Quantcast
Channel: ماڵێک لە ئاسمان
Viewing all 244 articles
Browse latest View live

دانیشتن لەناو کتێبدا

$
0
0
دانیشتن لەناو کتێبداHeminهە, 01/15/2021 - 20:15

 

داگیرکردنی تاریکی
بەختیار عەلی
ڕانانی: بەکر ئەحمەد

20210103

کاتێک (تشارلی مارلۆ)ی پالەوانی "دڵی تاریکی" (جۆزیف کۆرنارد) لەسەر کەشتی هەڵمینی "یاوڵین"، بە ناو ڕووباری کۆنگۆدا بەڕێوەیە بۆ وێستگای سەرەوەی کۆمپانیای کۆڵۆنیاڵی یەکێک لە کۆلۆنییە ئەوروپییەکان، ئەو مەبەستییەتی چاوی بکەوێ بە نوێنەری کۆمپانیاکە کە میستەر کۆرتزە و لەوێ نیشتەجێیە. بەڵام وردە وردە هەست دەکات کە شتەکان لەشوێنی خۆیاندا نین. لەوێ چی دەگوزەرێت و چی دەکرێ، دەبیتە کرۆکی  وەسفکردنی کۆرنارد بۆ ئەم سەفەرەی کە لە کتێبێکی بچووکدا، گۆشەیەکی کەمی ئەم کۆلۆنییالیزەکردنەی بەشێکی ئەفریقامان نیشان دەدات.   
"دڵی تاریکی" بە یەکێک لە کلاسیکە گەورەکانی ئەدەب لە قەلەم دەدرێت بۆ نیشاندانی جومگەیەکی بچووکی پرۆژەی کۆلۆنیالیزم لە کۆنگۆدا. پرۆژەیەک کە لەسەر دەستەمۆکردن و بنبڕکردنی  "ئەوی دی" کێویە کە لە دەرەوەی سنوورەکانی ئەوروپای سپی و شارستانیدا نیشتەجێیە، تا بە پێی تێڕوانینەکانی پیاوی سپی، دەستەمۆ بکرێ و بکرێتە کەسێکی شارستانی.      
میستەر کورتز:" پاڵنەرێکی سەرەکی هەیە کە ڕق و ئاروزووە لە بەرانبەر ئەوی دی کێوییدا. ئەو  نزیکی خۆی  لەگەڵ دانیشتوانی خۆماڵی ناوچەکەدا وەک ئاکتێکی سێکسی سەیر دەکات و تەنانەت سنوورەکانی ئارەزوویەکی ڕێپێدراوانە دەبەزێنێ. ئەو بەرلەوەی سەفەری کۆنگۆ بکات، لە وتارێکدا دەنووسێ کە چۆن پیاوی سپی دەتوانێ ژیانی ئەفریقا و هاولاتییەکانی بگۆریت. بەڵام لە دوا بەشەکانی ڕۆماندا، پێشنیارێک بۆ میتۆدێک دەخاتە بەردەم. میتۆدەکەش هیچ نییە جگە لە سێ وشە:  Exterminate all the brutes. . بە کوردی: هەمو شەیتانەکان بنبڕ بکە!" (1)
"سڤێن ڵیندکڤیست" لە کتیبە بەناوبانگەکەی خۆیدا کە هەمان ناونیشانی پەیامەکە سێ وشەییەکەی میستەر کورتزی کۆرناردە لە دڵی تاریکیدا، جەخت دەکاتەوە لەوەی کە پرۆسەی هۆلۆکۆست لە ئاوشویتزەوە دەست پێ ناکات و ئەم تێروانینە بۆ ئینسان کە لە کوورەکانی ئینسانسووتاندندا جێی بۆدەکرێتەوە، قووڵ بە مێژووی ئەوروپادا ڕۆچووە. 
بە کورتی: "دڵی تاریکی" کۆرنارد، نیشاندانی دید و تێروانینێکی ڕاسیستی کۆلۆنیالیستەکانە لە بەرامبەر ئەوی دیدا، ئەوی کێوی، ئەوی ناشارستانی کە من لە خوێندنەوەمدا بۆ (داگیرکردنی تاریکی) بەختیار عەلیدا پێویستم دەبێت. 

 

"بەختیار عەلی" لە (داگیرکردنی تاریکی)دا  (2) وەک جۆزیف کۆرنارد، ئەم پرۆسەی سەرنجدانە "لەوی دی" لە شوێن و جوگرافیایەکی دیکەدا دەکاتە تەوەری یەکێک لەو ڕۆمانە گرنگانەی کە پرسی کەمایەتییەکی ئەتنی و کۆشش بۆ سڕینەوەی شووناسی ئەو لە دروستکردنی چوارچێوەیەکی کۆمەلایەتی نوێدا لە سەرەتاکانی سەدەی بیستی تورکیادا، بە هەمان پێوەرە ئایدیۆلۆژییەکانی میستەر کورتزەوە، دەخاتە بەردەستی خوێنەر. بە کورتییەکەی: ئامادەیی پرۆژەیەکی "ڕاسیستی زانستی" بۆ ماڵییکردن و دانانی "ئەوی دی" یان ڕاستتر "ئەوانی دی" لەودیو سنوورەکانی پێکەوەبوونێکی کۆمەلایەتیدا کە دروستکردنی جمهورییەتی تورکیای نوێ دەیهێنێتە پێش. بە بڕوای من، ئەم گۆشەنیگایە بۆ سەرنجدان لە کەیسی کوردەکان لە تورکیادا وەک ئەوەی لە "داگیرکردنی تاریکی"دا نیشان دەدرێ، دیدێکی تازەیە و دەچێتە دەرەوەی ئەو تێروانینە باوەی کە لەسەر ناسیونالیزمی کوردە. ئەم خاڵە دەکرێ وەستانی زیاتری لەسەر بکرێت و ڕوونکردنەوەی زیاتر بەشوێن خۆیدا بێنێ.    
ئەمجارەیان "تاریق ئاکانسۆ" دەبێتە جێگرەوەی "میستەر کۆرتز" و خۆرهەڵاتی تورکیاش دەبێتە ڕووباری کۆنگۆ. بەڵام سەفەر هەر هەمان سەفەرە و دوا ئامانجیش هەر هەمان  شت.

بورجی بابل
"هەموو جیهان یەک زمان و یەک جۆر قسەکردنیان هەبوو. ئینجا کاتێک بۆ ڕۆژهەڵات کۆچیان کرد، دەشتاییەکیان لە خاکی شینعار دۆزییەوە و لەوێ نیشتەجێ بوون.
ئینجا بە یەکتریان گوت: وەرن با خشت دروست بکەین و تەواو سووری بکەینەوە. ئیتر لە جیاتی بەرد خشتیان بەکارهێنا، قیریش لە جیاتی قوڕ. هەروەها گوتیان : وەرن با شارێک بۆ خۆمان دروست بکەین لە گەڵ قوللەیەک کە سەری لە ئاسمان بدات. ناوێکیش بۆ خۆمان دروست دەکەین، تاکو بەسەر هەموو ڕووی زەویدا پەرت نەبین. بەڵام یەزدان بۆ بینینی ئەو شار و قوللەیەی کە ئادەمیزاد دروستی دەکرد هاتە خوارەوە. یەزدان فەرمووی: ئەگەر هەموویان یەک گەل و یەک زمان بن، ئەوە سەرەتای دەستپێکردنیانە، هیچ شتێک لە لایان مەحاڵ نابێت، لەوەی مەبەستیانە بیکەن. وەرن  با بچینە خوارەوە و لەوێ زمانیان بشێوێنین. بۆ ئەوەی کەسیان لە زمانی ئەوی دیکەیان نەگات. ئینجا یەزدان لەوێوە بەسەر هەموو زەویدا پەرتی کردن. ئیتر وازیان لە بنیاتنانی شارەکە هێنا. لەبەر ئەمە ناو نرا بابل. چونکە لەوێدا یەزدان زمانی هەموو زەوی شێواند. هەر لەوێشەوە یەزدان بەسەر هەموو رووی زەویدا پەرتی کردن" (3)  
ئەمەی سەرەوە یەکێک لە چیرۆکە جوانەکانی تەوراتە لە پەیوەند بە دروستکردنی بورجی بابلەوە. لەم چیرۆکەدا خوا پەیوەندییە زمانەوانیەکانی نێوان ئینسان دەشێوێنێت و "بەلبەلە" دەخاتە نێوان ئاخاوتنیانەوە تاکو لە یەکتری تێ نەگەن. بە مەبەستی، وەک لە تێکستەکەدا ئاماژەی پێ دەکات، بڵاوەپێکردنیان و نیشتەجێبوونیان لە شوێنی دیکەدا تا فرەزمانی و دروستکرنی تیرە و قەبیلەی جیاوازتر بێتە بەرهەم. بێگوومان ئەمە لەبەر ڕۆشنایی تێکستێکی مێژووی نووسراودا کە لە پیرۆزی ئاینەوە دەئاڵێنرێت. 
بەڵام چەندەها سەدە لە دوای لافاو و نیشتنەوەی کەشتی نوح وەک دەڵێن لە کێوی "ئارارات" و بلاوەپێکردنی خواوەند بۆ ئینسانەکان کە لە ئێستادا بە زمانی جۆراوجۆر قسە دەکەن، لە ڕۆژگاریكی واهیدا، دەسەڵاتێکی سیاسی دێت و ئەم ڕیسەی خواوەند دەکاتەوە بە خوری و بە نیازە دۆخەکە بگێڕیتەوە بۆ ئەو زەمەنەی یەکزمانی باڵی بەسەر زەویدا کێشا بوو. 
"داگیرکردنئ تاریکی"، چیرۆکی کۆششی دروستکردنی یەک زمانییە لە تورکیای کەمالییەکاندا لە ڕێگەی لێسەندنەوە و بیربردنەوەی زمانی کوردییەوە لە سەرەتاکانی سەدەی بیستدا لەم وڵاتەدا. 
ئەوەتانێ ڕێک لە مایسی ساڵی 1945دا، "تاریق ئاکانسو"، یەکێک لە پاڵەوانە سەرەکییەکانی (داگیرکردنی تاریکی) بە مەئمورییەتێکی تایبەتی لە ئەستەنبوڵەوە ڕەوانەی باشووری خۆرهەلاتی تورکیا دەکرێت بۆ ئەوەی، یەکزمانی بکاتەوە بە ئامرازی ئاخاوتنی تیرە و قەبیلە جیاوازەکانی مەملەکەت.    
ئەو بەرلەوەی بێت: " چاوی بەسەرۆک کۆمار عیسمەت ئینۆنۆ کەوتبوو، دانیشتنێکی درێژ و داخراوی لەگەڵیدا سازکردبوو، فەرمان و هێزی لێ وەرگرتبوو زمانی تورکی لە هەموو خۆرهەلات و باشووری خۆرهەلاتدا بچەسپێنێت. " 
تاریق ئاکانسۆ بە وەرگرتنی ئەم مەئموریەتە تازەیەی، بەرپرسیارێتی وەک بەڕێوەبەری لیژنەی ئەمنیەتی زمانەوانی کۆتایی پێ دەهێنێت. ئەو لە کارە کۆنەکەیدا وەک فەرمانبەری لیژنەکە، فەرمانی بوو لە "ڕێگای پاککردنەوەی زمانی تورکییەوە لە هەموو وشەگەلێکی بێگانە، زەمینە بۆ دروستکردنی وڵاتێک ساز بکات، ڕەگەزێکی سافی تورک تێیدا نیشتەجێ بێت ، بێ هیچ ڕەگەزێکی تێکدەر و خوێنی پیس و عەقڵێکی جوداخوازانە."
ئەو کاتێک لە ئەستەنبوڵەوە بەڕێ کەوتبوو، بەو هەست و زانیاریانەوە هاتبوو کە : " لە ناوچە شاخاوییەکان و شوێنە سەختەکانی خۆرهەڵاتی تورکیادا هێشتا ئەو خێلانە دەژین کە گەشە و ئیرتیقای تەواویان نەکردووە. " 
فێرکردنی ئەم خێڵە نیشتەجێبووانەی خۆرهەڵاتی تورکیا بۆ شارستانی نوێ و ئیرتیقاپێدانیان، ئەو هێڵە سوورەیە کە بە جەستەی ئەم ڕۆمانەدا دەچێتە خوار و لەگەڵ چوونەپێشەوەی ڕووداوەکاندا، ئەم دیدە ڕاسیستییەی ئاکانسۆ ڕۆشنتر دەبێتەوە و خوێنەر هەستی پێ دەکات. 
ئەوەتانێ، "عەدنان عاریف پاشا" لە دانیشنێکی هاوڕێیانەدا لەگەل ئاکانسۆدا، پێی وایە هەر بەتەنها سڕینەوەی زمانی جانەوەرەکانی خۆرهەڵاتی تورکیا کۆتایی بە گرفتەکە ناهێنێ و بەڕوونی ئەو پەیامەی بۆ دەردەخات:" گەر دەتەوێت خۆت و منداڵەکانت لەم مەملەکەتەدا گیان بە باشی دەر بکەن ،ئەوەیان تێبگەێنە، پیشانیان بدە دیوارێکی ئەستوور لە نێوان ئێمە و ئەواندایە، دیوارێک دەبێ هەتا هەتایە بمێنێتەوە. هاتووم پێت بڵێم متمانە بە کەسیان مەکە،..... یەک یاسای دیکەش ڕەچاو بکە ، یەک شتی دیکەش بزانە، ئەمانە خۆیان چین شتێکی ترە، خۆیان مارن، دووپشکن، پشیلەن، کەروێشکن، کۆترن گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە تۆ دەبێ وەک جانەوەر تەماشایان بکەیت. تاریق ئاکانسۆ! فریو نەخۆیت، ئاگاداربە، جانەوەر دەستەمۆ ناکرێت، جانەوەر ڕاو دەکرێت. " 
لەپاڵ ئەم ئامۆژگارییەی عەدنان پاشادا، ئیتر ئاکانسۆ دیدە فاشیستیەکەی خۆی بە ئاستێکی باڵاتر دەگەێنێت و ڕاسیزمێکی پەتی دێتە ناو دیدگا و هەڵسوکەوتی ئەوەوە. چیرۆکی ڕاوشکاری ئاکانسۆ و گرتنی پڵنگی تینوو ورچی هەکاری بۆیە دێتە ناو داگیرکردنی تاریکییەوە و جێگایەکی تایبەتی لە هەڵسوکەوتی پاڵەواندا داگیر دەکات، چونکە ڕاسیزمی ئاکانسۆ پێویستی بەسەرنجدان "لەوی دی" هەیە وەک کێویەک، وەک دڕندەیەک یان "ئەوی دی کێوێ" کە لە ئینسانییەت خراوە، تاکو سنوورەکانی نێوان ئەمی شارستانی و ئەوی کێوی هەمیشە بە تۆخی بهێڵرێتەوە. پەیامێک کە تا کۆتایی ڕۆمان ئاکانسۆ وەفاداری دەبێت. 
لێرەوە ئیتر بە تەنها سیاسەتی تواندنەوەی کوردەکان لە ناو دەسەڵاتی تورکیای ناو ڕۆمانی داگیرکردنی تاریکدا، قەدەغەکردنی زمانەکەیان و تورکاندنییان، ئەوان ناکاتە هاوڵاتییەکی تورک، بەڵکو هەمیشە ئەوانی کێوی کە دەکرێ بە زمانی تورکیش بپەیڤن، هەڕەشەیەک بن و دەبێ ڕاو بکرێن. 
ئامادەیی ئەم ترسە گەورەیە کە بە ماڵیکردنی نێچیرەکەیشی ڕازی نییە، بە ڕۆشنی ناونیشانی داگیرکردنی تاریکیمان بۆ ڕوون دەکاتەوە. ئیدی دەبێ ئەو ڕووبەرەش لە تاریکی داگیر بکرێت کە دڕندەکان تیایدا ئازادن. ئایا کارێکی وا دەکرێ ئەنجام بدرێت، پرسیارێکە و خوێنەر خۆی دەتوانێ لە دووتووێی ڕۆمانەکەدا بەشوێنییەوە بێت. 

