵ به‌رهه‌میان ده‌هێنێ‌. هه‌ردووكیان وێنه‌ى عه‌قڵیین، به‌ڵام له‌ نێوانیاندا ده‌لاله‌ت ده‌گۆرِێ‌، یان ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر لایه‌نى به‌رپرس... قسه‌یه‌ك هه‌یه‌، مانا به‌ گوتراوه‌وه‌ ده‌لكێنێ‌ و تێگه‌یشتن له‌ عه‌قڵه‌وه‌ به‌رهه‌م ده‌هێنێ‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ به‌و مانایه‌ نییه‌، كه‌ تێگه‌یشتن له‌ مانا دابرِاوه‌، ئه‌وه‌ به‌و مانایه‌ نییه‌، كه‌ برِوامان به‌ یه‌ك جۆر له‌ تێگه‌یشتن هه‌بێت، به‌ هیچ جۆرێك به‌و مانایه‌ نییه‌، كه‌ مانا له‌ عه‌قڵ دووره‌.13 ئه‌گه‌ر قسه‌ له‌ ماناى وشه‌یه‌ك یان رسته‌یه‌ك یان ده‌قێك بكه‌ین، ئه‌وه‌ هه‌ر ده‌بێ‌ له‌ چوارچێوه‌ى مه‌دلولى په‌یوه‌ست به‌ داله‌وه‌ بخولێینه‌وه‌، كه‌واته‌ وه‌ك (پۆل ریكۆر)14 ده‌ڵێ‌، مانا په‌یوه‌ندییه‌كى ناوه‌كى له‌ نێو ده‌قدا دروست ده‌كات. به‌ڵام (نیشانه‌) و (مانا) دوو به‌شى به‌یه‌كه‌وه‌ په‌یوه‌ست نین، وه‌ك دال و مه‌دلول، به‌ڵكو سه‌ر به‌ دوو كایه‌ى تیۆرى جیاوازن، به‌ پرنسیبى جیاواز هه‌ڵده‌سن و وه‌سفى جیاوازییان هه‌یه‌، دیاره‌ تێگه‌یشتنى وه‌ستاو زمان زێتر وه‌ك رێسا و یاسا ته‌ماشا ده‌كات، نه‌ك وه‌ك بوونێكى زیندوو، وه‌ك جوله‌ و كرده‌... به‌ گشتى كۆى قسه‌كان له‌ باره‌ى رێسا و یاساى زمان و ماناى چه‌سپاوه‌وه‌ پێمانده‌ڵێت مانا (به‌ مێژوو) ئابڵوقه‌ دراوه‌، به‌ڵام ده‌بێ‌ بزانین مانا به‌رده‌وام نوێ‌ ده‌بێته‌وه‌، داهێنان ئابڵوقه‌ نادرێت، داهێنان زه‌مه‌نه‌كان تێكده‌شكێنێ‌!
به‌هاى وشه‌ له‌ رێگاى په‌یوه‌ندى وشه‌كه‌ به‌ كۆمه‌ڵێ‌ وشه‌ى دیكه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت15... مانا ناكه‌وێته‌ ده‌ره‌وه‌ى شته‌كانه‌وه‌، داهێنان ناكه‌وێته‌ ده‌ره‌وه‌ى شته‌كانه‌وه‌! ته‌ئویلگه‌ره‌كان ده‌ڵێن هیچ مانایه‌ك له‌ ده‌ره‌وه‌ى ته‌ئویله‌وه‌ بوونى نییه‌، چ له‌ رێگاى ناوكۆییه‌كى زانستییه‌وه‌ بێ‌، یان كه‌سییه‌وه‌، واته‌ مانا یان له‌ رێى ته‌ئویلى ناوكۆییه‌وه‌یه‌، یان بیرورِاى فه‌ردى و خودییه‌وه‌ هه‌یه‌. به‌ڵام داهێنان گه‌رِانه‌وه‌ نییه‌ بۆ مه‌به‌ستى شاراوه‌ى دانه‌ر، گه‌رِانه‌وه‌ نییه‌ بۆ بونیادى ده‌لالى و دنیاى ماناى حه‌قیقى میسالى، به‌ڵكو به‌ دواداچوونى بزاڤه‌ له‌بننه‌هاتووه‌كانى مانایه‌ و گه‌رِانه‌ به‌ دواى ژیان و خوێنه‌ر و ماناى جیاواز... ته‌ئویلكردن واته‌ به‌خشكردنى ئامرازى نوێ‌ له‌ نێوان مرۆڤ و دنیا، خوێنه‌ر و ده‌ق، ئه‌و ئامرازه‌ نوێیه‌ى كه‌ گوتار ده‌یخاته‌ روو.... مانا خۆى له‌ نێوان كۆمه‌ڵێك سیفه‌تدا ده‌بینێته‌وه‌، وه‌ك ماناى شاراوه‌، ناوه‌كى، دیار، نادیار، حه‌رفى، ده‌روونى... بۆیه‌ مه‌سه‌له‌ى پێناسه‌كردن زۆرتر و زۆرتر ده‌بێت.
لێره‌دا پرسیار من ئه‌وه‌یه‌، ده‌شێ‌ له‌ كۆى ئه‌و ئیشكالیه‌تانه‌وه‌ مانا له‌ پێناسه‌یه‌كى جێگیردا ئابڵوقه‌ بده‌ین؟ ئایا ئه‌وه‌نده‌ به‌سه‌ مامه‌ڵه‌یه‌كى كلتورى، مێژوویى، حدسى، زمانه‌وانى، سایكۆلۆجى... له‌گه‌ڵ مانادا بكه‌ین، یان بیر له‌وه‌ بكه‌ینه‌وه‌، كه‌ زمان ده‌ژى و نوێ‌ ده‌بێته‌وه‌... راسته‌ هه‌تا ئێستا زانستى زمانه‌وانى له‌ رووى سیمیۆلۆجیا و ته‌ئویله‌وه‌ ئه‌ركى زۆرى كێشاوه‌، به‌ڵام هیچ قسه‌یه‌كى بۆ راسته‌كردنه‌وه‌ى ئیشكالییه‌ته‌كانى مانا و به‌رجه‌سته‌كردنى داهێنان نه‌كردووه‌؟

 

ستراتیژى دانه‌ر/ شاعیر له‌ نێوان رێكخستن و كه‌شفكردندا

لێره‌دا دوو تێگه‌یشتن بۆ مانا لاى (دانه‌ر/ شاعیر) ده‌خه‌مه‌ به‌ر چاو: تێگه‌یشتنى یه‌كه‌م، په‌یوه‌ندى به‌ ئاستى زمانى- فه‌رهه‌نگى (مُعجمی‏- lexicon) -واته‌ ماناى چه‌سپاو (ئاماده‌) و رێكخستنه‌وه‌ هه‌یه‌ و مێژووى مانامان پێده‌ناسێنێ‌، هه‌ڵبه‌ته‌ به‌ گشتى په‌یوه‌ندییه‌كانى ئاستى زمانى فه‌رهه‌نگى له‌وێوه‌ به‌ره‌و گوتار ده‌بێته‌وه‌، كه‌ پێیوایه‌ ماناى ئاماده‌ جگه‌ له‌ یارییه‌كى پاشكۆئامێزى ناوه‌كى شتێكى دیكه‌ نییه‌، یه‌كه‌ى فه‌رهه‌نگى به‌ درێژایى مێژوو ماناى جۆراوجۆر له‌خۆ كۆ ده‌كاته‌وه‌، هه‌ر زه‌مه‌نه‌ى ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر حه‌قیقه‌تى مانایه‌ك، وه‌ك چۆن به‌ درێژایى مێژوو ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر جیاوازى ماناكانیشه‌وه‌. لێره‌وه‌ جیاوازى رێكخستنى مانا و رێكخستنى جیاوازى زۆرترین ماناى ئاماده‌ ده‌سته‌به‌ر ده‌كات، جیاوازى رێكخستن و رێكخستنى جیاوازى ماناى ئاماده‌ (دانه‌ر/ شاعیر)ى جیاواز ده‌دۆزێته‌وه‌، وه‌ك چۆن (خوێنه‌ر/وه‌رگر)ى جیاواز به‌دواى جیاوازى رێكخستن و رێكخستنى جیاوازى ماناى ئاماده‌دا ده‌گه‌رِێت، واته‌ وه‌ك چۆن له‌ هه‌ر قۆناغێكدا (دانه‌ر/ شاعیر)ى جیاواز به‌دواى رێكخستن و رێكخستنى جیاوازى بوونیاندا ده‌گه‌رِێن، تا به‌هایه‌ك بۆ (بوونى رێكخراو)ى خۆیان به‌جێ‌ بهێنن. یان ئاماده‌یى رێكخراو به‌جێ‌ بهێنن، به‌ هه‌مان شێوه‌ له‌ هه‌ر قۆناغێكدا (خوێنه‌ر/وه‌رگر)ى جیاوازیش... به‌و مانایه‌ ماناى ئاماده‌ى رێكخراو، (خوێنه‌ر/وه‌رگر- دانه‌ر/ شاعیر)ى رێكخراومان بۆ كه‌شف ده‌كات، (خوێنه‌ر/وه‌رگر- دانه‌ر/ شاعیر)ى رێكخراو رێگا به‌ ماناى ئاماده‌ى رێكخراو ده‌دات، بۆ ئه‌وه‌ى بدوێت.

به‌ڵام تێگه‌یشتنى دووه‌م، بۆ مانا به‌ گشتى له‌ شیكردنه‌وه‌ى كه‌شفكردن و ده‌لاله‌تى ماناى خه‌یاڵكراوه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت، وه‌ك ئه‌وه‌ى نزیكترین و نوێترین یه‌كه‌ى گوتار پێكبهێنێت، كه‌شفكردن و ماناى خه‌یاڵكراو بۆ قۆناغ و سه‌رچاوه‌ى یاسا و رێساى رێكخستنى مانا ناگه‌رِێته‌وه‌، به‌ڵكو هه‌میشه‌ رووه‌ جیاوازه‌كانى مانا واڵا ده‌كات، رووى جیاوازى مانا زۆرترین سه‌ربه‌خۆیى هه‌یه‌، ئه‌وه‌ سه‌ربه‌خۆیى ماناى خه‌یاڵكراوه‌ (دانه‌ر/ شاعیر)ى سه‌ربه‌خۆ ده‌دۆزێته‌وه‌، به‌ دیوه‌كه‌ى دیكه‌ش (خوێنه‌ر/وه‌رگر)ى سه‌ربه‌خۆ هه‌میشه‌ به‌دواى رووه‌ جیاوازه‌كانى ماناى كه‌شفكراودا ده‌گه‌رِێت، رووه‌ جیاوازه‌كانى مانا، كه‌شفكردنى مانایه‌، كه‌واته‌ دانه‌ر/ شاعیرى سه‌ربه‌خۆ به‌دواى ماناى كه‌شفكراوى بوونیدا ده‌گه‌رِێت، تا به‌هایه‌ك بۆ (بوونى گریمانه‌كراو)ى به‌جێ‌ بهێنێت. یان ئاماده‌یى گریمانه‌كراو به‌جێ‌ بهێنێت، به‌ هه‌مان شێوه‌ (خوێنه‌ر/وه‌رگر)ى جیاوازیش... ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ى كه‌شفكردنى مانا ره‌فتارى ته‌ئویلى له‌ نێو ده‌قدا رێكده‌خات. به‌و مانایه‌ش ده‌ق كۆمه‌ڵێك (دال)ه‌ و ده‌بێ‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى قۆناغ و سه‌رچاوه‌ى یاسا و رێساى رێكخستنى ماناوه‌ له‌لایه‌ن خوێنه‌ر/وه‌رگر كه‌شف بكرێت، (دانه‌ر/ شاعیر)ى سه‌ربه‌خۆ له‌ حاڵه‌تى نوسیندا به‌ هه‌مان پرۆسه‌دا تێده‌په‌رِێت... ئه‌و كاته‌ش ده‌ق بوونى هه‌یه‌، كه‌ ده‌خوێنرێته‌وه‌ و خوێنه‌ر به‌ شه‌هوه‌تى خوێندنه‌وه‌ و نوسه‌ر به‌ شه‌هوه‌تى نوسین ده‌گات! هیچ ده‌قێك بێ‌ بوونى خوێنه‌ر بوونى نییه‌، به‌و مانایه‌ش ده‌لاله‌ت له‌سه‌ر زنجیره‌یه‌كى بێ‌ كۆتایى له‌ رێكخستنى دال و له‌ خه‌یاڵكردنى شه‌هوه‌تدا ده‌ژیت. له‌ كۆى ئه‌و قسانه‌دا هه‌وڵده‌ده‌م ئه‌و دوو تێگه‌یشتنه‌ له‌ سێ‌ جۆر خوێندنه‌وه‌ بۆ (مانا) كورت بكه‌مه‌وه‌: خوێندنه‌وه‌ى یه‌كه‌م په‌یوه‌ندى به‌ زمانى فه‌رهه‌نگى و ماناى چه‌سپاو و ئاماده‌وه‌ هه‌یه‌. خوێندنه‌وه‌ى دووه‌م په‌یوه‌ندى به‌ شیمانه‌یى ماناى نوسه‌ره‌وه‌ هه‌یه‌. خوێندنه‌وه‌ى سێیه‌م ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر خوێنه‌رى جیاوازه‌وه‌.

ئه‌گه‌ر ده‌ق فه‌زایه‌ك بێ‌ بۆ ئاوێته‌بوون، ئه‌گه‌ر ده‌ق تانۆپۆى نێوان تێگه‌یشتنى فه‌رهه‌نگى و تێگه‌یشتنى شیمانیى و خوێنه‌ر بێت، ئه‌وه‌ له‌ ئاسۆى خوێندنه‌وه‌ى (ریكۆر)دا خوێندنه‌وه‌ و ته‌ئویله‌كان له‌ دنیاى ماناى داخراوى ئایدیالیدا گیر ناخۆن، به‌ڵكو به‌ سه‌ر ژیانێكى واڵا و نوێدا ده‌كرێنه‌وه‌! ئه‌و قسه‌یه‌ى كه‌ من له‌ رێگاى ریكۆره‌وه‌ رێكمخستووه‌ له‌وێوه‌ دێت، كه‌ ریكۆر پێیوایه‌ زمان ره‌نگدانه‌وه‌ى هه‌موو ئه‌وانه‌شه‌ كه‌ پێش ده‌ق و دواى ده‌ق ده‌كه‌ون! كه‌واته‌ زمان هه‌ر ته‌نها ره‌نگدانه‌وه‌ى هه‌بوون نییه‌، به‌ڵكو په‌یوه‌ندییه‌كى گشتگیره‌ و په‌یوه‌ندى خه‌یاڵكردنى من و ئه‌ویدیكه‌یه‌ به‌ هه‌موو دنیا، زمان یارییه‌كه‌ هه‌مووان تێیدا هاوبه‌شین، جگه‌ له‌ زمان شتێكى دیكه‌ بۆ گوزارشتكردن له‌ خۆماندا نادۆزینه‌وه‌، جگه‌ له‌ زمان شتێكى دیكه‌ بۆ هه‌ناسه‌دان نادۆزینه‌وه‌، جگه‌ له‌ زمان شتێكى دیكه‌ بۆ په‌یوه‌ندى و هاوژیانى نادۆزینه‌وه‌، بۆیه‌ كرده‌ى ته‌ئویلكردن له‌ رێگاى زمانه‌وه‌ دووباره‌ ئه‌فراندن ده‌گه‌یه‌نێت. هه‌ر له‌ رێگاى دووباره‌ ئه‌فراندنه‌وه‌ درك به‌ ئه‌زموونه‌كانى ژیان و خوێنه‌ره‌ جیاوازه‌كان ده‌كه‌ین.16

 

شیعرى كوردى، ماناكانى (رێكخستن) و ده‌لاله‌ته‌كانى (كه‌شفكردن) و (خوێنه‌رى جیاواز)

له‌و لێكۆڵینه‌وه‌یه‌دا هه‌وڵده‌ده‌م قسه‌ له‌ شێوه‌ى رێكخستنى (ماناى ئاماده‌ و چه‌سپاو) و شێوه‌ى كه‌شفكردنى (ماناى نائاماده‌ و خه‌یاڵى نوسه‌ر) و (ماناى ئاماده‌ و نائاماده‌ و خوێنه‌رى جیاواز) له‌ شیعرى نوێى كوردى و دواى راپه‌رِینى 1991ى كوردستانى باشور و به‌شێك له‌و شیعره‌ى كوردستانى رۆژهه‌ڵات، كه‌ ده‌كه‌ونه‌ به‌ر (شه‌پۆلى حجم) و (شه‌پۆلى زمان) بكه‌م... 
پرسیارى سه‌ره‌كى ئه‌و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ ئه‌وه‌یه‌، ئایا شیعر ته‌نها رێكخستنى ماناى چه‌سپاو و ئاماده‌یه‌ له‌ دووتوێى یاسا و رێساكانى زماندا، به‌ دیوه‌كه‌ى دیكه‌ ئایا شیعر ره‌تكردنه‌وه‌ى یاسا و رێساكانى زمان و شێواندنى ماناى ئاماده‌یه‌، ماناى ئاماده‌ و نائاماده‌ و خوێنه‌رى جیاواز ده‌كه‌وێته‌ كوێى شیعرى كوردییه‌وه‌، به‌ دیوه‌كه‌ى دیكه‌ ئایا شاعیرى كوردى به‌شێك له‌ كێشه‌كانى ژیانى كوردى له‌ شیعره‌كانیدا هه‌ڵگرتووه‌، ئایا شیعرى كوردى له‌ پێشبینى و خه‌یاڵى تاكى كوردى و خه‌یاڵى ئه‌ویدیكه‌ى جیاواز ده‌دوێ‌؟

قسه‌كردن له‌ چه‌مكى (رێكخستن) له‌ رووى زمانه‌وه‌ چه‌سپان و دڵنیایى ده‌گه‌یه‌نێت، به‌ دیوێكى دیكه‌ ده‌شێ‌ چه‌مكى رێكخستن به‌و مانایه‌ بێت، كه‌ هه‌ر یه‌ك له‌ ئێمه‌ به‌ عه‌قڵ و ئاگامه‌ندییه‌وه‌ به‌ دواى رێسا و یاساكانى زمانه‌وه‌ بین، هه‌ر یه‌ك له‌ ئێمه‌ له‌ سه‌ر مێژوو و شێوه‌ى تایبه‌تى (خۆى) قسان ده‌كات... 
ئه‌گه‌ر چه‌مكى رێكخستن قسه‌كردن بێ‌ له‌ سه‌ر شتى تایبه‌تى و شێوه‌ى تایبه‌تى ئه‌و شیعره‌ى كه‌ دوایى هاتووه‌! ئه‌وه‌ چه‌مكى خه‌یاڵ و كه‌شفكردن له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و پرۆسانه‌ دژ ده‌كه‌وێته‌وه‌، كه‌ تێیدا ماناى چه‌سپاو ئاماده‌ خۆى به‌سه‌ر شیمانه‌یى ئێستا و ئێستاى زیندوودا ده‌سه‌پێنێت، وه‌ك چۆن دژ به‌ هه‌موو ئه‌و قسه‌كردنانه‌شه‌، كه‌ پێشتر سه‌ره‌تا و كۆتاییان زانراوه‌، كه‌واته‌ به‌شێك له‌ خه‌یاڵ و كه‌شفكردن له‌ سه‌ره‌تا و كۆتایى نه‌زانراوه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت! وه‌ك چۆن به‌شێكى دیكه‌ى په‌یوه‌ندى به‌ رووه‌ جیاوازه‌كانى مانا و رووه‌ جیاوازه‌كانى رێكخستن و خوێنه‌رى جیاوازه‌وه‌ هه‌یه‌... هه‌ر چۆنێ‌ بێت هه‌میشه‌ كار و (ده‌قى ئه‌ده‌بى)17 ته‌جاوزى ده‌ست بۆ بردنه‌ تیۆرییه‌كان ده‌كات، به‌ڵام ئایا تیۆره‌ ئه‌ده‌بییه‌كان ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌ ده‌رك ده‌كه‌ن؟ هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌و پرسیاره‌ وه‌رامى ناوه‌كى خۆى هه‌یه‌، كه‌ په‌یوه‌ندى راسته‌وخۆى به‌ داهێنانه‌وه‌ هه‌یه‌، له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌شدا رێبازه‌ ئه‌ده‌بییه‌كان به‌رهه‌مهێنه‌رن و پانتاییه‌كى مه‌عریفى به‌رفره‌وانیان هه‌یه‌ و مامه‌ڵه‌ى تایبه‌تى له‌گه‌ڵ كار و ده‌قى ئه‌ده‌بى و خوێنه‌رى جیاوازدا ده‌كه‌ن...
 به‌ گشتى زمان وه‌ك بابه‌تى حه‌قیقى و كرده‌یى هه‌مووان به‌یه‌كه‌وه‌ كۆ ده‌كاته‌وه‌، له‌ كۆى ئه‌و هاوگونجانه‌دا ده‌توانم ئاماژه‌ به‌ (سێ‌ هێل) له‌ شاعیرانى شیعرى نوێى كوردى باشور و دواى راپه‌رِین و به‌شێك له‌ شیعرى كوردستانى رۆژهه‌ڵات بده‌م، به‌ڵام به‌بێ‌ ئه‌وه‌ى ئه‌و پۆلینكردنه‌ جگه‌ له‌ گریمانه‌كردن شتێكى دیكه‌ بێت، به‌بێ‌ ئه‌وه‌ى پشت به‌ تیۆرێكى دیاریكراوى ئه‌ده‌بى ببه‌ستێت، به‌بێ‌ ئه‌وه‌ى چه‌مكى (داهێنان) وه‌ك بنه‌ماى قسه‌كانم بۆ به‌راوردكردنى ئه‌و پۆلینكردن و به‌دواداچوونه‌ به‌ كار بهێنم؟!

هێلى یه‌كه‌م
به‌ گشتى (هێلى یه‌كه‌م) كۆى ئه‌و شاعیرانه‌ ده‌گرێته‌وه‌، كه‌ برِوایان به‌ ده‌ست بۆ بردنى ماناى ئاماده‌ هه‌یه‌، له‌ میانى مانا نوێیه‌كان و له‌ ده‌ره‌وه‌ى ماناى رووت و ره‌هادا! وه‌ك چۆن هه‌وڵده‌ده‌ن له‌ رێكخستنى ماناوه‌ هاوسه‌نگى نێوان (ئاستى گوزارشتكردن و ریتمى رسته‌) له‌ لایه‌ك و (ریتمى وشه‌ و ماناى چه‌سپاو) له‌ لایه‌كى دیكه‌ بپارێزن، یان زمان شێوه‌ى ئاسۆیى بپارێزن، واته‌ هاوسه‌نگى نێوان خود و گوتراو له‌ توێى زمان و مێژووى مانادا بپارێزن، بۆ ئه‌وه‌ى جوانى شیعر و جوانى ئاماده‌ به‌ یه‌كه‌وه‌ بگونجێنن! هه‌موو ئه‌وانه‌ پارێزگارى له‌ ره‌سه‌نایه‌تى و یاسا و رێساكانى زمان و جوانى ئاماده‌ ده‌كه‌ن، هه‌موو ئه‌وانه‌ پێیانوایه‌ به‌ پله‌ى یه‌كه‌م شیعرى جوان په‌یوه‌ندى به‌ ئاكارى جوان و وشه‌ى جوان و گوتراوى جوان و خه‌یاڵى جوان و ماناى ره‌وان و ریتمى ره‌وانه‌وه‌ هه‌یه‌... هه‌موو ئه‌وانه‌ ده‌كه‌ونه‌ نێوان مشتومرِى گوتن و ماناوه‌! بۆ ئه‌وه‌ى له‌ رێگاى خوده‌وه‌ به‌ گوتراو بگه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ى له‌ رێگاى عه‌قڵه‌وه‌ به‌ مانا بگه‌ن، واته‌ له‌ رێگاى مێژووى گوتراوه‌وه‌ به‌ ماناى ئاماده‌ بگه‌ن، له‌ رێگاى كۆى مانا و گوتراوه‌وه‌ به‌ جوانى و خه‌یاڵى شیعرى بگه‌ن، له‌ رێگاى تێگه‌یشتنه‌وه‌ به‌ ده‌لاله‌ته‌ نوێیه‌كانى مانا بگه‌ن، به‌ دیوه‌كه‌ى دیكه‌ لاى هه‌موو ئه‌وانه‌ حه‌قیقه‌تى مانا هه‌میشه‌ له‌ ئاماده‌یى ئێستاى مانادایه‌، به‌و مانایه‌ش رۆشنایى مانا له‌ رۆشنایى ئێستاى مانا دانه‌برِاوه‌، له‌وێشه‌وه‌ رێگا بۆ حه‌قیقه‌تى ئاماده‌ خۆش ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ى بدوێ‌...

وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت هێزى خۆیان له‌ ماناى ئاماده‌ و رێكخستنى خوددا ده‌بیننه‌وه‌، پرسیار له‌وه‌ ناكه‌ن عه‌قڵ، گوتراو بونیاد ده‌نێت، یان گوتراو، عه‌قڵ دروست ده‌كات؟! پرسیار له‌ تێگه‌یشتن و مانا ناكه‌ن، پرسیار له‌ جیاوازى و دنیابینى جیاواز ناكه‌ن، پرسیار ناكه‌ن وشه‌ى شیعریى چۆن دروست ده‌بێت، جیاوازى له‌ نێوان ره‌وانى و راهاتن و شیمانه‌یى چییه‌؟!

هێلى دووه‌م
(هێلى دووه‌م) زۆربه‌یان له‌سه‌ر برِوابوون به‌ نائاگامه‌ندى (نه‌ست) و پێشخستنى ناوكۆیى و فه‌رامۆشكردنى خود له‌ یه‌كه‌وه‌ نزیكن، به‌ڵام نه‌ك به‌و مانایه‌ كه‌ گه‌رِانه‌وه‌ بۆ نائاگامه‌ندى و نه‌ست گه‌رِانه‌وه‌ بێ‌ بۆ (فرۆید)18 به‌ڵكو به‌و مانایه‌ كه‌ نائاگامه‌ندى و نه‌ست پێش زمان ده‌كه‌وێت، وه‌ك چۆن لاى (لاكان)19 جێگاى گفتوگۆیه‌... له‌وێوه‌ شاعیرانى هێلى دووه‌م هه‌وڵى كه‌شفكردنى مانا و هه‌وڵى (دامه‌زراندنى په‌یوه‌ندییه‌كى نوێ‌ له‌ نێوان وشه‌ و وشه‌، وشه‌ و مرۆڤ، وشه‌ و دنیا) ده‌ده‌ن، ئاسۆیه‌كى دیكه‌ى چاوه‌رِوانى بۆ خوێنه‌ران واڵا ده‌كه‌ن، شێوه‌ى ستوونى به‌ زمان ده‌به‌خشن، ئه‌وه‌ش جێكه‌وته‌ى وشه‌ و په‌یوه‌ندییه‌كانى و ئاسۆیه‌كى دیكه‌ى چاوه‌رِوانى ده‌خاته‌ نێو گه‌شه‌كردنى وشه‌ و گه‌شه‌كردنى ناوكۆییه‌وه‌، وه‌ك چۆن به‌شێكى زۆر له‌ شاعیرانى هێلى دووه‌م خۆیان به‌ (كۆتایى نه‌زانراو) ده‌سپێرن، خۆیان به‌ (دنیابینى جیاوازى مرۆیی)ه‌وه‌ ده‌سپێرن، به‌ پله‌ى یه‌كه‌م میكانیزمى خه‌یاڵ به‌ بزوێنه‌رى شیعرى داده‌نێن، له‌ رێگاى یاخى بوونى مه‌عریفییه‌وه‌ هه‌وڵى به‌رجه‌سته‌كردنى شیمانه‌یى شیعرى و كه‌شفكردنى جوانى و په‌یوه‌ندییه‌ كراوه‌كانى ژیان ده‌ده‌ن، هیچ سنورێك بۆ مانا و جوانى و چێژ قبوڵ ناكه‌ن، هه‌موو سنوردانانێك بۆ تواناى له‌ بننه‌هاتووى مرۆڤ ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌، هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كان بۆ جیاوازى مانا ده‌رِه‌خسێنن، هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كان بۆ ته‌ماشاكردنى دنیا به‌ كراوه‌یى جێده‌هێڵن، به‌ دیوه‌كه‌ى دیكه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ رێگا بۆ شیمانه‌یى خۆش ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ى خۆى دابمه‌زرێنێ‌...
وه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت هێزى خۆیان له‌ نائاگامه‌ندى و پێشخستنى ناوكۆیى و فه‌رامۆشكردنى خوددا هه‌ڵده‌گرنه‌وه‌، به‌ڵام پرسیار له‌ باره‌ى بنه‌ما جیاوازه‌كانى مه‌عریفه‌ و ئاستى كلتور و پێشكه‌وتنه‌كانى ئه‌ویدیكه‌ى مرۆڤایه‌تى... وه‌ڵام ناده‌نه‌وه‌، قسه‌كردنى جیاوازى ئه‌ویدیكه‌ له‌ باره‌ى عه‌قڵ و تێگه‌یشتن و درككردن فه‌رامۆش ده‌كه‌ن!

هێلى سێیه‌م
(هێلى سێیه‌م) ته‌واو پێچه‌وانه‌ى هێلى یه‌كه‌م بیر ده‌كه‌نه‌وه‌، (هه‌موو ئاورِدانه‌وه‌یه‌ك بۆ مێژووى مانا و رێكخستنى خود ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌)، (هه‌موو یاسا و رێساكانى زمان و ره‌سه‌نایه‌تى ره‌شده‌كه‌نه‌وه‌) به‌و مانایه‌ش ته‌واوى رابردووى مرۆڤایه‌تى به‌ ئاورِدانه‌وه‌ بۆ میتافیزیكا داده‌نێن! هه‌موو بایه‌خى نائاگامه‌ندى و نه‌ست له‌ لایه‌ك و پێشخستنى ناوكۆیى له‌ لایه‌كى دیكه‌ به‌ خه‌مى خۆیان نازانن، (هه‌موو سه‌رچاوه‌كانى فیكر و مه‌عریفه‌ وه‌لا ده‌نێن) بۆ ئه‌وه‌ى له‌ رێگاى نیشانه‌ى هه‌رِه‌مه‌كییه‌وه‌، تێكدانى په‌یوه‌ندى نێوان وشه‌كان ماناى باو تێكبشكێنن و بگه‌نه‌ كورتبرِى، شیمانه‌یى سه‌ربه‌خۆ فه‌راهه‌م بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ى له‌ رێگاى په‌یوه‌ندى رێكنه‌خراوه‌وه‌ گوزارشتكردنێكى یاخى و ئاسۆیه‌كى دیكه‌ى چاوه‌رِوانى گه‌شه‌ پێبده‌ن، وه‌ك ریزۆم له‌ نێو زماندا بیر له‌ زمان ده‌كه‌نه‌وه‌، له‌ رێگاى خه‌یاڵ و ورِێنه‌وه‌ به‌ جوانى له‌ناكاو و له‌ رێگاى شیمانه‌یى نكۆڵكه‌ره‌وه‌ به‌ ماناى نائاماده‌ و ئه‌ویدیكه‌ى خوێنه‌ر ده‌گه‌ن، به‌ گشتى هه‌مووان به‌ پله‌ى یه‌كه‌م رێگا بۆ شیمانه‌یى خۆش ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ى وه‌ك شیمانه‌یى بدوێت... 
واته‌ هێزى خۆیان له‌ تێكشكاندنى مانا و كورتبرِى و به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ى نیشانه‌ و شیمانه‌یى سه‌ربه‌خۆدا ده‌بیننه‌وه‌، لاى ئه‌وان شیعر ده‌نگه‌، به‌ڵام ئه‌سڵ و ده‌ق له‌ ناوچووه‌! بیر له‌وه‌ ناكه‌نه‌وه‌ نه‌گونجان و بێ‌ مانایى هیچ په‌یوه‌ندییه‌كى مرۆیى ناخولقێنێ‌، ئه‌گه‌رچى هه‌ڵگرى جۆرێك له‌ یاخى بوونیش بێت، مه‌رج نییه‌ هه‌میشه‌ یاخى بوون جوانى كه‌شف بكات، ئه‌گه‌رچى یاخى بوون بێت به‌ رووى باودا، بیر له‌وه‌ ناكه‌نه‌وه‌ كۆى فیكرى مرۆڤایه‌تى راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندى به‌یه‌كه‌وه‌ هه‌یه‌، بیر له‌ به‌هاى په‌یوه‌ندى و خۆشه‌ویستى و هارِمۆنى و سۆزى مرۆییانه‌ ناكه‌نه‌وه‌، چاره‌نووسى بێ‌ یاده‌وه‌ریین.

 

هێلى یه‌كه‌م، له‌ نێوان (گوتن / مانا)دا
وشه‌ یان هه‌ر یه‌كه‌یه‌كى زمانه‌وانى له‌ دوو بنه‌ما پێكهاتووه‌ و له‌ یه‌ك جیا نابنه‌وه‌، ئه‌ویش گوتن و مانایه‌! مانا و گوتراویش له‌ مشتومرِى جیاوازى خۆیان ناكه‌ون. گوتن رووه‌ مه‌تریاله‌كه‌ى مانایه‌، ماناش رووه‌ هه‌ستییه‌كه‌ى گوتن پێكده‌هێنێ‌.
مشتومرِى نێوان گوتن و مانا، مانا و گوتن په‌یوه‌ندى به‌ هه‌ڵنانى به‌هاى هونه‌رى ده‌ربرِینه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌شێكى گه‌وره‌ى به‌هاى هونه‌رى ده‌ربرِینیش تێگه‌یشتن ده‌ینه‌خشێنێ‌؟! چه‌مكى تێگه‌یشتن هه‌میشه‌ پشت به‌ فاكته‌ حه‌قیقییه‌ مرۆییه‌كان ده‌به‌ستێت. به‌هاى تێگه‌یشتن له‌ شێوازى ده‌ربرِینى ده‌لاله‌تخوازانه‌وه‌ نزیكمان ده‌كاته‌وه‌! 
له‌ باره‌ى ئه‌و مشتومرِه‌وه‌ هه‌ندێك پێیانوایه‌ پێشخستنى گوتن به‌سه‌ر مانادا جوانى و پوختى و پته‌وى لێده‌كه‌وێته‌وه‌، به‌هاى ئه‌ده‌بى به‌رزتر نیشان ده‌دات، شێوازى هونه‌رى جوانتر ده‌سته‌به‌ر ده‌كات، هه‌میشه‌ دارِشتنى ئه‌ده‌بى و حه‌قیقه‌تى ده‌ربرِین به‌ پوختى و پته‌وى و گوتنى جوانه‌وه‌ په‌یوه‌ست ده‌كه‌ن، هه‌ر له‌وێشه‌وه‌ به‌ مانا ده‌گه‌ن، هه‌ر له‌وێشه‌وه‌ به‌ ماناى جوان و پته‌و و روون و حه‌قیقى ده‌گه‌ن، هه‌ر له‌وێشه‌وه‌ به‌ ریتمى جوانى ده‌ربرِین ده‌گه‌ن، هه‌موو ئه‌وانه‌ش پشت به‌ كۆمه‌ڵێك پاڵنه‌ر ده‌به‌ستن، پاڵنه‌رى ده‌روونى، سیاسى، نه‌ته‌وه‌یى...
هه‌ندێكى دیكه‌ له‌ ره‌خنه‌گران له‌ مشتومرِى نێوان گوتن و مانا، پێیانوایه‌ جوانى گوتن و جوانى مانا له‌ به‌یه‌كه‌وه‌ بوونیاندایه‌، پێكه‌وه‌ ئاسته‌ به‌رزه‌كانى ره‌وانبێژى ده‌نوسنه‌وه‌ و ته‌رازووییه‌ك بۆ به‌هاى هونه‌رى ده‌سازێنن، پێیانوایه‌ شیعر له‌ رێگاى ئه‌و به‌یه‌كه‌وه‌بوونه‌یان باڵا ده‌كات و له‌ لێكترازانیشیان نزمى ده‌نوێنێ‌، گوتنى جوان، جوانى ماناى لێده‌كه‌وێته‌وه‌، وه‌ك چۆن گوتنى ناشیرین ماناى دزێو به‌رهه‌م ده‌هێنێ‌! ره‌وانى مانا ریتمى ره‌وانى لێده‌كه‌وێته‌وه‌ و نارِه‌وانى ته‌مومژ... 
ئه‌و پێكه‌وه‌ بوونه‌ ئه‌گه‌رچى له‌ یه‌كێتى و ئاوێته‌بوونى گوتن و مانا نزیكه‌، به‌ڵام جیاوازى خۆیان هه‌یه‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ یه‌كێتى گوتن و مانادا، گوتن جه‌سته‌یه‌ و مانا رۆح، جه‌سته‌ و رۆح لێكجیابوونه‌وه‌یان مه‌حاڵه‌... لایه‌نگرانى یه‌كێتى و ئاوێته‌بوونى گوتن و مانا، پێیانوایه‌ هه‌موو گوتنێكى جوان، ماناى جوانى له‌خۆدا هه‌ڵگرتووه‌، گوتنى پته‌و، راستى مانا ده‌نوێنێ‌... هه‌ڵبه‌ته‌ پێچه‌وانه‌ش راسته‌! ده‌توانم بڵێم هه‌موو ئه‌و قسانه‌ى له‌ باره‌ى یه‌كێتى گوتن و ماناوه‌ ده‌كرێت، به‌هاى یه‌كبوونى شێوه‌ و ناوه‌رِۆكمان بیر ده‌خاته‌وه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ى گوتن فۆرِم بێ‌ و مانا فیكر...
به‌شێكى دیكه‌ له‌ ره‌خنه‌گران له‌ مشتومرِى نێوان گوتن و مانا، به‌رگرى له‌ چه‌سپاندنى په‌یوه‌ندى نێوان گوتن و مانا ده‌كه‌ن و پێیانوایه‌ نهێنى په‌یوه‌ندییه‌كانیان بۆ رابردوو ده‌گه‌رِێته‌وه‌، هه‌رگیز په‌یوه‌ندى به‌ ورِووژانى یه‌كێك به‌ سه‌ر ئه‌ویدیكه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكو رێسا و یاساى زمانه‌وانى به‌رِێوه‌ى ده‌بات و ده‌كه‌وێته‌ نێوان پرنسیب و رێبازى تایبه‌ت به‌ زانستى زمان و دانان و رێكخستنه‌وه‌وه‌... دواجار هه‌میشه‌ پرۆسه‌ى رێكخستن په‌یوه‌ندى نێوان گوتن و مانا ده‌گه‌یه‌نێت...20
 به‌مجۆره‌ ده‌توانم بڵێم هه‌ندێك له‌و شاعیرانه‌ى شیعرى نوێى كوردى (كه‌ من ناویان به‌ هێلى یه‌كه‌م ده‌به‌م) هه‌وڵده‌ده‌ن له‌ رێكخستندا په‌یوه‌ندى نوێ‌ و به‌رفره‌وان له‌ نێوان مانا و مانا، جوانى و مانا، ریتم و ناوكۆیى دروست بكه‌ن، زۆربه‌یان دواى وشه‌ى شیعریى و رسته‌ى شیعریى و ریتمى ناوكۆیى ده‌كه‌ون! هه‌ندێكیان لادانى مانا به‌ ورِوژانى هه‌ستییه‌وه‌ ده‌به‌ستنه‌وه‌، به‌ڵام به‌ گشتى له‌ پێناو مانه‌وه‌ له‌ سه‌ر رێكخستنى (مانا/ جوانى)ى چه‌سپاو و ئاماده‌، له‌ سه‌ر (شیعرى دنیایى) كار ده‌كه‌ن. بۆ نموونه‌ ده‌توانم وێرِاى كۆمه‌ڵێك جیاوازى و وێرِاى مشتومرِى نێوان گوتن و مانا، ده‌شێ‌ بۆ دیاریكردنى (هێلى یه‌كه‌م) چوار نموونه‌تان پێبناسێنم: 

نموونه‌ى یه‌كه‌م
نموونه‌ى یه‌كه‌م له‌ شاعیران، ئه‌وانه‌ن كه‌ (جوانى گوتن و ریتمى ناوكۆیى به‌یه‌كه‌وه‌ كۆ ده‌كه‌نه‌وه‌) جوانى گوتن و ریتمى ناوكۆیى به‌ هه‌ستى نه‌ته‌وایه‌تى و ده‌روونى و سیاسى موتوربه‌ ده‌كه‌ن، په‌رده‌ له‌سه‌ر گوتنى حه‌قیقه‌تێكى دیاریكراو هه‌ڵده‌ده‌نه‌وه‌، له‌وانه‌: شێركۆ بێكه‌س، له‌تیف هه‌ڵمه‌ت، ره‌فیق سابیر، جه‌لال مه‌له‌كشا، ژیله‌ حوسێنى...
نموونه‌ى دووه‌م
به‌ڵام نموونه‌ى دووه‌م، له‌ (هێلى یه‌كه‌م)دا له‌ نێوان تێگه‌یشتن و مانادا، شیعرگه‌رایى له‌ خودگه‌رایى و ناوه‌رِۆكگه‌راییدا ده‌بیننه‌وه‌، بۆ چه‌سپاندنى بیرۆكه‌ى تێگه‌یشتن له‌سه‌ر خودى تێگه‌یشتن، بۆ (چه‌سپاندنى په‌یوه‌ندى نێوان گوتن و مانا) بۆ گواستنه‌وه‌ له‌ حیكایه‌تێكه‌وه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ ریتمى حیكایه‌تێكى دیكه‌، به‌ مانایه‌كى دیكه‌ رێگاكانى گوتراو تاقى ده‌كه‌نه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى به‌ ده‌روونى خۆیان بگه‌ن، یان هه‌موو ئه‌و تێگه‌یشتنانه‌ له‌ فه‌زایه‌كى شیعرى دووباره‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، فه‌زایه‌ك كه‌ له‌گه‌ڵ هۆشیارى شیعرى و ریتمى شیعرى دێته‌وه‌، فه‌زایه‌ك كه‌ ده‌كه‌وێته‌ نێوان پرنسیب و زمانى شیعرى و دانان و رێكخستنه‌وه‌وه‌... نموونه‌ى دووه‌م له‌ چه‌سپاندنى په‌یوه‌ندى نێوان گوتن و مانا، وێرِاى جیاوازییان: كه‌ریم ده‌شتى، جه‌مال غه‌مبار، نه‌زه‌ند به‌گیخانى، چۆمان هه‌ردى، رۆژ هه‌ڵه‌بجه‌یى، فه‌ره‌یدوونى ئه‌رشه‌دى...
نموونه‌ى سێیه‌م
نموونه‌ى سێیه‌مى (هێلى یه‌كه‌م)ى شاعیران، ئه‌وانه‌ن كه‌ هێزى گوزارشتكردن و هه‌ستى لیریكى و ورِووژانى سۆز به‌ كه‌ره‌سه‌ى باڵایى جوانى و ره‌وانى و ناسكى داده‌نێن، هه‌وڵده‌ده‌ن ریتمێكى ده‌روونى و مرۆڤدۆستى له‌ بیركردنه‌وه‌ و بیركردنه‌وه‌ى خوێنه‌ردا بچێنن، هه‌وڵده‌ده‌ن فه‌زاى چێژ و ژیاندۆستى فره‌وانتر نیشان بده‌ن، هه‌وڵده‌ده‌ن ده‌رگاى خه‌یاڵێكى نزیك له‌ سیحر بۆ مرۆڤایه‌تى واڵا بكه‌ن، شاعیرانى (یه‌كێتى گوتن و ماناى گوتن) شاعیرانى نموونه‌ى سێیه‌م، جوانى گوتن و جوانى مانا ئاوێته‌ى ریتمى بیركردنه‌وه‌ ده‌كه‌ن، حه‌قیقه‌تى گوتن تێكه‌ڵ حه‌قیقه‌تى نه‌گوتن ده‌كه‌ن... له‌ نموونه‌ى ئه‌و شاعیرانه‌: دلشاد عه‌بدوڵڵا، جه‌لال به‌رزنجى، به‌ختیار عه‌لى، دلاوه‌ر قه‌ره‌داغى، ئیسماعیل به‌رزنجى، هیوا قادر... 
نموونه‌ى چواره‌م
نموونه‌ى چواره‌م، له‌ (هێلى یه‌كه‌م)، شاعیرانى چێژى (گوتن به‌سه‌ر مانادا)، جه‌سته‌ به‌ سه‌ر ناوه‌رِۆكدا زاڵ ده‌كه‌ن، له‌ رێگاى چێژى گوتنه‌وه‌ خۆیان له‌ مانا ده‌خشێنن، ئه‌و شاعیرانه‌ى جه‌سته‌گه‌رایى و چێژى ئیرۆتیكى و ئاگامه‌ندى سۆزدارى پێشده‌خه‌ن، به‌ڵام مه‌به‌ستم ئه‌وانه‌ نییه‌، كه‌ ئیرۆتیكا و ورِووژانى سێكسى تێكه‌ڵ به‌ یه‌ك ده‌كه‌ن؟! به‌ڵكو مه‌به‌ستم ئه‌وانه‌یه‌، كه‌ دنیا له‌ دوو دیدى جیاوازى نێر و مێدا ته‌ماشا ده‌كه‌ن، به‌ڵام خۆیان له‌ به‌ بازارِكردنى هه‌ست و بێنرخكردنى جه‌سته‌ و حه‌زى رووت ده‌پارێزن، هه‌میشه‌ حه‌قیقه‌تى چه‌پێنراو پێش حه‌قیقه‌تى گوتراو ده‌خه‌ن، هه‌میشه‌ چێژى گوتنى نه‌گوتراو پێش ده‌خه‌ن و پێیانوایه‌ ئه‌وه‌ چێژى گوتنى نه‌گوتراوه‌ چێژى ماناى لێده‌كه‌وێته‌وه‌، هه‌میشه‌ جوانى جه‌سته‌ و ریتمى جه‌سته‌ له‌ ماناى كرچ و كاڵ ده‌پارێن، هه‌میشه‌ پێیانوایه‌ ئه‌وه‌ گوتنى جوانه‌، شێوازى هونه‌رى جوانتر ده‌سته‌به‌ر ده‌كات، ئه‌وه‌ گوتنى جوانه‌، ریتمى جوان و چێژ ده‌نه‌خشێنێ‌... نموونه‌ى شاعیرانى گوتن به‌سه‌ر مانادا، قوبادى جه‌لى زاده‌، كه‌ژاڵ ئه‌حمه‌د، دڵسۆز حه‌مه‌، ژوان ئاواره‌...

شاعیرانى جوانى گوتن و ریتمى ناوكۆیى
ده‌توانم بڵێم نموونه‌ى یه‌كه‌م، ئه‌و شاعیرانه‌ى (جوانى گوتن و ریتمى ناوكۆیى به‌یه‌كه‌وه‌ كۆ ده‌كه‌نه‌وه‌)، ئه‌و شاعیرانه‌ى جوانى گوتن و هه‌ستى نه‌ته‌وایه‌تى و سیاسى كۆیان ده‌كاته‌وه‌ و گوتن و ریتمى تێگه‌یشتن به‌یه‌كه‌وه‌ كۆ ده‌كه‌نه‌وه‌! هه‌میشه‌ هێزى شیعرى له‌ گوتن و په‌یامى شیعریدا هه‌ڵده‌گرنه‌وه‌، له‌ رێگاى جوانگوتنه‌وه‌ له‌ مێژووى مانا نزیك ده‌بنه‌وه‌، پارێزگارى له‌ جوانى گوتن و ماناى ئاماده‌ ده‌كه‌ن، به‌هاى ئه‌ده‌بى له‌ گوتنى جوان و ریتمى مانادا ده‌بیننه‌وه‌...
ده‌توانم بڵێم دالى حه‌قیقى لاى (له‌تیف هه‌ڵمه‌ت) تێكه‌ڵكردنى هه‌ستى تاكگه‌رایى و هه‌ستى نه‌ته‌وایه‌تییه‌! به‌ڵام هێزى شیعرى لاى (عه‌بدوڵڵا په‌شێو) له‌ ره‌وانى ریتمى گوتن و به‌رزكردنه‌وه‌ى دروشمى شیعرى ره‌خنه‌كاریدا خۆى ده‌بینێته‌وه‌! جیاوازى نێوان (شێركۆ بێكه‌س) و (ره‌فیق سابیر) له‌ ته‌ماشاكردنى ژیان و ته‌ماشاكردنى نه‌ته‌وه‌ وه‌ك بابه‌تى سه‌ره‌كى شیعریدا خۆى ده‌بینێته‌وه‌، شێركۆ بێكه‌س كۆى مێژووى نه‌ته‌وه‌ و حیكایه‌ته‌كانى نه‌ته‌وه‌ و ژانوژوارى نه‌ته‌وه‌ وه‌ك بنه‌ماى شیعرى به‌كار ده‌هێنێت... به‌ڵام ره‌فیق سابیر گۆشه‌یه‌ك له‌ زامه‌ قووڵه‌كانى نه‌ته‌وه‌ و خه‌مه‌ بچوكه‌كانى نه‌ته‌وه‌ وه‌ك بنه‌ماى شیعر چاو لێده‌كات، له‌ گۆشه‌نیگایه‌كه‌وه‌ حیكایه‌ته‌كانى تاكى كوردى ده‌گێرِێته‌وه‌... جیاوازى نێوان (مه‌له‌كشا) و (ژیلا حوسێنى) جیاوازى په‌یامگه‌رایى و سۆزگه‌راییه‌، جیاوازى نێوان ماناگه‌رى و ئاوازگه‌راییه‌، جیاوازى نێوان شۆرِشگه‌رایى و ده‌روونگه‌راییه‌... به‌ گشتى هه‌موو ئه‌وانه‌ى له‌سه‌ر ئه‌و هێله‌ رێچكه‌یان گرتووه‌، كه‌ (مێژووى وشه‌ به‌ پته‌وى مانا)وه‌ ده‌لكێنن، گوتن و ریتم موتوربه‌ى رووداوى مێژوویى، ده‌روونى، كۆمه‌ڵایه‌تى، نه‌ته‌وه‌یى، سیاسى ده‌كه‌ن، بیر له‌ به‌دوایه‌كداهاتن و كۆتاییه‌كانى داله‌ گشتییه‌كان ده‌كه‌نه‌وه‌... به‌ڵام ئه‌وه‌ى له‌تیف هه‌ڵمه‌ت له‌و هێله‌ جیا ده‌كاته‌وه‌ هێزى تاكگه‌راییه‌... ئه‌وه‌ى عه‌بدوڵڵا په‌شێو له‌و هێله‌ جیا ده‌كاته‌وه‌ شیعرییه‌تى دروشمگه‌راییه‌.... 
(ره‌فیق سابیر) له‌ لاوكى هه‌ڵه‌بجه‌دا ده‌ڵێت:
با كه‌ژاوه‌ى له‌ گوڵ بێت
یان له‌ په‌لكه‌ زێرِینه‌
زه‌ماوه‌ندى خوێن ده‌گرێت
ئه‌مشه‌و پاشاى ئه‌ڤینه‌.

شاعیرانى جێگیركردنى په‌یوه‌ندى نێوان گوتن و مانا
نموونه‌ى دووه‌م، ئه‌و شاعیرانه‌ هه‌میشه‌ بیر له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌، كه‌ وشه‌یه‌ك به‌رجه‌سته‌ بكه‌ن، گوتنێك بخه‌نه‌وه‌، كه‌ ته‌واو ته‌عبیر له‌ ناخى ئه‌وان بكات، شاعیرانى (چه‌سپاندنى په‌یوه‌ندى نێوان گوتن و مانا) گوزارشتكردنى وشه‌ و خود، ریتم و تێگه‌یشتن... پێیانوایه‌ هه‌موو گوتنێكى خودگه‌رایى جگه‌ له‌وه‌ى هه‌ڵگرى حه‌قیقه‌ته‌، هه‌ڵگرى به‌هاى چه‌سپاندنى په‌یوه‌ندى نێوان گوتن و مانا، ریتم و تێگه‌یشتنه‌، ئه‌وه‌ هێزى سه‌پاوى خودگه‌راییه‌، هۆشیارى و پته‌وى مانا و ساغڵه‌مى ماناى له‌خۆدا هه‌ڵگرتووه‌، جوانى بیركردنه‌وه‌ ته‌عبیر له‌گوتنى جوان ده‌كات... به‌ڵام جیاوازى (حه‌مه‌ عومه‌ر عوسمان) جگه‌ له‌ گه‌رِانه‌وه‌ بۆ ناخ، له‌ هێزى لیریكییه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت! هه‌وێنى شیعرى حه‌مه‌ عومه‌ر عوسمان خه‌مه‌ تایبه‌تییه‌كانه‌، بێ‌ ئه‌وه‌ى تێكه‌ڵى خه‌مه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانیان بكات!
 به‌و مانایه‌ش نموونه‌ى دووه‌م، ئه‌و شاعیرانه‌ن، كه‌ گوتن و مانا به‌ جێگیربوونى  شیعرگه‌رایى و خودگه‌رایى و ناوه‌رِۆكگه‌راییه‌وه‌ ده‌لكێنن، فۆرِم و ناوه‌رِۆك به‌ یه‌ك چاو ته‌ماشا ده‌كه‌ن، دالى حه‌قیقى لاى ئه‌وان به‌ هه‌موو جیاوازییه‌كانیانه‌وه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ به‌ستنه‌وه‌ى خه‌مه‌ تایبه‌ت و گشتییه‌كانه‌... برِوانه‌: رۆژ هه‌ڵه‌بجه‌یى له‌ شیعرى، تا كۆتایی هه‌ڵبێ... كوژانه‌وه‌ى ژنێك به‌ ته‌نهایی..!! ده‌ڵێت:
من خه‌ونه‌كانم شلوێ بووه‌ له‌سه‌ره‌تاوه‌ تا كۆتایی...
وا چاكه‌ په‌پووله‌، كه‌ ده‌روێشی نووره‌، چرا بكوژێ،
چونكه‌ ته‌ریقه‌تی چرا،
مه‌رگی په‌پووله‌یه‌ له‌ كۆتایی...
وا چاكه‌ شه‌مشه‌مه‌كوێره‌ له‌ تونێلی نوته‌كا،
تاریكی رِاو بنێ...
چونكه‌ له‌نوونی نوته‌كا ده‌زووله‌یه‌ك مۆمی نووستوو،
مه‌رگی شه‌مشه‌مه‌یه‌ له‌ كۆتایی...!!
سلێمانی 29/9/2009

شاعیرانى یه‌كێتى گوتن و یه‌كێتى مانا
نموونه‌ى سێیه‌م، ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ شاعیره‌ى له‌ ئاگامه‌ندى ده‌روونییه‌وه‌ هه‌ستى لیریكى و سۆزى شیعرى به‌ ویستى یه‌كێتى گوتن و ده‌روونه‌وه‌ گرێ‌ ده‌ده‌ن و ویستى گوتن به‌ خۆشه‌ویستى مانا و چێژه‌وه‌ ده‌لكێنن، شاعیرانى (یه‌كێتى گوتن و یه‌كێتى مانا) پێمانده‌ڵێن جه‌وهه‌رى ئاگامه‌ندى به‌ گوتنى جوان و ماناكانى خۆشه‌ویستییه‌وه‌ به‌نده‌، تایبه‌تمه‌ندى جوانى مرۆڤ له‌ ژیاندۆستییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێ‌، مرۆڤ ده‌ژى بۆ ئه‌وه‌ى هه‌نگاو به‌ره‌و یه‌كێتى گوتن و ماناوه‌ بنێت... شاعیرانى جوانى گوتن و جوانى مانا، پێیانوایه‌ ئه‌وه‌ وشه‌ى شیعرییه‌ هه‌ستى شیعرى ده‌به‌خشێت، بایه‌خ به‌ وشه‌ى شیعرى و ماناى شیعرى و ریتمى شیعرى ده‌ده‌ن، به‌هاى هونه‌رى شیعر له‌ ئاوێته‌بوونى هه‌ستى وشه‌ و ویستى مانا و ریتمى تێگه‌شتندا هه‌ڵده‌گرنه‌وه‌، هه‌ڵبژاردنى دالى حه‌قیقى لاى ئه‌وان له‌ سۆز و جوانى و ته‌ماشاكردنى خه‌مه‌ كه‌سییه‌كانى ژیاندایه‌... بونیادى شیعرى (به‌ختیار عه‌لى) و (دلشاد عه‌بدوڵڵا) له‌ هێزى گوزارشتكردن و قووڵى دنیابینیدا ده‌رده‌كه‌وێت... به‌ڵام ده‌توانم بڵێم (جه‌لال به‌رزنجى) و (هیوا قادر) هه‌ر یه‌ك به‌ ره‌نگ و دنیابینى و هه‌ستى شیعرى و مه‌عریفه‌ى شیعرى تایبه‌تى خۆیه‌وه‌، هه‌وڵى گرتنى حیكایه‌ته‌ بچوكه‌كانى ژیان ده‌ده‌ن! هێزى جه‌لال به‌رزنجى له‌ هه‌ستى شیعریدایه‌، هێزى هیوا قادر له‌ هه‌ڵبژاردنى گۆشه‌نیگاى شیعریدا ده‌رده‌كه‌وێت... كه‌چى جیاوازى نێوان (ئیسماعیل به‌رزنجى) و (دلاوه‌ر قه‌ره‌داغى) له‌ چه‌سپاندنى په‌یوه‌ندى نێوان ریتم و مانادا خۆى ده‌بینێته‌وه‌، ئیسماعیل به‌رزنجى خه‌مى مانا پێش ده‌خات و له‌ پشت هه‌موو شیعرێكى بونیادێكى حیكایى ده‌نه‌خشێنێ‌! دلاوه‌ر قه‌ره‌داغى له‌ خه‌مى ریتمدایه‌ و شیعر له‌ سه‌ما نزیك ده‌كاته‌وه‌... 
برِوانه‌ ئیسماعیل به‌رزنجى ده‌ڵێت:
ژن و پیاوێكى چاخى به‌ردین بووین
به‌ گژ و گیا عه‌وره‌تى خۆمان داده‌پۆشى
له‌ بنیاده‌مى ئه‌شكه‌وته‌كه‌ى ته‌نیشتمان ده‌ترساین
له‌ شه‌رِێك سه‌رده‌كه‌وتین و
له‌ چواران ده‌ماندۆرِاند
حه‌سره‌تمان ده‌كرۆشت و 
بێزاریمان هه‌ڵده‌مژى
له‌ ناكاو به‌كۆڵێ‌ یه‌ئسى وجودییانه‌وه‌
تێكده‌ئاڵاین
(په‌ست، وه‌ك ئێواره‌ نارنجییه‌كانى نیشتمان- كۆمه‌ڵه‌ شیعر، ئیسماعیل به‌رزنجى، ده‌زگاى چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ى ئاراس، 2007، ل30-31)

شاعیرانى چێژى گوتن به‌سه‌ر چێژى مانادا
هه‌ندێك له‌ شاعیرانى چێژى گوتن (زاڵكردنى گوتن به‌سه‌ر مانادا)، نموونه‌ى چواره‌م، شاعیرانى جه‌سته‌ناسى و جوتبوونى رۆحى و جه‌سته‌یى، هه‌ندێك له‌ شاعیرانى چۆنێتى ئه‌زموونكردنى ژیان و ئازادى و چێژى ژیان، شاعیرانى هه‌ڵگیرسانى گوتن و ئیرۆتیكا و گوتن و خۆشبه‌ختى، ئه‌و شاعیرانه‌ى كه‌ جوانگوتن و ئیرۆتیكا و ژیاندۆستى پێش ده‌خه‌ن... پێیانوایه‌ ئه‌وه‌ پێشخستنى جوانى گوتن و ریتمى گوتنه‌ ره‌هه‌ندێكى جوان به‌ مانا و ره‌هه‌ندێكى مه‌عریفى قووڵتر و جوانتر به‌ ژیان و ده‌لاله‌تى جیاواز ده‌دات، ئه‌وه‌ پێشخستنى باڵایى گوتنه‌ ماناكانى نێوان نێر و مێ‌، جه‌سته‌ و رۆح جوانتر نیشان ده‌دات... پێیانوایه‌ به‌هاى شیعرگه‌رایى به‌ پێشخستنى ئاسته‌ به‌رزه‌كانى جوانى گوتن و ئاگامه‌ندى تێگه‌یشتن و چێژى ژیانه‌وه‌ ده‌لكێ‌، به‌هاى مرۆڤ، به‌هاى ژیان له‌ به‌یه‌كگه‌یشتنى جوانى نێر و مێدا ده‌بوژێته‌وه‌، جوانى مرۆڤایه‌تى له‌ به‌هاكانى مرۆڤدا خۆى ده‌بینێته‌وه‌، چێژى ژیان له‌ هاوگونجانى جیاوازییه‌كاندایه‌، هه‌میشه‌ هه‌وڵى ته‌واو یه‌كبوونى تێگه‌یشتن و ئاگامه‌ندى، جوانى و چێژ، جه‌سته‌ و رۆح... ده‌ده‌ن! دڵسۆز حه‌مه‌ له‌ به‌شێك له‌ قه‌سیده‌ (وێنه‌كانى ژنێتی)دا ده‌ڵێت:
له‌ ماڵێكدا
ستیان له‌به‌ر ناكه‌م
به‌پێى په‌تى ده‌سورِێمه‌وه‌
بۆیه‌ هه‌ر ده‌رگاى ماڵم ترازا
دوو كه‌روێشكى سپى بچووك
له‌ پێڵاوه‌كانمه‌وه‌ راده‌كه‌ن
دوو كۆترى سپیش له‌ ملى بلوزه‌كه‌م
ده‌ده‌ن له‌ شه‌قه‌ى باڵ و 
له‌ ماڵه‌كه‌مدا دێن ده‌چن.
سایتى ده‌نگه‌كان، دڵسۆز حه‌مه‌، فێبریوه‌رى ٢٠١٢.