بەختیار عەلی لە داگیرکردنی تاریکیدا،  زەمەنی ئەم ڕۆمانە دابەش دەکاتە بەسەر دوو هێڵێ زەمەنی جیاوازدا کە لە 12ی تەمووزی ساڵی 1977وە دەست پێ دەکات و خوێنەریش لە چوونەناوەوەی ڕووداوەکانی دوای ئەم مێژووەوە ئاشنای مێژوویەکی دیکەی پاڵەوانە سەرەکییەکانی دیکەی ڕۆمان دەبێت کە سەروکارێکی گرنگی لەگەڵ ناوەراستی ساڵەکانی 1945دا هەیە. لەگەڵ چنینێکی وەستایانەی ڕووداوەکانی ئەم ڕۆمانەدا، ئەم دوو زەمەنە جیاوازە بەیەک دەگەن و لە ساڵەکانی نێوان 1978 و 1994وە، ئەم دوو مێژووە تێکەڵ دەبن.

12ی تەمووزی ساڵی 1977
"عیسمەت ئۆکتای"، بەیانییەک خەبەری دەبێتەوە و بە زمانێکی دیکە قسە دەکات کە زمانی دایکیی خۆیی نییە. ئەو لەمرۆوە تورکی بیردەچێتەوە و بە زمانی ئەو جڕوجانەوارانە قسە دەکات کە تاریق ئاکانسۆ لە ئیستەنبوڵەوە هاتووە تا لەبیریان بەرێتەوە.
بەڵام ئەو تەنیا نییە. لێرە و لەوێ، هەواڵی ئەم پەتایەی کە خەڵکانێک زمانی تورکییان بیر نامێنێت و بە زمانی کوردی دەپەیڤن، ئەو سیحرە ئەدەبییە جوانەیە کە بەختیار عەلی "ساراماگۆ"ئاسا لە خوێنەری دەکات. ئەگەر دروستکردنی جمهورییەتی تازە: یەک وڵات، یەک زمان، یەک ئاڵا، پەیامی ئاکانسۆیە کە نوێنەرایەتی تێروانینی دەسەڵاتی سیاسی جمهۆرییەتە، ئەوا لەبیرچوونەوەی زمان لای ئەو هاوڵاتیانەیشی کە خوێنی تورکی بە دەمارەکانیاندا دەگەڕێ، کاردانەوەیەکی هیستیریکی لای دەوڵەت و دەسەڵاتە نهێنییەکەی دەخوڵقێنێ کە تەواو شێتانەیە. شێتانە بەوەی کە هاوڵاتییانی تووشبوو بەم واگرەیە دەبێ لە کەرەنتینە بکرێن و وەک شێت مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت. ئاخر دەرکەوتنی زمانی کێوییەکان لە سەر زمانی هاوڵاتییانی ئەم وڵاتە تەواوی پرۆژەی: یەک دەوڵەت، یەک زمان، یەک ئاڵا دەخاتە بەر مەترسییەکی گەورەوە.  
لێرەوە، عەلی ئیحسان ئاکانسۆ، کوڕی بچووکی ئاکانسۆ دێتە سەر شانۆی ڕووداوەکان وەک وەرگێڕێک کە پێشووتر بە فەرمانی باوک فێری زمانی جانەوەرەکان کراوە، جێگایەکی گەورە لە ڕووداوەکانی ناو ڕۆماندا داگیر دەکات.
 

زەبروزەنگ وەک برینێک لە ناخدا
بەختیار عەلی لە داگیرکردنی تاریکیدا ، بە تەنها زەبرەوزەنگی کردەی داگیرکردن لەسەر جەستەی قوربانییەکان جێ ناهێڵیت، بەڵکو بارە سایکۆلۆژییەکەی ئەم بێزمانکردنەی ئینسانەکان لە ڕیگای بەشێک لە پاڵەوانەکانەوە بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە نمایش دەکات.
زەکی ڕەزا باکلان، باشترین نموونەی خوێندنەوەی کاریگەری دەروونی ئەم پرۆسەی لەبیربردنەوەی زمانە کە خوێنەر کێش دەکاتە ئەودیوو سنوورەکانی ئازاری جەستەوە و لە ناخەوە ڕای دەچڵەکێنێ. :"بەڵام من هیچ کەس نازانێت تورک نیم، هیچ کەس نازانێت. من هەموو تورکەکانم خەڵەتاند، هەموو وا دەزانن تورکی ڕەسەنم، تەنیا کەسێک ناتوانم بیخەڵەتێنم خۆمم. من هیچ کەس بە بچووکی سەیری نەکردووم، کەس پێی نەگوتووم تۆ مەخلوقێکی کەمتری لە ئێمە، چونکە لە منداڵییەوە باوکم فێری کردم چۆن وەک تورکێکی ڕەسەن خۆم دەربخەم، ئەو قسانە بکەم تورکەکان پێیان خۆشە. ڕۆژێک بووم بە میت بۆ ئەوە بوو خۆم لەخۆم ىشارمەوە، بۆ ئەوە بوو فێل لە خۆم بکەم و بڵێم زەکی ڕەزا تۆ تورکێکی ڕەسەنیت.....من کەس وەک شتێکی نزم سەیرم ناکات، خۆم نەبێت. بەڵام ڕاستی من بۆیە خۆم نزم سەیر دەکەم چونکە خۆم بە شتێک سەیر دەکەم ئەوە نیم، وەک شتێکی ڕاستەقینە لە مندا هەبێت و شاردبێتمەوە، وەک ئەوەی هەموو ژیانم دەمامکێکم لەسەردا بێت و نەتوانم دای بکەنم. عەلی ئیحسان گەر ئەو زمانە فێر نەبم، ناتوانم دەمامکەکە دابکەنم."

پرسیاری شوناس 
خاڵێکی تر کە دەکرێ ئاماژەی پێ بدرێ، ئەوەیە کە بەشێک لە پرسیارە گرنگەکانی دەسەڵاتدارانی دەوڵەت لە داگیرکردنی تاریکیدا لەسەر ئەوەیە کە کێ تورکی ڕەسەنە و کێ وا نییە، هەندێک لە پاڵەوانەکانیش لە نێوان  پرسیارەکانی من کوردم یان تورکدا دێن و دەچن. بۆیەش  دەکرێ پرسیاری شوناس بکرێت بە یەکێک لەو پرسیارانەی دی کە داگیرکردنی تاریکی لە دەووری دەسوڕێتەوە. بە بڕوای من، مەراقی عیسمەت ئۆکتای و ڕەزا باکلان، بۆ ئەوەی یەکەمیان بێتەوە بە تورک و دووەمیشییان بە کورد لەسەر بناغەی فڕێدانی شوناشێک و بەدەستهێنانی شووناسێکی دیکە نییە وەک لە ڕووکەشدا خوێنەر دەکرێ بەو دەرئەنجامە بگات. ئەگەرچی لە هەردوو دۆخەکەدا جەبرێک ئامادەیی هەیە کە بۆ ئەوەی یەکەمیان (عیسمەت ئۆکتای) تورکی بە ناچاری بیر دەچێتەوە و دووەمیشیان (ڕەزا باکلان) بە شوێن خەونی بەدەستهێانی ئەو زمانەوەیە کە لە ناخیدا چەپێنراوە و بیریان بردۆتەوە. بەڵکو پرسیاری شووناس لەم ڕۆمانەدا لەسەر بەدەستهێنان و قبووڵکردنی گەرانەوەیە بۆ زەمەنێکی بەر لە شوناس،  زەمەنی ڕووتبوونی ئینسان و بێبەرگی ئەو. دواتریش چ بەرگ و ڕەنگێکی دیکە بەسەر ئەم شوناسە ئینسانییەدا دەدرێت، جێگایەکی ئەوتۆی نییە چونکە لە بناغەوە ئینسان، ئینسانیبوونی خۆی دۆزیوەتەوە و دووچاری دووکەرتبوونێکی سایکۆلۆژیی نابێت. ئەم تێروانینە بۆ پرسیاری شوناس، کردنەوەی پرسیاری شوناس و دانەخستنی وەک ئەوەی لە تێروانینی دەسەڵات و بەشێک لە کاراکتەرەکانی ڕۆماندا بەرجەستەیە، خاڵێکی درەخشاوەی ڕۆمانە و  وا دەکات خوێنەرێکی کورد یان تورک کە ئەم دیدەی بۆ لەخۆڕوانین پێ قبوڵ نەبێ، بەڵام ئاگاهییەکی تازەی پێ دەگات کە دەتوانێت بگەرێتەوە سەری. دۆخێک کە خوێناویبوونی کۆمەلگا بەهۆی تەسکبوونی بەرگی شوناسەکانیانەوە، ئەم ڕووتبوونەوەی ئینسانی لە هەموو شتێکی دیکە بۆ پێویستتر دەکات. 
ئەوەتانێ لەبەرابەر هات و هاواری ڕەزا باکلاندا بۆ ئەوەی مرۆڤە لەبیرکراوەکەی خۆی ببینێت و فێری زمانی کوردی ببێتەوە، عەلی ئیحسانی بەچکە میت و جەلادی زیندانەکانی دیاربەکر، لە ئاخاوتنێکی هەتا بڵێی سەرنجڕاکێشدا، گوومانی لە کردەوەیەکی واهی هەیە کە ئەگەر چین دوای چینیش ئەو مەخلوقە بشکێنێت دەوڵەوت لە منداڵییەوە لە ناویدا دروستی کردووە، دەکرێ لە ژێر دوا چیندا چی هەبێت:" گەر وابێت خۆت وێران دەکەیت و ناگەیتە هیچ. من باوکم وا هەستی دەکرد لە ناخی مندا، لە قوڵایی قوڵایی مندا تورکێکی ڕەسەن هەیە، وا دەکات من تورکێکی ئەبەدی بم، من خۆشم تا ماوەیەکی زۆر هەر وام هەست دەکرد، بەڵام ڕاستی هیچ لە ناخمدا نییە، تۆش هیچ لە ناختا نییە، لە ناخی مرۆڤدا تەنیا مرۆڤ هەیە، تورک و کورد و ئەرمەنی بوونیان نییە".

گیاکەڵەکانی دیکە
لە داگیرکردنی تاریکیدا ئەوە بە تەنها جڕوجانەوەرەکانی خۆرهەلاتی ئەنادۆڵ نین کە دەبێ ڕام بکرێن و بکوژرێن، بەڵکو گرێکییەکان، ئەرمەنییەکان، سۆشیالیستەکان و سەندیکالیستەکان... بەشێکی دیکەی ئەو گیاکەڵانەن کە جمهورییەتی تازە ناتوانێت لە ناوخۆیدا جێیان بکاتەوە. ئاخر ترس لەوی دی و دەوڵەتێک کە یەک زمان و یەک ئاڵا و یەک دەوڵەت بە شوێنیەوەیەتی، هەموو ئەوانە دەکاتە ئەو مەترسییە نەبینراوەی کە هەمیشە دەبێ دەوڵەت لە ئامادەباشییدا بێت لە بەرابەریاندا. 
لاکردنەوە لەم گرفتە جۆراوجۆرانەی دی ناو هەناوی جمهورییەت کە قەوارەی ئەم ڕۆمانە هێندەی دی گەورەتر دەکات، تابلۆیەکی گەورەتر پیشانی خوێنەر دەدات تا ڕۆشنتر ئەو مۆزایکە ببینێت کە سیاسەتی ڕەسمی دەوڵەت دەیەوێ فرەرەنگی لێ بسەنێتەوە. ئەم وێنەیە، دەموچاوی "ئەوانی دیکە"ی ناو تورکیا زیاتر دەر دەخات و دیمەنێکی ڕۆشنتر بەدەسەڵات و ناوەڕۆکی ئەو دەدات.  
هێنانەناوەوەی خەون و مەراقی گروپە ئەتنی و بزووتنەوە سیاسییەکانی دیکەی ناو تورکیا بەو زانیاریانەی بەختیار عەلی لە ڕۆمانەکەدا پێشکەشی دەکات، دەرخەری ئەوەیە کە نووسەر چ ڕەنج و ماندووبوونێکی گەورەی لە بەدەستهێنانی زانیاریدا بە خەرج داوە. بەختیار بەم کۆششە نوێیەی، کۆکردنەوەی کۆمەڵی بابەتی گرنگتر کە هەریەکەیان دەکرێ کەرەستەی ڕۆمانێکی سەربەخۆ بێت لە دوو تووێی کتێبێکدا، تواناییە شەخسییەکانی خۆی هێندەی دی دەباتە سەر و نیشانی دەدات کە هیچ جوگرافیایەکی تایبەتی ناتوانێ ڕێگری ئەوەی بۆ پێک بێنێ تا بیکاتە سەرزەمینی ڕۆمانێکی نوێ. ئاخر خوێنەر لەم کتێبەدا هەر ڕووبەرووی زانیارییەکی هاکەزایی نییە لە بەرانبەر ناوی شوێن و گۆرانی و کەسایەتی سیاسی و هونەری کۆمەلگایەکی دیکەوە کە هی خۆی نییە، بەڵکو بەشێکی شاراوەی مێژووی قەتلوعامی گرێکییەکان و سۆشیالیستەکانی ئەم وڵاتە زیندوو دەکاتەوە و ئەم مێژووە  گرنگەی ناو تورکیا، لە ڕێگای پاڵەوانەکانی ناو داگیرکردنی تاریکییەوە، تیشکی دەچیێتە سەر.  