 

هێلى دووه‌م، كه‌شفكردن/ دامه‌زراندن
شاعیرانى (هێلى دووه‌م) له‌ شیعرى نوێى كوردى و دواى راپه‌رِینى 1991ى كوردستانى باشور و به‌شێك له‌و شیعره‌ى كوردستانى رۆژهه‌ڵات، كه‌ ده‌كه‌ونه‌ به‌ر (شه‌پۆلى حجم) و (شه‌پۆلى زمان)... به‌ گشتى ئه‌و شاعیرانه‌ نایانه‌وێ‌ خۆیان بسه‌پێنن، هه‌وڵده‌ده‌ن شیمانه‌یى شیعرى بنوێنن، له‌ نێوان كه‌شفكردن و دامه‌زراندن، هه‌وڵى به‌ده‌ستهێنانى چێژى شیعرى ده‌ده‌ن، له‌ نێوان راڤه‌كردن و به‌جێهێنان، جوانى به‌رز ده‌كه‌نه‌وه‌، له‌ نێوان رێكه‌وت و یه‌قین، هه‌وڵى بونیادنانى شیعرییه‌ت ده‌ده‌ن و رێگا بۆ بیرورِاى جیاواز و خوێندنه‌وه‌ى جیاواز و مه‌عریفه‌ى جیاواز خۆش ده‌كه‌ن!
شاعیرانى هێلى دووه‌م هه‌وڵى كه‌شفكردنى مانا و هه‌وڵى دامه‌زراندنى په‌یوه‌ندییه‌كى نوێ‌ له‌ نێوان وشه‌ و وشه‌، وشه‌ و مرۆڤ، وشه‌ و دنیا، هه‌وڵى به‌ ده‌ستهێنانى ئاسۆیه‌كى دیكه‌ى چاوه‌رِوانى ده‌ده‌ن، به‌و مانایه‌ش په‌یوه‌ندییه‌كى ناوكۆیى ده‌خه‌نه‌ نێو گه‌شه‌كردنى زمان و ئاستى شیعرییه‌تى زمان و په‌یوه‌ندییه‌ ده‌لالییه‌كانه‌وه‌، وه‌ك چۆن پرۆسه‌ى نوسینى شیعرى به‌ دارِژان وكۆتایى نه‌زانراوه‌وه‌ ده‌سپێرن، بونیادى شیعرى به‌ دنیابینى جیاواز و چێژى جیاواز و ریتمى جیاوازى ژیانه‌وه‌ ده‌به‌ستنه‌وه‌، هێزى خه‌یاڵ به‌ بزوێنه‌رى شیعرى داده‌نێن... 
هه‌ندێكیان له‌ رێگاى لادانى ماناى وشه‌ و گۆرِینى ئاسۆى چاوه‌رِوانى باوى شیعرى هه‌وڵى به‌رجه‌سته‌كردنى مانا و رووه‌ جیاوازه‌كانى جوانى و ئه‌گه‌ره‌كانى ده‌ق ده‌ده‌ن، نموونه‌: به‌رۆژ ئاكره‌یى، ئیبراهیم ئه‌حمه‌د نیا، هێرۆ كورده‌... هه‌ندێكیان له‌ رێگاى راڤه‌كردن و روانینى مه‌عریفییه‌وه‌ چێژ به‌رهه‌م ده‌هێنن، نموونه‌: هاشم سه‌راج، ره‌زا عه‌لى پوور... به‌ڵام هه‌ندێكیان له‌ رێگاى لادانى چێژه‌وه‌ هه‌وڵى ورِوژانى هه‌ست و خرۆشانى چه‌پێنراوه‌كان ده‌ده‌ن، به‌ مانایه‌كى دیكه‌ تێگه‌یشتنى چێژ وه‌ك بنه‌ماى راڤه‌كردنى هه‌ست و خرۆشانى چه‌پێنراوه‌كان ده‌نوسنه‌وه‌، بۆ نموونه‌: زانا خه‌لیل، لازۆ...  هه‌ندێكیان له‌ رێگاى گۆرِینى ئاسۆى چاوه‌رِوانى حیكایه‌ته‌وه‌ هه‌وڵى ورِوژانى تێگه‌یشتن و راڤه‌كردنێكى دیكه‌ بۆ تێگه‌یشتن ده‌سازێنن، بۆ نموونه‌: ئه‌حمه‌دى مه‌لا، كامبیزى كه‌ریمى... (هه‌ڵبه‌ته‌ هه‌ر هه‌موویان به‌ كۆمه‌ڵێ‌ جیاوازییه‌وه‌).
شاعیرانى (هێلى دووه‌م) كۆمه‌ڵێ‌ ئه‌گه‌ر بۆ تێگه‌یشتن و راڤه‌كردن ده‌رِه‌خسێنن، كۆمه‌ڵێ‌ ئه‌گه‌ر بۆ چێژ به‌ كراوه‌یى ده‌هێڵنه‌وه‌، كۆمه‌ڵێ‌ ئه‌گه‌ر بۆ گۆرِینى ئاسۆى چاوه‌رِوانى ده‌خه‌نه‌ روو... كه‌مێكیان قسه‌كردنى جیاواز له‌ باره‌ى مانا و تێگه‌یشتن، راڤه‌كردن و چێژ فه‌رامۆش ده‌كه‌ن! وه‌ك چۆن هه‌ندێكیان ئاستى گوزارشتكردن له‌ ئارِاسته‌كردنى ئیرۆتیكادا كورت ده‌كه‌نه‌وه‌... نموونه‌ى شاعیرانى هێلى دووه‌م به‌ كۆمه‌ڵێ‌ جیاوازییه‌وه‌ پێكهاتووه‌ له‌: هاشم سه‌راج، ئه‌حمه‌دى مه‌لا، كامبیزى كه‌ریمى، ئیبراهیم ئه‌حمه‌د نیا، به‌رۆژ ئاكره‌یى، ره‌زا عه‌لى پوور، زانا خه‌لیل، لازۆ، هێرۆ كورده‌...
وه‌ك گوتمان خه‌یاڵ و كه‌شفكردن سه‌ره‌تا و كۆتایى زانراوى نییه‌، به‌ دیوه‌كه‌ى دیكه‌ش خه‌یاڵ و كه‌شفكردن رووه‌ جیاوازه‌كانى مانا و رووه‌ جیاوازه‌كانى ئاسۆى چاوه‌رِوانى ده‌كاته‌وه‌... وه‌ك چۆن په‌یوه‌ندى نێوان وشه‌ و وشه‌، وشه‌ و مرۆڤ، وشه‌ و دنیا له‌ به‌دواداچوون و گه‌رِان و خوێندنه‌وه‌ى به‌رده‌وامى سه‌رده‌مه‌وه‌ به‌ ده‌ست دێت، مه‌عریفه‌ و خه‌یاڵ و چێژ له‌ به‌رزكردنه‌وه‌ى ئاستى زمان و تێگه‌یشتنى ژیانه‌وه‌ هه‌ڵده‌قوڵێ‌، به‌ڵام شیمانه‌یى شیعرى، شیمانه‌ییه‌كى مه‌رجداره‌ به‌ شیعرییه‌ته‌وه‌، شیمانه‌یى شیعرى نه‌ نكۆڵیكردنه‌، نه‌ جه‌ختكردن، وه‌ك چۆن خۆى له‌ شیمانه‌یى سه‌ربه‌خۆى هێلى سێیه‌میش جیا ده‌كاته‌وه‌، چونكه‌ شیمانه‌یى سه‌ربه‌خۆ مه‌رج نییه‌ به‌ره‌و شیعرییه‌ت بچێت، ده‌شێ‌ به‌ره‌و هیچ شتێ‌ نه‌بێ‌ و نه‌هلیستییه‌ت به‌رهه‌م بهێنێ‌، وه‌ك به‌ دیوه‌كه‌ى دیكه‌ ده‌شێ‌ به‌ره‌و جه‌ختكردنى شیعرییه‌ت بێته‌وه‌! هه‌ڵبه‌ته‌ ده‌ستنیشانكردنى نێوان شیمانه‌یى مه‌رجدار و شیمانه‌یى سه‌ربه‌خۆ خاڵى جیابوونه‌وه‌ى هێلى دووه‌مه‌ له‌ سێیه‌م.
زانا خه‌لیل له‌ به‌شێك له‌ شیعرى (ژیان له‌ ناو كۆتاییه‌كاندا) ده‌ڵێت:
كۆتایى به‌ خۆت بهێنه‌
وه‌ك ئه‌وه‌ى له‌ مێژه‌ كۆتاییت پێهاتبێ‌
له‌ ناو كۆتاییه‌كان ژیانێ‌ بژى
وه‌ك ئه‌وه‌ى كۆتاییت پێ‌ نایه‌
براده‌ره‌ ئه‌سمه‌ره‌كانم ده‌ڵێن
ئاوا كۆتاییت به‌ خۆت هێناوه‌
وه‌ك ئه‌وه‌ى له‌ مێژه‌ دنیا كۆتایى پێهاتبێ‌
براده‌ره‌ كۆتایى پێهاتووه‌كانم ده‌ڵێن
بۆ هێنده‌ له‌ ناو كۆتاییه‌كاندا ده‌ژى
وه‌ك ئه‌وه‌ى كه‌ هه‌رگیز كۆتاییت پێنێ‌
له‌ كۆمه‌ڵه‌ شیعرى "چوونه‌ ده‌ره‌وه‌یه‌ك نه‌ماوه‌، بۆ هاتنه‌ ژووره‌وه‌" له‌ بڵاوكراوه‌كانى گروپى كلتورى و هونه‌رى هاڤى، 2012، هه‌ولێر، ل10.

هێلى سێیه‌م، یاخیبوون و جیاوازى
(هێلى سێیه‌م) له‌ رێگاى شیمانه‌یى نكۆڵكه‌ر و تێكشكاندنى په‌یوه‌ندییه‌ باوه‌كان و له‌ سه‌ر بنه‌ماى هاوشێوه‌یى ده‌نگى و دووباره‌كردنه‌وه‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌كى نارِاسته‌وخۆ به‌ نیشانه‌ (sign- یان ئاماژه‌‏)21سه‌ربه‌خۆكانى شیعریى ده‌گه‌ن، به‌ڵام نه‌ك به‌و مانایه‌ى كه‌ شتێك بگه‌یه‌نێت، به‌ڵكو به‌و مانایه‌ى به‌ هیچ شتێك نه‌گات، نه‌ك به‌ ماناى سرِبوونى فیكر و ده‌لاله‌ت، به‌ڵكو ده‌شێ‌ هه‌ر سرِبوونى ده‌لاله‌تیش نه‌بێ‌، به‌ڵكو ده‌لاله‌ت تێیدا گاڵته‌جارانه‌ و درۆزنانه‌ بكه‌وێته‌وه‌... 
له‌ نێو (فۆرمالیسته‌كانى رووس- شكلۆفسكى)22 پێیوایه‌ زمانى شیعرى زمانێكه‌ مانا ره‌تده‌كاته‌وه‌.23 شاعیرانى هێلى سێیه‌م له‌ رێگاى ورِێنه‌وه‌، شیمانه‌یى سه‌ربه‌خۆ، بۆ ئه‌ویدیكه‌ى خوێنه‌ر فه‌راهه‌م ده‌كه‌ن، له‌ رێگاى شیمانه‌ییه‌وه‌ شیمانه‌یى به‌رهه‌م ده‌هێننه‌وه‌... ئاورِ له‌وه‌ش ده‌ده‌نه‌وه‌ كه‌ له‌ به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ى شیمانه‌ییدا لۆجیكى ماناى ته‌قلیدى بۆ ده‌رككردن دادمان نادات، چونكه‌ جیهان به‌و جۆره‌ى (ئه‌مرِۆ) هه‌یه‌، ملكه‌چى رێكخستن و پۆلینكردن نابێت، شیعر به‌و جۆره‌ى ئه‌وان وێناى ده‌كه‌ن بۆ (گوتن و مانا، دۆزینه‌وه‌ و دامه‌زراندن) سه‌ر شۆرِ ناكات، هیچ رێگایه‌كى دیكه‌مان نییه‌، جگه‌ له‌وه‌ى ده‌ستبه‌ردارى هه‌موو ئه‌وانه‌ بین، كه‌ به‌ گوێره‌ى  "گوتن" و "مانا"، "دۆزینه‌وه‌" و "دامه‌زراندن" له‌ شیعر ده‌رِوانێت، مه‌سه‌له‌ بنه‌رِه‌تییه‌كه‌ش لاى (هێلى سێیه‌م) رزگاركردنى شیعر نییه‌، به‌ڵكو ئارِاسته‌كردنى فیكره‌ به‌ره‌و چه‌مكێكى تازه‌، كه‌ به‌ گوێره‌ى ده‌ربرِینى خۆى نه‌ "شیعره‌" و نه‌ "په‌خشان"... به‌ڵكو نیشانه‌یه‌، به‌ڵكو ریزۆمه‌، به‌ڵكو ده‌نگێكى فره‌ ره‌هه‌نده‌، كه‌ هه‌زاران ده‌نگى له‌خۆ گرتووه‌... 
لاى به‌شێكى زۆر له‌ شاعیرانى هێلى سێیه‌م ده‌قى شیعرى به‌ پله‌ى یه‌كه‌م بونیادێكى ده‌نگى هه‌یه‌! ئه‌وه‌ش گه‌رِانه‌وه‌یه‌ بۆ (جاكۆبسون)24 و فۆرمالیسته‌كانى رووس، كه‌ پێیانوابوو شیعر له‌ سه‌ر بنه‌ماى هاوشێوه‌یى و دووباره‌كردنه‌وه‌ كار ده‌كات... شیعر بونیادێكى ده‌نگى هه‌یه‌، بۆ نموونه‌ لاى به‌شێك له‌ شاعیرانى كوردستانى رۆژهه‌ڵات، كه‌ ده‌كه‌ونه‌ به‌ر (شه‌پۆلى حجم) و (شه‌پۆلى زمان) و زۆر جوانیش له‌ ده‌قه‌كانى (شوعه‌یب میرزایى)دا ده‌بینرێت... به‌ڵام لاى هه‌ندێ‌ له‌ شاعیرانى هێلى سێیه‌م، به‌ شێوه‌یه‌كى به‌رفره‌وانتر شیعر به‌ ده‌نگێكى فره‌ ره‌هه‌ند داده‌نێن، نه‌ رابردووى هه‌یه‌، نه‌ برِواى به‌ داهاتوو هه‌یه‌، چاره‌نووسى بێ‌ یاده‌وه‌رییه‌... 
شیعر ده‌نگێكى فره‌ ره‌هه‌نده‌ له‌ هێلكارى ده‌چێت، نه‌ك نه‌خشه‌ى له‌به‌ر گیراو، جوگرافیایه‌، نه‌ك مێژوو، گه‌شت و كۆچه‌، نه‌ك مانه‌وه‌ و نیشته‌جێبوون... هه‌موو ئه‌و قسانه‌ بۆ (دۆلۆز)25 و مانا دۆلۆزییه‌كه‌ى ده‌مانگه‌رِێنێته‌وه‌، كه‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ به‌ ریزۆم داده‌نێت، ریزۆم ئه‌وه‌یه‌ له‌ نێو شته‌كاندا بیر له‌ شته‌كان بكاته‌وه‌، شیعریش لاى هه‌ندێ‌ له‌ شاعیرانى هێلى سێیه‌م ئه‌وه‌یه‌ له‌ نێو زماندا بیر له‌ زمان بكاته‌وه‌... به‌شێك له‌ شاعیرانى هێلى سێیه‌م برِوایان به‌ ره‌گ نییه‌، به‌ڵكو برِوایان به‌ ره‌گه‌ تۆرِه‌، برِوایان به‌ پنت نییه‌، به‌ڵكو برِوایان به‌ هێله‌... له‌و شاعیرانه‌ش نموونه‌ى (ساڵح سوزه‌نى) و به‌شێك له‌ شاعیرانى كوردستانى رۆژهه‌ڵات و به‌شێك له‌ ئه‌زموونى (یوونسى ره‌زایى)... هه‌ندێكیان هه‌وڵده‌ده‌ن له‌ رێگاى خه‌یاڵ و ورِێنه‌وه‌ به‌ جوانى و له‌ رێگاى شیمانه‌یى نكۆڵكه‌ره‌وه‌ به‌ ماناى نائاماده‌ بگه‌ن... بۆ نموونه‌ سه‌باح ره‌نجده‌ر، سه‌ڵاح جه‌لال... هه‌ندێكیان هه‌وڵده‌ده‌ن وێناكردنى باو بۆ مانا سه‌ره‌وژێر بكه‌ن و بگه‌نه‌ كورتبرِى و له‌وێوه‌ شیمانه‌یى سه‌ربه‌خۆ بۆ شیعر فه‌راهه‌م بكه‌ن... بۆ نموونه‌: عه‌باس عه‌بدوڵڵا یوسف و ... 

من وه‌ك خوێنه‌رێك له‌و خوێندنه‌وه‌یه‌دا هه‌وڵده‌ده‌م له‌ راڤه‌كردنى نیشانه‌ و سه‌رچاوه‌كانى نیشانه‌وه‌ به‌ بابه‌تى نیشانه‌ و ئاماژه‌كانى نیشانه‌ و جیاوازییه‌كانى بگه‌م... چونكه‌ نیشانه‌كان رێگایان بۆ بیركردنه‌وه‌ى مرۆڤ خۆش كردووه‌ و مرۆڤ به‌ ئه‌ویدیكه‌ى جیاواز ده‌گه‌یه‌نن، ئه‌وه‌ نیشانه‌كانن له‌ ژیانى رۆژانه‌ماندا كۆى ئه‌و مانایانه‌مان پێده‌به‌خشن، وه‌ك ئه‌وه‌ى گه‌ردوون پێشنیارى كردوون، وه‌ك ئه‌وه‌ى سیستم ئاماژه‌ى بۆ ده‌كات، ئێمه‌ش به‌ جیاوازییه‌كانى خۆمانه‌وه‌ ده‌نازین و خۆمان به‌ خاوه‌نى نیشانه‌ شیمانییه‌كان داده‌نێین، ئه‌گه‌رچى له‌و باره‌وه‌ نیشانه‌ زمانییه‌كان ته‌نیا نیین، به‌ڵام بایه‌خى خۆیان هه‌یه‌، بۆ نموونه‌ لاى محه‌مه‌د باوه‌كر...
كه‌واته‌ زمان به‌ پله‌ى یه‌كه‌م به‌ سیستمى سیمیاییه‌وه‌ (semiotics) به‌نده‌، كه‌ تواناى له‌خۆگرتنى هه‌موو سیستمه‌ جۆراوجۆره‌كانى نیشانه‌ى هه‌یه‌، لێره‌دا گوزارشتكردن له‌ زمان، گوزارشتكردنه‌ له‌ به‌یه‌كه‌وه‌گه‌یاندن... (پێرس)26پێیوایه‌ بونیادنانى تیۆرى سیمیۆلۆجى به‌ گشتى كار بۆ نیشانه‌كان ده‌كات، نیشانه‌ شوێنى تایبه‌تى خۆى هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ بۆ نیشانه‌ زمانه‌وانییه‌كان یه‌كه‌م شوێن نییه‌.27
شیعر هیچ له‌وانه‌ به‌ هه‌ند هه‌ڵناگرێ‌، به‌ڵكو مه‌سه‌له‌یه‌كى ئیبداعییه‌ و ئیبداعیش سه‌ربه‌خۆیى ده‌گه‌یه‌نێت و شتگه‌رایى قبوڵ نییه‌! ده‌مه‌وێ‌ بڵێم زمان له‌ سیمیاییدا تواناى ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ كه‌ هه‌موو ئه‌و سیستمانه‌ش له‌خۆ بگرێ‌ كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كى راسته‌وخۆ گوزارشت له‌ خۆیان ناكه‌ن و نیشانه‌ى ئه‌بستراكتین و هه‌ر ته‌نها ئاماژه‌ به‌ ده‌لاله‌ته‌كانیان ده‌كه‌ن و له‌ زمانێكدا ده‌توێنه‌وه‌ كه‌ گوزارشت له‌وان ده‌كات و ئه‌وان له‌خۆ ده‌گرێت! به‌ مانایه‌كى دیكه‌ زمان لاى هه‌ندێكیان ریشه‌یان ده‌چێته‌وه‌ سه‌ر بێمانایى، ریشه‌یان ده‌چێته‌وه‌ سه‌ر پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ى دال، به‌و مانایه‌ش ئه‌وه‌ى شیعره‌كه‌ پێشكه‌شى ده‌كات، په‌سه‌ندكردنى ئه‌و په‌یامه‌یه‌ كه‌ له‌ لایه‌ن خوێنه‌ر/ وه‌رگره‌وه‌ دروست ده‌بێ‌، ئه‌و په‌یامه‌ له‌ نێوان وه‌رگر و شاعیره‌وه‌ رووبه‌رى برِێك له‌و گومان و گریمانه‌یه‌ كه‌ به‌رانبه‌ر ئه‌و واقیعه‌ دروست ده‌بێت، كه‌ شیعره‌كه‌ ده‌چێته‌ ناوییه‌وه‌، كه‌ وه‌رگر و شاعیر ده‌چنه‌ ناوییه‌وه‌، هه‌موو ئه‌وه‌ش روو له‌خۆبوونێكه‌ كه‌ كورت ناكرێته‌وه‌ بۆ هیچ شتێك، ئه‌و رازه‌ بنه‌رِه‌تییه‌ نوستوه‌ هه‌میشه‌ به‌ شێوه‌یه‌كى رووله‌خۆ ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ بنچینه‌ییه‌ى نێوان كه‌سه‌كانى نێو واقیعێكى دیاریكراو راده‌گه‌یه‌نێت... (ئه‌نوه‌ر مه‌سیفى 1952- 2005) له‌ به‌شێك له‌ قه‌سیده‌ى (جلوبه‌رگ و جمكه‌كان) ده‌ڵێت:
سه‌‌ قه‌برى لێده‌دا 
ئه‌فسانه‌ش غار ده‌داته‌ دره‌ختى
په‌لك به‌ كرێ‌
بزنى ناو ژووره‌كه‌م له‌ سه‌رمایه‌
باڵنده‌ گۆشتى به‌ردا
ئه‌فسانه‌ غار ده‌دا
زه‌وى لاى راستى شكا
لكه‌ هه‌نجیرى پاش كۆران
تاى ردێنى من
سه‌ به‌له‌مى هێسكى برد
ئاو شكا
به‌له‌م رۆیى
ردێن له‌ ناو كاولان
لا سییه‌كم كه‌ونه‌ دیوار
خۆڵى پشتان به‌رد
قرِێژى نه‌خۆشان گیا
ژنى زگ پرِ باران
له‌شكر
له‌
مووى
بن
كه‌وشان
له‌ كۆمه‌ڵه‌ شیعرى (جلوبه‌رگ و جمكه‌كان) ساڵى 1990. 

دۆخى شاعیرانى شه‌پۆلى سێیه‌م په‌یوه‌ندییه‌كى راسته‌وخۆى به‌ دۆخێك هه‌یه‌، كه‌ وه‌ك (بۆدریار)28ده‌ڵێ‌ له‌ جیاتى كاڵا نیشانه‌ به‌رهه‌م ده‌هێنێ‌! دۆخێك كه‌ چیتر كاڵا بۆ پرِكردنه‌وه‌ى پێویستییه‌كان نییه‌، به‌ڵكو زنجیره‌یه‌كى ناكۆتایى بێ‌ ئامانجه‌! هه‌ر كالایه‌ك نیشانه‌یه‌ بۆ كالایه‌كى دیكه‌، به‌دیلێكى به‌تاڵه‌ بۆ كاڵایه‌كى دیكه‌، دالێكه‌ بۆ دالێكى دیكه‌ و مه‌دلول له‌ناوچووه‌... ئه‌سڵ و ده‌ق له‌ ناوچووه‌، نیشانه‌ شوێنى گرتۆته‌وه‌، ئێمه‌ له‌ جیهانى نیشانه‌دا ده‌ژین، له‌ جیهانێكدا ده‌ژین زانیارى زۆره‌، به‌ڵام مانا كه‌مترین ئاماده‌یى هه‌یه‌، ئێمه‌ له‌ جیهانێكدا ده‌ژین وه‌ك بۆدریار ده‌ڵێت ئیتر نیشانه‌كان بۆ سه‌رچاوه‌یه‌كى دیاریكراو، بۆ سه‌رچاوه‌ى مانا ناگه‌رِێنه‌وه‌، پۆشاك و ریكلام و چیتر سه‌رچاوه‌ى ماناییان نییه‌... به‌شێك له‌ نموونه‌ى شاعیرانى هێلى سێیه‌م، وێرِاى جیاوازییان: عه‌باس عه‌بدوڵڵا یوسف، ئه‌نوه‌ر مه‌سیفى، محه‌مه‌د باوه‌كر، سه‌باح ره‌نجده‌ر، سه‌ڵاح جه‌لال، ساڵح سوزه‌نى، شوعه‌یب میرزایى...

به‌ كورتى:
له‌ شیعرى نوێى كوردى و دواى راپه‌رِینى 1991ى كوردستانى باشور و به‌شێك له‌و شیعره‌ى كوردستانى رۆژهه‌ڵات، كه‌ ده‌كه‌ونه‌ به‌ر شه‌پۆلى حجم و شه‌پۆلى زمان... بونیادى ده‌لالى ده‌لاله‌ت له‌ به‌رهه‌مهێنانى ده‌لاله‌تى -حه‌قیقى و شیمانه‌یى- ده‌كات، حه‌قیقه‌ت ته‌واوى ئه‌و راستییه‌یه‌، كه‌ وردبینیكراوه‌. به‌ڵام شیمانه‌یى ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ خۆى ده‌سه‌پێنێ‌، به‌ڵكو ئه‌وه‌یه‌، كه‌ هه‌ڵبژاردن ده‌خاته‌ پێشه‌وه‌، شیمانه‌یش به‌ دوو جۆر قسه‌ى لێكراوه‌، یه‌كه‌میان شیمانه‌یى نوسه‌ر، دووه‌میان شیمانه‌یى ئه‌ویدیكه‌ى خوێنه‌ر... هه‌موو ئه‌وه‌ش رێكخستنى ماناى چه‌سپاو و كه‌شفكردنى ماناى نائاماده‌ و خه‌یاڵى نوسه‌ر و ماناى نائاماده‌ و خه‌یاڵى ئه‌ویدیكه‌ى جیاواز دێنێته‌ به‌رهه‌م... 
رێكخستنى ماناى چه‌سپاو و ئاماده‌ په‌یوه‌ندى به‌ زمانى فه‌رهه‌نگیدایه‌ و له‌وێوه‌ به‌ره‌و گوتار ده‌بێته‌وه‌، كه‌ پێیوایه‌ ماناى ئاماده‌ و چه‌سپاو جگه‌ له‌ یارییه‌كى پاشكۆئامێزى ناوه‌كى شتێكى دیكه‌ نییه‌. به‌ڵام ماناى نائاماده‌ له‌ ده‌لاله‌تى ماناى خه‌یاڵكراوه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت، وه‌ك ئه‌وه‌ى نزیكترین و نوێترین یه‌كه‌ى گوتار پێكبهێنێت. بۆ به‌ ده‌ستهێنانى ماناى ئاماده‌ و كه‌شفكردنى ماناى نائاماده‌ و خه‌یاڵى پێویستمان به‌ پرۆسه‌ى دانان و به‌یادهێنانه‌وه‌ و رێكخستن هه‌یه‌.

چه‌مكى رێكخستن له‌ رووى زمانه‌وه‌ چه‌سپان و دڵنیایى ده‌گه‌یه‌نێت. چه‌مكى خه‌یاڵ و كه‌شفكردن له‌گه‌ڵ پرۆسه‌ى رێكخستن و به‌یادهێنانه‌وه‌ دژ ده‌كه‌وێته‌وه‌، چونكه‌ له‌ چه‌مكى رێكخستندا ماناى چه‌سپاو و ئاماده‌ خۆى به‌سه‌ر شیمانه‌یى ئێستا و ئێستاى زیندوودا ده‌سه‌پێت. به‌ڵام خه‌یاڵ و كه‌شفكردن له‌ سه‌ره‌تا و كۆتایى نه‌زانراوه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت. به‌شێكى دیكه‌ى خه‌یاڵ و كه‌شفكردن په‌یوه‌ندى به‌ رووه‌ جیاوازه‌كانى مانا و ئه‌ویدیكه‌ى جیاوازه‌وه‌ هه‌یه‌... له‌ سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ سێ‌ هێل له‌ شاعیرانى دواى راپه‌رِین و شیعرى نوێى كوردى باشور و به‌شێك له‌ شیعرى كوردستانى رۆژهه‌ڵات ده‌ستنیشان ده‌كه‌م: هێلى یه‌كه‌م ئه‌و شاعیرانه‌ ده‌گرێته‌وه‌، كه‌ هه‌وڵده‌ده‌ن له‌ رێكخستنى ماناوه‌ هاوسه‌نگى نێوان ئاستى گوزارشتكردن و ریتمى رسته‌ له‌ لایه‌ك و ریتمى وشه‌ و ماناى ئاماده‌ له‌ لایه‌كى دیكه‌ بپارێزن، هه‌وڵده‌ده‌ن شێوه‌ى ئاسۆیى زمان بپارێزن، بۆ ئه‌وه‌ى جوانى شیعر و جوانى ئاماده‌ به‌ یه‌كه‌وه‌ بگونجێنن! هه‌موو ئه‌وانه‌ رێگا بۆ حه‌قیقه‌ت خۆش ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ى بدوێ‌... به‌ كورتى هه‌موو هێزى خۆیان له‌ ماناى ئاماده‌ و رێكخستنى خوددا ده‌بیننه‌وه‌.

چوار نموونه‌تان له‌ هێلى یه‌كه‌م پێده‌ناسێنم: نموونه‌ى یه‌كه‌م ئه‌و شاعیرانه‌ن كه‌ جوانى گوتن و ریتمى ناوكۆیى به‌ هه‌ستى نه‌ته‌وایه‌تى و ده‌روونى و سیاسى موتوربه‌ ده‌كه‌ن، په‌رده‌ له‌سه‌ر گوتنى حه‌قیقه‌تێكى دیاریكراو هه‌ڵده‌ده‌نه‌وه‌، له‌وانه‌: شێركۆ بێكه‌س، له‌تیف هه‌ڵمه‌ت، ره‌فیق سابیر، جه‌لال مه‌له‌كشا، ژیله‌ حوسێنى... 
نموونه‌ى دووه‌م، له‌ نێوان تێگه‌یشتن و مانادا، شیعرگه‌رایى له‌ خودگه‌رایى و ناوه‌رِۆكگه‌راییدا ده‌بیننه‌وه‌، بیر له‌ چه‌سپاندنى په‌یوه‌ندى نێوان گوتن و مانا ده‌كه‌نه‌وه‌، بۆ گواستنه‌وه‌ له‌ حیكایه‌تێكه‌وه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ ریتمى حیكایه‌تێكى دیكه‌ ... نموونه‌كان وێرِاى جیاوازییان: كه‌ریم ده‌شتى، جه‌مال غه‌مبار، نه‌زه‌ند به‌گیخانى، چۆمان هه‌ردى، رۆژ هه‌ڵه‌بجه‌یى، فه‌ره‌یدوونى ئه‌رشه‌دى...نموونه‌ى سێیه‌مى شاعیران، ئه‌وانه‌ن كه‌ هێزى گوزارشتكردن و هه‌ستى لیریكى و ورِووژانى سۆز به‌ كه‌ره‌سه‌ى به‌رزى جوانى و ره‌وانى و ناسكى داده‌نێن. شاعیرانى یه‌كێتى گوتن و ماناى گوتن جوانى گوتن و جوانى مانا ئاوێته‌ى ریتمى بیركردنه‌وه‌ ده‌كه‌ن، حه‌قیقه‌تى گوتن تێكه‌ڵ حه‌قیقه‌تى نه‌گوتن ده‌كه‌ن... له‌ نموونه‌ى ئه‌و شاعیرانه‌: دلشاد عه‌بدوڵڵا، جه‌لال به‌رزنجى، به‌ختیار عه‌لى، دلاوه‌ر قه‌ره‌داغى، ئیسماعیل به‌رزنجى، هیوا قادر...
نموونه‌ى چواره‌م، نموونه‌ى گوتن به‌سه‌ر مانادا، ئه‌و شاعیرانه‌ى جه‌سته‌گه‌رایى و چێژى ئیرۆتیكى و ئاگامه‌ندى سۆزدارى پێشده‌خه‌ن. نموونه‌: قوبادى جه‌لى زاده‌، كه‌ژاڵ ئه‌حمه‌د، دڵسۆز حه‌مه‌، ژوان ئاواره‌...

هێلى دووه‌م هه‌وڵى كه‌شفكردنى مانا و هه‌وڵى دامه‌زراندنى په‌یوه‌ندییه‌كى نوێ‌ له‌ نێوان وشه‌ و وشه‌، وشه‌ و مرۆڤ، وشه‌ و دنیا ده‌ده‌ن، ئاسۆیه‌كى دیكه‌ى چاوه‌رِوانى بۆ خوێنه‌ران واڵا ده‌كه‌ن، شێوه‌ى ستوونى به‌ زمان ده‌به‌خشن، خۆیان به‌ كۆتایى نه‌زانراو ده‌سپێرن، خۆیان به‌ دنیابینى جیاوازى نوسینه‌وه‌ ده‌سپێرن، میكانیزمى خه‌یاڵ به‌ بزوێنه‌رى شیعرى داده‌نێن. هه‌موو ئه‌وانه‌ رێگا بۆ شیمانه‌یى خۆش ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ى گه‌شه‌ بكات... به‌ كورتى هه‌موو هێزى خۆیان له‌ نائاگامه‌ندى و پێشخستنى ناوكۆیى و فه‌رامۆشكردنى خوددا هه‌ڵده‌گرنه‌وه‌: نموونه‌ى شاعیرانى هێلى دووه‌م به‌ كۆمه‌ڵێ‌ جیاوازییه‌وه‌ پێكهاتووه‌ له‌: هاشم سه‌راج، ئه‌حمه‌دى مه‌لا، كامبیزى كه‌ریمى، ئیبراهیم ئه‌حمه‌د نیا، به‌رۆژ ئاكره‌یى، ره‌زا عه‌لى پوور، زانا خه‌لیل، لازۆ، هێرۆ كورده‌...

هێلى سێیه‌م ته‌واو پێچه‌وانه‌ى هێلى یه‌كه‌م بیر ده‌كه‌نه‌وه‌، هه‌موو ئاورِدانه‌وه‌یه‌ك بۆ مێژووى مانا و رێكخستن ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌، هه‌موو یاسا و رێساكانى زمان و ره‌سه‌نایه‌تى ره‌شده‌كه‌نه‌وه‌! هه‌موو سه‌رچاوه‌كانى فیكر و مه‌عریفه‌ وه‌لا ده‌نێن، وه‌ك ریزۆم له‌ نێوان زماندا بیر له‌ زمان ده‌كه‌نه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ى له‌ رێگاى نیشانه‌ى هه‌رِه‌مه‌كییه‌وه‌، تێكدانى په‌یوه‌ندى نێوان وشه‌كان ماناى باو تێكبشكێنن و شیمانه‌یى سه‌ربه‌خۆ فه‌راهه‌م بكه‌ن، گوزارشتكردنێكى یاخى و ئاسۆیه‌كى دیكه‌ى چاوه‌رِوانى بۆ ئه‌ویدیكه‌ى خوێنه‌ر و ئه‌ویدیكه‌ى جیاواز دابمه‌زرێنن، بۆ ئه‌وه‌ى له‌ رێگاى خه‌یاڵ و ورِێنه‌وه‌ به‌ جوانى له‌ناكاو و له‌ رێگاى شیمانه‌یى نكۆڵكه‌ره‌وه‌ به‌ ماناى نائاماده‌ و ئه‌ویدیكه‌ى جیاواز بگه‌ن، رێگا بۆ شیمانه‌یى خۆش ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ى وه‌ك شیمانه‌یى بدوێت، چاره‌نووسى بێ‌ یاده‌وه‌ریین... لاى شاعیرانى هێلى سێیه‌م ئه‌سڵ و ده‌ق له‌ ناوچووه‌، نیشانه‌ شوێنى گرتۆته‌وه‌، به‌ شێوه‌یه‌كى راسته‌وخۆ گوزارشت له‌ خۆیان ناكه‌ن و نیشانه‌ى ئه‌بستراكتین... به‌ كورتى هه‌موو هێزى خۆیان له‌ تێكشكاندنى مانا و شیمانه‌یى سه‌ربه‌خۆ و بێ‌ سه‌رچاوه‌یى و به‌رهه‌مهێنانى نیشانه‌ و كورتبرِیدا ده‌بیننه‌وه‌... نموونه‌ى شاعیران: عه‌باس عه‌بدوڵڵا یوسف، ئه‌نوه‌ر مه‌سیفى، محه‌مه‌د باوه‌كر، سه‌باح ره‌نجده‌ر، سه‌ڵاح جه‌لال، ساڵح سوزه‌نى، شوعه‌یب میرزایى.

 

 

پەڕاوێزەکان:

1 - شیعرى نویێ‌ كوردى كۆى ئه‌و شه‌پۆله‌ شیعرییانه‌ى دواى (شیعرى ئازاد)ى گۆران و هاوه‌ڵانى ده‌گرێته‌وه‌.
2- ده‌لاله‌تى شیمانه‌یى له‌ به‌رانبه‌ر ده‌لاله‌تى حه‌قیقى وه‌ك ئه‌وه‌ى (جورجانى) له‌ كه‌له‌پورى عه‌ره‌بى ئیسلامى به‌ دالى (مه‌جازى) ناوى بردووه‌، كۆمه‌ڵێك مه‌دلول ده‌خاته‌وه‌، كه‌ دالى مه‌جازى به‌رهه‌میان دێنێ‌. به‌ڵام شوێنگه‌ى ده‌لاله‌ت له‌ زمانه‌وانى نوێ‌ و دواى ساڵانى 1950 كۆمه‌ڵێك پێشكه‌وتنى گه‌وره‌ى له‌ سه‌ر ده‌ستى (سوسێر) و دواى (سوسێر) به‌خۆوه‌ بینیووه‌ و وه‌ك زانستێكى سه‌ربه‌خۆ قسه‌ى لێكراوه‌... زانستى زمانه‌وانى نوێ‌ ده‌كرێته‌ دوو قۆناغ، قۆناغى سوسێر و قۆناغى دواى سوسێر، قۆناغى دواى سوسێر، قۆناغى جیاكردنه‌وه‌ى ده‌لاله‌تى زمانه‌وانى و ده‌لاله‌ته‌ به‌ شێوه‌یه‌كى گشتى، یه‌كه‌میان په‌یوه‌ندى به‌ بابه‌تى زمانه‌وانى و به‌ دواداچوونى زمانه‌وانییه‌وه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام دووه‌میان په‌یوه‌ندى به‌ بابه‌تى زانستى نیشانه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌... به‌و مانایه‌ش زانستى زمانه‌وانى له‌ سێ‌ بواردا قسه‌ى لێده‌كرێت: زانستى ده‌لاله‌تى فه‌رهه‌نگى، زانستى ده‌لاله‌تى رسته‌، زانستى ده‌لاله‌تى ده‌ق... بۆ زێتر شاره‌زایى برِوانه‌: فی تعلیمیه‌ القراءه‌: المعنى، الدلاله‌ وانتاج المعنى، الاستاژ الهاشمی العرچاوی.
3- چییه‌تى زمان و فه‌لسه‌فه‌ى ته‌ئویل، د. سعید توفیق، وه‌رگێرِانى له‌ عه‌ره‌بییه‌وه‌، عه‌بدولموته‌ڵیب عه‌بدوڵلآ، چاپخانه‌ى ده‌زگاى چاپ و په‌خشى سه‌رده‌م- سلێمانى 2017.
4- چه‌ند لایه‌نێكى واتاسازى، كورش سه‌فه‌رى، وه‌رگێرِانى له‌ فارسییه‌وه‌: دلێر سادق، ده‌زگاى توێژینه‌وه‌ و بڵاوكردنه‌وه‌ى موكریانى، هه‌ولێر چ1 2006، ل1.

5- فردینان دو سوسێرFerdinand de Saussure ، 1857-1913 زانایه‌كى زمانه‌وانییه‌ و كۆمه‌ڵێك توێژینه‌وه‌ى له‌باره‌ى زمانه‌وه‌ كردووه‌، یه‌كێك له‌وانه‌ جیاكردنه‌وه‌ى زمان (اللغه‌) و قسه‌كردن (الكلام)ه‌، زمان كۆمه‌ڵێك یاسا و رێسایه‌ رووداوى زمانى به‌رِێوه‌ى ده‌بات، به‌ڵام قسه‌كردن به‌ رووداوى زمانى راسته‌وخۆ، یان به‌ قسه‌كردنى كه‌سه‌كانه‌وه‌ به‌نده‌. هه‌ڵبه‌ته‌ سوسێر گرنگى به‌ زمان ده‌دات و تا راده‌یه‌كى زۆر قسه‌كردن پشتگوێ‌ ده‌خات، به‌ كتێبى توێژینه‌وه‌ گشتى زمانه‌وانى كه‌ له‌ دواى مردنى له‌ ساڵى 1916 له‌لایه‌ن قوتابییه‌كانى بڵاو كرایه‌وه‌ به‌ ناوبانگه‌..
6- سوكرات (389-470 پ.ز) یه‌كه‌م كه‌سه‌ هه‌ردوو وشه‌ى فه‌لسه‌فه‌ و فه‌یله‌سوفى به‌كار هێناوه‌.
7- ئه‌فلاتون Plato 348-428 پ. ز.
8-  شلیرماخه‌ر 1768- 1834Shleiermacher  
9- (فریدریك گۆتلۆب فریگه‌) فه‌یله‌سوفى ئه‌ڵمانى (1848-1925) به‌ یه‌كێك له‌ گه‌وره‌ترین بیركاریناس و لۆجیكناسى سه‌رده‌مى مۆدێرنه‌ ناسراوه‌.
10-  ئیدمۆند هۆسرل (1859-1938).
11-  (برتراند راسل 1872-1970) فه‌یله‌سوفى بریتانیا به‌ یه‌كێك له‌ به‌ ناوبانگترین بیركاریناس و لۆجیكناس و زمانناسى ناسراوه‌، له‌ بنه‌ماڵه‌یه‌كى تێكۆشه‌ له‌ دایكبووه‌ و باپیره‌ى دوو جار سه‌رۆكایه‌تى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى بریتانیاى پێسپێردراوه‌، له‌ زانكۆى كامبردج بیركارى خوێندووه‌، زۆر به‌ ئه‌كلیدس و جۆن ستیوارد مل كاریگه‌ر بووه‌، وه‌ك چۆن به‌ هیگل كاریگه‌ر بووه‌... بۆ چاره‌سه‌رى گیروگرفته‌ فه‌لسه‌فییه‌كان پشتى به‌ عه‌قڵییه‌تى بیركارییانه‌ به‌ستووه‌ و زانست به‌ گۆره‌پانى چالاكییه‌ فه‌لسه‌فییه‌كان داده‌نێت، پێیوایه‌ فه‌لسه‌فه‌ ده‌بێ‌ ئه‌و كێشانه‌ چاره‌سه‌ر بكات كه‌ زانست پێیگه‌یشتووه‌، فه‌لسه‌فه‌ ده‌بێ‌ رێگا بۆ زانست خۆش بكات. به‌رهه‌مه‌كانى راسل (71) كتێبه‌ و زۆربه‌یان له‌ باره‌ى بیركارى و لۆجیك و زانست و ئاكار و سیاسه‌ت...  
12-  هۆسرل لێكۆڵینه‌وه‌ى له‌باره‌ى فیكره‌ى (شت له‌خودى خۆى) و (شت بۆ خودى ئێمه‌)ى (ئیمانۆیل كانت) كردووه‌ و له‌ رێگاى فیكر و فه‌لسه‌فه‌وه‌ چۆته‌ ناو ئه‌و دوالیزمه‌ و ده‌رئه‌نجامه‌كه‌شى به‌رهه‌مهێنانى چه‌مكى  نیازگه‌راییه‌ القصدیه‌"Intentionality "... لاى هۆسرل هه‌موو كرده‌یه‌كى ئاگامه‌ندیى مرۆیى هه‌ستێكى نیازخوازانه‌یه‌، واته‌ نیازیه‌تى كه‌ ده‌رك به‌و شته‌ بكات. بۆیه‌ هه‌میشه‌ هه‌ستكردن، هه‌ستكردن بووه‌ به‌ شتێ‌، نیازى ئه‌و هه‌ستكردنه‌ش بۆ خودى شته‌كه‌ ده‌گه‌رِێته‌وه‌. له‌ رێگاى ئه‌و پێناسه‌یه‌وه‌ ده‌گه‌ینه‌ ئه‌وه‌ى كه‌ هه‌موو ئاگامه‌ندییه‌ك ده‌رككردنى تایبه‌ت به‌خۆى هه‌یه‌... (ئه‌و به‌شه‌ى قسه‌كه‌ى هۆسرل –مانا- وه‌ك دنیایه‌كى حه‌قیقى و ئایدیالى وێنا ده‌كات، تاك مانایى ده‌گه‌یه‌نێت) به‌ڵام كه‌ ده‌ڵێ‌ ده‌بێ‌ بزانین كه‌ ئه‌و نیازخوازییه‌، نیازخوازییه‌كى ویستخوازانه‌ و تایبه‌ت به‌ مرۆڤ نییه‌، به‌ڵكو تایبه‌ته‌ به‌ تیۆرى ئه‌بستمۆلۆژیاوه‌. (ده‌یه‌وێت بڵێ‌، فینۆمینۆلۆجیا به‌دواداگه‌رِانێكى لۆجیكییه‌، نه‌ك ته‌ئویلى)
13-  مدخل الى علم النص، ومجالات تگبیقیه‌، محمد الاخچر الصبیحی، منشورات الاختلاف، گ1 2008. ص43
14- پۆل ریكۆر له‌ 27ى شوباتى ساڵى 1913 له‌ شارى "فالنس"ى فه‌ره‌نسى له‌دایك بووه‌، له‌ دواى شه‌ش مانگ دایكى كۆچى دوایى كردووه‌، به‌ڵام باوكى كه‌ مامۆستاى زمانى ئینگلیزى بوو له‌ ساڵى 1915 له‌ به‌ره‌كانى جه‌نگى جیهانى یه‌كه‌م كوژراوه‌، بۆیه‌ ئه‌ركى به‌خێوكردنى خۆى و خوشكه‌كه‌ى ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆى مامییه‌وه‌. خوێندنى دواناوه‌ندى له‌ "رین" ته‌واو كردووه‌، پاشان چۆته‌ زانكۆو برِوانامه‌ى ماجستێرى له‌ فه‌لسه‌فه‌ به‌ده‌ست هێناوه‌، ئینجا چووه‌ بۆ زانكۆى "سۆربۆن" له‌ پاریس و له‌وێ‌ نیشته‌جێ‌ بووه‌. بۆ زێتر شاره‌زایى برِِِِوانه‌: بول ریكور، فلسفه‌ الاراده‌، الانسان الخگّاء، ترجمه‌: عدنان نجیب الدین، دار البیچاء- المغرب،گ1 2003، مقدمه‌. 

15- چه‌ند لایه‌نێكى واتاسازى، هه‌. س. پ... ل1
16- ڤاهریات التأویل: قراءه‌ فی دلالات المعنى عند بول ریكور، محمد هاشم عبدالله، مجله‌ التفاهم 2013.
17- هه‌ڵبه‌ته‌ پێناسه‌ى ده‌قى ئه‌ده‌بى پێناسه‌یه‌كى دیاریكراو نییه‌، به‌ڵكو له‌ كۆى ئه‌و نوسینه‌دا هه‌وڵێك بۆ نزیكبوونه‌وه‌ هه‌یه‌، جگه‌ له‌وه‌ش مامه‌ڵه‌كردنمان له‌گه‌ڵ ده‌قى ئه‌ده‌بى وه‌ك ناوكۆیى مه‌عریفى و كارى زمان خۆى ده‌نوێنێ‌.
18-فرۆید، سیگموند Freud Sigmund (1856_1939) پزیشكى ده‌روونى نه‌مساوى، به‌ به‌ناوبانگترین زاناى ده‌روونى له‌ فیكرى نوێ‌ دێته‌ ژماردن. دامه‌زرێنه‌رى رێبازى ده‌روونشیكارییه‌ (Psychoanalysis).
19- پزیشكى ده‌روونى و شیكه‌ره‌وه‌ى ده‌روونى و وه‌رگێرِ و فه‌یله‌سوف و نوسه‌ر و ره‌خنه‌گرى ئه‌ده‌بى ژاك لاكان له‌ 13ى ئه‌پریلى 1901 له‌ فرِه‌نسا شارى پاریس له‌ دایكبووه‌ و له‌ 9ى سپته‌مبه‌رى 1981 له‌ ته‌مه‌نى 80 ساڵى هه‌ر له‌ پاریس به‌ نه‌خۆشى سه‌ره‌تانى قۆلۆن كۆچى دوایى كردووه‌. لاكان ده‌ڵێ‌ زمان ئه‌و شته‌یه‌ كه‌ بوون له‌ حه‌ز و ئاره‌زوو به‌تاڵ ده‌كاته‌وه‌. زمان ته‌واوى دنیاى خه‌یاڵ دابه‌ش و پارچه‌ پارچه‌ ده‌كات. به‌ برِواى لاكان نه‌ست به‌رهه‌مى تایبه‌تى زمانه‌...
20- مجله‌ الاستاژ- العدد (210) لسنه‌ 2012، قچیه‌ اللفڤ والمعنى، ا.م.د عادل هادی حمادی العبیدی، كلیه‌ الاداب- جامعه‌ الانبار.
21- ئه‌ركى نیشانه‌ (علامه‌) ئه‌ركێكى دروستكارییه‌، نیشانه‌ خاوه‌ن واتا نییه‌، به‌ڵكو خاوه‌ن به‌ كار هێنانه‌.
22- قوتابخانه‌ى فۆرمالیسته‌كانى رووس له‌ ساڵانى 1919 و 1930 له‌ گۆرِه‌پانى ره‌خنه‌ى ئه‌ده‌بى رووسیا هاتۆته‌ دنیاوه‌ و كاریگه‌رى زۆرى له‌ سه‌ر قوتابخانه‌ى بونیاگه‌رى هه‌بووه‌، له‌وانه‌ى به‌شدارییان تێدا كردووه‌: فیكتۆر شیكلۆفسكى، یۆرى تینیانۆف، بۆریس ئه‌یشینباوم، رۆمان یاكۆبسون، جریكۆرى فینكور... فیكتور بوریسوفیتش شكلۆفسكى (1893 – 1984) نوسه‌ر و ره‌خنه‌گرى رووسى. یه‌كێكه‌ له‌ فۆرمالیسته‌كانى رووس به‌ وتارى "هونه‌ر له‌ پێناو هونه‌ردا" ساڵى 1917یه‌كه‌مین به‌شدارى خۆى نواندووه‌... 
23- تزیتان تودوروف، نقد النقد، روایه‌ تعلم- ترجمه‌: سامی سویدان- بغداد-دار الشۆون الپقافیه‌ العامه‌ گ2- 1986ص24.
24-  رۆمان جاكۆبسون (1896 – 1982م) له‌ دایكبووى مۆسكۆیه‌ بناغه‌دانه‌رى ئه‌لقه‌ى زمانه‌وانى مۆسكۆ بووه‌ و بزوتنه‌وه‌ى فۆرمالیسته‌كانى رووسى پێكهێناوه‌، له‌ جه‌نگى جیهانى دووه‌م به‌ره‌و ئه‌مریكا ده‌چێ‌ و ره‌گه‌زنامه‌ى ئه‌مریكى وه‌رگرتووه‌.
25- جیل دۆلۆز (Gilles Deleuze) بیریار و فه‌یله‌سوفى فرِه‌نسى (1926-1995).
26- شالز ساندرز پیرس فه‌یله‌سوفى ئه‌مریكى و زمانه‌وان (1839- 1914).
27- العلاماتیه‌ وعلم الدلاله‌، اعداد وترجمه‌: د. منژر عیاشی، مركز الانماء الحچاری، دار المحبه‌- دمشق، 2009، ص34.
28- ژان بۆدریار (Jean Baudrillard) له‌ 27ى یۆلیۆى 1929 له‌ دایكبووه‌ و له‌ 6ى مارسى 2007 كۆچى دوایى كردووه‌، فه‌یله‌سوف و سۆسیۆلۆژ و شیكه‌ره‌وه‌ى سیاسى فرِه‌نسییه‌، هه‌ڵگرى فیكرى پۆست مۆدێرن و پۆست بونیادگه‌رییه‌.

 

یوسف عزەدین لەوەڵامی پرسیارێکدا

$
0
0
یوسف عزەدین لەوەڵامی پرسیارێکداHeminیش, 03/01/2020 - 08:33

 

{ بۆیە دەچینەوە سەر "هەمەنگوای" و دەڵێین، ئەم پیاوە قووڵ و راستەقینەیە لەنووسیندا، گەر وەک زۆر کەس دەخوازێت؛ خۆمان لەژیان و گوزەرانی وەک تاکێک بدەین، دەگەینە زۆر شوێن لە کار و کردەوە  نەشیاوەکانی.. هەر وەک چۆن تاوانبارکرا بە بەزاندن و جێ بەجێنەکردنی بەندەکانی پەیماننامەی ژنێف، ئەو دەمەی بووە کۆماندانی میلیشیا فەڕەنسییەکان دژ بەنازییەکان و ڕۆژێک پێش گەیشتنی هێزی هاوپەیمانان خۆی و تاقمە شەڕکەرەکەی گەیشتنە پاریس!؟ 
ئەوەی "هەمەنگوای"و سەرجەم ئەوەی لەبارەی ژیانی شەخسییەوە باسکراوە، ئاساییە لەچاو ئەو نووسەرانەی تاوانبارن؛ بەبەکارهێنانی کەسانی تر لەنووسینی نووسینەکانیاندا..وەک تاوانبارکردنی شەکسپیر لەلایەن گەلێک لێکۆڵەر و نووسەرانەوە، لەوانە "هنری واترسۆن"و "کالڤین هوفمان"ە، جێگەی ئاماژەپێدانە "هۆفمان" لەهەموو ئەوانەی پێشووتر قووڵتر چووە نێو ئەو تێورییەی کەپێی وایە "کریستۆڤەر مارلۆ" نووسەری ڕاستەقینەی سەرجەم نووسینەکانی شەکسپیرەو دیاریکردن و ڕاگەیاندنی مەرگیشی؛ تەنها بۆ وونکردنی ناوی "مارلۆ" و ئیبرازپێکردنی "شەکسپیر"ەو بێگومان ئەمەش پەیوەستە بەهەندێک هۆکار و وردەکاری ترەوە کەدەشێت ببێتە باسێکی سەربەخۆ.