کاتێک جەللاد دەدوێت
بەختیار عەلی یەکێک لە نووسەرانی کوردە کە زۆرترین پەڕەی لەسەر پەیوەندی نێوان سەردار و کۆیلە، جەللاد و قوربانی ڕەش کردۆتەوە. دووبارە جەختکردنەوە لەم بابەتە، دەکرێ هەستی خۆدووبارەکردنەوەی نووسەر لای خوێنەر بەجێبێڵێ، بەڵام لە ڕۆمانێکدا کە دەربارەی سەردەستیی و ژێردەستەییە، ڕاسیزم و کێویە و دەربارەی یەکێک لە خوێناویترین جومگەکانی مێژووی نوێی تورکیایە، ناکرێ ئەم بابەت و پەیوەندییانە نەبنە تەوەری ڕۆمانەکە، ئەگەر بڵێم، شاتەوەری ڕۆمانەکە. بەڵام بەوەی بەختیار هەژموونییەکی گەورەی لە پەیوەند بە کارکردن لەسەر ئەم پرسیارانە هەیە، هەموو تواناییەکانی خۆی لە ئاستێکی باڵاتردا لەم ڕۆمانەدا تەرخان دەکات بۆ دووبارە سەرنجدانەوە لەم پرسیارە کە بە بڕوای من، دەرگایەکی گەورە دەکاتەوە لە بەرانبەر خوێندنەوەی داگیرکردنی تاریکیدا لە تورکیادا کە لە کۆمەلگای کوردستان زیاتر پێویستی پێیەتی بۆ ئەوەی بتوانێ بە نیگایەکی دیکەوە سەرنج لە خۆی بدات. 
نووسینی داگیرکرنی تاریکی بۆ بەختیار عەلی سەبارەت بە پەیوەندی نێوان مافی زمانداری و نەبوونی ئەو مافە لە کۆمەڵگای تورکیادا، وەک ڕۆیشتن وایە بە ناو کێڵگەیەکی میندا. نەبوونی دیدێکی هیومانیستانەی بەهێز لە کاتی تێپەڕین بە ناو ئەم کێڵگەی مینەدا، دەکرێ نووسەر بخاتە ناو بازنەکانی نەبوونی متمانەی خوێنەرەوە، کاتێک ئەگەری تاوانبارکردنی ئەو بۆ ئینتیما بۆ گروپی زمانلێزەوتکراوەکان وەک تارماییەک بەسەرییەوە، سێبەردەکات. بەڵام بەختیار عەلی لەم تاقیکردنەوەیەدا، بە بڕوای من زۆر سەرکەوتووانە دێتە دەر.   
با سەرنجێک لەم ئاخاوتنە سەرنجڕاکێشەی نێوان دوکتۆر سینان و عەلی ئیحسان بدەین لە جێگایەکی ڕۆمانەکەدا: (ڕاستی زۆر دەترسم، بەشی ئەوە گوناهی گەورەم هەیە کوردەکان لێم نەبوورن. هەندێ جار هەست دەکەم ڕۆژێک تۆڵەم لێ دەکەنەوە، ترسێکی گەرەم لەوە هەیە. دەزانیت چەندین ساڵ لەمەوبەر ئەفسەرێک چی پێ گووتم؟ گووتی: ترسناکترین ساتی مێژوو ئەوەیە کە قوربانی جەللادەکەی دەکوژێت". لێم پرسی بۆ وا دەڵێت، وەڵامەکەی ئەوە بوو:" چونکە ئەو ڕقەی لە مەچەکی قوربانییدایە کاتێک تەورەکەی دەکێشێت بەسەری جەللادا، زۆر لەو ڕقە گەورەتر کە لە دەستی جەللاددا بووە".    
داگیرکردنی تاریکی ناکرێ وەک تۆلەی قوربانی لە جەللاد سەرنجی بدرێتێ، بە تایبەت لە بوونی ئەگەرێکی وادا کە گوایا ڕۆمان لە زمانی زمانلێزەوتکراوەکانەوە دێتەگێڕانەوە. بەڵکو ئەم ڕۆمانە کۆششێکە بۆ ئەوەی جەللاد و قوربانی لە دوای میراتی ئاکانسۆ و جەنەراڵەکانی دین و سوپاوە، پێکەوە لە بەرانبەر ئاوێنەیەکدا ڕاوەستن و لە ڕووخساری یەکدی ورد ببنەوە. 

تاقی ناو دیوارەکە (4)
ڕۆژگارێک لە مەیدانی سەرەکی گەورەی پایتەختی عوسمانییەکاندا، لەسەر دیوارێکی نزیکی مەیداندا، تاقێک لە ناو دیوارەکەدا دروست کرا بوو.  لەو تاقەدا، کەللەسەری ئەو یاخیی و شۆڕشگێرانەیان دا دەنا تا خەڵکی سەرنجی لێ بدەن و بزانن دەرئەنجامی سەربەرزکردنەوەیان لە بەرانبەر دەسەڵاتی خەلافەتدا ، سەریان بە کوێ دەگەێنێ. ئەم تاقە، هیچ کاتێک بێ کەللەیەکی سەربڕدراو نەبووە. ئەوەتانێ "تونجی هەتا" لە دەشتاییە تاریکەکانی ناو بالکانەوە، بە خۆیی و عەرەبانەی ئەسپەکان و سندوقی پڕ لە سەهۆڵ و کەللەسەرێکەوە، بەڕێوەیە تا سەری بڕدراوی "عەلی پاشا"، کە نوێنەری سوڵتانی عوسمانی بووە لە ئەلبانیا بگەێنێتە پایتەخت.
"تونجی هەتا" بۆ گەیاندنی کەللەی عەلی پاشا بۆ پایتەخت، بە ناو زۆنە جۆراوجۆرەکانی ژێر دەسەلاتی خەلافەتدا دەڕوات و ئەو تاریکی و بێدەنگییە دەبێنێت کە دەسەڵاتی سوڵتان لە سڕینەوە و زمانلێسەندنەوەی هاوڵاتیانی ناو زۆنە جۆراوجۆرەکانی مەملەکەتدا، دروستی کردووە. 
ئەمەی سەرەوە کورتەی ڕۆمانی" تاقی ناو دیوارەکە"ی (ئیسماعیل کادارە)ی نووسەری ئەلبانیایە بۆ دەرخستنی ئەو بەربەرییەتەی کە دەسەلاتی سوڵتانەکان لە بالکاندا خوڵقاندبوویان.
ئەو بە وردی ئەو سیستەمە نیشانی خوێنەر دەدات کە چۆن سڕینەوەی زمانەکان و ئەو دەستگا و ئیدارانەی لە دەوری سازکرا بوو کار دەکات. 
بەختیار عەلی لە داگیرکردنی تاریکیدا، ئەم نەخشەی سڕینەوەی زمانە لە مەملەکەتی بچووکبووەوەی دوای خەلافەت و دروستکردنەوەی جمهوریەتی تازەدا لەلایەن دەسەڵاتدارانی تازەوە، بەشێوەیەکی فراوانتر و وەستایانە، لە بەرانبەر زمانێکی تایبەتیدا، دەکێشێت و ئەو ترس و بێدەنگی و بێزمانییەی ناو کۆماری ترس، لە ئەفسانەیەکی مۆدێرندا پیشانی خوێنەر دەدات. 
دەڵێن: نیگارکێشی چینی "هو تاو تزو" ڕۆژێک لە زەمەنی دەسەڵاتی فەرمانڕەوایی بنەماڵەی "تانگ"ەکاندا، سەرنج لە تابلۆیەکی تازەکێشراوی سەر دیوارەکەی بەردەم خۆی دەدات. لە پڕێکدا دەستی دەدات بە یەکدا و دەرگای پەرستگاکانی ناو نیگارەکە دەکرێنەوە، ئەویش دەچێتە ناو تابلۆکەی خۆیەوە و ون دەبێت.
من کاتێک لە خوێندنەوەی "داگیرکردنی تاریکی" دەبمەوە، ئەو کاتەی کتێبەکەی بەردەستم دادەخەم، هەست دەکەم ئەم کتێبە دەبێتە تابلۆیەکی گەورەی بەردەمی من و بێ هیچ ئەرک و زەحمەتلەخۆکردنێک، تەنانەت بێ هیچ چەپڵەلێدانێک کە "هو تاو تزو" پێویستی بوو بۆ ئەوەی دەرگای ناو تابلۆکەی بۆ بکرێتەوە،  دەچمە ناو تابلۆی " داگیرکردنی تاریکی"یەوە. ڕاستتان دەوێت، من خۆیشم نازانم، کەی تیایدا دێمە دەر.

1. http://www.litteraturmagazinet.se/joseph-conrad/morkrets-hjarta/recensi… 

2. بەختیار عەلی، داگیرکردنی تاریکی ناوەندی ڕەهەند 2020
3. کتیبی پیرۆز بیبلیکا لاپەرە 12 2017
4. Nischen i muren Ismail Kadare Bonniers 1986
5. Myten om Wu Tao-tzu Sven Lindqvist Norhaven Paperback A/S 200    

 


دیداری 'شێرزاد حەسەن' لەگەل بەرنامەی 'پەنجەرە'

بەشێک لە تێکستەشیعری ( ئاڤیار .. یان گەڕانەوەی باوکم لە جەنگ)

$
0
0
بەشێک لە تێکستەشیعری ( ئاڤیار .. یان گەڕانەوەی باوکم لە جەنگ) Heminیش, 07/04/2021 - 15:46

 