هەروەها دەوترێت "مۆلێر" "نووسەرێکی سێبەری" بەناوی "کۆرنێ" بەکارهێناوە لەنووسینی دەقەکانیداو ئەمەش لەساڵی هەزار و نۆسەد و نۆزدەدا، لەلایەن "پییر لویس"ەوە،  لە وتارێکیدا خراوەتەڕوو..بەهەمان شێوە دەوترێت "ئەلێکسەندەر دۆما" بە"پێدانی کرێ" نووسینەکانی لەلایەن "ئۆگست مارکی" ناوێکەوە نووسراون؟!
 لەهەمووشی سەیر وسەرنجڕاکێشتر، ئەو هەوڵە بوو کەیەکێک لەمێینە نمایشکارەکانی جلوبەرگی بەڕەگەز ئینگلیز.. بەمەبەستی بوونە ڕۆماننووس، بەپارە "نووسەرێکی سێبەری" ڕاسپارد، تا لەبری ئەو بنووسێت و پاش ئەوەی کتێبەکەی سەرکەوتنێکی زۆر و شوهرەتێکی زۆری بەدەست هێنا.. نووسەرە ئەسڵییەکە کەقەولە بەنهێنی و لەسێبەردا و بەشاراوەیی بنووسێت؛ ئەمەی پێ قووت نەچوو.. هەربۆیە خۆی کەشفکرد و بەڕۆمانێک ویستی ڕاست و دروستی قسەکانی بسەلمێنێیت و بزانرێت ئەوە؛ ئەوە نووسەرە ئەسڵییەکە؟! بەڵام کتێبەکەی لەئاست پەرۆشی خوێنەران و چەشن و چۆنییەتی تەکنیکی سەرکەتووانەی کتێبدا، فەشەلی هێنا.
 هەرچییەکیشی وت نەیتوانی ڕاوبۆچوونی خوێنەران؛ سەبارەت بەڕۆمانی سەرکەوتووی نمایشکاری جل و بەرگە ئینگلیزەکە.. بگۆڕێت؟!
بۆیە دەبێت بپرسین نووسین چییە؟ چۆن دەبێت ئەو کەسەی نووسەری ڕاستەقینەی ڕۆمانەکەیە، وەک لەنموونەکەی سەرەوەدا ئاماژەمان پێداوە، ڕۆمانەکەی نەخوێندرێتەوەو کەچی هەر ئەوەی خودی ئەو نووسەرە نووسیوویەتی؛ بەناوی کەسێکی ترەوە شایانی خوێندنەوە بێت و بخوێنرێتەوە؟! –یوسف عزەدین-}.


"لەوەڵامی پرسیار، یان چەند پرسیارێکی فرە ڕەهەندو پڕ ئیشکالی تایبەت بەدنیاو ماهییەت و بگرەو بەردەکانی نووسین...؟!"
سازدانی: شاخەوان سدیق

یوسف عزەدین ڕەئوف: با لە وتەیەکی کاریگەری زاتێکی وەک"مەولانا جەلالەددینی رومی"یەوە، بچینە نێو ئەو جیهانەی کەمەبەستتانە، بەپرسیارگەلێک بۆ نێوی کەمەندکێشمان بکەن؛ کەدەفەرمووێت:
{هەر وەڵامێک لەڕێی گوێوە بچێتە دڵەوە، چاوت پێت دەڵێت؛ دەستبەرداری ببەو گوێڕادێری من بە .. بزانە گوێ بازاڕییە.. بەڵام چاو ئەهلی ویساڵە.. چاو ساحیبی حاڵە.. بەڵام گوێ ئەهلی مەقامەو لەگوێگرتندا سیفاتەکان دەگۆڕێن؛ بەڵام لەبینیندا زات دەگۆڕێت}.
بەخوێندنەوەو لێخوردبوونەوەی ئەم وتەیەی سەرەوەو پەیوەستکردنی بەکۆمەڵە پرسیارەکەتانەوە، سەبارەت بەدنیای نووسین و نووسەر بوون و ماهییەتی تێکستەکان و گەلێک وردەکاری دیکە.. بێگومان لەنێوان ئەو دوو جیهانەدا دادەمێنین، دنیای ژنەفتن و دنیای بینین.. واتە نووسین کامیانە؛ کردەیەکە دەبیسترێت یان کردەیەکە دەبینرێت و یان هەردووکیانە؛ لێرەشدا مەبەستمان نییە، بەلەز و حازربەدەستانە وەڵامگەلێکی بۆ دابتاشین، بەڵکو ئەوەی لێرەدا مەبەستمانەو پێمان گرنگە؛ چۆنییەتی و ماهییەتی چەشنی خوڵقاندنی ئەو گفتوگۆو پەیڤینانەیە کەلەم میانەوە دەشێت، وەك ڕێگە سەفەرێکی کەمێک توولانی؛ هەوڵی دۆزینەوەی شتگەلێکی نوێ و بینینی نەوتراو و کەشفی شاراوەو پەنهانەکانی بدەین؟!
هەموو ئەوەی گەرەکیشمانە بیدرکێنین، گەر بۆ خۆمان پابەند نەبین و ئەوانەی دەشمانخوێننەوە پەیوەست نەبن، بەچەشنە تەرزێکی جددییانەی خوێنەر بوون و خوێندنەوەوە.. ئەوە هەرچییەک بڵێین بێ سوودە؟!
هەروەک "ڕالف والدو ئیمیرسۆن" دەڵێت: " مرۆڤ دەبێت داهێنەر بێت، ئەگەر بیەوێت بەباشی بخوێنێتەوە؟!"
هەن چاوەڕێن، گشت کات.. لەپشت دەرکەکانی خوێندنەوەوە؛ دنیایەکی ڕەنگاوڕەنگ و جوان و ڕۆمانسییانە ؛یان تەنانەت جیهانێکی سیمپاتیک و ئیجابی و تەریب و هارمۆنی و خۆشمەشرەب و ساف بدۆزنەوە؟! بەڵام ئەمە وانییە، ئەگەر لەڕووکەشیشدا زۆربەی ئەوەی کەدەنووسرێت، وا خۆیان نمایش بکەن، کەلەجوانییەوە هەڵقووڵاون.. یان لەقووڵاییەکانی مەعریفە ڕۆشنەکانەوە، بەمەبەستنی خستنەڕووی شتگەلێکی نوێ، هەوڵ و کۆششیان بەردەوامە؟! بەڵام هەموو ئەو دۆگما بەناو بەڵگەنەویست و سەلمێنراوانەی، ئەو نەسلانەی نووسین ڕایدەگەیەنن..ڕەگەز و بنەماکانی لەبەردەم خوێندنەوە تەفکیکییە جوداو جیاوازەکانی کەسانێکی جدی و ناوازە لەدنیای خوێندنەوەدا؛ هەڵدەوەشێن و لێکدەترازێن و لێکدووردەکەونەوەو بەیەکتر نامۆ دەبن؟!
دەشێت بڵێین؛ ئاخۆ نووسین بەدەر لەکردەی خوێندنەوەی.. لەلایەن خوێنەر و خوێنەرانییەوە، دەکرێت هەبێت؟! ئەگەر هەبن بڵێن نییەو نابێت، بەڵام بوونی چەندین نووسینی نەخوێنراوەی هاوچەشنی تێکستی گلگامش و ئەوانەی بەهیرۆگلیفی و زمان و ڕێنووسە لەناوچووەکان نووسراونەتەوە، تا ساتەوەختی کەشفکردن و چۆنییەتی خوێندنەوەیان، شتگەلێکی شاراوەو نەزانراو بوون.. واتە دەکرا هەر بەشاراوەیی مابانەوە.. یان دۆزرابانەوە و  خوێندنەوەیان مەحاڵبایە؟! 
جێگەی باسە چەندین جۆر هەوڵ و کۆشش هەن، دەربارەی تیۆریزەکردنی دوالیزمی نووسین و خوێندنەوە، یان هەر نەبوونی تێکستی نووسراو و نەدۆزینەوەو نەبوونی نووسین و خوێندنەوە!؟
 "لیڤی شتراوس" ئەو جۆرە کۆمەڵانەی کەلەمێژووی بوونیاندا نەیانتوانیوە بگەنە ئاست داهێنانی نووسین؛ بە"کۆمەڵگە ساردەکان" ناودێر دەکات.. بەواتایەکی تریش دەکارێت بێژین ئەو جۆرە کۆمەڵانە نەیانتوانیووە بچنە نێو مێژووەوە؟!

کاتێک نووسین دەبێتە بەشێک لەمێژووییەکی دیاریکراو، ئەو دەم سڕینەوەی لەلایەن دروستکەران و بنیادنەرانی مێژووییەکی پێچەوانەو دژەوە دەبێتە حەتمییەت؟! هەر ئەمەشە زۆرجاران کارەساتی لێ هاتۆتە بوون.. جا بەشێوە مەجازی و سیمبۆلییەکەی، یان عەمەلییەکەی بێت؟!
 سوتاندنی هەزاران کتێب، لەلایەن نازییەکانەوە.. لەساڵی هەزار و نۆسەد و سی و سێ-دا، بەئامادەبوونی سەد هەزار بینەر لەبەرلین، وەک گوزارشتێک بۆ سڕینەوەی هەموو فیکر و بۆچوونێک کەنەتوانێت وەک ئەوان، پڕاو پڕ بێت لەڕک و ئێرەیی و ناحەزیی و سڕینەوەو ڕەفزکردنەوەی موتڵەقانەی هەموو ئەوەی جودایە لێیان.. ئەو کەشە عەمەلییە تەریب و ڕێک و هارمۆنییە لەگەڵ توانستی لەناوبردن و کوشتنی نووسەران و بیرمەندان و هونەرمەندانی نەیار.. کەبەدرێژایی مێژوو ئەمە لێرەو لەوێی جیهان و بەجیاوازی جۆری سیستم و دەسەڵاتەکان.. لێکچوو و نزیک لەیەک، یان خراپتر و ترسناکتر دووبارە بۆتەوە؟! 
کاتێک نازییەکان لەو بۆنە زۆر گرنگەی سووتاندنی بەکۆمەڵی کتێبەکاندا، کتێبەکانی: {مارکس و فرۆید و زۆلا و شتاینبێگ و هەمەنگوای و ئانیشتاین و برۆست و ئێچ جی وێڵز و جاک لندن و هاینریش هاینە و بەرتۆڵد برێخت} دەسووتێنن.. شایانی باسە، لەقەڵەمڕەوی حوکمی دەسەڵاتی شوورەویی کەدژە تەڕح و فیکر و جیهانبینی نازییەکان بوو.. شتێکی لەوەی ئەوان باشتر؛ لەمامەڵەو هەڵسوکەوتیاندا، دەرحەق بەنووسەر و کتێبەنەیارەکان نەبینرایەوە!؟ هەمیشە دەسەڵات و ئەقڵییەتی دۆگمایانەی حوکمکردن لەڕێی تیۆریزە پۆلەتیکییەکانیانەوە، کۆشش بۆ سڕینەوەو لەناوبردنی نەیارەکانیان دەکەن و بەدرێژایی مێژووش، نەک هەر بوونی فیزیکی نووسەران و بیرمەندان کەوتۆتە بەر مەترسی، بەڵکو بوونی دەقەکانیش ئەگەر دانەرانیان هەزاران ساڵ لەمەوپێشیش ژیابێتن، ئەوە لەمڕۆی حوکمی دەسەڵاتێکی دژدا، جێگەی ڕەزامەندی و گرتنەخۆ نییە. ئەگینا ئەگەر وانەبێت بۆ دەبێت بەدرێژایی مێژوو جگە لەکوشتن و سووتاندن و لەناوبردنی بیرمەندان و نووسەران، سووتاندنی کتێب یان فڕێدانی بۆ نێو ڕووباران، بەشێک بێت لەو کەشەی کەسوپای داگیرکاران پاش ئیغتیساب و ئەتککردن و سەربڕین و لەناوبردن و کوشت و کوشتار، کردبێتیان؟! 

کاتێک "شیهوانگ"ی تزاری چین، لەسەردەمی حوکمکردنیدا، پرۆسەی نەخوێندنەوەو نەخوێندەواری ڕادەگەیەنێت؛ بەفەرمانی ئەو سەرجەم کتێبە هەبووەکانی ژێر سایەی  ئیمپراتۆرییەتەکەی دەسووتێنرێت!؟
 کالیگۆلا لەسەردەمی حوکومڕانییەکەیدا؛ فەرمان بەلەناوبردنی سەرجەم کتێبەکانی "هۆمیرۆس و ڤێرجێل و لیڤیۆس" دەدات.
 لە چوار سەد و چل و یەکی پێش زایین-دا لەئەسینا، سەرجەم کتێبەکانی پرۆتاگۆراس-یان سووتاند و ئەم دووبارە بوونەوەی سووتاندنی کتێبەش؛ بەدرێژایی دیرۆکی دەسەڵاتداران و ئۆتۆریتەی حاکمەکان، جێگەی لێکۆڵینەوە و لێخوردبوونەوەیەکی جوداو تایبەتن.. نمونەیەکی تری ئەم سووتاندنە.. لەکتێبی لاپەڕە ٣٢٠ی"وەهم و شوناس"دا وتومە:
( بۆ نموونە لەگێڕانەوە مێژووییەکاندا ئاماژە بەوە کراوە، کەکاتێک "سەعدی کوڕی ئەبی وەقاس" وڵاتی فارس داگیردەکات و دەگاتە کتێبخانەی –جندیشاپوور-و پرس بەخەلیفە "عومەری کوڕی خەتاب" دەکات؟! لەوەڵامدا فەرمانی "عومەر"ی پێدەگات دەرحەق بەسووتاندنیان و هەمان حیکایەتیش سەبارەت بەکتێبخانەی "ئەسکەندەرییە" دووبارە دەبێتەوەو بەهەمان شێوە کاتێک "عومەری کوڕی عاس" پاش پرسکردنی؛ فەرمانی خەلیفە"عومەری کوڕی خەتاب"ی پێدەگات کەدەڵێت:
ئەگەر باشن ئەوە خودا لەوە باشتری پێ بەخشیووین کەقورئانە..ئەگەر خراپیشن ئەوە بۆ نێو ئاگر باشن)...
هەندێک گێڕانەوەی تریش هەن کەگوایە کتێبە بێ شوومارەکانی فارس، لەجێی سووتاندن.. فڕێ دروانەتە نێو ڕووبارەوەو ئەمەش دەبێتە مەسەلەیەکی تر و شایانی سەرنجدان و لێکۆڵینەوەیە، وەک جیاوازی سووتان و فڕێدانە نێو ئاو و هۆکارەکانی، لەکاتێکدا هەردوو کردەکە دەرئەنجامەکەیان نەهێشتن و لەناوبردنی کتێبەکانە.. بەڵام ئەوەی وەک مێژووییەکی سەلمێنراو تا ئێستا کتێبەکانی مێژوو جەختی لێدەکەنەوە، کردەی فڕێدانی پەڕتووکانی شاری بەغدایە لەلایەن مەغۆلەکانەوە بۆ نێو ئاوی دیجلە و ڕەشبوونی ڕووبارەکەیە بەمەرەکەبی کتێبە نووسراوەکان.
کەواتە ئەو خوێندنەوەیەی پەیوەستە بەنووسینی نێو دوو توێی کتێبەکانەوە؛ خودان مێژوویەکی جیاوازترە لەوەی سەرپێی تەسەوور دەکرێت، تەنانەت دەتوانین بڵێین خاوەن مێژووییەکی کوشندەی زۆر ترسناکیشە.. وەک ترسناکیی "بایبڵ"ە وەرگێڕدراوەکەی "مارتن لۆسەر"، یان نووسینەکانی تری.. ئەو دەمەی کەلەدەرەوەی سنووری ڕێگەپێدراویدا، دەست پیاوانی سەر بەدەسەڵاتی پاپا دەکەوتن، نووسینەکەو هەڵگرەکەی دەسووتێنران.. ئیتر هەرچۆنێک بووبێت، هەندێک تێکست و نووسین لەجێی سووتاندن؛ لەباوەڵ و کون و کەلێنی سەردابە تاریک و پاسارە  نهێنییەکانی هەندێک شوێندا هەڵدەگیران و لەهەمووشی سەیرتر حەشاردانی هەندێکیان بوولەنێو تاک و تەرای چەند " دێر و کڵێسایەک"دا!؟

 یەکێک لەو شتە سەیرانەش، وەک دەگێڕنەوە؛ ئەو کتێبانە بوو کە"جۆردانۆ برۆنۆ" بەشاراوەیی لە کڵێسایەکدا دۆزینیەوە.. ئەمە گێڕانەوەیەکی ئەفسووون ئامێزی کاریگەرە؛ سەبارەت دۆزینەوەی دەستنووسەکانی "کۆپەرنیکۆس" و زۆرێک لەو ڕاو و بۆچوونە قەدەغەو شاراوانەی سەردەمە تاریکەکانی ئۆروپا.. ئیدی وەک دەگێڕنەوە هەموو ئەوەی کەوتە بەردیدەی ئەو زاتە فەیلەسووف و زانا بەئەسڵ قەشەیە، بووە مایەی گۆڕان و وەرچەرخانێکی بێ وێنەو نەشیاوو نەگونجاو، بەراورد بەسەردەمەکەی، کەبێ چەندوچوون.. ڕێگەدان بەتەرزە تەرح و ڕاوبۆچوونی جوداو جیاواز؛ لەو سەردەمانەدا ئاستەم بوون؟! ئەو دەم وێناکردنی گەردوون لەمەرکەزیەتی زەمین-ەوە سەرچاوەی دەگرت و ئەمەش ئەوەبوو کە"بەتڵیمۆس" دایڕشتبوو.. نەدەکرا، هیچ کەسێک بیرکردنەوەیەکی جیاواز و دژ  بەمەی هەبێت.. هەرچەند جێی سەرنج و پرسیارە گەر بڵێین میسرییەکانی سەردەمی حوکمی فیرعەونەکان.. حەقیقەتی مەرکەزی نەبوونی زەمین و مەرکەزییەتی خۆر-یان زانیوەو لەوانیشەوە ئەو زانیارییانە گەیشتۆتە لای گریک-ەکان و لەوێشەوە دەرئەنجامی وەرگێڕان و دەستا و دەست پێکردنی ئەو سەرچاوە پەنهان و نهێنییانەی کەزۆربەیان لەڕێی وەرگێڕانیانەوە؛ هاتنەوە بۆ نێو فیکری ئۆروپایی و دواجار ئەمەو چەندین هۆکاری تر، بوونە مایەی ڕێنیسانس و ئەو گۆڕانکارییە گەورانەی کەلەبنڕا ئۆروپایان هەژاند.. ماوەتە بڵێین خوێندنەوەو دۆزینەوەی سەرچاوە نهێنییەکانی زانست و لێخوردبوونەوەو گەیشتنە ئەنجامی "جۆردانۆ برۆنۆ" دەرحەق بەکۆمەڵێک بیروباوەڕ و تێزی فەلەکی-یانەی نوێ.. سەرباری لاوازبوون ونەمانی باوەڕی بەگەلێک پرەنسیپی نێو مانیفێستۆ، پێشتر سەقامگیر و جێگرەکانی دنیای ئایینی کاسۆلیکەکان..هەموو ئەمانەو کۆمەڵە مەسەلەیەکی تریش بوونە مایەی ئەوەی کەلەساڵی هەزار و شەس سەد-داو لەگۆڕەپانی "کامپۆ دی فیۆری" لەڕۆما؛ لەسەر بیروباوەڕە جیاوازەکانی بسووتێنرێت؟!
کەواتە هەرچەند وەک "گۆستاف فلۆبێر" لەنامەیەکیدا بۆ خاتوو "شانتیپی" دەنووسێت:
" بخوێنەوە بۆ ئەوەی بژییت؟"..

بەڵام لەحیکایەتەکەی "جۆردانۆ برۆنۆ"دا وەک تەنها نموونەیەک، بینیمان چۆن خوێندنەوەیەکی زانستییانەو کرداریانەی گۆڕانکارانەو دەرئەنجامی تەڕحکردنی بۆ جیهانبینی و تێزێکی نوێی ڕوانینە گەردوون و هەڵگێڕانەوەی فامکردنە هەڵەکانی پێشووتر، ئەو پیاوەی بەرەو مەرگێکی تراژیدی و ترسناک برد؛ واتە لەجێی ئەوەی بژی.. کوژرا؟!
جار هەیە ئەوەی لەلایەن نووسەرانێکەوە وتراوەو نووسراوە زۆر سادەتر و بچوکترە لەوەی بەنووسینە فەلەکی و فەلسەفی و زانستئامێزەکانی "جۆردانۆ بڕۆنۆ"و هاوشێوەکانی بەراورد بکرێت، بەڵام خاوەنەکانیان لەلایەن کەسانێکی دژ بەبۆچوون و دنیابینییەکانی ئەوان، کوژراون؟!
ئیدی ئەم سڕینەوە فیزیکییە لێرەو لەوێ وسەرەڕای جیاوازی جوگرافیا و دەسەڵاتەکان، بەدرێژایی مێژوو و لەکات و ساتی جیاوازدا.. لێکچوو یان جیاواز دووبارە بوونەتەوە.. بۆ نموونە، بەسەرهاتی کوژرانی نووسەری سیاسی "موسا عەنتەر" و هەڵهاتنی بکوژەکەی بۆ سوید و پاشان ئیعتیرافکردنی بەتاوانەکەی و گێڕانەوەی ئەوەی کەکردوویەتی لای "ڕەهشان عەنتەر"ی کچی نووسەرە کوژراوەکە؛ پاش یەکتر بینینان لەسوید و زۆر وردەکاری تری دۆزەکە، شایان بەنووسین و لێکۆڵینەوەن.. ئاخرچەند سەیرە نەپرسین بۆ "موسا عەنتەر" لەو ساتەوەختە مێژووییەدا کوژرا؟ دەبێت بپرسین؛ ئەگەر لەو سات و وەختەدا نەکوژرایە چی ڕوویدەدا؟ لەهەمووشی سەیرتر.. چۆن بکوژەکەی گەیشتە سوید و بۆ ددانی بەتاوانەکەیدا نا؟! 
داخوا "عەنتەر" بەهۆی نووسینەکانییەوە کوژرا، یان بەهۆی ئەو کارێزماو کاریگەرییەوە کوژرا، کەهەیبوو؟! ئیدی ئەگەر نووسین لەهەموو ئەم شتانە نەکۆڵێتەوەو نەیکاتە بابەتی نووسین و لێكۆڵینەوە، ئەدی؛ بوون یان نەبوونی وەک کردەیەک.. بۆ چی باشە؟!

کەواتە ئەگەر بەشێکی پرسیارەکەتان؛ پرسیار بێت سەبارەت بەوەی مرۆڤ بۆ دەنووسێت و بنیادەمانی نووسەر چییان لەکردەی نووسین گەرەکە؟ ئەوە دەشێت لەسەرەوەڕا دوور و نزیک شتێکمان دەربارەی بەرجەستە کردبێت و جێگەی تێڕامان و هەڵوەستەکردنیشە کاتێک دەبینین، پێش ئەوەی، هەندێک لەتەرزەکانی نووسین بەشێک بێت لەجەنجاڵ کردنی دنیاو خوڵقاندن و وروژاندنی کۆمەڵێ کێشەو دۆزی دژ بەیەک و ئاڵۆز..کەهەندێک کات لەنێو دنیای نووسیندا ڕووبەڕووی ئەم جۆرە بگرەو بەردەو پێکدادانە دەروونییانە دەبینەوە لای ئەم نووسەر و ئەو نووسەر، بەبەرجەستەکراوی لەنمونە و ئەلگۆکاندا دێتە پێشچاومان..ئەوە دەبێت بڵێین خودی ژمارەیەکی زۆری نووسەرانیش، کەسانی فریشتە ئاساو مەعسوم نین و دەبێت لەپێناو مامەڵە لەگەڵ دەقە زیندووەکانیاندا، خودی خۆیان وەک کاراکتەر، بەشاردنەوەو سڕینەوە بسپێرین..هەر ئەمەشە کەزۆرجاران ئاماژەم پێداوە؛ لەئەهمییەتی جیاکردنەوەی زاتییەت و حیکایەت و گوزەران و بەسەرهاتی شەخسییانەی دانەری تێکست؛ بەتایبەتیش تێکستە ئەدەبییەکان، لەخودی دانراو و نووسراو و بەرجەستکراوی نێو تێکستەکەیاندا.
لەیەکێک لەڕۆمانە کاریگەرەکانی " هەمەنگوای"دا بەناوی " بەفر لەسەر چیاکانی کلیمنجارۆ"دا دەبینین کاراکتەری ڕۆمانەکە لەسەرەمەرگدا هەموو ئەو حیکایەتانەی وەبیردێتەوە کەنەیتوانیوە بینووسێت و ئەمەش ئاماژەیەکی زۆر کاریگەر و زیرەکانەی ڕۆماننووسێکی جدی و بەنامێ-یە، هەر ئەمەشە پەیوەستە بەو پرسیارەی کەدەپرسێت نووسین بەرەو کوێمان دەبات و لەکوێدا تەواو دەبێت و کەی دەبێت بوەستین..لای "فۆکنەر"یش دنیا بینییەکەی لەو جۆرە هەیەو پێی وایە تەنها مەرگ دەتوانێت نووسەری باش بوەستێنێت لەنووسین و هەر ئەمەشە وای لێدەکات لەچاوپێکەوتنێکیدا ئاماژە بەوە بکات؛ کەئەگەر هۆمیرۆس و شەکسپیر تا ئەمڕۆ لەژیاندا مابان و لەنووسیندا بەردەوام بوونایە؛ ئەوە پێویست نەبوو نووسەرانی تر هەبن و بنووسن؟! 
ئەم وەڵامە زادەی تێروانین و جیهانبینی یەکێکە لەو ڕۆماننووسە بەتوانایانەی کەژیانی خۆی تەنها بۆ نووسین تەرخانکردو تەنها داواکارییەکیشیان بۆ بەردەوامی لەنووسین، هەندێک پێداویستی  سەرەتایی و تایبەت بەبژێوی بنیادەمانێکی ئاسایی بوو؟! ئاماژەدانیشی بە هۆمیرۆس و شەکسپیر لەخۆڕا نەبووەو ئەو وەڵامەی تێڕامان و بیرکردنەوەی زۆری گەرەکەو لێرەدا ناکرێت بەحوکمی سنوورداری خستنەڕووی ئەوەی مەبەستە، زیاتر ڕۆبچین.

 بۆیە دەچینەوە سەر "هەمەنگوای" و دەڵێین، ئەم پیاوە قووڵ و راستەقینەیە لەنووسیندا، گەر وەک زۆر کەس دەخوازێت؛ خۆمان لەژیان و گوزەرانی وەک تاکێک بدەین، دەگەینە زۆر شوێن لە کار و کردەوە  نەشیاوەکانی.. هەر وەک چۆن تاوانبارکرا بەبەزاندن و جێ بەجێنەکردنی بەندەکانی پەیماننامەی ژنێف، ئەو دەمەی بووە کۆماندانی میلیشیا فەڕەنسییەکان دژ بەنازییەکان و ڕۆژێک پێشگەیشتنی هێزی هاوپەیمانان خۆی و تاقمە شەڕکەرەکەی گەیشتنە پاریس.  
ئەوەی "هەمەنگوای"و سەرجەم ئەوەی لەبارەی ژیانی شەخسییەوە باسکراوە، ئاساییە لەچاو ئەو نووسەرانەی تاوانبارن؛ بەبەکارهێنانی کەسانی تر لەنووسینی نووسینەکانیاندا..وەک تاوانبارکردنی شەکسپیر لەلایەن گەلێک لێکۆڵەر و نووسەرانەوە، لەوانە "هنری واترسۆن"و "کالڤین هوفمان"ە.. جێگەی ئاماژەپێدانە "هۆفمان" لەهەموو ئەوانەی پێشووتر قووڵتر چووە نێو ئەو تێورییەی کەپێی وایە "کریستۆڤەر مارلۆ" نووسەری ڕاستەقینەی سەرجەم نووسینەکانی شەکسپیرەو دیاریکردن و ڕاگەیاندنی مەرگیشی؛ تەنها بۆ وونکردنی ناوی "مارلۆ" و ئیبرازپێکردنی "شەکسپیر"ەو بێگومان ئەمەش پەیوەستە بەهەندێک هۆکار و وردەکاری ترەوە کەدەشێت ببێتە باسێکی سەربەخۆ.

هەروەها دەوترێت "مۆلێر" "نووسەرێکی سێبەری" بەناوی "کۆرنێ" بەکارهێناوە لەنووسینی دەقەکانیداو ئەمەش لەساڵی هەزار و نۆسەد و نۆزدەدا، لەلایەن "پییر لویس"ەوە،  لە وتارێکیدا خراوەتەڕوو..بەهەمان شێوە دەوترێت "ئەلێکسەندەر دۆما" بە"پێدانی کرێ" نووسینەکانی لەلایەن "ئۆگست مارکی" ناوێکەوە نووسراون؟!
 لەهەمووشی سەیر وسەرنجڕاکێشتر، ئەو هەوڵە بوو کەیەکێک لەمێینە نمایشکارەکانی جلوبەرگی بەڕەگەز ئینگلیز.. بەمەبەستی بوونە ڕۆماننووس، بەپارە "نووسەرێکی سێبەری" ڕاسپارد، تا لەبری ئەو بنووسێت و پاش ئەوەی کتێبەکەی سەرکەوتنێکی زۆر و شوهرەتێکی زۆری بەدەست هێنا.. نووسەرە ئەسڵییەکە کەقەولە بەنهێنی و لەسێبەردا و بەشاراوەیی بنووسێت؛ ئەمەی پێ قووت نەچوو.. هەربۆیە خۆی کەشفکرد و بەڕۆمانێک ویستی ڕاست و دروستی قسەکانی بسەلمێنێیت و بزانرێت ئەوە؛ ئەوە نووسەرە ئەسڵییەکە؟! بەڵام کتێبەکەی لەئاست پەرۆشی خوێنەران و چەشن و چۆنییەتی تەکنیکی سەرکەتووانەی کتێبدا، فەشەلی هێنا.
هەرچییەکیشی وت نەیتوانی ڕاوبۆچوونی خوێنەران؛ سەبارەت بەڕۆمانی سەرکەوتووی نمایشکاری جل و بەرگە ئینگلیزەکە.. بگۆڕێت؟!
بۆیە دەبێت بپرسین نووسین چییە؟ چۆن دەبێت ئەو کەسەی نووسەری ڕاستەقینەی ڕۆمانەکەیە، وەک لەنموونەکەی سەرەوەدا ئاماژەمان پێداوە، ڕۆمانەکەی نەخوێندرێتەوەو کەچی هەر ئەوەی خودی ئەو نووسەرە نووسیوویەتی؛ بەناوی کەسێکی ترەوە شایانی خوێندنەوە بێت و بخوێنرێتەوە؟!
 کەواتە زۆر هۆکار و شتگەلی دیکە هەن، لەدەرەوەی چۆنییەتی و چەشنی بابەت و فانتازیا و  مامەڵەی ئەدەبییانە و تەکنیک و تان و پۆ و شێوازی جەزب و ئەو بگرەو بەردانەی تر کەدەبنە مایەی ڕاکێشانی خوێنەران و ئەمەش گرفت و کێشەیەکی هەستیارە!

 بۆ نموونە ئەگەر باوەڕ بەو تیۆرییەی، نووسەری ئەسڵیی دەقەکانی "شەکسپیر" بهێنین، کەگوایە"کریستۆفەر مارلۆ"یە.. کەواتە دەبێت بڵێین دیارە "مارلۆ" ناتوانێت وەک شەخس ببێتە مایەی ڕاکێشانی بینەران و خوێنەران لەکاتی خۆنمایشکردن و دەرکەوتنی فیزیکی و جەستەیی خۆیدا، بەڵام بەهێنانە ناوەوەی ئەکتەرێکی بەتوانای وەک شەکسپیر و ناساندنی وەک نووسەری حەقیقی دەقەکانی، ئەو دەم ئەوە  ڕوودەدا کەڕوویدا.. ئەگەر وابێت؛ ئەمە چ ناکۆکی و سەیر و سەمەرەییەکە لەدنیای نووسیندا؟!
سەبارەت بەناسینەوەی دەقی نەمر و دەقی مردووش، وەک پرسیووتانەو لەجێی خۆیدایەتی بڵێین؛ تێڕوانین و گردبوونەوەو بەباش زانین و نەزانینی خوێنەران، سەبارەت بەدەقێکی دیاریکراو و لەسەردەمێکی دیاریکراودا "نیسبی"ن و پێ ناچێت خوێنەرانی زۆر باش و باڵا لەئاستە ئەبستمۆلۆژییەکاندا، هەمان ئەدەبیات و ڕۆمان-گەل و وتار و خوێندنەوەو نووسینی باوی قبووڵکراو لای خوێنەرە ئاساییەکان.. لای ئەوانیش هەمان کاریگەرییان هەبێت.. واتە دەکرێت بەجۆرێکی تر بڵێین کەمتر گومان لەئاستی ئەو نووسەرانە دەکرێت کەکۆمەڵێک خوێنەری دیاریکراویان هەیە.. بەبەراورد لەگەڵ ئەو نووسەرانەی کەبەلێشاو و وەک دیاردە خوێنەرانێکی زۆر ڕوودەکەنە خوێندنەوەیان؟! داخوا دەکرێت بڵێین "جێمس جۆیس" نووسەرێکی باش نییە؟! ئەوەی لای زۆرێک لەخوێنەرە جدییەکانی دنیا بووەتە یەقین؛ توانای داهێنەرانەی ئەو پیاوەیە لەنووسیندا.. بەڵام ئەمە لای بۆرخیس-ی خوێنەر و نووسەر وانییەو لەوتارێکیدا کەلەچلەکانی سەدەی ڕابردوودا نووسیویەتی، پێی وایە خوێندنەوەی کتێبی " الاقتداء بالمسیح"ی "تۆما هیمیرکین" وەک ئەوەیە دەقێکی "جیمس جویس" بخوێنیتەوە؟!

هەرچەند بەپێی ئەو یاساو دەستوورە ئەبستمۆلۆژیانەی کەدەگەڕێتەوە بۆ "دوو سەدە" پاش لەدایک بوونی مەسیح، ئاماژە بەوە کراوە، تێکستی نوێ، جێی تێکستی کۆن دەگرێتەوە.. لەبەر ئەوەی گوایە تێکستی نوێ، سەرجەم ئەوەی پێشتر لەخۆ دەگرێت.. کەچی ئەمە لای بۆرخیس وانییەو هەر وەک ئاماژەشمان پێدا تێکستەکانی "جۆیس" لای ئەو هیچ بارستەو سەنگێکیان نییە؟! هەر بۆیە دەیشوبهێنێت بەتێکستێکی پێشینە وکۆنی قەشەیەکی ئیمانداری سادەو ساکار؟ 
دەبێت ئەوەش بڵێین "بۆرخیس" یەکێکە لەو خوێنەرە دەگمەنانەی زۆر بەتایبەت و دانسقە دەستنیشانی ئەو دەقانەی کردووە کەدەشێت بخوێنرێنەوەو تەنانەت زۆر مەبەستدارانە.. بەردەوام، هەندێک لەو کتێبە ناوازانەی کەبەلایەوە کاریگەر بوون؛ لەخوێندنەوەیەکی بەردەوامی دووبارەبووەدا، بەمەبەستی نەترازان و پەیوەست مانەوەی بەو جۆرە نووسینانەوە، ئیدامەکاریی کردووە؟!
شایانی باسە "گۆتەنبێرگ"بەدۆزینەوەکەی؛ بووە داهێنەری دنیایەکی مەجازی نوێی نووسین و  لەدۆخی پێشووتری کەدەبوو "نەسساخ-ەکان" لەسەرەخۆ و بەهەوڵ و کۆششێکی زۆر تێکستەکان بنووسنەوە؛ هێنایە دەرو هێدی هێدیش گەیشتە ئەو خێراییەی دواتری چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێب و بڵاوکراوەکان.. "سێرڤانتیس" لەڕۆمانی "دۆن کیخۆتە"کەیدا بەدوور و درێژی باسی چاپ و چاپخانەی سەردەمەکەی دەترنجێنێتە نێو ماجەرای هەڵسووڕانی پاڵەوانەکەیەوە.. هەرچەند ئەمە ئەگەر وەک حەشووی ڕۆمانەکەشی بێتە پێشچاو، بەڵام زۆر بەئاگایانە "سێرڤانتیس" دەیەوێت پێمان بڵێت، بۆیە کتێبەکەی ئەو جیاوازە لەکتێبی شۆڕەسواری و ماجەرای سەردەمی بەدەستنووسینەوەی نەسساخ-ەکان؛چونکە ئیدی ئەو دنیایەی ئەو تێیدا دەنووسێت، دنیایەکی نوێیەو بێگومان پێویستی بەتەرزە نووسینێکی نوێ-شە.
سەبارەت بەوەی کەکامە نووسینە دەڕۆستی تێپەڕکردنی سەردەمەکەی خۆی هەیەو دەتوانێت لەسەردەمەکانی تریشدا بخوێنرێتەوە؟ داخوا لەمەدا نووسەر باڵادەستە یان خوێنەر؟
"فرانز کافکا" ساڵی هەزار و نۆسەد و چوار، لەنامەیەکیدا بۆ "ئۆسکار بولاک"ی هاوڕێی؛ دەڵێت: 
{ ...ئەگەر ئەو کتێبەی دەیخوێنینەوە وەک زەبرێک نەبێت بۆ سەر کاسەسەرمان و بەئاگامان نەهێنێتەوە.. ئەدی بۆ دەیخوێنینەوە؟!.. بۆ ئەوەی بەختەوەر بین وەک بۆتان نووسیووم؟ خوا هاوار.. ئەگەر کتێبیش نەبایە، هەر دەکرا بەختەوەر ببین و ئەو کتێبانەی کەبەختەوەریشمان دەکەن، دەکرێت کەپێویستمان پێی بوو، بینووسین؟! ئێمە پێویستمان بەو جۆرە کتێبانەیە کەوەک ئەو بەڵایانەی کەئازارمان دەدەن بەسەرماندا ببارێن.. وەک مەرگی ئەو کەسانەی لەخۆمان زێدەتر خۆشمان دەوێن.. وەک ئەو هەستەی لامان دروست دەبێت، کاتێک وادەزانین دوور لەخەڵکی، بەرەو دارستانەکان دوورخراوینەتەوە.. کتێب دەبێت وەک ئەو تەشوێ-یە بێت کەدەتوانێت بەستەڵەکی نێومان وردو خاش بکات و ئەمەش تەسەووری منە}.

دەتوانین بڵێین خوێندنەوە، یەکێکە لەو کردە ئەفسووناوییانەی؛ دەشێت سەیرترین نمونەی لای "ئەلبێرتۆ مانگوێل" ببینینەوە، لەوەڵامدانەوەی پرسیارێکدا دەڵێت:
{ من زۆر لەژێر کاریگەری ئەو ساتانەدام کەئەدەب دەتوانێت پێناسەی دنیای تێدا بکات و هەر وەک ئەو ساتەی "جۆزێف برۆدسکی" شاعیری براوەی خەڵاتی نۆبڵ. لەکاتێکدا لەڕوسیا زیندانی بووەو لەپڕ کۆمەڵە چامەیەکی "ئۆدن"؛ شاعیری بەڕەگەز ئینگلیزی بەدەست دەگات ولەمیانی قەسیدەکانی "ئۆدن"ەوە هەستی ئازادبوون و ئیمکانی ئازادی لا گەش دەبێتەوەو بڕیار دەدات ببێتە شاعیر؟ چۆن ئەمە ڕوودەدات؟ چۆن شاعیرێکی ئینگلیزی ڕۆچوو لەنێو کلتووری خۆیدا، ئەم هەموو کاریگەرییەی بۆ سەر گەنجێکی زیندانی لەسیبریا دەبێت و ئەمە زیاتر لەموعجیزە دەچێت و ڕۆژانەش موعجیزەی لەو چەشنە ڕوودەدەن}.
لەکۆتایشدا؛ سەبارەت بەوەی کەدەپرسن، کەی دەبێت نووسەر دەستبەرداری نووسین ببێت.. لە لاپەرەی ٣٥٢-ی -وەهم و شوناس-دا وتومە:
{خوان ڕۆلفۆ... ئەم نووسەرە پاش نووسینی "کۆردیلیرا"، کاتێک زانی ئەو جدییەتەی تێدا نییە کەئەو مەبەستییەتی و بەتێڕوانینی خۆی جوان نییە، تێکستەکەی دڕاندو ئیدی زانی لەبەردەم دەرکەیەکی کڵۆم دراودایەو چیدی هیچی دیکەشی نەنووسی. بەڵام لای ئێمە گرنگ نییە نووسەر چی دەنووسێت؟!.. گرنگ ئەوەیە تا دوا نەفەسی ژیانی بەردەوام بێت و ئیدامە بەناوی خۆی بدات، نەک هەر ئەوەندە بەڵکو شەڕ لەسەر پێشەنگێتی خۆشی بکات وهیچ کاتێکیش ئامادە نەبێت لەسەر ئەو عەرشە وەهمییەی کەئەو پێی وایە تەنها خۆی بۆی هەیە لەسەری دابنیشێت بێتە خوارەوە. هەوڵدانی میکاڤیلییانە بۆ پاراستنی ناو، نەرجسییەت تێپەڕدەکات.. کەسێک ئەگەر جدیەتییەکی هەبووبێت لەنووسیندا، ئەوە باش دەزانێت دەبێت لەڕۆژگارێکدا بۆ خۆی ڕابوەستێت، نەک پاش خڵەفانیشی هەر بەردەوام بێت؟!.}.

 

 

پەڕتووکە چاپکراوەکانی نووسەر:
• دیوێکی دیکەی حیکایەتە نەنووسراوەکان/رۆمان/چاپخانەی شڤان-سلێمانی٢٠٠٦.
• تەنھا ڕۆژێکی سارد/رۆمان/دەزگای موکریان/ھەولێر/٢٠٠٨.
• پێخەفێک لەخوێن/ھونەری گێڕانەوە/دەزگای ئاراس/ھەولێر/٢٠٠٨.
• ماجەراکانی سەلمانی فارسی/رۆمان/یانەی قەڵەم/سلێمانی٢٠٠٩.
• وێڵگەی یادەوەرییە گریمانکراوەکان/ رۆمان/بەڕێوەبەرایەتی چاپ و بڵاوکردنەوەی سلێمانی/٢٠٠٩.
• وەھم و شوناس/ گفتوگۆو وتار/چاپخانەی یاد/ سلێمانی/٢٠١٢.
• کۆتاییەکان/ئەنفارار/ ھونەری گێڕانەوە-سردیات/بەزمانی ئەمازیغی-دار کەبەدانی-مەغریب٢٠١٥.
izadyusf@gmail.com

کۆرۆنا و جیابوونەوە

$
0
0
کۆرۆنا و جیابوونەوەHeminپش, 03/19/2020 - 19:57

    

قەدەغەکردنی هاتووچۆ و درێژکردنەوەی بەردەوام بوونی مانەوەی هاولاتییان لە مالەکانیاندا وەک یەکێک لە ستراتیژییەکانی کەمکردنەوەی ڕێژەی تووشبوون بە کۆرۆنا لەبەرچاودەگیرێت. لەم ڕیگایەوە، مەترسی بلاوبوونەوەی  ڤایرۆسەکە سنووردارتر دەکریت بەوەی کە فرسەتی بەریەککەکوتنی ئینسانەکان لە فەزای گشتی کۆمەلگادا ، کەمتردەبێتەوە.
بەڵام هاوکاتیش دەرفەتی پێکەوەبوونی زیاتری ئینسانەکان لە فەزای شەخسی و تایبەتیدا، لە ماڵدا زیاتر دەبێت.
هاوکیشەیەکی ماتماتیکی سادە دەکرێ باشتر ئەم وێنەیە بخاتە بەرچاو.
ئەگەر پیاو کرێکاری ماڵ بێت، ئەوا لە بیستو چوار سەعاتی شەو ورۆژێکدا، ١٠ تا ١٢ کاتژمێر لە کارە و سەعەتەکانی دیکەیشی لە ماڵدایە. 
بەوەی کە پیاوی کۆمەلگای کوردی بە جیا لە سەعەتکار دەکرێ چەندەها سەعاتی دیکە لەدەرەوە بێت، دەرفەتی بینینی منداڵ و خێزان، تا دێت کەمتر دەبێتەوە.

شەقی کۆرۆنا بۆ ئەوەی کە ئینسان یەکتری تووشنەکات و لەماڵەوە بێت، ئەم هاوکیشە ماتماتیکییەی سەرەوە هەڵدەگێڕێتەوە و پیاو ناچاردەکات  لە جیاتی ١٠ سەعات لەماڵەوەبوون، ٢٤ سەعات لە ماڵدا بگوزەرێنێ.
بەمەش فرسەتی بینینی هاوسەر و منداڵ لە چەند سەعاتێکی کەمەوە دەبێتە چەند بەرانبەر.
ئەم هاوکیشەیەش بۆ ژنی ماڵ، بەهەمان شێوە ئاڵوگۆڕی بەسەردا دێت و لە جیاتی ئەوەی ماوەیەکی کەمتر هاوسەری ببینێ، ناچارە، هاوسەری خۆی وەک "مووی لووت" لە بیست وچوار سەعاتدا لەبەرچاودا بێت.
نیشاندانی ئەم وێنەیە بەمجۆرە، بە مانای ئەوە نییە کە ژنانی کورد کارناکەن و کۆمەلگای کوردی لەمرۆدا ئاڵوگۆڕێکی بەسەردا نەهاتووە. بەڵکو لە چوارچێوەیەکی گشتی و بنەرەتیدا ، هێشتاش کۆمەلگای کوردی ملکەچی ئەم جۆرە لەکاردابەشکردنی دەرەوە و ماڵە.
بۆیە ستراکچەری ئەم پێکەوەژیانییەی خێزان ڕووبەرووی کۆمەلێک چاڵێنجی تازەدەبێتەوە کە لەشەقەکانی کۆرۆنا بێئازار و دەردیسەری تر نییە. بە تایبەت لە کاریگەریدانان لەسەر ئەوەی کە چ فشارێک لەسەر پەیوەندییەکە دادەنێت.
بەڵام ئەگەر ئەم سترەکچەرە پاتریارکییەش کە من ئاماژەم پێدا لەبەرچاونەگرین و تەنها سەعاتەکانی پێکەوەبوونی ئینسانەکان زیاتر بکەین لە ژێر هەلومەرجێکی نۆرماڵ و نا نۆرماڵدا، ئەوا کۆمەڵێک ریسک ناخۆویستانە دێنەپیش کەدەکرێ کاریگەری سەیر لەسەر پەیوەندییەکە دابنێ. لێرەوەیە کە من دەمەوێ پەیوەندییەکی سەیر لەبەینی کۆرۆناو جیابوونەوەدا نیشانبدەم. 
بەڵام باشترە سەرنج لەو لێکۆڵینەوانە بدەم کە دەکرێ کۆمەککەری ئەم باسە بێت.
با سەرنجێک لە مەملەکەتی جیابوونەوە بدەین کە سویدە.
لە ٥٠٪ ی پەیوەندیە خێزانییەکان لە سویددا بە جیابوونەوە کۆتایی دیت. ئەم ژمارەیە هەموو ساڵێک لە هەلکشاندایە بە تایبەت لە سالەکانی دوای ٢٠٠٠وە. 
بێگوومان جیابوونەوە لەم باسکردنەی مندا مانایەکی نێگەتیڤ ناگرێتە خۆیی و دەکرێ وەک هۆکارێکی پۆزەتیڤ سەرنج بدرێت بەوەی کە ئینسانەکان کاتێک ناتوانن بەیەکەوە هەڵبکەن، باشترە و ڕاستترە لەو پەیوەندییە بچنە دەر.
بە جیا لە هۆکارە ئابووریەکان، دوورکەوتنەوەی ئارەزووەکان لە یەکتری، "دڵپیسی" ، ئازاردانی فیزیکی و دەروونی لە پەیوەندییەکەدا، کۆمەڵێک فاکتەری دیکە هەن کە وەک ریسکێکی سەیر کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکە دادەنێت و ئاراستەی پەیوەندییەکە بەرەو جیابوونەوە زیاتر دەکات.
ئەمە بەشێک لەو ریسکە سەیرو سەمەرانەن کە ئەگەری جیابوونەوە لە سویددا زیاتردەکات. 

کاتێک هەردوو بەیەکەوە لە پشوودان
مانگەکانی شەش و حەوت و هەشت و دوانزە کە پشووەکانی هاوین و سەری ساڵی تێدەکەوێت، بەرزترین ئامارەکانی جیابوونەوەی تیا تۆماردەکرێت. ئاخر کاتێک ئینسان لە ماوەیەکی زیاتردا یەکتردەبینێت، فرسەتی بینینی دیو و گۆشەی زیاتری بەرانبەرەکەی بۆ دەردەکەێت کە لە رۆژانی غەیری پشوو و دەردی سەریەکانی رۆژانەدا ئیمکانی بینینی نییە.
بۆیە بەریەککەوتن و بەیەکداهەڵشاخانەکان زیاتردەبێت و فشارێکی زیاتر بۆسەر پەیوەندییەکە دروستدەبێت.

کاتێک کرێی کارەکان کەمترە
کڕێ کار فاکتەرێکی گرنگە بۆئەوەی پەیوەندییەک درێژ یان کورتخایەن بێت. بوونی خوێندنی باڵا کە دەکرێ کرێ بەرزتربکاتەوە، بە هەمان شێوە هەمان کاریگەری هەیە.
کرێی کەم و خوێندنی کەمتر، بە یەکێک لەو ریسکە گەورانە سەرنج دەدرێت کە فشار بۆسەر پەیوەندییەکە دروستدەکات.

کاتێک یەکێکیان کیشی دەدابەزێنێت
کاتێک یەکێک لە پەیوەندییەکەدا "خرپن"ەو کێشی زیادە و کێشی خۆی دادەبەزێنێ، بەمەش بەخۆباوەڕبوونێکی زیاتر بۆ خۆی بەدەستدەهێنێ و ئەگەر لە پەیوەندییەکی ناسالمدا ژیان بەسەردەبات، ئەوا ئاسانتر هەنگاودەنێ بۆ ئەوەی پەیوندییەکە جێبهێڵیت و کەسێکی دیکە بدۆزێتەوە.

کاتێک هەردوو گەنجن
لەبەر ئەو هۆکارە سادەیەی کە لەو تەمەنەی ئەواندا نازانن چییان لە ژیان دەوێت و رۆژبەڕۆژ لە یەکدی دوورتر دەکەونەوە.

کاتێک قەت دەمەقاڵێ و قنەشەڕێک لە نێودا روونادات
هیچ جووتێک نییە کە هەمیشە لە شامی شەریفدا بژین و دەمەقاڵێ و قنەشەڕێک نەکەوێتە نێوانیانەوە. بۆیە ئەوانەی کە هیچ کاتێک بیروراکانییان بەر بەریەکەوتنێکی رۆژانە ناکەوێ ، فرسەتی ئەوەیان نییە کە دەرفەتێکی شیاو بۆ دەربڕینی نەگوونجاندەکانییان بکەنەوە و لە دۆخێکی  بوغزاویانەدا ژیان بەسەردەبەن.

کاتێک خەریکی نۆژەنکردنەوەی ماڵ دەبن
بەوەی لەم دۆخەدا ئارەزوو ویستە جیاوازەکان لە هەڵبژاردنی رەنگ و قەنەفە و بەرز و نزمی دیوار و کەرەستەی موبەقدا لە بەریەککەوتنێکی رۆژانەدایە، فشارێکی زیاتر لەسەر جووتەکە پێک دێت.

کاتێک منداڵی بچووک لە نێودایە.

ئەمانەی سەرەوە بەشێکی کەم لەو ریسکە سەیر و سەمارانەیە کە لەباری ئامارەوە  پشتراسکراوەتەوە و وەک ئەو ریسکانە تەماشادەکرێن کە دەکرێ پەیوەندییەکە بەرەو هەڵدێر بەرێت. بێگوومان بەلەبەرچاوگرتنی ئەو چوارچێوە کولتوری و کۆمەلایەتییەی کە هیچ بەهایەکی نائەخلاقی لەسەر چەمکەکانی "بێوەژن"ی و"بێوەپیاو"ی دانانرێت. 

بەڵام ئەگەر بگەڕێمەوە سەر بابەتە سەرەکییەکەی خۆم، کۆرۆنا و جیابوونەوە، دەکرێ بڕیاری نەچوونەدەرەوەی هەمووان لەماڵدا و زیادکردنی سەعاتەکانی لەبەرچاویەکتردابوون، گۆشە و لایەنی جۆراوجۆری پیشتر نەبینراو دەربخات و فشار و مەترسییە گەورەکەی کە هەمووان لەبەرانبەریدا لەماڵخزێنراون، قلشتی نێوان ئینسانەکان گەورەتر بکات و مەسافەی نێوان ئارەزو و حەزەکان نیوان ئینسانەکان زیاتر بکات. 

ئەگەر کۆرۆنا خۆی ریسکێکی گەورەیە لەسەر ژیانی ئینسانەکان، ئەوا ریسکە لاوەکییەکانی دیکە کە بەهۆی کاریگەرییەکانی ئەوەوە بەرۆکی بە ئینسان گرتووە، زەربەیەکی دیکە لە ئینسانەکان دەدات کە دەکرێ لە دوای سڕبوون و مردنی ڤایرۆسی کۆرۆنادا، ڤایرۆسی نەگوونجان لە نێوان ئینسانەکاندا ئەکتیڤ تر بکاتەوە.  
بینینی پەیوندی نێوان دووئینسان  لەم کۆنتیکستەدا، دەکرێ وشیاری ئەوان زیاتر بکات و ئاقلانەتر ئەم ئەزمە رۆحی و سایکۆلۆژییە تێپەڕێنن.

 

20200318

چەند دێڕێک لە 'یادەوەری و زەمەن'

$
0
0
چەند دێڕێک لە 'یادەوەری و زەمەن'Heminشە, 03/21/2020 - 19:20

 

ئەوە دەرئەنجامی تێنەگەیشتن و نەخوێندنەوەی کامۆیە کە هەندێک وا دەزانن کامۆ فەردگەرایەکی پوچپەرستە. پێداگرتن لەسەر فەرد لای کامۆ لەسەر حسابی بەرپرسیارێتی مرۆف نییە بەرابەر بە مرۆڤ، کامۆ کاتێک پێ لەسەر تاکەکەس دادەگرێت، مانای ئەوە نییە هەر مرۆڤە و بە تەنیا دەبێت بۆ بەختەوەری و ڕزگاری خۆی بگەڕێت، فەرد لای کامۆ بوونەوەرێکی ئەبستراکت نییە، بەڵکو مرۆڤ لای کامۆ بەبێ برایەتی و هاوکاری مانای نییە، برایەتی و هاوکاریش بەبێ ڕێزی فەردانییەت دەبنە شێوەیەک لە شێوەکانی ملکەچی بۆ گروپ و بەهاکانی. بەڕای کامۆ کاتێک تاعوون هات و خەڵکی بێگوناهی ئازار دا، ئیدی هەموومان بەرپرسیارین، فەرد ناتوانێت هەڵبێت و بەدوای خۆشبەختی و ڕزگاری خۆیدا بگەڕێت. لە ڕۆمانی 'تاعوون'دا کامۆ بەڕوونی تەعبیری لەوە کردووە کە مرۆڤ نابێت بەهانە بۆ کوشتن و مردن و ئازاری مرۆڤ بهێنێتەوە. ڕەفتاری دکتۆر ڕێکس، پاڵەوانی سەرەکی ڕۆمانەکە، ئاشکرا جیهانبینی کامۆ بەرجەستە دەکات. کە تاعوون هات مرۆف دەبێت ئیش بکات، نە پلانی خودایی و نە هەڵهاتن سوودیان نییە، نە ئاسمان بە هانامانەوە دێت و نە دەتوانین خۆمان بدەینە دەست پاشەڕۆژێکی نادیار. بێ ئەوەی هیچ ئومێدێک هەبێت، دەبێت قۆڵی لێهەڵبکەین و ئیشبکەین. تەنیا هاوکاری و برایەتییە مانا دەدەن بە بوونمان لەسەر زەوی. هەموو خۆدزینەوەیەک لە هاوکاریکردن بە مرۆفەکانی دی، پوچی و کوێرییە. کاتێک دکتۆر ڕێکس دەکەوێتە جەنگەوە لەگەڵ تاعووندا، ئەوە وەک کردارێکی سروشتی تەماشا دەکات، مرۆڤ دەبێت ئامانجی نەبێت لە برایەتی، چونکە برایەتی خۆی ئامانجە. بەرەنگاربوونەوەی دکتۆر ڕێکس و تارۆی هاوڕێ لەگەڵ تاعوونەکەدا خاڵییە لە هەر پاڵنەرێکی دینی و ئایدیۆلۆژی، بەڵکو تەعبیرە لە ڕۆحی یاخیبوون و ئیرادەی بەگژداچوونەوە. دکتۆر ڕێکس هیوای نییە، دوای ئەو ئومێدە نەکەوتووە کە دەتوانێت بەسەر تاعووندا زاڵ بێت، باوەڕی بەوە نییە کە دەشێت دونیایەکی خاڵی لە تاعوون دروست ببێت، بەڵام ئەو بۆ پاشەڕۆژ شەڕ ناکات، بۆ مێژوو شەڕ ناکات، بەڵکو بۆ ئێستا، بۆ مرۆڤەکانی دی، بۆ مانای بوونی خۆی لە جەنگدایە.

دکتۆر ڕێکس لەمەدا هەمان دۆخی سیزفی هەیە، وەک چۆن سیزیف بە بڕوای کامۆ کاتێک بەردەکەی خۆی هەڵدەگرێت و تا ترۆپکی چیا بەرزی دەکاتەوە، چیتر ئەوە بۆ خوداکان ناکات، وەک سزایەک سەیری ناکات کە دەبێت جێبەجێیبکات، بەڵکو ئەوە ئیشێتی، مەسەلەی تایبەتی خۆیەتی، دکتۆر ڕێکسیش بۆ خۆی و بۆ هەمووان کار دەکات. بەرزکردنەوەی ئەو بەردە گەورەیە ئیشی خۆیەتی و هیچ خودایەک و هیچ مێژوویەک ڕاینەسپاردووە ئەوە بکات. برایەتی جەوهەری یاخیبوونە و دکتۆر ڕێکسیش ئەو جەوهەرە بەرجەستە دەکات. هەڵبەتە هەموو کامۆناسەکان دەزانن تاعوون لای کامۆ ناوێکی مەجازییە بۆ هەموو دەردەکانی سەدەی بیست، بۆ نازییەت و ستالینییەت، بۆ چەوساندنەوە و کوشتن و شەڕ. ئەوانەشی تووشی تاعوون بوون هەر ئەوانە نین کە دەکوژن، بەڵکو ئەوانەشن کە بێباک و نادەروەست و کەمتەرخەمن و ناچنە ژێر باری ئەرکەکانیان. مرۆڤ هیچ چارێکی نییە جگە لەوەی بە ڕۆشنی ببینێت، دونیا جگە لە میکرۆبەکان هیچی دیمان پێ نابەخشێت، بەڵام 'گەڕان بۆ تەندروستی، بۆ سەرڕاستی، بۆ پاکی... کاری ئیرادەیە'18، کاری مرۆفە.