( سەرنجی پێش خوێندنەوەی تێکست :
- ئاڤیار :  کەسێک کە هەمیشە ئاسوودەیی خەڵکی بوێت و حەز بکات یارمەتییان بدات .
- باوکم : چایخانەی هەبوو لە شەقامی پیرەمێرد لە سلێمانی ..من شانازیی بە ماندوێتیی ئەو پیاوە جوامێرەوە دەکەم .
- حەمە تەماتە : کەسێکی رۆحسووک بوو هەمیشە لە دەوروبەری شەقامی پیرەمێرد و بەردەرکی سەرای سلێمانی دەسووڕایەوە ..خۆبەخشانە ، حەزی دەکرد هەواڵی خەڵکی بە یەکتر بگەیەنێ .
- کەریم عوسمان : هاوڕێی هونەرمەندی شەهیدم ، لە ڕووداوەکانی شەڕی ناوخۆدا گۆڕغەریب کرا.
- مەڵکەندی : گەڕەکێکی دێرینی سلێمانیی و بەشێکە لە مێژووی ژیانی منداڵیی و گەنجێتی من
- سەباح ڕەنجدەر :  یەک لە ڕاستگۆترین هاوڕێی دێرینی شیعر و ئەمەک و جوانیی.
- مامۆستا عەزیزی مەلای ڕەش - لە ڕێی نووسینەکانی ئەم زاتەوە ، ئاشنای جوانییەکانی ئیدیەم و شێوەزاری هەولێرییان بووم
- خودا داد عەلی ، شکوری خەیات ، هابە : سێ زاتی دەنگخۆشن ، کە دەچڕن ، بەردیش گوێ دەگرێ ).
--------------------------------------------------------
(بەشێک لە تێکستەکە )
کردوومەتە عادەت
عەسرانی یەکشەمموان ،
لەم عوزلەتە ئەبەدییەی (ئوسترالیا) م ،
لە جیاتی وەی
وەک جاران بۆ نیشتمان بگریم ..
سەیری فیلمێکی نایاب دەکەم !
یەکشەممەی رابوورد
تەماشای فیلمی (پیانۆژەن) ،
کە بە ئینگلیزیی
پێی دەڵێن (The Pianist) م دەکرد.
لە پڕ دەنگی لێدانی دەرگا هات .
کە چووم بیکەمەوە
باوکم بوو !
بەدەم کردنەوەی دەرگاوە
وتم ؛ باوکە دیارە ئەمرۆ
زوو چایخانەکەت داخستووە
دیارە دیشلەمە خۆرەکان
ئەوانەی لە خەونیش دۆمینە دەکەن ،
لەوێ نەبوون !
دیار بوو قسەکەمی پێ گران بوو ..
وتی : کوڕم دیارە ئەو پەتای شیعرەی
گرتووتە ، تووشی نەخۆشیی
لەبیرچوونەوەی کردوویت !
چایخانەی چیی و
دۆمینەی چیی !
ئەوە چەندین ساڵە منیان
ڕاپێچی جەنگە شوومەکەی
نێوان عێراق و ئێران کردووە .
ئەو جەنگەی هەشت ساڵی خایاند
بەڵام عومری نەوەیەکی
کردە هەشتا ساڵ !
کوڕم ،
ئێوارەیەکی درەنگ
هێشتا قۆرییەک چاییم بۆ فرۆشتن
مابوو
نەیانهێشت ئاگری وەجاخەکەش
خەفە بکەم ..
بردیانم .
هەر هێندە فریاکەوتم
هاوارێک لە (حەمە تەماتە )
کە لەو ناوە دەسوڕایەوە
بکەم و پێی بڵێم :
حەمە بچۆ بە جەمال بڵێ
منیان ڕاپێچی جەنگ کرد !
بمبەخشە باوە گیان
سوێند بە ئەگریجەکانی نەنکم
کە دایکی تۆ بوو ، 
بە چڵێک ڕەیحانەوە خۆی هەڵواسی !
سوێند بە گیانی دایکم
کە تۆ ، هەتا جارێک ماچت دەکرد ،
بە پێی کلتووری سەقەتی خۆمان
بۆ ئەوەی سەرکوێر و بێ زمانی کەیت
دەیان جار ئەتدایە بەر شەق و زللە !
سوێند بە گیانی خۆت
من نەمزانیبوو لە جەنگیت !
هەر وام دەزانی
لە شەڕی براکاندا
لە (دێگەڵە) بە دیل گیرایت
یان لەگەڵ هاوڕێم (کەریم عوسمان)
تۆش گۆڕ غەریب کرایت !
ئای حەمە تەماتە !
بۆ زووتر نەهاتیت ئەم خەبەرەم
بدەیتێ ..
من دەبوو زووتر
پێش ئەوەی سەفەر بکەم بۆ وڵاتی (شام)
هەواڵەکەم بزانیایە !
لەم خەیاڵە غەمگینانەی خۆمدا بووم ؛
باوکم وتی ؛ ڕۆڵە جامێ ئاو بخەرە فریام
وەختە لە تینوان بخنکێم ..
من چیی لە خەیاڵ و لە فرمێسکی تۆ
بکەم !
منیش هەندێ ئاوی کارێزەکەی مزگەوتی
(مەڵکەندی) کە لە بنی مەرکانەکەی
حەوشەدا مابوو ، دامە باوکم !
وتم باوە : وەرە پێکەوە
گوێ لە ژەنینی پیانۆ بگرین
پیانۆ لە جەنگ مەزنترە باوە !
باوکم وتی :
واز لەم رۆمانسیەتە بهێنە
پەرداخی تەمەن بخەرە
بەر ئەو بارانەی وەک فرمێسکی
من دەبارێ !
ئەم دڵناسکییەی تۆ
بە کەڵکی ژیان و سیاسەت نایەت !
ئاخر شەرحی تۆ لە کوێ و
شەڕە کورسیی کورد لە کوێ !
شەرحی دڵی تۆ لە کوێ و
بنێشتی نێو زاری جنێوفرۆشان لە کوێ !
وتم ، باوەگیان چۆن بەو هەرایەت زانی ؟
وتی : کوڕم ،
بەوەدا زانیم دونیا
خەریکە بە دەستی پیاوخراپان
وێران دەبێ
چونکە شیعر لەوێ نییە !
ئاخر شیعر لەوێ با ،
گوڵ گۆرانیی دەگوت !
مانگ ، بێدەنگیی
وردوخاش دەکرد!
ئەوە لە تاو بێ شیعرییە
هەموو ڕۆژێک
دارئەرخەوانێکی نازدار
خۆی دەکوژێ !
وای لە من ..
چۆن لەبەر
بێ حەیرانیی دەمرم  !
پێم وت : ئاخر باوە گیان
ئەگەر تۆ لێرە بایت
ئەم هەموو غەدرە نەدەکرا
مە ، ڕانەهاتووین
ئێواران بێ تۆ
لە دەوری سفرە و خوانەکەی
دایکم کۆ بینەوە !
ئەو دایکەی ، هەموومان
بە تۆشەوە کە ڕاپێچی جەنگ کرایت ،
بە جێمان هێشت !
تەسلیمی خودا و قەدەرمان کرد !
ئەو دایکەی
دڵی وەک بەردی ناو دەریا
ساف و لووس ببوو
هێند بە ئاوی حەسرەت و کۆست و
ئازار تەڕ ببوو !
باوە ! تۆ دەزانیت
هەتا ساڵی ڕابوردوو
من وامدەزانی تۆش
جارێ لە جاران زیارەتی
(مەککە) ت کردووە و
ئیتر لەوێ بوویت بە شاعیر .
من هەر وامدەزانی تۆ بوویتە شاعیر !
هەتا رۆژێک نامەیەکم لە
(سەباح ڕەنجدەر) ەوە پێگەیشت
رەنگی نامەکە پەمەییەکی تۆخ بوو.
سەباح نوسبووی :
جەمال گیان
بە پێی ڕیوایەتەکانی
مامۆستای بەویقار (عەزیزی مەلای ڕەش )
باوکت شاعیر نەبوو ..کەچی زۆر حەزی
لە شیعرە شەرابییەکانی (خەییام) دەکرد !
باوکت گەر شاعیریش بووایە
لەو شاعیرانە نەدەبوو
کە وەک دێوجامەی ڕاوەکەو !
دەبنە مەقاشی سیاسەت و
برادەرە شاعیرەکانیان
دەکەنە نێچیری ڕاوچییە ڕۆحکوژەکان !
ئەگەر باوکت شاعیر بووایە
لە ئێوارەیەکی مەڵکەندی دا
تەلەفۆنێکی بۆ «خودا داد عەلی» دەکرد و
پێی دەگوت ، شیعرێکم  نووسیوە
حەز دەکەم تۆ بیکەیتە گۆرانی .
گەر بە هۆی سەرقاڵییشتەوە بۆت ناکرێ
پێم وایە ، یەک لەم دەنگە زێڕینانە
خراپ نین :
(شکوری خەیات )یان (هابە)
یاخود بە کەیفی خۆت !
گەر باوکم ئەو شیعرەی نووسیبا و
(خودا داد)یش بیکردبا بە گۆرانیی ،
ئێستا من چیم دەکرد لەم غەریبییەی
«ئوسترالیا » !
گەر ئەو شیعرە هیی باوکم با ، 
لە کۆپلەیەکیدا دەیگوت :
تۆم هەبێ گوڵم ، باکم بە دۆزەخ نییە !
من لە دۆزەخ خۆی ناترسم ،
لەو پیاوخراپانە دەترسم
کە خێمەیان لەوێ
بە ناوی شەیتانەوە ، هەڵداوە !
لەم بەحری بێ بنەی خەیاڵاتی خۆمدا
نقوم ببووم ،
لە پڕ لە شەققەی مێشکوژەکەی باوکم
ڕاچڵەکیم
باوکم دەیویست مێشێکی گەورە
کە تازە بە ماڵەکە فێر ببوو ، بکوژێ !
وتم ؛ باوە گیان لێی گەڕێ
ئەو مێشە میوانێکی بێدەنگە
لە ترسی چەکدارەکانی
«جنوبی حەبەشە» هەڵاتووە!
هەمووی چەند رۆژێکی ترە و
ئەم دونیایە کە بۆتە تەویلەی وڵاخ ،
جێدەهێڵێت !
لێی گەڕێ باوە گیان ، لێی گەڕێ ..
ئەو مێشە
لە من و تۆ ماندووترە ، باوە !
-------------------------------------------------
ئوسترالیا - ئێوارەکانی تەنیایی2021 ی ئەدیلاید
(ئەم تێکستە ، ماوێتی).

فڕینی پیدرۆ لەبێکۆتادا

$
0
0
فڕینی پیدرۆ لەبێکۆتاداHeminیش, 07/04/2021 - 16:11

نووسینی: ئەنریک ئەندرسن ئەمبێرت
ئەنەلەیز و وەرگێڕانی: یوسف عزەدین

کورتە ئەنەلەیزێکی تێکستی فڕینی پیدرۆ لەبێکۆتادا

{نووسەر ئەوە دەنووسێت کەدەتوانێت و خوێنەریش ئەوە دەخوێنێتەوە کەدەیەوێت} بۆرخیس

ئەم تێکستە گێڕانەوەیەی نووسەری ئەرژەنتینی ئەنریک ئەندرسن ئەمبێرت، بەسەرهاتی ئەو پیاوەیە کەبا لەگەڵ خۆی بردی، تێکستێکە دەیەوێت قەناعەتت پێبکات کەهەر بەڕاستی کەسێک هەیەو ناوی پیدرۆیەو پاش تووش بوونی بەنەخۆشییەکی نەناسراو و دەستنیشاننەکراو لەڕووی زانستییەوە، هێدی هێدی کێشی بەرەو کەم بوون و دابەزین دەچێت و تا دواجار وەک پەڕی باڵندە یان باڵۆنێک با دەتوانێت بەرزیبکاتەوەو لەگەڵ خۆی بیبات!؟
دانەری ئەم تێکستە لەگەڵ شاراوەترین و کاریگەرترین خەونی دێرینی بنیادەماندا مامەڵە دەکات؛ ئەویش حەز و خولیای فڕینە.. توانیوویەتی ناوازەترین تێکستێکی ڕیالیزمی جادووییمان بۆ بخووڵقێنێت و لەفەزایەکی فراوان و بەرینی داهێنەرانەدا، فڕینی پیدرۆ بکاتە ڕووداوێکی نامەئلوف و سامناک!؟ 
دەکرا خودی نووسەر، ئەم بیرۆکە ناوازەوسەیرو سەمەرەیەی کەبەدابەزین وکەمبوونەوەی کێشی پیدرۆ دەست پێدەکات و دواجار دەبێتە هۆکاری بەرزبوونەوەو فڕینی؛ لەنووسینەوەی نۆڤڵێت و نۆڤێللا و ڕۆمانێکدا بەکاربهێنێت، بەڵام ئەنریک ئەندرسن ئەمبێرت وای نەکردووەو ئەگەر کەسێکیش بیەوێت ئەم بیرۆکەیە بدزێت و لەژانرێکی ئەدەبیدا تەوزیفی بکات، بەبێ ئاماژەدان و کەشفکرنی سەرچاوەی دزییەکەی، تەسەوردەکەم پێش هەر شتێک، بێ ئەدەبی و بێ ڕێزی بەرانبەر بەخوێنەرانی خۆی کردووە.. کەواتە هەرگیز نەیویستووە بۆ ئەو خوێنەرە نموونەییە بنووسێت کەئیمبێرتۆ ئیکۆ باسی لێوەکردووە!؟ یان تەسەووری نەکردووە، خوێنەرێکی زیرەک هەبێت و دزییەکەی کەشف بکات و ئیتر لێرەوە هەموو دیوارەکانی ئەو کۆشکەی ساڵانێکە بەدزینی ئەدەبیاتی جیهانی پێکەوەی ناوە، وەک پوولی دۆمینۆ یەک لەدوای یەک دەڕووخێت!؟
ئاشکراشە دزین جیایە لەکەوتنە ژێر کاریگەری، یان ئیلهام وەرگرتن لەنووسەرانی تر و یان زۆر شێوازی تری ڕێگەپێدراوی ئاشکرا، وەک تەوزیفکردنەوەی فیکرەیەک بەئاماژەکردن بەئەسڵ و فەسڵی سکچڕاڵە نێرێتیڤەکەی و دانەرەکەی.. وەک جەلالەددینی ڕۆمی دەفەرمووێت؛ هەرچییەک فێربووین بەهەڵەکانیشمانەوە، لەعەتارەوە فێربووین.. مەبەستی لەعاریف و شاعیر؛ عەتاری دانەری لۆژیکی باڵندەیە.
ئەنریک ئەندرسن ئەمبێرت، زۆر بەسادەیی و بێ گرێ و گۆڵ، بەخوڵقاندنی فانتازیایەکی تایبەت و تا ڕاددەیەک هاوشێوەی ئەو ئاڵوگۆڕەی بەسەر کەسایەتی گریگۆری سامسای کەسایەتی نۆڤێللای مەسخ- ی کافکادا دێت، ئاڵوگۆڕێکی تایبەت بەسەر پیدرۆی کەسایەتی سەرەکی کورتە نێرێتیڤی، فڕینی پیدرۆ لەبێکۆتادا دێت.. هەرچەند پیدرۆ وەک گریگۆری سامسا، نابێتە قالۆنچە؟! بەڵکو پیدرۆ هەر پیدرۆیە، لەشکڵ و شێوە بنیادەمییەکەی خۆیدایە و گەورەترین گرفتیشی دابەزینی بەردەوامی کێشیەتی، تا کار دەگاتە بەرزبوونەوەو فڕینی.. ئیتر بەناچاری پیدرۆ داوا لەژنەکەی دەکات:
{-    هیبە.. بێزەحمەت لاقم بەدۆڵابی کتێبەکانەوە ببەستەرەوە.. تا پزیشکەکە دێت و چارەیەک بۆ ئەم دەردەی من دەبینێتەوە..
هیبە گوریسێکی قەوی و پەیژەیەکی هێنا، بەتوندی گوریسەکەی بەلاقییەوە گرێداو توند بەرەوخوار ڕایکێشا.. جەستەی لەبنمیچەکە جودا بۆوەو وەک باڵۆنێک بەنێو ژوورەکەدا فڕی و پاشان نیشتەوە}.
ئەو گەمەیەی ئەم نووسەرە ئەرژەنتینییە لەگەڵ خوێنەری دەکات، جیاوازە لەگەڵ زۆر شێوازی دیکەی نووسینی ئەدەبیات، کەکەم تا زۆر و لەزۆر کاتدا بەمەبەستی درێژکردنەوەی مەودای تێکست، کۆمەڵێک وەسفی بێ کەڵک و پەرەگرافی زیادەو دیالۆگی بەزیاد تێ ئاخنراو و هەندێک شتی تری تێکەڵ دەکرێت؛ تا هێندەی نووسەر مەبەستییەتی درێژ    ببێتەوە. 
لەم تێکستەو تێکستە نێرێتیڤەکانی تریشیدا، ئەنریک ئەندرسن ئەمبێرت لەپانتاییەکی زۆر بەرتەسک و لەمیانی کەمترین وشەو دەربڕیندا؛ فراوانترین و بەرینترین شێوازەکانی گێڕانەوە دەخووڵقێنێت، ئەمە جگە لەوەی لەم تێکستەدا، پیدرۆ تا ئەوپەڕی فڕین؛ لەبێکۆتادا دەفڕێت و کۆتایی تێکستەکەش دەبێتە سەرەتاو دەسپێکێکی تری گێڕانەوەکە و بەتەواویی خوێنەر ڕووبەڕووی چەندین پرسیاری دیکە دەکاتەوە!؟
ئەلبێرتۆ مانگوێل دەڵێت:
{ کاتێک کیبڵینگ بەگەنجی لەهیندستان، هەوەڵین نێرێتیڤەکانی  خۆی نووسی، دەبا پەیوەست بایە بەو مەودایەی کەڕۆژنامەیەک بۆی دیاریدەکرد. بابڵێین ڕۆژنامەکە ڕێی داوە لەنووسینەکەیدا هەزار وشە تێپەڕنەکات؛ بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا سەرکەوتوو بوو لەنووسینی ئەو تێکستە ناوازانەدا، کاتێک پانتایی نووسین بەرتەسک کرایەوە، واتای ئەوە نییە ناتوانیت بنووسیت؟!}.
کەواتە هەرچەند درێژ دادڕی و زۆر بڵێی قەوارەیەکی بەرچاو لەدنیای ئەدەبیاتی گێڕانەوەدا داگیر دەکات، بەتایبەتیش لەئێستادا، بەڵام هەمیشە کەم تا زۆر کۆمەڵێک نووسەری زۆر باش لەدنیای ئەدەبیاتدا هەبوون، کەتوانیویانە لەمەودای کۆمەڵێک وشەو پەرەگرافی دیاریکراودا، فەزایەکی زۆر گەورەتر و کاریگەرتر لەفەزای زۆرێک لەڕۆمانە درێژەکان بخووڵقێنن! ئەنریک ئەندرسن ئەمبێرت، یەکێکە لەو گێڕەڕەوە  دەگمەنانەی کەبەمەبەست و لەپێناو دروست کردنی شێوازێکی نوێی گێڕانەوەی ئەنتی؛ بەهەر درێژدادڕی و زۆر بڵێییەک، جۆرێک لەکورت و چڕ و پوختکردنەوەی هاوچەرخانەی لەدنیای گێڕانەوەدا دا‌هێناوە کەهەر لەسەرەتاوە هەڵتدەداتە دەریایەکی بێ کۆتا لەماناو دەلالەت و سیمبۆل و خوێندنەوەیەکی نوێی کەڵچەریانە، بۆ هەموو ئەوەی لەدنیادا دەگوزەرێ!؟
چەند سەیرە هێدی هێدی پیاوێک کێشی کەم بکات و دواجار بفڕێت!؟ چەند سەیرە پێویست بکات وەک باڵۆنێک بەپەتێک بەشوێنێکەوە شەتەکی بدەیت، یان بەدەستتەوە بیگریت و بترسیت لەوەی کەنابێت پەتەکەت لەدەست دەربچێت، چونکە بوونی ئەو پەتە لەدەستدا گرەنتی مانەوەی ئەو کەسەیە لای تۆ و لەنێو خانەوادەو کۆمەڵەکەیدا.
دەشێت خوێندنەوەیەکی سەرپێی تێکستی فڕینی پیدرۆ لەبێکۆتادا، بەتایبەت ئەگەر خوێنەرەکەی وریاو بەڵەد نەبێت لەدۆزینەوەی کۆدەکاندا، بەلاڕێدا بمانبات و نەزانین ئەم تێکستە چەند سامناکەو بگرە زۆر سامناکترە لەو بەیانییەی کەگریگۆری سامسای تێدا دەبێتە قالۆنچەو دواتر چۆن دەنگی دەگۆڕێت و چۆن چۆنی لەشەرماندا لەپشت کەلوپەلەکانی ژوورەکەیدا خۆی دەشارێتەوەو چۆن چۆنی وامان لێدەکات، وەک خۆی هەست بەنامۆبوون و ترازانە ئەنتۆلۆژی و کولتووری و ژیارییەکان بکەین.
پیدرۆ لەجوگرافیایەکی بەرفراوانتر بەبەراورد لەگەڵ پانتایی ژوورەکەی کەسایەتی سەرەکی نۆڤێللای مەسخ هەڵدەسووڕێت؟ بەڵام سامناکیی کێش سووک بوونی بەردەوامی و ترسی لەفڕین، بەجۆرێکە کەخوێنەر دەزانێت، فڕین لای ئەو کارەسات و نەگبەتی و بەربوونەوەو خزان و هەڵدێرانە بۆ نێو بۆشاییەکی بێکۆتا!؟
نووسەری ئەم تێکستە لەساڵی  ١٩١٠دا هاتۆتە دنیاوەو لە ٢٠٠٠دا کۆچی دوایی کردووەو لەدنیای ئەدەبیاتی جیهانیدا نووسەرێکی بەنامێیەو تێکست و کتێبەکانی لەوانە کتێبی (میتۆدەکانی هەڵسەنگاندنی ئەدەبی)و (کورتە نێرێتیڤ / تیۆر و تەکنیک) وەرگێڕدراونەتە سەر زۆربەی زمانە زیندووەکانی دنیا.
لەزانکۆی هارڤاردی ئەمریکی ئوستادی ئەدەبیات بووەو لەساڵی ١٩٦٧دا بۆتە ئەندامی ئەکادیمیای ئەمریکی و لەساڵی ١٩٨٧یشدا بۆتە ئەندامی ئەنجومەنی ئەدەبیاتی ئەرژەنتین. 
***