 

نووسینەوەی 'ماڵیک لە ئاسمان'
سەرچاوە:  ئەلبێر کامۆ و سەندنەوەی مافی کوشتن لە مرۆڤ.
یادەوەری و زەمەن، لاپەڕە 197-199

18. سەرچاوەی ژمارە 18ی بابەتەکە.

 

 

 

مانای هونەر


یەحیا حەسەن: ئەو گەنجەی لەسەروکاری کوشتنی باوکەکاندا، باوکەکان کوشتییان. 

$
0
0
یەحیا حەسەن: ئەو گەنجەی لەسەروکاری کوشتنی باوکەکاندا، باوکەکان کوشتییان. Heminدش, 05/04/2020 - 19:37

 

بیست لیتر تاریکی و منداڵییم بە دیوارەکەدا دەڕێژم
دەستێک هینی چاخی بەردین، قۆرئانێکی حەجمی گیرفان
دەکرا من تۆم خۆشویستبا
ئەگەر من باوکی تۆ بوایەم، نەوەک کوڕت.

٢٩ ی ئەپریل، شاعیری لاوی دانیمارک کە نەوەی ئەو کۆچبەرە فەلەستینیانە بوو کە وەک پەنابەرانی بێ دەوڵەت لە دەستگاکانی ئەوروپادا تۆمارکراون، لە ماڵەکەی خۆیدا بە مردووی دۆزرایەوە. تا ئێستاش وەک مەرگێکی ئاسایی ناوبراوە و هیچ هۆکارێکی دیکەی لە پشتەوە نەبووە. ئەو تەنها فریاکەوت ٢٤ ساڵ بژی و دوو بەرهەمی شیعری جوان لە دوایی خۆیەوە بەجێبێڵێ.

مەرگی یەحیا بە یەکێک هەواڵە گەورە کولتورییەکانی ئەوروپا لەقەلەم دەدرێت. لاوێک لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا بە کۆمەلە شیعری" یەحیا حەسەن" وەک بەهێزترین دیاردەی شیعری لە دووهەزەرەکانی دانیمارکدا ناودەردەکات و شیعرەکانی وەردەگێردرێتە سەر کۆمەڵێک زمانی جیهانی.
لە پاش شەش ساڵ بەشی دووەمی شیعرەکانی بە ناونیشانی "یەحیا حەسەن ٢" چاپدەکات و چەند مانگێک لە دوای ئەوەوە دمرێت.
شیعرەکانی یەحیا هەتا بڵێی تووڕەن. ڕوون و بێ پەردەن. دژی ئیسلام و باوک و کۆمەلگای دانیمارکن. لە بەرپرسەکانی سۆشیالەوە، بۆ دەستگاکانی پۆلیس و ئەنستییتیۆتەکانی کە سەروکاریان لەگەڵ ئەو منداڵانەدایە کە تووشی گرفتەکانی مەوادی بێهۆشکەر و تاوان بوون، باوک و خزم و مەلای مزگەوت، هەر هەموویان ئەم نیگا توورەیەی یەحیایان بەردەکەوێ.

لە هەمووی سەرنجراکیشتر، نیشاندانی ژیانی کۆچبەرانی موسوڵمانە وئەو بەریەککەوتنە کولتورییانەی نەوەکانیان دووچاری دەبنەوە.
ڕەخنەگرانی ئەوروپا لە دابەشکردنی یەحیادا بەسەر بەرەی چەپ یاخود ڕاستتدا سەرە گیژەیەکی گەورە دەیانگرێت.
ئاخر یەحیا حەسەن بەشێک لەو چیرۆکانە دەگێڕیتەوە کە ڕاست و ڕاسیزمی ئەوروپا چەندین ساڵە لەبەرانبەر پەنابەراندا دەیلێنەوە . چەپی ئەوروپا لە یەحیادا ئەو هاوارە دەبیستێ کە لە گیتۆکانەوە دێتە دەر. ئەو خۆی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنی سویددا، لە بەرانبەر ئەم ڕەخنانەدا دەڵی: بۆ من هیچ گرنگ نییە کە ئەجێنداکە لە لایەن چەپ یاخود ڕاست، شەیتان یاخود خواوە دادەڕێژرێت، بۆ من پرسیارەکە دەربارەی شیعرە، دەربارەی ئەدەبە. من وای دەبینم کە ئەدەب و شیعر دەبێ لەپەیمانە جۆراجۆرەکانی دیکە ئازاد بن.
ڕۆژنامەی ئافتونبلادیتی سویدی دەنووسێ: یەحیا حەسەن چۆن دەخوێنرێتەوە، بەجۆرێک لە جۆرەکان خوێندنەوەی یەکێك لە پرسیارە چارەنووسسازەکانی ئەوروپایە"
بۆ من یەحیا حەسەن دەنگێکی بەهێزە بۆ ئازادی، ئەگەرچی پێشێلکەری ئەم ئازادییە باوک بێ، یان دەنگی بڵندگۆی مزگەوتێک یاخود کولتور و ستراکتۆرێکی ڕاسیستی بێت.
ئەو وەک گەنجێکی هەژدە ساڵە، شیعر دەباتەوە ئەو شوێنەی کە دەبێ لەوێ بێ. بە بێ ڕتووش و زۆر لەخۆکرنی شاعیرانە و وێنەی شیعری. ئەو بۆ درکاندنی ڕاستییەکان لە دەرئەنجامی ڕاستیەکانی یەک زەڕڕە سڵ ناکاتەوە.
ئاخر یەحیا حەسەن و شیعرەکانی یەک بوون. ئەو گەنجێک بوو کە چەندین جار لەسەر دزی و سەیارەفڕاندن و حەشیشە کڕین و فرۆشتن لە زینداندا دیلکرابوو. بەڵام لەپاڵ وەسفکردنی چۆنێتی وەدووکەوتنی سەیارەکانی پۆلیس بەدوای ئەودا، بێموبالاتی خێزان و دەسەلات و دامودەستگاکانی کۆمەلگا لەبەرانبەر ژیانی گەنجێکدا، هەر هەموو ئەم هۆکارانە بە ڕووخساری بێدەمامکی خۆیانەوە، لە شیعرەکانی یەحیا حەسەندا، بە ڕووتی نیشاندەدرێن. ئەم چەند شیعرەی خوارەوە لە کتێبی یەکەمی یەحیا حەسەندا و لە وەرگێرانە سویدییەکیەوە کراونەتە کوردی.
Yahya Hassan, Nordstedt, 2017

 

منداڵی
پێنج منداڵ لە ڕیزێکدا و باوکیش بە گۆپاڵێکەوە
هەمووان پێکەوە دەگرین و گۆمێک لە میز
دەستی چەپ یاخود راستمان بۆ پێش خۆمان درێژدەکەین
ئای لەو دەنگەی کاتێک زرمە لە یەکێک هەڵدەسێ
خوشکێك کاتێک لەسەر قاچی چەپی بازدەداتە سەر قاچی ڕاست
میز جۆگەیە و بە قاچیدا دەڕژێتەخوار
یەکەم جار دەستی ڕاستی، دوای کەمێ تر، دەستی چەپی
گەر دواش کەوێ، بەرجێیەکی دیکەی دەکەوێ
زرمەیەک و هاوارێک و ژمارەیەک، سی، چل، پەنجا
دوا لێدانیش، شەقێک لە قن کاتێک ژوورەکە جێدێلرێ
دەستدەنێتە سەر شانی گچکەکەمان، قیافەی رێکدەخاتەوە و
بەرجنێو و شەقی دەدا
من چاوشۆر وچاوەڕوانی نۆرەی خۆمم
لە حەسرەتتدا، دایکم قاپەکان دەشکێنێ
لەولاشەوە، ئەلجەزیرە هەواڵەکانی پەخشدەکا
بلدۆزەرێک بە گرمەگرم
دەست وقاچی ژیان تاڵکەر
کەرتی غەززە لەناو تیشکا
ئاڵاکانن دەسووتێنرێن
گەر تاکە زایۆنیستێک بوونی ئێمە قبووڵنەکا
گەر بەڕاستی ئێمە هەبین
کاتێک بە دوای کەمێک هەوا و مانایەکدا هەناسەبڕکێ گرتووینی
لە قوتابخانە بۆمان نییە بە عەرەبی قسان بکەین
لە ماڵیشەوە بۆمان نییەبە دانیمارکی بپەیڤین
بۆکسێک و هاوارێک و ژمارەیەک
 
گوورچیلەکە
گشت پێکەوە، بۆ خالێکم لە دوبەی، پارەی گوورجیلەیەکمان پاشەکەوتکرد
بۆ باپیرەییشم لە لوبنان، بۆ نەشتەرگەریەکەی دلی
بۆ دەردی ئەوانی دیکە، پارەمان خڕدەکردەوە
لەژێر فەرشدا پارەکانمان دەشاردەوە
دەمانگۆرییەوە بۆ دۆلار و پێکەوە دۆعاماندەکرد
 
خۆشەویستی
ئەوکاتەی من لە زیندان بووم، باوکم منداڵێکی دیکەی بوو
من نازانم ناوی چییە
بیرم نایە کوڕ بوو یان کچ
مەرەخەسییەک ، سەردانی مالی باوکم کرد
کە من هاتم، مندالەکان دلیان خۆش بوو، دەیانویست یاریم لەگەڵ کەن
باوەژنەکەم وتی: نابێ پەنجەم بەر پەنجەی کەسیان بکەوێ
گەورەکەیان، بە سکەخشێ دەهات بۆ لام
زللەیەکی تووندی لێدا
منداڵەکە بە دەم گریانەوە وتی: ئاخر دایە تۆم خۆش دەوێ
زللەیەکی کەی پیاکیشا،
بەلام من نا، دایکی وتی.
 
دوانزە ساڵ
کاتێک برا بچکۆلەکەم سەرجێگاکەی خۆی تەڕدەکرد
بە بۆکس خەبەردەکراوە.
شەوێک براکەم رایوەشاندم: کاکە هەستە، میزم بەخۆمدا کردووە
بۆیە گرفتی وی بوو بە هی من.
بەدزییەوە خۆمگەیاندە توالێت و دەسری تەڕم پەیدا کرد و
لەشیم سڕی
دۆشەکە ئاونەدزەکەم پاککردەوە و
جلەکانیم کردە کیسە و لە ژێر تەختەکەی شاردمەوە
لێفەکەیشم هەرشەو گۆڕی
بۆ بەیانی، لێفەکەیشم تووردایە ناو عەللاگەکە و
لە پەنجەرەی قاتی یەکی ماڵمانەوە، هەلمدایە خوار.
دانم شت و نانێکی عەرەبیم خوارد
عەللاگەکەم لەلای دایکم، لە شوقەی ژمارە ٣٦جیهێشت
گەرچی باوکم پییوتبووم
ڕێم کەوێتە ماڵی دایکم، قەپۆزم شین و مۆردەکا.
لە دوای مەکتەب، عەللاگەکەم هێنایەوە
بۆنی میزی لێنەدەهات
باوکم هیشتا لەسەرکاربوو
لە ژووری میوان دانیشتم وجگەرەیەکم داگیرساند
لە دوورەوە، سەیری دیوارەکەم دەکرد.
 
ماڵبڕین
لەسەر ٣٠٠ لێدەخوڕین
لە سەیارەیەکی چەتالکراوی دزراوی بێ ئیستۆپدا
دەستکیش لە گیرفانەکانی دواوە دادگایکردنەکانی ئایندەن
من لەسەر جادەکەوە چاوچاوێنمە
پەنجەرەی سەر حەوشەکە دەشکێنی و
هەڵدەگەرێ و دەرگاکەی ماڵ دەکاتەوە
بۆنی عەترەکەت هێشتا دێت
پەنجەرەکان تاریکدەکەم
"ئای ماک"ەکە لە رارەوەکەدا دادەنێم
ئامۆزاکەم کەلوپەلەکان هەڵدەگرێ و دەیانبات بۆ ناو سەیارەکە
ئەو بە دراوسێکان دەلێ: یارمەتی هاورێیەک دەدەین
بە نیازی گواستنەوەی ماڵە.
دواتر تێڤێی و بڵندگۆکان، ئەمپریفایەر وقەوان و
لاپ تۆپ وئایپاد و گیتارەکان
باران بەلێزمە لە جامی بەردەمی سایەق دەدا
فلچەکان هیچییان ئیش ناکەن
من نازانم، لە کوێێ شارداین
چەند رەقەمی سەیارەی دی دەدزین و رەقەمە کۆنەکە دەگۆڕین
لە بانزینخانە فولی دەکەین و دوو هۆڕنییان بۆ لێدەدەین
قاچ لە بانزینەکە توونددەکات
من پیی دەڵێم بە هێواشی بەلای چەپدا
ئامۆزاکەم وەک شێت سەیارە لێدەخورێ
وەک ئەوەی گەواهینامەی لێخوڕینی رەسمی پێ بێ.
وەک ئەوەی شتەکانی ناو سەیارە، کەل و پەلی گواستنەوەی ماڵ بێ
ئێستاش لە ناو خەتی لێخوڕینی پاسەکاندا گیرمانکردووە
من بە سەریا دەقیژێنم: گەمژە، پێم ناڵێی چی دەکەی؟
کورسی سایەق تا دەتوانم دەبەمە دوا، بەگ دادەنێم
هەر بە پێوە ، قاچ لەسەر بەنزین توونددەکەم
سەیارە باڵی لێدەردێ.

 

202020503

کۆرۆنا و سینەما و دیواری سەر باڵەخانەی کەلاوەکەی گاوران

$
0
0
کۆرۆنا و سینەما و دیواری سەر باڵەخانەی کەلاوەکەی گاورانHeminشە, 05/16/2020 - 07:13

 

ئەم وێنەیەی ژێرەوە، ئەگەرچی بەشی سەرەوەی ئەم وتارەی داگیرکردووە، دەکرێ لە کۆتایی وتارەکەدا، جارێکی دیکە بگەڕێیتەوە سەری.  لە ڕاستیشدا هیچ شتێکیش ڕوونادات ئەگەر بەر لە خوێندنەوەی وتارەکەیش سەرنجێکی وردی بدەیتێ. دیمەنی پیرۆزەیی و خۆڵەمێشی تێکەڵ بە زەردەپەڕ و بێجووڵەیی ناو وێنەکە، شتێکی تیایە کە نیگا بەخۆیەوە ڕادەکێشێ.

کۆرۆنا و سینەما

 

بۆ کرۆکی بابەتەکە.

ڕۆژگارێک لە سویددا کەتەلۆگێک هەبووکە پێیاندەووت: لاپەڕەزەردەکان. دەکرێ لە وڵاتە جۆراوجۆرەکانی دیکەی ئەوروپادا ناوێکی دیکەی هەبووبێت. 

کوردواتەنی، شاخی مار و شیری چۆلەکە لە دووتووێی ئەو کەتالۆگەدا جێی دەبووەوە.  لە ئاستی سەراسەری و شار و شارۆچکەکانی دیکەی وڵاتدا،   تۆ دەتتوانی بۆ فلان کارخانە بگەڕێیت و ناوی هەر "قادر قادر"ێکی کورد کە لە سویددا دەژی و تۆ نازانی لە چ شارێکدا نیشتەجێیە،  بە چاوخشاندنێکی خێرا بە لاپەڕەکانیدا ، ئاسان بدۆزیتەوە.  ئەگەر زانیارییەکان دەربارەی کاک "قادر"، بە خواستی خۆ  نەخرابێتە خانەی  شاردنەوەوە بە مەبەستی پاراستنی کەسایەتییەوە.  
گەشەی نێت و دیجیتاڵیزەکردنی زانیاری و پێشکەوتنی ئەپلیکەیشنەکانی ناو مۆبایلە زیرەکەکان، کارێکی کرد کە لەمڕۆدا ، لە هیچ کونج و کەلەبەرێکی ئەم ولاتەدا، دانەیەک لەو کەتەلۆگانە  نەدۆزیتەوە. 
ڕۆژێک لەگەڵ برا بچکۆلەکەمدا، تەمەنی 50 ساڵە لە ئێستادا و ئەم دوو ژمارەییەی تەمەنەکەی هێشتاش ئەو ڕزگارناکات لەوەی هەر برا بچووکی من بێت،  پرسیاری کاریگەری گەشەسەندنی دیجیتالیزەکردنی دنیامان دەکرد و کەوتین بەسەر باسی ئەو خزمەتگووزارییانەی کە لاپەرەزەردەکانی جاران و ئەپلیکەیشنە نوێکانی دنیای ناو مۆبایلەکان  هێناویانەتە  ئاراوە.  بە کورتی: سەفەری بەدەستهێنانی زانیاری لە پەڕەی کاغەزەوە بۆ ناو شاشەی مۆبایلەکان. 
لە شوێنێکدا برا بچکۆلەکەم دەڵێ: دەزانی کە کورد و خەڵکی سلێمانی لە پێش سویدییەکانەوە بوون بۆ داهێنانی لە چەشنی بە دەستهێنانی زانیاری کە لاپەرە زەردەکانی جاران دەیدایە خەلک، بەڵام نەگبەتی کوردەکان لەوەدایە کە ئەو داهێنانەیان بەو شێوازە ناونووسنەکردووە وەک ئەوەی لە سوید و وڵاتەکانی دیکەی خۆرئاوادا کردوویانە. بۆ نموونە تۆمارکردنی ئەو زانیارییانە لە کوردستان لە شکڵی کەتەلۆگێکدا نەبووە و ئینسان ناشکرێ بەوەی ئەم داهێنانە لە کەتەلۆگ نەنراوە، ئینکاری ئەم دەستپێشخەرییەی خەڵکی شارە حەیاتەکە بکات. 
من سەیرێکی دەکەم و سوپاسگوزارم کە دەمێکە لە سوید دەژیم و لە بەرانبەر ئەم شەکرشکاندنەی براکەمدا، هیچ شتێکی تێناگرم و ئەویش دەمبەخەندە و بە حەماسەتێکی تووندەوە، خەریکی بەڵگەهێنانەوەیەکی زیاترە. ناچار لە شوێنێکدا، دەیوەستێنم و پێیدەڵێم:  دەکرێ نموونەیەک لەو لاپەرە زەردانەی  سلێمانیم بۆ بێنیتەوە کە من پێمنەزانیوە، یاخود نەمبینیوە و دەکرێ لای جەنابتان دەستکەوێ. 

برا بچکۆلە پەنجا ساڵانەکەم ئاوا وەڵام دەداتەوە: ڕۆژگارێک لە حەفتاکانی سلێمانیدا، خەڵکی تەلەفۆنییان بۆ ڕێستۆرانێک دەکرد و ئەو خواردنانەیان  داوا دەکرد کە دەیانویست بۆیان بێتە ماڵ، یان دەیانپرسی فڵانە خواردنیان ماوە و دەیانەوێ کەسێک بنێرن تا دوو قابلەمەی بچووکییان بۆ پڕکات. 
ئەو کات مەتعەمی عەلی سوور، لە گەڵ مەتعەم سلێمانییدا کە خاوەنەکەی حاجی فەتاح بوو، بە دوو لە ڕێستۆرانە گەورەکانی سلێمانی دەژمێردران. مەتعەمەکەی عەلی سوور بەرانبەر سینەمای ڕەشید بوو، ئەوەی حاجی فەتاحیش لە ئەسحابەسپی بوو. یادی بەخێر (عەلی سوور) لەسەر کورسییەکەی خۆیەوە  کە لە سووچێکی نزیک هاتنەژوورەوەی ڕێستۆرانەکەدا دانرابوو و پارەی وەردەگرت، هەموو ئەو پانتاییە گەورەیەی دەبینی کە بە سەر دەرگا گەورەکەی سینەماوە بوو و پۆستکارت و ڕیکلامە گەورەکانی فیلمەکانی  پیا  هەڵدەواسرا. گەر هاموشۆ و قەلەباڵغی سەرشۆستەکەی بەردەم ڕیستۆرانەکەش نەبووایە، گۆشەیەکی باشی ڕیکلامی فیلمەکانی سینەما "سیروانیش"ی دەبینی کە کەوتبووە کۆلانی خوارەوەی لۆقەنتەخانەکەی خۆیەوە. 
جار ناجارێک مشەتەری قۆشمە و ساختەچی تەلەفۆنێکییان دەکرد و دەیانپرسی ئاخؤ فڵانە خواردنییان ماوە یاخود نا، بەڵام بەر لە کۆتایپێهێنانی ئاخاوتنەکە بە عەلی سوورییان دەوت: زەحمەت نەبێت سەیرێکی ئەو بەریش ناکەیت تا پێمان بڵێیت چ فیلمێك ئیش دەکا. ئەگەر ڕیکلامی سەر سووچەکەی لای سەعاتەکەیشت لێ دیارە بەشکم پێمان بلێی، ڕیکلامی  فیلمە یۆنانییەکەی پێوەیە بۆ هەفتەی ئایندە؟
برا بچکۆلەکەم درێژەی دەداتێ و دەڵێ: من دڵنیام کە کۆمەڵێک جنێو لە کۆتایی ئەم جۆرە ئاخاوتنانەدا دەکرێ ببیسترێ کە من نامەوێت تۆماری بکەم. وەک دەزانن ئەو جنێوانە ئەوەندە تەڕن کە ئەگەر وشکیش ببنەوە، نووسینەوەیان ئاسان نییە. من لە بەرزی ئاداب و ئەخلاقی زمانەوانی برا بچکۆلەکەم سەرم سووڕدەمێنێ،  ئەو درێژەی دەداتێ و دەڵێ: بێگوومان ئەگەر داخوازیکردنەکانی کڕیاران بۆ خواردن جدیی بۆایە و کەلەک و کووڵەکی هەرزەکارانەی لە پشتەوە نەبوایە، ئەوا عەلی سوور ناوی فیلم و پالەوانی فیلمەکانیشی بۆ مشتەرییەکانی دەگێراوە. 
بەڵام خاڵی سەرەکی گێرانەوەی ئەم چیرۆکەی کاکم ئەوەیە کە ئەو زانیارییانەی لاپەرە زەردەکانی جاران و ئەپلیکەیشنە تازەکانی ئەمڕۆ بە هاوڵاتیانی دەدا، 40 تا 50 ساڵێک لەمەوبەر لایەن "عەلی سوور"ەوە پێشکەشکراوە. وەڵامدانەوە بەوەی کە چ خواردنێک دەستدەکەوێت و دەکرێ بگەێنرێتە ماڵ یاخود نا، پێدانی زانیاری بەو کڕیارانەی کە دەیانەوێ بزانن چ فیلمێک لە سینەماکاندا نمایشدەکرێت و تەنانەت ئاگاداربوون لەوەی کە پرۆگرامی هەفتەی ئایندەی سینەمایش چییە. بەدەستهێنانی کۆمەڵێک زانیاری گرنگ لە ئاخاوتنێکی تەلەفۆنی کورتدا. 

هەست دەکەم بە ناهەق لە سەرەتای دامەزراندنی باسەکەدا، خەریکبوو ڕەفتارێکی براگەورانەی کوردی لەبەرانبەر برا بچکۆلەکەمدا ئەنجام بدەم و گوێ لە ئەرگومێنتەکانی نەگرم . بەڵام قسەکانی  جۆرێکیش ڕاستی تێدایە و من ناچارم  سوپاسی بکەم کە لە تۆمارکردنی مێژووی بەدەستهێنانی زانیاریدا، لە ڕێی ئەو نموونانەوە کە هێنایەوە،  شارەکەم ڕۆلێکی گرنگی ونبووی هەبووە و ئەم گێرانەوەیەی منیش لەم وتارەدا، دەبێتە تۆمارکرنی مێژووی ئەم جۆرە لە خزمەتگووزاری کە بەشێک لە بناغە سەرەتاییەکانی کۆمەڵگایەکی بەکاربەرە. 
بەڵام بەوەی هێشتا لە نزیک مەتعەمەکەی "عەلی سوور"ەوەین و چاومان هێشتا لەسەر ڕیکلامی حەوت بەتەڵەکە و ترنتی و فیلمە یۆنانییەکەی دوێنییە، با کەمێک بچینە کۆلانەکانی دوور لە سەرای سلێمانییەوە و لەوێوە سەیری پرۆسەی کڕیاردیتنەوەیەک بکەین لەبەرانبەر نیشاندانی فیلمی نوێدا. ئەوەی کە بەشێکی کەم لە مشتەرییەکانی لۆقەنتەخانەکەی عەلی سوور دەیانویست لە ڕێگای خزمەتگووزارییەکی زیاتری ڕێستورانەکەوە بەدەستی بێنن. 

یەکەم : شاگردێکی سینەما تەختەیەکی 1 بە  30 لە ڕێگەی دەسکێکی گەورەوە بە سەر شانەوەیە و ڕیکلامی ئەو فیلمەی لەسەرە کە ئەمڕۆ نیشان دەدرێت. ئەو کۆڵان و گەڕەکی جۆراوجۆری شار دەگەڕا و ئەم پەیامەی بە خەڵکی دەگەیاند.  سەیر ئەوەیە لە زمانی ئەو زەمەنەی مندا، نیشاندانی فیلمییان وەک ئیشکردنی فیلم باس دەکرد. نەیاندەووت چ فیلمێک نمایشدەکرێت، دەیانووت چ فیلمێک ئیش دەکات. لە هەمووی جوانتر، ئەو کات بە فیلمیان دەوت، فلیم. کورداندنی وشەیەک بەهەڵە بەڵام لە ڕووی کۆمەلایەتییەوە، جوان و جێکەوتوو. خۆش ئەوە بوو، ئەو برادەرەی کە تەختەکەی بەسەر شانەوە بوو و پۆستکارتی گەورەی فیلمەکەی پیادا هەڵواسرا بوو،  کۆمەڵێک ڕیکلامی دیکەی فیلمەکەی بە ڕەنگاورەنگی پێبوو کە لەسەر کاغەزێکی A3 چاپ کرابوو. 
ئاواتی گەورەی منداڵانی گەڕەک ، بەدەستهێنانی دانەیەک یان ژمارەیەکی زۆرتر لەو ڕیکلامانە بوو کە بە هەموو کەسێک نەدەدرا.  بۆ ئەم مەبەستەش، باشترین شتێک بتکردایە، یارمەتیدانی کابرای دارهەڵگر بوو کاتێک دەگەیشتە هەورازەکەی لای مزگەوتی "تەکیە ڕووتەوە" و لە بەر گەڕانی زۆریی بە زۆربەی گەڕەکەکانی شاردا و ماندووبوونی، زمانی لە عەرز دەخشا. ئەوکات بۆ ساتێک دارەکەیت لێ وەردەگرت و لە هەورازەکەوە سەرت دەخست و دوو سێ دانە ڕیکلامت حاسڵ دەکرد. 
هەندێ جار، لای دووکانەکەی "مەلا عوسمان" یان نزیک ئاشەکەی گاورانەوە ڕامان دەگرت و پێمان دەوت: دەکرێ کەمێکی "فلیمە"کەمان بۆ بگێڕیتەوە، ئەو کوڕی باشە دەیزانی کە ئەم کارە چ کاریگەرییەکەی بۆ ڕیکلامکردنەکەی ئەو تیا دەبێت، یەکسەر دەیووت: یان دوو لەفە قاورمەم بۆ دەکڕن، گەندەڵی جاران، یان ئەوەتا خۆتان دەچن بۆ بینینی.  

دووەم. سینەماکانی جاران لە پرۆسەی کڕیاردیتنەوەی خۆیاندا و لە وەرزی هاویندا، لە جیاتی ئەوەی تۆ بچیت بۆ سینەما، ئەوان سینەمایان بۆ دەهێنایتە گەرەک. سەیارەیەکی گەورە لە چەشنی لۆریدا دەهاتە کەلاوەکەی گاوران کە ئێستا گەراجی "عوسەی تەمین"ی پێدەڵێن. لە بەشی خوارەوەی کەلاوەکەدا کە دیواری دەرەوەی باڵەخانەیەکی گەورە بوو، بە دیووی لای باشووری کەلاوەکەدا ئەگەر پشتت لە ئاشەکەی گاورانی ئەوسا بێت، پەردەیەکیان هەڵدەواسی و بە ئارەزووی خۆیان، ئەو فیلمەیان نیشان دەدا کە لە بەرنامەی خۆیاندا بوو. خەڵکی گەرەک لە سەرکارێز و سەرقەبران و قاوەخانەی سەرچیمەنەوە ، بە خۆیان و ماڵ و منداڵ و شووتی و قاپ و قاجاغی دیکەوە، لەسەر گڵەکە و لەبەرانبەر دیوارەکەدا، بە دێژی و پانی هەموو کەلاوەکە کە بە ڕاستی گەورە بوو، دادەنیشتن و نقەیان لە خۆیان دەبڕی. 

سینەما لە شاری سلێمانی جاراندا لە ڕێگای کابرای دارەڕیکلام بەشانەکەوە و لۆرییە گەڕۆکە گەورەکەی گەڕەکەکانی سلێمانیدا، بوو بووە بەشێک لە ژیانی کولتووری 50 ساڵی پێش ئەمرۆمان.  عەلی سوریش ،  لەپاڵ نەبوونی ئەپلیکەیشنی مۆبایلەکانی ئەمڕۆ و کەتەلۆگە زەردەکانی دوێنی سویددا، جۆرێک لە کاری گەیاندنی زانیاری  سینەمایی کەوتبووە سەرشان. 
بەڵام دەمەوێ لە کەلاوەکەی گاورانەوە بتانهێنمەوە بۆ سەرەتای ئەم وتارە و وێنەکەی سەرەوە. لە ڕاستیدا، ئەم وێنەیەی سەرەوە نزیکایەتییەکی گەورەی لەگەڵ هەمان ئەو وێنەیەدا هەیە کە  سەر دیواری باڵەخانە گەورەکەی کەلاوەی گاورانی 50 ساڵ پێش ئێستادا  هەبوو. ئەگەر کەسێک دیمەنی ئێوارەیەکی فیلمنیشاندانی کەلاوەکەی گاورانی بچرکاندایە و لەپاڵ وێنەکەی سەرەوە لە تەنیشت یەکەوە دایبنایە،  ئەوسا ئاسانتر تێدەگەیشتن ئەم هەموو شێر و ڕێویەم بۆچی بوو.  

وێنەکەی سەرەوە، بەشێکە لەو کاردانەوە و پرۆسەی کڕیاردیتنەوە تازەیەی کە سینەما لە سویددا لە ژێر فشارەکانی کۆرۆنا و قەید و بەندی تێکەڵنەبوون و مەسافەگرتنی نێوان ئینسانەکاندا کردوویەتی بە ڕاستییەکی تازە، بەڵام کۆن بە قسەی کاکم: ئاخر بە قسەی ئەو، سلێمانییەکان لێرەیشدا، لە پێش سویدییەکانەوە بوون. لەم پرسیارەیشدا کە کۆرۆنا لە زەمەنی دیجیتاڵدا لە بەرانبەر نەهاتنی تەماشاچیانی فیلمەکاندا ، کاتێک کەس ناتوانی بچێت بۆ سینەما، ئەوا سینەما دەکرێ بچێت بۆ لای بینەرانی .  
وێنەکەی سەرەوە، دیمەنی ئێوارە نمایشێکی سینەمای یۆتۆبۆریە لە گۆرەپانی "بەنان پیرین" و لە ڕێگای شەپۆلی ڕادیۆیی FM و سیستەمی ڕادیۆیی ناو سەیارەکەوە، تەقە و زرمەی سەر شاشە دیجیتاڵەکە ڕێک دێتە ناو ماشین یاخود هێدفۆنەکەی گوێچکەتەوە. جۆرێک لە کاری بازاڕفرۆشی تازە بۆ دۆزینەوەی کڕیار و بینەری تازە کاتێک ڕێگرییەکانی کە کۆرۆنا دروستیکردوون، سینەما لە هۆڵەکان دەردەهێنێت و دەیباتە پارکێکی گەورەی سەیارەڕاگرتن.

بەڵام کۆرۆنا و دنیایەکی دیجیتاڵی تازە کە کۆرۆنا بە گووروژمی گەورە بەرەو پێشتری دەبات، ئەو دەرفەتەیشمان بۆ دەڕەخسێنێ کە لە زەمەنی مەرگ و ترس و دڵەراوکێی ئینسانەکاندا، لە ڕووخسارە هەناسەسواربووەکەی تووشبوانیدا، ڕابردوو و یادەوەرییەکانی دوێنێشمان بخاتەوە بەرچاو. یان ڕووت و قووت، بەشێکی گەورەی ڕابردوو، لە زەمەنێکی دیکەدا،  لە مڕۆدا، دووبارە زیندوو بکاتەوە.   

 
ناوهێنانی بەڕێز "عەلی سوور" لەم وتارەدا، لە گێڕانەوەی بەشێک لەو سەرگوزشتانەوەیە کە بەڕێزیان تیایدا بەشداربوون و لە ڕێزلێگرتن و بەرزنەخشاندنی ڕۆلی ئەم پیاوە زیاتر، هیچ مەبەستێکی دیکە نییە. 
 

20200513

پەریزاد و گوڵەکەی دوژمنی

$
0
0
پەریزاد و گوڵەکەی دوژمنیHeminسش, 05/26/2020 - 18:20
 
ئەمە «بۆرەتار»1ێکی شوومە و
سەرەتای شەوێکی ئاوس بە قات و قڕیی.
بۆرەتارێکی ژان گرتوو بە:
بەچکە شەیتان و بەچکە سیاسی و بەچکە بازرگانەوە.
ئەمە شەوێکی چەلاکی2ڕەقەڵەی بەدبینە و بێبەزەیی.
چاوەکانی گۆڕیچەی ئەستێرانن و پەناگەی جادووگەران.
ئەم شەوە: قەڵای مێردان نییە،
قەڵای دزانە، قەڵای کاسەسەرم و
قەڵای جەستەی ڕووخاوم و
قەڵای خۆڵەمێشی ئارەزۆکانمە و
هەوێز3ی تاوان!
لەم شەوەدا، پەریزادەکەم! کاتی ئەوە هاتووە، نۆرەمە
منیش چیرۆکی بەنەعلەتکراوی خۆمت بۆ بگێڕمەوە:
حیکایەتی مردنم و گۆڕەوشاردانی هەزار جارەم
«تۆ بڕوانە هەڵمی ڕۆحم»
تۆ بڕوانە حیکایەتی ژیانە کەڕ و کوێرەکەم
تۆ بڕوانە پرشنگی زیندەبەچاڵ کراوم
حیکایەتی مێژووە گەوجە خۆشەویستەکەم
«تۆ بڕوانە شازادە شەڕواڵ کەسیفەکانم»
ئەم چیرۆکە سەرابە و سەرابیش نییە
ئەم حیکایەتە پەندە و نەخشی سەر بەردیش نییە
پەریزادەکەم ئەی پەریزادی بێ دایک و باوک
پەریزادی لە کونە دیوار بووی، بێ کۆشک و بێ کەنێزەک!
ئەی پەریزادی لە خێڵی پەرییان یاخیی و بە خێڵی ڕافزی ئاشنا.
نۆرەمە منیش بتخەمە ناو کەشتیی گومان و دوودڵیی خۆمەوە
کەشتیی ڕاڕایی و بەدمەستی و گوناهی خۆمەوە بە جۆگەی شەراب و
ڕووباری ژەهر و یەکاو4ی تاواندا بتسووڕێنمەوە.
بە شاری چوارمێخە کێشراوی ویژدانی خۆمدا بتگەڕێنم
بە شاری چۆڵ و هۆڵی زراوتۆقیوی هاوارەکانی کۆن و نوێمدا
بتبەم و سەرە بڕڕاوەکانی خۆمت نیشان بدەم
«تۆ بڕوانە چەندە جوانم بەم خوێنەوە»
دەروازەی مۆزەخانەی
لەشە مۆمیاکراوەکانی خۆمت بۆ بخەمە سەر گازی پشت
«تۆ بڕوانە شوێنەواری خەونەکانم»
پەریزادەکەم! ئێستا ئیتر کاتی ئەوە هاتووە
بتخەمە سەر ئەم باڵە کۆتەرانەی خۆم و
بەرەو سووتانی ئەبەدییت بەرم و تا لای«مانگ»ی
باتوومەتی سۆزانیی لە ئاسمان بەدەرکراو.. بەرزت بکەمەوە.
نۆرەمە، پەریزادەکەم! نۆرەمە، منیش پێت بڵێم:
«هێندە لە تەنکاودا ژیاوم
بووم بە ماسییەکی گەمژەی ئاوی دنیا
ئەوەتا نە زەریاکان پێناسەم ئەدەنێ و
نە ئۆقیانووسەکان بڕوام پێ ئەکەن.
هێندە لە گوێ ئاگردانی وڕێنەکردنی باپیراندا دانیشتم و
ئەژنۆم دایە بەر چەناگەم و گوێم لە شڵپ و هووڕی درۆیان گرت
ئێستا وەک سێبەرێکی کڕی خەواڵووی مێش لێنیشتووم لێ هاتووە
ئۆهـ! من چ عیبرەتێکم بۆ مەرگی هەرزان
ئۆهـ! من چ عیبرەتێکم بۆ ئاخرزەمان!»
گوێم لێ بگرە! پەریزادەکەم! گوێم لێ بگرە!
جارێکی دی ئەچمەوە ناو دەنگی
«ئاناباز»و ئەسپەکەی جڵەو ئەکەمەوە
سەر ئەکەمەوە بە مێژووە خۆڵاوییەکەیدا و توێژ بە توێژی
زەمان هەڵئەدەمەوە. دیسانەوە جارێکی دی ئەبمەوە بە کالانی ئەوسا:
لە دەمادەمێکی5ژەنگاویدا، لە کازیوەیەکی حەپەساودا
«گەزنەفۆن»ی خواوەندی زرێپۆشانی گریک،
سەرکردەی هزر و بازووی
جیهانی خوێن و دووکەڵ،
کوڕی پەرستگا ڕووناکەکانی«ئەسینا» و ئەسپی
ئاوی و شێری چنگ بە مەشخەڵانی باکۆدانی زەمین لە دوای زەمین
«گەزنەفۆن»ی وەچەی «ئاخیل» بەخۆی و دە هەزار سواری
تۆز لێ نیشتووی بیابانێکی دوورەوە
ڕەو ڕەو، دەستە دەستە
لەدوای شەڕێکی دیکەی سوورهەڵگەڕاو
ڕوویان کردە ئەم وڵاتی
دێو و درنجە.
ڕێگای گەڕانەوەیان بۆ یۆنان، بە کێوی هاواری ئێمە و
پێدەشتی جەستەی جنراوی ئێمەدا تێئەپەڕی.
گەیشتنە دەربەندی
«گۆمە سپیان»
پەیکانی هەزاران ڕم لەبەر بارانێکی نارنجیدا
ئەدرەوشانەوە
تۆ ئەو کاتە ڕووت و قووت
لەسەر ڕەوەزێکی
دڕەوە تەماشات ئەکردین.
ئێمەش لەبەر باهۆزێکی ڕەشدا بەرەو ژوور
هەڵئەهاتین
بانگی خواوەندە بەردینەکانمان ئەکرد.
پەنامان ئەبردە
بەر مانگەشەوی تۆقیو
پەنامان ئەبردە بەر برووسکە و چەخماخەی
نیشتمانی هەورە کۆیلەکان
داوێنی جادووگەرە ترساوە ڕیش درێژەکانی
خۆمانمان ئەگرت.
عەقڵی ئێمە و عەقڵی بەرانە کێوییەکان
لە یەکتر جودا نەئەکرانەوە.
چاوی ئێمە و چاوی گاشەبەردەکان هەر یەک چاو بوون
دەروونی ئێمە و دەروونی ئەشکەوتە نسرمەکان
هەریەک شت بوو.
لە پڕێکدا «گەزنەفۆن» ڕێگەی وێڵ کرد
ئێمە ترسی خۆمان کرد بە بەرد و
بەسەر ئۆردووی ماندوودا.. خلمان کردنەوە.
لە بۆسەی «با» پێچێکدا، دوو برایان دەستگیر کردم.
«گەزنەفۆن» برا بچکۆلەکەمانی لە بەردەم ناوەنجییەکەدا لە
هەڵەمووتێکەوە هەڵداشتە خوارێ.
ئیتر ناوەنجییەکەمان کەوتە پێش ڕمەکان،
کەوتە پێش مەرگی زرێپۆش،
کەوتە پێش تۆفان و بوولەرە.
ئیتر لەو ڕۆژەوە ئەو برایەم، برای نەوجوانی نەعلەتیم،
بوو بە دیرۆکی6چارەنووسی بەردەوامی تا ئەمڕۆم
ئەمە دەورکردنەوەی خامۆشییە لە دۆڵێکدا «با» نەیگرێتەوە
ئەمە چەقینە، چەقین، چەقینی ئەسپەکانمان
لە زستانێکدا کە کۆتایی ئەوان و ڕمەکانمان،
ترس و بیممان.
نادیارن«نادیار»
ئۆهـ! چ زستانێکی نەزۆکە و چ ترسێکی دوور و درێژ
ئۆهـ! چ ئەوینێکی بەسامە و چ مردنێکی شەرمنۆک
ئۆهـ! پەریزادەکەم، پەریزادەی باداوە7و گەرداو
ئۆهـ! پەریزادەکەم، شاژنی کڵۆڵی و گڕاوی8سووتاو!
پەریزادم!
لەم شەوەدا هەموو برینێکم
مۆمێکەو هەموو مۆمێکم برینێکە
«ئەو بکوژێتەوە ئەم هەڵئەبێ،
ئەو هەڵبێ ئەم ئەکوژێتەوە»
بەمجۆرە: لە ئازارە جوانەکان، لە ئازارە نازدارەکان،
لە دۆژەنە9شۆخو شەنگەکان، جودا نابینەوە و
دابڕین لە نێوانی من و تۆو مەرگدا مەحاڵە!
لەم شەوەدا،
هەموو پەیڤێکم پزیزکێکی ترافیەی10نێو غوربەتە و
هەموو غوربەتێکم
پەیڤێکی سەرگەردانی سەر شەقامەکانی دنیایە
بەم جۆرە لە هیوا نائومێدەکان، لە مژدە ڕەشپۆشەکان،
لە بەهارە زەردو بنسانەکان11جودا نابینەوە و
دابڕین لەنێوان من و تۆ و وڵاتی گریاندا مەحاڵە!
پەریزادم!
من گیانم زەنەکی12عەشقە و بەرپەسارێکی13نسێی ساڵانتە
هەمیشە و هەمیشە و هەمیشە.. تەڕ و پاراوە مەراقم.
هەمیشە و هەمیشە و هەمیشە.. وشک و برنگە ئارامم و
هەمیشە و هەمیشە و هەمیشە.. تینووە ئاوم
هەمیشە و هەمیشە و هەمیشەیش:
ئاگرم سارد و سەرمایەتی و هەڵئەلەرزێ هەتاوم!
پەریزادم! ئەز بۆ ئەوە زاوم قەبرم لە گوێ سەرم بلەرزێ!
«چ سەرێکی نەفرەتییە سەری من»
ئەز بۆ ئەوە زاوم هەر ڕاکەم و هەر ڕاکەم و نەیشگەمێ
«تراویلکەی کام قاقڕ و خۆڵستانە ئاواتم؟»
پەریزادم!
من لەسەر گێڕانەوەی ڕووبارە- چیرۆکە درێژەکەم و
جۆگە- چیرۆکە کورتەکەم
چیرۆکە- کانیە زۆر زۆر کورتەکەم بەردەوامم:
لە دوای کۆچی ئەسپەکەی «ئاناباز»یشەوە
هەر جڵەوی ترە ئەیگرم و
هەر سوارم و هەر غارێکی وەستاوم!
چەندین سەدە لە دوای«گەزنەفۆن»یشەوە
ئەو گاشەبەردەم بێوچان لە تلبوونەوەدام.
جوانترین مێژووی وەرینم.
خێراترین تیشکی تەمەڵییم.
قۆزترین سواری چەقیینم!
هەزاران ساڵم خستە سەر ڕانم،
یەکێکیان نەبوون بە دۆستم.
هەزاران ساڵم خستە سەر شانم و
هەموویشیانم بەردانەوە..
بەم جۆرە- پەریزادەکەم!. بەم جۆرە
من پڕۆژەی عیبرەتێکی هەمیشە نوێم
عیبرەتێکی مامۆستا ئاسا
بۆ سروشت- بۆ دنیا، بۆ گەردوون
بەڵام هەر بۆ تۆ ناو هەر بۆ خۆم نا!
پەریزادم! پەریزادی تاق و تەنیا
جارێکی دیش لە کۆچدا بوو
لەوێ لە«ڤینتسیا»
لە ڤینتسیای عاشقی مانگە شەو و ئاودا
لە شاری سیحردا
لە شەوێکی زیویندا
لەنێو «باڕ»ی بەلەمێکی پەمەییدا،
چڕوچاوی خۆم نا، شیعرەکانم کچێکیان کرد بە هاوڕێم.
ئەم کچە فریشتەی ئاوی بوو،
لە دوورگەی خەون و خەیاڵەوە هاتبوو،
نیوەی لەشی ماسی و
نیوەکەی تری ئادەمی بوو، ئەبریسکایەوە،
ئاوازێکی ئاڕووشەی14داگیرساو بوو.
نەوڕەسێکی مێیینە بوو.
ناوی«ئەلیزابێث» بوو.
کە لێم پرسی تۆ خەڵکی کوێی؟ پرشنگی دایەوە و
وتی: «من خەڵکی نیشتمانی هونەرم
باوکم ناوی شیعرە و
دایکم ناوی مۆسیقایە و
هەر ئەوەندە لە ڕەچەڵەکی خۆم ئەزانم!»
ئەو شەوە تا درەنگان
لەگەڵ ئاودا مەوجمان دایەوە.
ئەو شەوە تا درەنگان
لەگەڵ سنەوبەرەکاندا سەمامان کرد.
لەگەڵ بادەدا
ماچی مانگە شەو و ڕوومەتی هەورمان کرد.
لەگەڵ گیتارژەنەکانی ناو کۆڵانی ئاودا
خۆشەویستیمان خواردەوە.
لەتەک ماسیگرەکاندا
لە قووڵاییی زەریا ورد بووینەوە.
لەتەک گەڕیدەکاندا
گۆرانیمان وت و عەشقنامەمان خوێندەوە.
لەسەر پەلکە ڕەنگینە دیلانێمان کرد و
خۆمان لە ئەستێرکی خەرمانە هەڵکێشا
دوو کڵاوی پووشی دەستکردمان کڕی و
لە دواییشدا دامان بەدەم جۆگەیەکەوە.
لای ژنە فاڵگرەوەیەکی قەمووری دەموچاو کوتراو
دوو فاڵمان گرتەوە و لە دواییدا قاقا پێکەنین.
لەبەر جامخانەی کتێبخانەیەکی خەواڵوودا
وەستاین و لەیەک کاتدا
تەماشای کتێبەکانی«ماو» و«قەززافی» و
«جان جاک ڕۆسۆ» مان ئەکرد.
ئۆهـ! پەریزادەکەم
ئەو ساتانەیش بەختیاریم هەر شپرزە بوو
ئەو ساتانەیش
هەر گوێم لە ترپەی پێی مەرگ بوو
ئەو ساتانەیش
هەر لە بەلەمێکی سەرەو نخوون ئەچووم.
لە ناکاوێکدا، «ئەلیزابیث» کێشی کردم و
بردمیە ناو کابینەیەکی نیوە ڕووناکەوە
لەهەر گۆشەیەکدا مۆمێک ئەسووتا
هەڵۆیەکی مۆمیاکراو باڵەکانی کردبۆوە.
لەسەر مێزێکی ئەبەنووسی خڕ
گوڵدانێکی پڕ لە گەڵا زەیتوون دانرابوو،
چەند کەسێکیش دەوریان دابوو،
کە بەرچاوم ڕۆشن بۆوە،
ناسیمنەوە
دانتی و کەپووە کەوانیەکەی، بتهۆڤن و
قژە بژەکەی، فان کوخ و
گوێچکە بڕڕاوەکەی،
دستویڤسکی و
ڕوومەتە تێک قوپاوەکانی،
لۆرکا و پەڵە خوێنەکەی سەر سنگی،
وەک مەلێکی ترساو لەسەر کورسییەک هەڵکوڕمام
پەریزادەکەم! من هەر گوێگر بووم گوێگر،
گوڵدانەکە چەند دووا منیش هەر ئەوەندە!
لەو شەوەوە زانیم من هێشتا فێرە ئاخاوتن نەبووم.
شیعرم ئازار داوە، تەنکاوم خوێندۆتەوە، ڕوانینم هەر ئەوەندەی
چۆلەکەیەکی تەڕ فڕیوە. ئۆهـ! پەریزادەکەم!
ئەم کارەساتی عەقڵە چەند گەورەیە!
هەر ئەو شەوەیش زانیم
لەبەرچی«ئەلیزابێث» ی کچی شیعر و مۆسیقا
پەلکێشی کردم بۆ ئەو کابینە نیوە ڕووناکە
پەریزادم! لە کەناری ئەم ئەشکەنجە بەخوڕانەی مندا
لە کەناری ئەم نیگا وێڵ و پەڕاگەندانەی مندا
وەک دەیان پۆلە پەڕەسێلکەی دوای تۆفانێکی تووش
چیرۆک لە دوای چیرۆکم ئەمرن و
شیعر لە دوای شیعرم ڕەق ئەبنەوە
من کوڕی کارەساتم و
کارەساتیش کوڕی ئەم هزرە زڕ و نەزۆکەمە!
پەریزادم!.. من ئەمشەو هاتوومە لات و
مەستی نەزانینی خۆمم،
پەپووسڵێمانکەیەکم سەر خۆش،
فڕینم لاسەنگ و نزم و
دەنگم قرتاو و خەونم قرچۆک.
من پەیامبەری ئازارە بڕۆنزییەکانی تۆم و
پۆستەی برووسکەی
هەرگیز نەگەیشتووت.
من پەیامبەری ئازای ژێرکەوتووی تۆم و
قەڵغانی مێژووی لە دەست پەڕیوو
شمشێری نوشتاوەت!
من بکوژی هەموو ئەو ڕووبارانەم
کە لە سەرچاوەی خوێنی تۆوە هەڵقوڵین.
بکوژی هەتاوی ڕوخسارت.
بکوژی گوڵە گەنمی پەنجەکانت.
بکوژی بارانە سەوزو سورەکانت.
بکوژی بەخت و بکوژی لەشت!
پەریزادەکەم! دە ئیتر بۆ دوودڵی و بۆ ڕاماوی؟
لەم شەوە شوومەدا، لەم شەوە بەدبینەدا، وەختێتی ڕا بە و
عاشقە بکوژەکەت، دڵدارە چەقۆکەت، بارانە ژەهراوییەکەت،
گوڵە دوژمنەکەت، کە منم من..
بە سزای ئەبەدیی خۆشەویستیی بگەیەنە و
عاشقی نوێ و مێژووی نوێ و گوڵی نوێ بخوڵقێنە!
 
ئەیلولی 1992

 

1. بۆرەتار: تاریکایی سەرەتای ئێواران و بەیانیان
2. چەلاک: داری باریک و درێژ
3. هەوێز: مۆڵگە
4. یەکاو: شەت. چەمی گەورە کە لە چەند ئاو پێکهاتبن
5. دەمادەم: بەرەبەیان
6. دیرۆک: مێژوو
7. باداوە: کڕێوە، تۆف
8. گڕاوی: ماشقە (عاشقە و ماشقە)
9. دۆژەن: خەفەتی گەورە
10. ترافیە: ئاوارە و دەربەدەر
11. بنسان: کزبوون و ڕەنگپەڕینی مرۆڤ
12. زەنەک: شوێنی هەمیشە تەڕ
13. بەرپەسار: لاپاڵ
14. ئاڕووشە: بزۆز و جوڵەجوڵکەر

 

 

-------------------------------
دەقەکە لە https://www.vejinbooks.comوەرگیرراوە و لەگەڵ چاپی دووەمدا بەراورد کراوەتەوە. لێکدانەوەی وشەکان لە نامیلکەکەوە نووسراونەتەوە.
ئافات، شێرکۆ بێکەس، چابی دووەم، 2000

چەند دێڕێک لە کتێبێکی نوێی شێرزاد حەسەن

$
0
0
چەند دێڕێک لە کتێبێکی نوێی شێرزاد حەسەنHeminیش, 06/21/2020 - 09:11

 

"جوانییەک لە تووڕەبووندا"
دیدارێک بە تامی ژیاننامەوە

شێرزاد حەسەن
سازدانی دیدار: هیوا قادر
هاوینی ١٩٩٧- بەهاری ١٩٩٨
شاری تامپرێ/ فنلەندا

...
...

نووسین بۆ من سیپەلاک و سیی دووەممە کە هەناسەی پێ دەدەم، بێگومان بۆ من فیتنەی نووسین تەنیا لەوەدایە كە مێژووی شكست و هەرەس و نشوستی خۆم و ئەوانیدکە بگێڕمەوە. ڕەنگە کەسێک بپرسێت: ئایا پانتاییەک بۆ خۆشیی و سەرکەوتن و شکۆمەندیی نەبووە کە من ئاوڕی لێ بدەمەوە، بێگومان هەبووە، بەڵام من زادەی سەردەمی تراژیدیا و کارەساتە گەورەکانم، کە مەحاڵە ئەو کەم خۆشبەختییەی من دیومە لە خۆم و خەڵکی، بەراورد بکرێت لەتەک مەرگەساتەکانی مێژووی ئێمە، لەسەر ئاستی تاک و نەتەوە. من هەست دەكەم کە خیانەتم بە هەموو ئەو شتە خۆشەویستانە كردووە كە بەجێمهێشتوون.
من زۆر جاران لە خۆم و هاوڕێكانم دەپرسم: ئەرێ كوردستان ئەو باوكە دڵڕەقە بوو كە هەر هەموومانی ڕاو نا و لە ماڵ دەری کردین.. یان ئەو دایكە بێوەژنە بوو کە لە تەنیایی خۆیدا هەر هەموومان فەرامۆشمان کرد؟ كوڕانی سپڵە و ناڕەسەن بووین و دڵڕەقانە لە کەلاوەکەی خۆیدا بەجێمانهێشت، کە ڕەنگە بەسەریدا بڕووخێت؟!
من تا هەنووكە لە نێوان ئەو دوو وێنەیەدا: تیایدا ڕاماوم، لەوە دەچێت كوردستان: هەردووكیان بێت‌، بەڵام بۆ من پتر لەو باوكە دڵڕەقە دەچێت كە لە ماڵ، لە نیوەشەوێکی تۆف و باران و وەیشوومەدا، دەری كردم.

...
...

بەڵێ‌.. لە نۆڤلێتی "حەسار و سەگەکانی باوکم"دا باس لە ترسی مرۆڤی كورد دەكەم، ترس لە بەرامبەر ئازادیی، ئێمە لە ڕاپەریندا توانیمان بەندیخانەكانی دەرەوە بڕمێنین، وەلێ نەمانتوانی یەك دیوار لە بەندیخانەكانی ناو زاتی مرۆڤی كورد بڕمێنین، ئەوەش تاڵترین هەقیقەت بوو كە زۆرینە دركیان پێ نەكرد، دیارە "ئێریک فرۆم" واتەنی، ئاسودەگییەكی زۆر لە ملكەچكردن و نوچدان و پاشەكشێدا هەیە، خۆدانە دەست هێزێكی باڵا و  زێدە زاڵ ڕێگایەکە بۆ خۆڕزگاكردن لە لاوازیی و گرێی خۆ بەکەمزانین، هەڵاتنە لە پرسیاری ئازادیی و خۆ دزینەوە لە خەونی سەربەخۆبوون.

...
...

دەكرێت مرۆڤێكی سەرگەردان و خۆنەناس بم، دەكرێت‌ بە هەزار ڕایەڵی دیار و نادیار بە خەڵك و خاكی خۆمەوە بەسترابێتمەوە، کە هێشتا من نەمتوانی بێت ئەو ناوکە ببڕم کە منی بە دایکمەوە بەستبۆوە، کە ئەوەیان لە باری سایکۆلۆژییەوە جۆرێکە لە ناکامڵبوون و دەردەداری. دەكرێت‌ هەست بە مامەڵەی بیرۆكراتییانەی ئەم وڵاتە بكەم و پێم هەرس نەكرێت‌، بایی ئەوەندەی کە خۆم بناسم نامۆبوون و غوربەتەکە لە ناو خۆمدایە، کە ناهێڵیت لە هیچ شوێنێكدا ئۆقرە بگرم، بەڵام بە لایەنی كەمەوە بە سووتانی ئاگرەکەی ئەوێندەر‌ ڕاهاتووم.

...
...

-----------------
بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا، لە ڕێی 'غەزەلنووس'ەوە بڵاوبکرێتەوە.

 

مەرگان

$
0
0
مەرگانHeminیش, 06/28/2020 - 10:22
 
گوێم لە کۆکەکۆکی ئەو هەناوە بریندارەیە
ئارەقی ئەو ڕوخسارە دەسڕم..
ئەی تای گیانت بە گیانم!
ئاخ، هەناسەی ساردت بە سینەم!
ئۆی، لەهەمووکەس دوور، لە مەرگ نزیک..
دەبینی، ئەم ژیانی ناچارییە بە مەرگێکی
ناچارتری گەیاندین!
بە وێنەکەتدا دیارە،
سکەخشێی هەناسەی ئەم ژیانە..
گەیاندوویتییە کەناری مەرگ!
لەبری قەرەوێڵەی نەخۆشخانە،
لەسەر شۆستەی شەقامەکە کەوتووی!
بەڵا وەک مەرگان هاتووە،
ئەو هەموومانی خۆش دەوێ..
هەمووی بۆخۆی دەبا،
بە باوەشێکی بێزراو و
هەناسەیەکی خنکێنەرەوە هاتووە!
ئاخر هەزاران جار بە زیندوویی لەسەر ئەم
شەقامەدا تەنیا کەوتووین..
نازانم بۆچی لەوە دەترسین بە مردوویی لەسەر
شەقامەکە تەنیا بکەوین!
دنیا ماڵی وێران بووە،
جیهان لەم بێڕەحمییە پڕە!
ئاسمان واقی وڕماوە لە زەمەن..
زەوی کۆستی بەم هەموو لاشەیە کەوتووە..
نایەوێت ئەم هەموو دەردو بەڵایە بەو
بسپێرین!
Viewing all 244 articles
Browse latest View live