فڕینی پیدرۆ لەبێکۆتادا

دوو مانگە وەک خۆیەتی، تا ئەو پەڕی مەترسیداربوون دەردەدارە، پزیشکەکەی لەم حاڵەی بێزارە، چونکە هێشتاکە نەخۆشییەکەی پیدرۆ، جۆرێکی پەنهان و نەناسراوە؛ هەر بۆیە نەیتوانی چارەسەری بکات و چاکبوونەوەی نەخۆشەکەشی دایە دەست قەدەر و ئەویش وردە وردە، ئارامی دڵ و دەروون و ئەو سوکنایەتییەی کەلەدەستی دابوو، بەدەست هێنایەوە.. بەڵام زۆر لەڕو لاواز بوو بوو، ئەمەش هەموو شتێک بوو.. پاش چەند هەفتەیەک لەخۆ مەڵاس دانی لەنێو جێگەدا، بەتەواویی شیفای بۆ هات و چاک بۆوە.. هەوڵیدەدا بیر لەلەڕ و لاوازییەکەی نەکاتەوە، بەڵام کاتێک گەیشتە ئەوەی هەست بەکێشی خۆی نەکات، بەژنەکەی وت:
    • هەست دەکەم ڕندو تەندروستیم باشە.. بەڵام نازانم بۆ وا هەست دەکەم، ڕواڵەت و شێوەم هیچ پێوەندییەکی بەمنەوە نەبێت!! کێشم سووک و لۆژە لۆژ هەر دەڵێی خەریکە ڕۆحم جەستەم جێ بهێڵێت.
    • پیر بوویت (لەوەڵامدا ژنەکەی وتی).
    • لەئێستادا پێدەچێت وابێت.  

لەسەرەخۆیی خۆی پاراست و لەپانتایی خانووەکەیدا لەجموجۆڵدا بەردەوام بوو.. خواردنی دایە مریشکان و ئالیکی لەبەردەم بەرازاندا ڕۆکرد، پاشان قەفەزی چۆلەکەکانی بەڕەنگێکی کەسک بۆیەکرد، دواتر دارو تەختەکەی بڕیەوەو بەعەرەبانەیەکی یەک چەرخەیی کەلەگەراجەکەوە هێنابووی گواستییەوە.
ڕۆژان دەڕواو جەستەی پیدرۆ تادێت سووکەڵەتر دەبێت.. شتێکی زۆر نامۆیە.. چاڵ و کلۆریی و بۆشاییەک لەناوەوەڕا، وایلێکردبوو هەست بەخاوبوونەوەیەکی بێزارکەر بکات.. ئەم خاوبوونەوەیەی بەباڵۆن و بڵقەهەوا دەچوو.
بەتوانستێکی باڵا؛ توانی باز هەڵبداتە سەر دیوارەکەو بەپەڕاندنی پێنج پلە، بەسەر پەیژەکەدا سەرکەوێت و بەخۆ هەڵدانێک سێوێکی لەبەرزایی درەختەکە کردەوە.
{- خاسبوونەوەت لەنەخۆشی، لەجاران زێدەتر دەچێتە پێش!!}

پیدرۆ زۆر ترسا، خێرایی جموجۆڵی؛ تووشی دڵەڕاوکێی کرد، چونکە بەلای ئەوەوە ئەو خێرایی جموجۆڵەی کەهەیبوو شتێکی ئاسایی نەبوو.. بەبێ ویستی خۆی لەسەر ئەم ڕیتمە بەردەوام بوو.. ڕۆژێکیان لەبازدانێکدا سەرکەوتوو بوو کەبەسەر پانتایی مەیدانی خانووەکەیانەوە، لەهەوادا بەهەڵواسراوی مایەوە.. ئەمە شتێکی نائاسایی بوو، بەڵام جێگەی سەرسامی نەبوو..
ئەو سەیرو سەمەرەیەی کەبەسەریدا هات، لەو بەیانییەدا بوو کەوەک هەر بەیانییەکی تر، ڕاهاتبوو بەوریایی و ئاگاییەوە هەنگاو بەرەو تەویلەی ئەسپەکان بنێت.. چونکە دەیزانی یەک پێداکێشانی بنەپێی بەعەرددا، بەس بوو بۆ ئەوەی هەڵبەزێتەوەو بەدرێژایی هۆڵی تەویلەی ئەسپەکان بەهەوادا بفڕێت.. هەر بۆیە قۆڵی لێهەڵکردو پاش ئەوەی خۆی دایە پاڵ قەدی درەختەکە، دەستی دایە تەورەکەو لەناکاو خۆی بەفڕێدراوی دوور لەتەورەکە بینییەوە.. تەورەکە هەڵیخەڵەتاند.. هەستیکرد کەئیدی دەفڕێت.. تاوێک ڕاوەستا، تا بڕوانێتە جێگیربوونی تەورەکە؛ ئینجا هێندەی بەرزایی بنمیچەکە لەهەوادا بەرزبۆوە، وەک پەڕێک هەوای پانکە بەرزیکردبێتەوە، کەوتەفڕین و پاشان بەهێوری گەڕایەوەو جارێکی تر لەشوێنجێگەیەکی سەر عەردە ڕەق و تەقەکە ئۆقرەیگرت. بەدەنەی کەوتەلەرزین و کاتێک باوەشی بەقەدی درەختەکەدا کردبوو، ڕەنگی مردووان لەڕووکاری نیشت.
خێرا ژنەکەی گەیشتە لای..

    • هیبە، هەڵگەڕامەوەو بەرەو ئاسمان فڕیم!
    • قسەی پڕوپووچ! هیچ بنیادەمێک نییە بەرەو ئاسمان هەڵگەڕێتەوە.. چیت لێ بەسەرهاتووە!؟

پیدرۆ دەستیکرد بەباس و خواسی ئەوەی بەسەریدا هاتبوو، تا قەناعەتی پێبهێنێت.. بەڵام ژنەکەی باوەڕی بەڕوودانی ئەو موعجیزەیە نەکردو سەرکۆنەی کردو وتی:

    • ئەمەت بۆیە بەسەردا هات، چونکە هەمیشە بیر لەوە دەکەیتەوە ببیتە یاریزانێکی سێرک.. چاوەڕێی ئەمەم لێدەکردیت.. ئەزیزەکەم یەک بازی لەم جۆرە، ڕۆژێک لەڕۆژان ملت دەشکێنێت.
    • نا.. نا.. (پیدرۆ جەختی کردەوە).. من ئێستا لێرەوە دەخزام و ئاسمان لەلای من وەک هەڵدێرێکی لێهاتبوو!!

پیدرۆ دەستی لەنێو قەدی ئەو درەختە بەردا کەخۆی پێ ڕاگیرکردبوو، باوەشی کرد بەژنەکەیداو لەڕێگەی بەرەو ماڵەوەیاندا، کردییە کۆڵەکەی خۆڕاگیرکردنی.

    • مێردە خۆشەویستەکەم (هیبە وتی).

لەکاتێکدا باوەشی بەجەستەیدا کردبوو، وەک ئەوەی حەیوانێکی بچووک بێت، ئاوا دەیگوشی.. خوازیار بوو، بەرەو مێرگەکە هەڵبێت و لەوێندەر خۆی حەشار بدات.

    • پیاوەکە، تۆ منیش لەگەڵ خۆتدا ڕادەکێشیت.. ئەوەتا بەمەبەستی هەڵفڕین، هەڵدەبەزیتەوە!!
    • دەبینیت، چەند ترسناکە لەمەوداکانی بینین بترازێیت! هیبە تەنها یەک جووڵەی ساناو سەفەری ئاسمان دەست پێدەکات.

دەمەو عەسر، پیدرۆ بەهێمنی دانیشتبوو، گاڵتەوگەپەکانی ڕۆژنامەیەکی دەخوێندەوە، لەناکاو لەناخەوە توند پێکەنی.. ئەم پێکەنینە ڕۆچووە نێو هەناوییەوەو پاشان وەک بڵقێک، بەچەشنی خستنەکاری بزووێنەری مەکینەیەک، لەهەڵکشانی بەرەو سەریدا تەقەی لێهەڵسا.. خۆشنوودیی و شادییەکەی، بەفڕینی؛ بووە ترس و هاوارکردن.
هیبە بەخێرایی فریای کەوت و توانی لایەکی پانتۆڵەکەی بگرێت و بەرەو زەمین ڕایکێشێت.
ئیدی هیچ گومانێکی نەما.. گیرفانەکانی پڕ لەبارستەقورسایی؛ بزماری گەورەو وردە ئاسن و قوڕقوشم و بەرد کرد.
بەهەرحاڵ، ئەم سەنگ و قورساییانە، کێشێکی زۆریان بۆ جەستەی زیادکرد.. خواروخێچ بەپلیکانەکاندا بەرەو ژوورەکەی ڕێیکرد.
بەناڕەحەتی توانی جلەکانی لەبەر خۆی دابکەنێت.. ژنەکەی گیرفانەکانی لەسەنگ و قورسایی خاڵیکردەوە.. پیدرۆ لەسەر جێگەکەی ڕاکشا، بەڵام چۆن ئەم دیوو ئەو دیو بکات لەپێخەفەکەیدا!؟ لەکاتێکدا دەستی بەکۆڵەکەی سیسەمەکەوە گرتبوو، بەژنەکەی وت:

    • هیبە.. دەبێت بەجێگیری بمێنمەوە، ناماقووڵە بەنووساوی بەبنمیچی ژوورەکەوە بخەوم.. سبەینێ بەیانی بانگهێشتی پزیشکەکە بکە، تا بزانێ چیمە؟! تا سەقامگیرو جێگیر بم؛ هیچم لێ بەسەرنایەت.. بەڵام کەمترین جووڵەو لەرزین دەمخاتە فڕین.
    • حەز دەکەیت کەمێک بەرەوسەر بەرزت بکەمەوە؟
    • نا سپاس ئاوا باشە.
    • هیوادارم شەوێکی شاد بەڕێبکەن.
    • هیبە گڵۆپەکە بکوژێنەرەوە.

بەیانی کاتێک هیبە چاوی کردەوە، پیدرۆی بەنووساوی بەبنمیچەکەوە بینی، وەک باڵۆن یان زارۆکێک بەباوەش هەڵگیرابێت خەفتبوو!!
   
    • پیدرۆ (هاواریکرد) لەبنمیچەکە وەرەخوارێ.

پیدرۆ بەترس و تۆقینەوە وەخەبەرهات.. گشت بەشەکانی جەستەی دەئێشان.. پێش ئەوەی بخەوێت، ماوەیەکی زۆر لەژێر پەتۆکەدا ئەملاو ئەولایکردبوو.. ویستبووی خۆی ئاوەژوو بکاتەوە.. هەوڵیدابوو بەرەوسەر خۆی هەڵبدات، بەڵکو بکەوێتە خوارەوە، بەڵام پەتۆکەی سەری بەرەو خوارەوە ڕایکێشابوو.

    • هیبە.. بێزەحمەت لاقم بەدۆڵابی کتێبەکانەوە ببەستەرەوە.. تا پزیشکەکە دێت و چارەیەک بۆ ئەم دەردەی من دەبینێتەوە.

هیبە گوریسێکی قەوی و پەیژەیەکی هێنا، بەتوندی گوریسەکەی بەلاقییەوە گرێداو توند بەرەوخوار ڕایکێشا.. جەستەی لەبنمیچەکە جودا بۆوەو وەک باڵۆنێک بەنێو ژوورەکەدا فڕی و پاشان نیشتەوە.
دەرکەی ژوورەکە کراوەبوو، تەوژمێکی هەوا جەستە سووکەڵەکەی پیدرۆی گسک داو وەک پەڕێک بەرەو پەنجەرەکە بەرزیکردەوە؛ هەموو ئەمە بەخێراییەکی سەرسامکەر ڕوویدا..
کاتێک گوریسەکە لەنێو دەستی خلیسکا، هیبە قیژاندی.. دەیبینی چۆن مێردەکەی بەپەنجەرەکەدا چووە دەرێ و لۆژە لۆژ وەک باڵۆنێکی ڕەنگاوڕەنگ، بەئاسمانی ئەو بەیانییەدا، توندو خێرا بەرەو سەر بەرزبۆوە.. دوورکەوتەوە تا بووە خاڵێک و پاشان لەبەر چاوان بزر بوو.

ژێدەر
    1-  سەرچاوەی وەرگێڕانەکەمان https://www.almothaqaf.com/index.php?option=com_content&view=article&id=62942&catid=162&Itemid=305
    2- سەرچاوەی نێرێتیڤەکە بەزمانی زگماکی نووسەرەکەیhttps://ciudadseva.com/texto/el-leve-pedro/


 

                                                                  
 

زرنگانەوەیەکی دوورەدەست لە ناو دێڕەکانی "شیرم بە تووتک حەڵال بێ"وە.

$
0
0
زرنگانەوەیەکی دوورەدەست لە ناو دێڕەکانی "شیرم بە تووتک حەڵال بێ"وە.Heminدش, 07/12/2021 - 21:30

 

23 ی حوزەیرانی ئەمسال، گەشتی ژمارە 4978ی "ڕایان ئەیر"، لە نێوان ئەسینا و ڤیلنیوسدا ناچار بە نیشتنەوە دەکرێت لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی مینسک.
بە پێی هەواڵەکانی دەوڵەتی ڕوسیای سپی، هەڕەشەیەک لە ناو فڕۆکەکەدا هەبووە و ویستراوە کۆنترۆلی دۆخەکە بکرێت. بەڵام لە ڕاستیدا هەموو ئۆپەراسیۆنەکە مەغزایەکی دیکەی لە پشتەوە بوو کە ئەویش  گرتنی "ڕۆمان پرۆتاسیڤیچ" بوو، گەنجێکی ڕۆژنامەنووسی چالاک و دەرکەووتوو لە پەیوەند بە ڕووداوە سیاسییەکانی ناوخۆی بیلاروس دا.
لە ڕاستیدا کردەوەی ناچارکردنی نیشتنەوەی فرۆکەیەکی مەدەنی بەمشێوەیە و دیلکردنی کەسێکی ئۆپۆزسیۆنی بیلاروس لەم ئۆپەراسیۆنەدا، لە کردەوەی چەتەکانی دەریا دەچێت، بەلام ئەمجارەیان وەک کردەیەکی چەتەیی لە ئاسماندا.
بۆ ڕۆژی دوایی، لە کەناڵێکی دڵسۆزی دەسەلاتەوە ڕۆمان پرۆتاسیڤیچ دەردەکەوێت و باس لە مامەلەی باشی پیاوانی ئاسایش دەکات و داوای لێبووردن دەکات. 
من کە دیمەنەکە دەبینم، بێتاقەتی دامدەگرێت. لەناو جەرگەی ئەوروپادا و نمایشکردنی شانۆگەرییەکی هێندە قێزەون و سووکایەتیئامێز بە ئینسان، جێگای نەفرەتە. 
بەڵام سەرنجڕاکێش ئەوەیە، ئەم هەستی ڕق لە سیستەم و دەسەلاتدارێتی دەوڵەتی بیلاروس و هاوخەمی و هاودەردی لەگەڵ ڕۆمان پرۆتاسیڤیچ دا، گێڕەرەوەی حەکایەتێکی هەتا بڵێی دڵتەزێنی عێراقم بیردەخاتەوە لە پەیوەند بە مامەلەکردن لەگەڵ گیراوەکانی ناو زیندانەکانی عێراقدا. یانی هەمان مامەڵەیەک بە زیندانییەکان و ناچارکردنییان بەوەی ئەوە وتانە دووپاتبکەنەوە کە دەسەلات خوازیاری بیستنییەتی. بەتایبەت لە دۆخی شیعرە بەناوبانگەکەی "موزەفەر نەواب"دا کە ناوی "پاکانە"یە. بەڵام سەیر ئەوەیە من تا پێش نووسینی ئەم وتارە، پێموانەبووە لە بەرانبەر ڕووخسارێکی پاکانەکردووی ناو شیعرەکەی نەواببدا ، هاوسۆزییەکم نیشاندابێ و وشەکانی دایکی کەسی پاکانەکردوو کە دەڵێ:
شیرم بە تووتک حەڵال بێ
نەک بەو کوڕەی کە پاکانەی لە خەیاڵ بێ
وەک هەڵوێستی دایکێکی شۆڕشگێڕلە یادەوەریمدا هەڵگیراون. 

سەرگوزشتەی شیعری "پاکانە" دەگەڕێتەوە بۆ رۆژگارێک کە حوکومەتی عێراق لەبەرانبەر وازهێنانی ئەندامانی حزبی شیوعی عێراقدا، پاکانەیان لێوەردەگرتن و لە رۆژنامەکانی دەوڵەتەوە بلاودەکرایەوە کە فلانە کەس وازهێنانی خۆی لە رێزەکانی حزبی شیوعی ڕاگەیاندووە. بێگوومان ئەم پاکانانە هەروا بەسەر زیندانیەکاندا فەرزنەکراوەو هەموو کولتووری ئەشکەنجەدانی خۆرهەلات لە پشتییەوە ئامادەیی هەبووە. شیعری پاکانەی "موزەفەر نەواب" هیچ شتێک نییە جگە لە هەڵڕشتنی ڕق و کینەیەکی گەورەی کۆمەلایەتی کە لە زمانی دایک و خوشکی گیراوەوە دێتە سەر زارلە بەرانبەر کوڕ و کچەکانی خۆیاندا ئەگەر پاکانەیان پڕبکردایەتەوە. 
بە کورتییەکەی، ئەگەر من و هەزاران خەلکانی دیکە هاوپشتی و هاوسۆزی بۆ کەسێکی گیراوی زیندانەکانی بیلاروس نیشاندەدەین و پێمان وایە کە کردەوەیەکی هەتا بڵێێ سووکایەتیئامێزە کاتێک کەسێک لەژێر فشاردا ناچاربکرێت دان بەشتێکدا بنێت کە خۆی خوازیاری نییە و لە ژێر هەڕەشە و گوڕەشەدا ئەنجامدراوە.  بەلام لە دۆخی گیراوی ناو زیندانەکانی دەسەلاتدارێتی عێراقدا ، ئەوانەی پاکانەیان کردووە وەک چۆن ڕۆمان پرۆتاسیڤیچی بیلاروسی کردوویەتی؛ ئەوا ڕووبەڕی ناشیرینترین سووکایەتی و پرۆسەی دەرکردنی کۆمەلایەتی دەکرێنەوە و شیعری پاکانەی موزەفەر نەوواب دەبێتە مانیفێستی ئەم جنێو و سووکایەتیپێکردنەی پاکانەچییان لە ڕێگەی خۆشەویستترین کەسانیانەوە کە دایک و خوشکی گیراوەکانن.

سەیر ئەوەیە ئەم شیعرەی موزەفەر نەواب لە ڕێگای وەرگێرانە سەرکەوتووەکەی "دڵشاد مەریوانی"یەوە و خوێندنی ئەم شیعرە بە گۆرانی لەلایەن ژمارەیەکی زۆری گۆرانیبێژانی کوردەوە، دەربڕێنی : شیرم بە تووتک حەڵال بێ، نەک ئەو کوڕەی کە پاکانەی لە خەیاڵ بێ، کردۆتە دەستەواژەیەکی هێندە کۆمەلایەتی گەورە کە ناتوانرێ و ئیمکانی نییە هاوسۆزییەکی ئینسانی لەبەرانبەر کوڕەی پاکانەکردوودا پەیدابکرێت. تەنانەت لە ناو بازنە نزیکەکانی خێزانیشدا کە دایک و خوشکی گیراون. ئەو تێروانینەی کە موزەفەر نەواب لەم شیعرەدا بە گوێی خوێنەریدا دەدات، بەر لەوەی دید و تێڕوانینێکی تایبەتی ئەو بێت بۆ سەرنجدان لە قوربانییەکی دەستی ڕژێمدا، تێڕوانینی باو و ترادیسیۆنی زاڵی کۆمەلگایەکە لە پەیوەند بە پرسیارەکانی شۆڕش و شۆڕشگێر و قارەماندا. من تا ڕووخساری ڕۆمانم لە تەلەفیزیۆنەوە نەبینی، ئەم شیعرەی موزەفەر نەوابم لە سووچێکی گەورەی یادەوەرییەکانی خۆمدا پاراستبوو و بە چاوێکی پر لە سەرسامییەوە سەرنجم لێ دەدا. بێ ئەوەی یەک لەحزەیش چاوم بچیتە سەر ڕووخساری کوڕێکی پاکانەکردوو و کە چ هەستێکی تیا دەبزووێ وەختێ دەسەلات و دایک و خوشک و هەموو کۆمەلگا لە بەرانبەریدا سەنگەریان گرتووە و جگە لە مردن هیچ ڕیگاچارەیەکی دیکەی پێ ڕەوا نابیینن. 
 بەلام لە دوای ڕووخسارە خەمناکەکەی پرۆتاسیڤیچەوە، شیعرەکە لە بەرگێکی دیکەدا دێتە بەرچاوم. کۆششی من لەم وتارەدا، نیشاندانی ئەو ڕووخسارە ڕاستەقینەیەی دەموچاوی کەسی پاکانەکەرە وەک قوربانیەک ئەگەرچی ئەو وەک تاکێکی شۆڕشگێر گیراوە و ناچاردەکرێت دەست لە ئینتیما شۆڕشگێڕییەکانی خۆی هەڵبگرێت لە ژێر فشاردا. دیدێک کە لەسەرتاپای قەسیدەکەدا ئامادەیی نییە و هەموو دێرەکانی قەسیدەکە دەبێتە دەنگی جەللادێک کە دەکرێ لە سەر کورسی دەسەلات دانیشبێت، یاخود دایکێک یان خوشکێک و کۆمەلگایەک بێت کەلە لەدەرەوەی زیندانە. تاکێکیش کە  تەنیا و تەنیا لە بەرانبەر هەموویاندا، سەرشۆڕ راگیراوە . 

سەرەتا با سەرنجێک لە هەندێک بەشی شیعرەکە بدەین.

قسەی دایک
کوڕم نائومێدم نەکەی
ڕەنجی ژینی کوللەمەرگیم بەبا نەدەی
ڕۆڵە نەکەی ورە بەردەی
ڕۆڵە نەکەی بە مەرهەمی خۆفرۆشی
زامەکانت ساڕێژ بکەی
زامدارێک خاوەن ورە بێ.. زامەکانی دژی مەرگ
وەک ڕەشەبا، وەک برووسکە.
وەک گەردەلوول دەگرمێنن
مەرهەمەکان ڕەفز دەکەن
سارغییەکان ڕەت دەکەنەوە و نەفرەت دەکەن
مەرهەم و سارغییان تەنیا ئاگر و ئاڵای شۆڕشە
هەڵمەتی سەخت و هێرشە
باوانەکەم، برینەکانت ئەوانە مەرهەمیانە
نەک «پاکانە»
چونکە دەڵێن:
بە بیانووی نان پەیداکردن
بۆ برسێتی ژیانی من
پاکانە پڕ دەکەیتەوە
وا هاتمە لات لە خۆمی ببیستە ڕۆڵە
شیرم بە تووتک حەڵاڵ بێ
نەک ئەو کوڕەی پاکانەی لە خەیاڵ بێ
کوڕم من حەز دەکەم گەڕ بم لە چڵکانا
ڕۆڵە من حەز دەکەم بمرم لە برسانا
ڕۆڵە من حەز دەکەم چاوەکانم کرمەڕێز بن لە زیندانا
بەڵام کوڕەکەم بەر نەبێ بە پاکانە
ڕۆڵە ئەوەی پاکانە پڕ دەکاتەوە
دووبارە کۆست دەخاتەوە
شەهیدەکان لە نوێ شەهید دەکاتەوە
ناوی پاکانە نەهێنی
سەرباری ئەم زەبوونییەم نەکەی شەرەفم بشکێنی
ڕۆڵە نەکەی ڕێگەی خۆت و هاوڕێکانت بیر چێتەوە
بمگووشە توند بە خۆتەوە
تەماشای پرچەکانم کە هەموو سپین
هۆن هۆن هەمووم هۆنیوە بۆ ڕەوابوونی تۆ بۆ ژین
بڵێ دایە.. سوێند بێ بەو پرچە سپییانەت
دڵۆپ دڵۆپ سوێند بێ بە شیری حەڵاڵی ئەو مەمکانەت
تۆ دایکمی سەری دایکێک نانەوێنم
بە شیری گۆشی کردبم
بینای حزبێک ناڕووخێنم
بە خوێنم گۆشم کردبێ
***

قسەی خوشک:
کاکە گەرمی و ساردی هەموو زیندانەکانم چەشتووە
هاتوومە لات، جنێو و تف و نەفرەتی
یاساوڵم بە داوێنم هەڵگرتووە
نزا و نزام ڕژانۆتە ژێر پۆستاڵی ژەندرمەوە
شیشی ژەنگاوی زیندانم بە زمانم لستۆتەوە
کەچی ئەنجام لە سووچی ڕۆژنامەیەکدا بە
پاکانە پڕکردنەوە
پاداشتەکەم دەدەیتەوە؟
ئەو خەڵکەش بیخوێننەوە!
هەتا ماوین قێز و بێزمان لێ بکەنەوە
بەبنی پێڵاوی نەفرەت شەرەفمان بپلیشێننەوە
ئاوا پاداشتی ئازار و شەونخوونی
من و دایکم دەدەیتەوە؟
چۆن لە ڕووم دێ بچمە لای ئەو
خوشکانەی کە چاوەڕوانن
تۆڵەی جەرگی سووتاویان بۆ بسێنی
وا هاتمە لات، لە خۆمی ببیستە کاکە
من حەز دەکەم ڕووم ڕەش کەیت و پرچەکانم بقرتێنی
بەڵام هەرگیز ناوی پاکانە نەهێنی
کاکە چی بکەین، بیر بکەوە کاکە چی بکەین؟
مەگەر زەوی قووتمان بدا
مەگەر ئاسمان هەڵمانکێشێ
ئەگینا چۆن لە ڕوومان بێ
دوای پاکانە، ڕوو نیشانی خەڵکی بدەین؟
لە ئاستی ژنی گەڕەکدا سەرهەڵبڕین؟
چۆن باست کەین؟
چۆن لایلایە بۆ تاقانەکەی خۆت بکەین؟!
کە تۆ هەموو گیانت پیسی بێ، سەرشۆڕی بێ
کاکە گەر ئەوە نیازتە بۆ لای ئێمە نەیەیتەوە
سیکتر.. سیکتر
پاکانەی ناو ڕۆژنامەکە و خۆشت.. سیکتر
ئێمە پیاوێکمان بۆ چییە.. کە پارچەیە
پیاوەتی پێشێلکراوی جەریدەیە
هەر بە ڕۆژنامەکەی لای خۆت
بێ ئابڕوویی و سەرشۆڕی خۆت بپێچەوە
هەتا تۆ هەی لە زەلکاودا بتلێرەوە
بەڵام هەرگیز بۆ لای ئێمە مەیەرەوە
چۆن پاکانە لە گەل دەکەی
ئێمەش هەروا پاکانە لە ناوت دەکەین
دەڵێین ئەی گەل: ئەم سەرشۆڕە چاوان پڕ لە زەلیلییە
کوڕمان نییە، کاکمان نییە کەسمان نییە

ئینسان پێویستی بە ڕیزکردنی هەموو ئەو دەربڕینانەی سەرەوەی نییە بۆ ئەوەی لە ناوەڕۆکی ئەم پرۆسەی سوکایەتی و بێشەرەفنیشاندانەی کوڕ و برای خۆ تێبگات کاتێک دەگەیتە کۆتایی قەسیدەکە.

بەڵام بۆچی قوربانی دەبێتە شوێنی سوکایەتی؟ بۆچی لە نەبوونی ئازادییە سیاسی و ئازادی بەیان و هەموو ئەو ئازادیانەی تردا تاکەکانی کۆمەلگا باجێکی تری نەبوونی ئەم ئازادییانە بدەن کاتێک کەسێکی دیکە  کە دەسەڵاتە وەفادار نییە بە جێبەجیکردنیانەوە؟ سەیر نییە کەسێک هیچ دەرفەتێکی بۆ قوربانیی نەهێشتووەتەوە و بە هەموو هۆکارێک تێکی دەشکێنێ کە چی کۆمەلگایەک دێت و ئەم جەستە و ڕۆحە تێکشکێندراوە لەناو سووکایەتیدا نووقوم دەکات و هێندەی دی لە ژێر فشارە کۆمەلایەتی و ڕۆحیەکاندا دۆزەخێکی دیکەی بۆ قاندەدات ؟
سویدییەکان دەڵێن: ئینسان بە تەنها دایک و باوکی منداڵەکانی نییە کاتیک هەموو شتێک لەسەر سکەی خۆی دەڕوات. بەڵکو ئەم بەرپرسیارێتی دایک و باوکایەتییە بە هەمان شێوە دەبێ ئامادەیی هەبێت کە شتەکان وا ناڕۆن وەک ئەوەی دایک و باوک دەیانویست وا بێ. بە کورتییەکەی، منداڵەکان  ئەو کاتانە خۆشەویستییان پێویستە کە کەوتوون و دەکرێ کارێکی  قێزەونیشیان ئەنجام دابێت. 
چی وادەکات ئینسان سەربەرزە بە ئەندامبوونی کوڕو کچەکەیدا  لە  ڕێکخراوێکدا و  و کاتێک لە ژێر فشاردا دەشکێنرێت ئیدی کوڕو کچی تۆ نییە؟ بۆ دەبێ نووکی ڕەخنە لە بەرانبەر دەسەڵاتدا کول بێت و ئەم بارانی نەفرەتە بەسەر قوربانییەکاندا ببارێنریت؟
ئەوەی لە شیعری پاکانەدا دەبینرێ، تف و سوکایەتییەکانی دەسەڵات و کۆمەلگایە لەبەرانبەر تاکێکدا کە بڕیار بوو بۆ ڕزگارکردنی کۆمەڵگا و لەبەرانبەر دەسەڵاتدا بجەنگێ. کاتێکیش لە ژیر فشارەکانی دەسەڵاتدا لە ئینسانییەتی خۆی دەخرێت و تێکدەشکێنرێت، کۆمەلگاش هێندەی دی دڵڕەقانە لە تێکشکاندنی ئەودا درێغی ناکات.

ئەم شیعرە هێندەی نیشاندانی تف و قامچی و سووکایەتییەکانی دوو جەللادە لە بەرانبەر قوربانییەکدا، کەمتر وەک بانگەوازێکی شۆڕشگێرانە دەکرێ سەرنجی لێ بدرێ وەک ئەوەی کە جێگاوطێگای ئەم شیعرە لەناو زمانی کوردی و عەرەبیدا باسی لێ دەکات.بە تایبەتی کاتێک پێتوابێ ئەوەی ناچار بە دەربڕینی پاکانە و تۆبەکردن دەکرێ قوربانییەکە و دەبێ وەک قوربانییەک مامەڵەی لەگەڵدا بکرێ. ئینسانی قوربانی پێویستی بە کۆمەک و باوەشێکی ئاواڵەیە تا بەسەر تراوماکانی خۆیدا زاڵ بیت و حورمەتی ئینسانی خۆی بۆ بگێڕدرێتەوە. 
بە قسەی سویدییەکان: تۆ لە دوای پاکانەپڕکردنیشتەوە هەر کورو کچە ئازیز و خۆشەویستەکەی ئێمەیت. 
بەڵام دیدێکی واهی بۆ سەرنجدان لە کەسی ناچارکراو بە پاکانەکردن لە دوێنێ و ئەمڕۆی عێراقدا دەکرا ئامادەیی هەبیت؟  بە بڕوای من دەکرا هەبێ. 
وەڵامی من بە ئەرێ بۆ پرسیارەکەی سەرەوە، لەو شوێنەوە سەرچاوە دەگرێت کە ئینسان لە هاوکێشەی نێوان شۆڕش و شؤڕشگێڕدا ، چەندە دەکرێ وەک ئینسان بهێڵرێتەوە و نەکرێ بە کائینێکی سەروئینسانی و بکرێتە سوپەرمان. ئینسان بە ترس و دڵەراوکێکانییەوە. بە ئازایەتی و تۆقینەکانییەوە، نەک تەنها بە کونلەجەرگدانەبوون و خۆڕاگرییەکانییەوە.  تاکی شۆڕشگێر دەکری بە پێوە تەقە بکا لە شەڕێکی دەستەویەخەدا و بەڵام لەبەرانبەر مشکێکدا کوون نەبێ خۆی تیابشارێتەوە. بەڵام تێڕوانینی ئینسانی سۆپەرمان لە کایەی شۆرشدا بە هەموو باڵەکانی چەپ و ڕاستی عێراقەوە، بە دەسەلات و ئۆپۆزسیۆنەوە خالێ هاوبەشە و ئەگەر لەململانێکانی نێوانیاندا کوڕ و کچەکانی یەکدی بکێشنە بەر پەتی سێدارە، بەڵام لە تێروانینیاندا بۆ تاکی شۆرشگێڕ، ناکۆکییەک لە نێوانیاندا نییە.

ئەوە چاوەڕوانییەکانی کۆمەلگاو حزب و دەوڵەت و شاعیرە کە کردەی پاکانەکردن لە ژێرفشارەکانی دەولەتدا دەکاتە پەتی سیدارەیەکی تر و قوربانی لە بێدەنگیدا دەخنکێنێ. لەبەر ئەو ڕاستییە سادەیەی کە پێیوایە تاکی شۆڕشگێڕ لە خەسلەتە ئینسانییەکانی خۆی خراوە و کۆمەلگا چاوەڕوانییەکی دیکەی لێی هەیە. 
بە بڕوای من، لە شیعری پاکانەی موزەفەر نەواببدا، زەڕرەیەک لە شۆڕشگێربوون نابینرێتەوە کاتێک قوربانی لە نێوان بەرداشەکانی دوو جەللادا، هەر یەکە و بە هۆکاری تایبەتی خۆی لە کوشتنی ئەودا، بەیەکەوە لەکاردان.

شیعری پاکانە لەم لینکەی خوارەوە وەرگیراوە

https://books.vejin.net/ck/text/28236

 

210707

دەربارەی جەهل و گەمژەیی

$
0
0
دەربارەی جەهل و گەمژەییHeminیش, 07/18/2021 - 11:34

 

...
...
جەھل بریتییە لە نەزانین و بێئاگایی لە شتێک کە پێشتر خەڵکانێکی دی کاریان لەسەر کرووە و تێیدا بە دەرەنجامگەلی تایبەت گەیشتوون، واتە ئیشکردنە لە کایەیەکدا بێئەوەی ئاگاداری جەمسەرە گرنگ و تێزە و میتۆدە گرنگەکانی ناو ئەو کایەیە بیت، واتە جەھل بە مانا سادە و پراکتیکییەکەی نەزانینی زانیارییەکی زانراوە لەلایەن کەسێکەوە کە پێویستە ئەو زانیارییەی ھەبێت تا بتوانیت لەو بوارەدا کار بکات.

...
...

ئەوەی جەھل دەکاتە شتێکی پڕ مەترسیی، خودی جەھل نییە، بەڵکو تێکەڵبوونێتی بە گەمژەیی. گەمژەیی تێکەڵاوبوونی جەھلە بە کۆمەڵێک سیفەتی سەرەکی دی، کە لەوەی دەردەکەن تەنیا نەزانین بێت، بەڵکو دەیکەنە ڕێگرێکی ترسناک لە بەردەم زانیندا. گەمژەیی تەنیا نەزانین نییە، بەڵکو دەرخستنی نەزانینە وەک زانین، سیستمی پاراستنی نەزانین و ئیشکردنە بە نەزانین لە کاتێکدا زانین ئامادەیە، سیستمی دەستێوەردانی نەزانینە لە زانین، ھەر وەک سیستمی فەرامۆشکردن و گومانکردن و دزێوکردنی ڕەمزیانەی زانینە. جەھل لە جەوھەریدا ڕووبەرێکی نەزانینە، بەڵام لێکدانی گەمژەیی بە نەزانین، دەبێتە مایەی بە سیاسییکردن و بە ئایدۆلۆژییکردنی نەزانین، بریتییە لە گۆڕینی جەھل بۆ دانەر و داڕێژەری یاساکانی ناو سیستم. جەھل قابیلی لەناوبردنە، بەڵام جەھل کە بوو بە سیستم و بوو بە داڕێژەری کولتووری مەعریفیی، ئەو کات دەبێتە ھێزێکی کۆمەڵایەتيی گەورە و ئاسان لە ناو نابرێت. لێرەوە زۆربەی شەڕی بیریاران لەگەڵ جەھلدا نییە وەکو جەھل، بەڵکو لەگەڵ جەھلدایە کاتێک بۆتە سیستم و تێکەڵ بە گەمژەیی بووە، جەهل کاتێک ناهێڵێت مەعریفە ئیش بکات.

...
...

بە ڕای من گەمژەیی تەنیا بریتی نییە لە دەستکورتیی و بێتوانایی دەرهەق بە تێگەیشتن یان دەرهەق بە 'توانای حوکمدان' وەک کانت لە 'ڕەخنە لە عەقڵی پەتی'دا دەڵێت، بەڵکو جەوهەری گەمژەیی لە نەبوونی چێژی ستاتیکی و توانای بینینی جوانییدا زیاتر بەرجەستە دەبێت. گەمژە کەسێکە ئاسۆکانی بیرکردنەوەی تەسکن و تێڕوانینی جێگای تێزی نوێ و گووتاری دی و دەرئەنجامی تازەی تێدا نابێتەوە، هەروەها کەسی گەمژە حەزێکی پەروەردەنەکراوی هەیە کە توانای چێژکردنی ڕووە جیاوازەکانی جوانیی نییە. کەچی لەگەڵ‌ ئەوەشدا گەمژەکان هەمیشە بەهێزن چونکە وەک سیاسەتمەداری بەلژیکیی، پاول هێنری شپاک لە جێگایەکدا دەڵێت، 'گەمژەیی تاکە نەخۆشییەکی دونیایە کە هەرگیز نەخۆشەکە ئازار نادات، بەڵکو ئەوانی دی پێوەی دەناڵێنن'.نەک هەر ئەوە، بەڵکو گەمژەیی دەردێکی درمیشە، زوو بە حوکمە سادە و ساکار و سەرەتاییەکانی دەتوانێت زۆرینەی خەڵک بخاتە پاڵ‌ خۆی، بە تایبەت ئەو زۆرینەیەی ناتوانێت لە وردەکارییەکانی هیچ کێشەیەکی زانستیی و کۆمەڵایەتیی و ستاتیکیی تێ بگات. گەمژەکان بەوەدا ترسیان لە هیچ هەڵەیەکی فیکریی و زانستیی و ئەخلاقیی نییە، ئازادانە قسە دەکەن....
...
...
هەڵبەت مرۆف دەبێت لە نێو ئاستەکانی جەهل و گەمژەییدا جیاوازیی بکات، گەمژەیی سیاسیی و گەمژەیی دینیی و گەمژەیی زانستیی و ئەکادیمیی و هتد، جۆری جیاوازی گەمژەیین و کەرەستە و تێزی جیاوازیان هەیە، بەڵام پێکڕا یەک یەک بەرهەم دەهێننەوە. جەهلی سیاسیی، جەهلی ڕۆشنبیریی و زانستیی و ئەخلاقییش بەرهەم دەهێنێت. جاهیلەکان لە جەوهەردا لە هەر جێگایەک بن برای یەکن، هەتا ئەگەر دوژمنی سیاسیی یەکیش بن، لە بەرابەر مەعریفە و عەقڵدا، هاوپەیمانێتیی جاهیلانە کۆیان دەکاتەوە و یەکیان دەخات.

من لەو باوەڕەدام لە دونیای ئێمەدا گەورەترین و فراوانترین بەرە کە ئەم کۆمەڵگایە بەخۆیەوە بینیبێتی، بەرەی جاهیلەکانە لەگەڵ یەکدا. ئەم بەرەیە لە بەرە سیاسییەکان بەهێزترە، ئەمەش بەرەنگاربوونەوەی جەهلی دەیانجار سەختتر کردووە. گەمژەیی و جەهل لە کونجێکدا نین گەمارۆیان بدەین، بەڵکو لە هەموو جێگاکاندان و بە دەمامکی جۆراوجۆرەوە ئامادەن و یەک لە پشتی یەکیش دەوەستن. جەهل لە ناو دەسەڵاتدایە وەکو چۆن بە هەمان سەرسەختیی و خەستییش لە ناو ئۆپۆزسیۆندایە، لە زانکۆکاندایە و لە ژیانی ڕۆژانەی ڕۆشنبیرییشدایە، لە دیندایە هەروەک چۆن لە ئیلحادیشدایە، لە مۆڕاڵدایە هەروەک چۆن لە ناو بێمۆڕالییشدایە... گەمژەیی و جەهل جێگایەک جێناهێڵن سەنگەری تیا لێ نەدەن. لێرەوە زۆربەی ڕۆشنبیرانی دونیا وا هەست دەکەن کە جەهل ناکۆتا و بێسنوورە. هاوارە بەناوبانگەکەی نیتشە 'خودایە  گەمژەکان زاوزێ دەکەن' یەکەم هاوار و دوا هاواری ڕۆشنفیکران نەبووە. ڤۆلتێر دەیگووت' گەر دەتەوێت لە مانای وشەی ناکۆتا تێبگەیت، سەیری گەمژەیی بکە'. ئەو بەحرە ناکۆتایەی گەمژەییە کە لە هەموو قۆناغەکاندا ڕۆشنبیران تووشی نائومێدیی دەکات. گەمژەیی سیستمێک لە بڕیار و قەناعەتی پێشوەخت ئامادەکراوە، کە بە جۆرێک داڕێژراوە یارمەتی گەمژەکان دەدات بێ ئەوەی بیر بکەنەوە و خۆیان بڕەنجێنن، حوکم بدەن و حوکمی دونیاش بکەن.

 

-----------
دوا خەندەی دیکتاتۆر، 2020، دەربارەی جەهل و گەمژەیی، لاپەڕە 215-222، 
نووسینەوەی 'ماڵێک لە ئاسمان'

ژیان  وا لە شوێنێکی دیکە*

$
0
0
ژیان  وا لە شوێنێکی دیکە*Heminپش, 10/28/2021 - 20:50

 

+ لە دوای 'راپەڕین'ەوە بۆ ھەمیشە سەدان وتاری زاڵ لەسەر دڵکرمێ بوون و گومانکردن ئیشی کردووە و ئاوازی ناسازی دەسەڵاتدارانی ئێمە لەوێوە سەرچاوەی گرتووە کە دەنگی ھەموو کەسێک یان گروپ و لایەنێک کە ئەگەر بەرھەڵستکار و نا-قایل و رەخنەگر بووبێت سەبارەت بە واقیعی رامیاری و ئابووری و کۆمەڵایەتی، یاخود رەخنەی خۆیان ئاڕاستەی چۆنییەتی حوکمڕانی حیزبەکان بکەن کە نوقمن لە گەندەڵی و بێ مۆڕاڵی، ھەر پرسیارکردنێک لە راستی و رەوابوونی ئەو دەستەڵاتە ستەمکارە، وایکردووە کەناڵەکانی راگەیاندن و ماس-میدیا بکەونە گەڕ و سەدەھا ھەقایەتی خیانەتکاری و پلانی دەرەکی و تابووری پێنجەمی ناحەز و لە باربردنی ئەزموونە ساواکەیان دەبێت بە مانشێت و سەروتار و دیبەتی بەتاڵ و بیانوو هێنانەوە بۆ داڕووخان و شکستی کۆی هەیکەل و پەیکەری دەوڵەتداری فشؤڵی ئەوان، بێئەوەی دان بەو راستییەدا بنێن کە لە ئەزموونی کارکردەی سیاسەت لە ماوەی ئەم (٣٠/ سی) ساڵەدا، ئەوەی سەلماند کە دەستەڵاتدارانی کورد دونیای خۆیان جیا کردەوە لە دونیای ئەو ملیۆنەھا مەردمگەلەی کە لەسەر ئەم خاکە دەژین کە دیارە عاشقانی دەستەڵات و عەرشی کەلاوە دیوارێکی زێدە بڵند و ئەستووریان بونیاتنا کە ملیارەهای تێدا خەرجکراوە کە ئەوان لە ئێمە داببڕێت، ھەتا بەوانەشی کە کەمەکێ خۆشگوزەرانن و سەر بە چینی ناوەراستن، بەو مانایەی کە گومانی تێدا نییە گروپ و بنەماڵەی میراتگر و دەستەیەکی پادشا ئاساکان کە خواهانە فەرمانڕەوان و لێماندەخوڕن وەک ئەوەی مێگەل بین، بە دەرگاوان و وەرزێر و گزیر و کارەکەر و کەنیزەک کۆیلە و و کۆی دەست و پێوەندی ناو کۆشکەکانی خۆیانمان دەشوبهێنن.. بارەکەڵلا یان بارەکەلئیبلیس-و!

ئەوان ھەمان ژیانی پادشاکان و شازادەکان دەگوزەرێنن لەسەر حیسابی ئارەقە و فرمێسک و خوێنی ملیۆنەهای بندەست و ستەمدیدە و نەدارای ناو ئەم ئۆردوگایەی کە تەلبەندکراوە و ناوی کوردستان-ە یان گورگستانن بەدەر لە خەڵکی خاکەڕا و بندەستی باوک و پاتریارکە کورد-زمانەکان؟ ساڵ دوای ساڵ دونیای سیاسەتبازە سەرمایەدارەکان بە تەواوی دوورکەوتەوە و دیوارێک کەوتە نێوان ئێمە و ئەوان، درۆیەکی گەورەیە بڵێین لە ھەمان جوگرافیادا دەژین و خاوەنی ھەمان مێژوو بین.. مەحاڵە، ئەوان بە تەواوی خۆیان جیاکردەوە و وەکو خواوەندەکان بۆ تاوێک ھاتنە سەر زەمین و تێکەڵ بە ڕەشە خەڵکەکە و عەوام بوون و پاشان چوونەوە ئاسمان و وان لەژێر عەرشی یەزدان و بەهرەمەند لە عەیش و نۆشی بەهەشت ئاسا.. ئەی وا نییە.. مەگەر لای خۆمان بە دەوڵەندەکان ناگوترێت خواپێداوەکان؟

ھەموو حکومەتێکی پاکزاد پێویستی بەوە هەیە کە رێگا بدات ھاونیشتمانیانی سەر خاکەکەی خۆیان لە چۆنییەتی فەرمانڕەوایی و دەوڵەتداری پشکی بەشداریان گەورە و بە هەڕمێن بێت و لە خۆشی و ناخۆشیدا ھاوبەش بن، بەواتا گەر نان ھەیە.. با بۆ ھەمووان بێت، گەر نییە.. دەبا هەموومان پێکەوە برسی بین، نیشتمانپەروەری و رۆحێکی پارتیزانی و شەرعییەتی شۆرشگێری موڵکی چەند سەرۆک و بنەماڵەیەک و حیزبێک نییە، ئەوەی لە دوای 'راپەڕین'ەوە کوشندەتر بووە، بە ئەنازەیەک کە ئەو رۆحی شۆڕشڤانی و پارتیزانەی ھەبوو مرد، یان وا راستترە بڵێین: کوشتیان، ھەم لەلای کۆنە شۆڕشگێرەکانی سەردەمی شاخ مردووە و ھەم نەوەی بەر لە راپەڕین و دوای راپەڕینیش بە تەواوی تۆرا و ئینتیمای نەما، چونکە بەھەزارەھا مرۆڤی کورد، گەر نەڵێم ملیۆنەھایە، وەک دەرۆزەکەری بەر قاپی خواپێداو و گەورەکانیان لێھاتووە، کە دیارە ناکرێت داوا لە دەرۆزەکەر و سواڵکەرەکان و بێ لانەکان بکەین خاک و خەڵکی خۆیان خۆشبوێت، یان داوایان لێبکەین نیشتمانی خۆیان لەلا جوان بێت و لە سەروەختی ھێرش و پەلاماری دوژمناندا، داوا لە گەداکان و بێماڵەکان بکەین بەرگری لەخاک و نەتەوە بکەن.

دەستەڵاتدارانی کورد لەو (٣٠/سی) ساڵەدا ھەرێمی خۆیان جیاکردەوە لەو ڕەشە خەڵکە، لۆرتەکانی/ یان 'لۆردەکانی' ناو سیاسەتگەرایی کوردی خاوەنی ھەمان قوتابخانە و خەستەخانەو سەیرانگەکانی ھەژاران نین، ھەمان نان و بەرگ ناخۆن و لەبەرناکەن، لە فرۆکەشدا 'لۆجی' جیاوازیان ھەیە و پەردەیەک لە ئێمەی ڕەشۆکی جیایان دەکاتەوە، بەر لەوەی سواری فڕۆکە بن لە (VIP)پشوویەک دەدەن و دەخۆن و دەخۆنەوە، لە ھەمان ئاھەنگدا بەشداری ناکەن کە هەتا گەر ئێمە تیایدا مەیموونی سەماکەرە بین، گۆڕستانیشیان لەھی ئێمە ناچێت، بگرە بە ھەمان نوکتەی ئێمە پێناکەنن، پرسەکان و گریانیشمان لە یەکدی ناچن، قەڵا و قولللە و کۆشک و تەلار و بارەگای سەرۆکەکان وان لە شوێنی زۆر خۆش و بڵند و قایمدا، کە پتر داگیرکردنی ئەو سەیرانگا و ھاوینە ھەوارانەیە کە «بەعس» نەیتوانی داگیریان بکات، کەچی پێشەوا و سەردارانی کورد بە تەلبەند و شوورای بڵند خۆیان لە ھەمووان جیاکردەوە، حەزیان بە ترۆپکی گرد و شاخەکانە، ماڵی ھەندێکیان سەدەھا دۆنم زەوی و زارە، لەوە دەچێت ھەمان ھەوا ھەڵنەمژن کە «عەوام و مسکێن» ھەڵیدەمژن. ھەمیشە سوپایەک لە چەکدار و جێبی جام رەش ئەوان لە خەڵکی دوور دەخاتەوە، ھەر گومانکردنێک لەو جۆرە ژیانە خواهانە و شاھانەیە کە خەڵکانی دیکە لێی بەھرەمەند نین، لە چاوی ئەوانەوە وەک ئیرەیی و بەغالەت و بێ وەفایی تەماشا دەکرێت، یان رەتکردنەوە و رێزنەگرتنی ئێمەیە بۆ ئەوان کە حیساب بۆ ئەو ھەموو تێکۆشان و رەنج و خوێنەی سەردەمی بەرخودانی قۆناغی شاخ ناکەین و سپڵە سک رەشین.

ئەم روانینە چەوتە وەک ئەوە وایە ھەموو کوردگەل بۆ هەتاهەتایە ناچار بێت قەرزی قۆناغی بەرگری و بەرخودانی شاخ بداتەوە، کە تیایدا کوڕگەلی خانەوادە هەژارەکان شەهید بوون نەک هی فیرعەونەکانی زەمان. شەرعییەتی شۆڕشگێری مانای ئەوە ناگەیەنێت کە ئێوە کۆشکنشین بن و بە ملیۆنەھاش کەلاوەنشین و گووفەک-نشین، ئێوە خوان و سفرەتان چەور بێت وبە هەزارەھاش لە ناو زبڵخانەکاندا بگەڕێن بۆ ئەوەی لە پاشماوەکانی ئێوە بخۆن، شۆڕشگێری و خەونی ئازادی راستەقینە ئەوەیە کە ھەمووان لەو خێرو خۆشی و ئازادییە بەھرەمەند بن کە وایکرد هەمووان بۆی بجەنگن نەک تەنها ئێوە، بەوانەشی کە لە شارەکان و گوندەکان بوون و پاڵپشتی شۆرش بوون بە جۆرەها شێوە. رەنگە لەم سەردەمەدا «غاندی» و « نێلسن ماندێلا» دوو نموونەی جوانی ئەو چەشنە تێکۆشانە بن کە رەوشتی بەرزی تێکۆشان قیبلەنومایان بوو، خاوەنی ئەوە بوون کە خەڵکی هەیانبوو.. زیاتر نا، بە واتا خوێن و فرمێسک و ئارەقە و ھاوار و ناڵەی ئەوان ھی ئێوەش بێت، شۆڕش بۆ خۆی لە ناوەڕۆکدا رۆحێکی سۆفیگەرانە دروست دەکات کە تا ڕادەیەک وا لەو کەسە دەکات ئازادی و خێر و خۆشی ئەوانی دیکە بخاتە پێش حەز و تەماع و دەستەڵاتەکانی خۆی، سازدانی ژیان و گوزەرانێکە کە ئەوانیدیکە شاگەشکەی ببن و تۆی دەستەڵاتداریش شادومان بکات، وەک ئەو باوک و دایکەی کە ئامادەن خۆیان برسی بکەن بەو مەرجەی منداڵەکانیان تێر و پۆشتە و پەرداغ بن.

ئەمەیان ئارەزووێکە بۆ خۆشبەختی ھەموو خەڵکانی چوار دەورت، سیاسەتباز و سەردارەکانی کوردستان ئارەزووی پێچەوانەیان گەورەترە کە پڕە لە تەماع و چڵێسی و نەوسنییەکی کوشندە بۆ دەستەڵات و ھەموو ئەو ناز و نیعمەتەی کە پلە و پایە لەگەڵ خۆیدا دەیھێنێت، لەوەدا ناچارین کە سەیری ھەموو ئاغاکانی سیاسەت بکەین لە 'رۆژھەڵاتی ناوەڕاست'دا کە شەھوەتێکی کوشندە و هەمیشەییان ھەیە بۆ پارە و پلە و پایە کە بە مەرگ یان کوشتن و تڕۆکردن کۆتایی ھاتووە، چڵێسی و نەوسنییەکە کە لە برسییەتییەکی کوشندەوە سەرچاوە دەگرێت کە تێربوونی بۆ نییە، کە مەرج نییە برسییەتی ناو سک بێت، دەکرێت سایکۆلۆژیا یارمەتیمان بدات کە لەو دڕندەیە تێبگەین بۆ ھەموو دونیا دەخوات و تێر نابێت. بۆچی دەبێت بە «شایلۆک»ی ناو شانۆگەرییەکەی «بازرگانی ڤینیسیا»ی شکسپیر کە چەندە دەوڵەمەندەتر بێت، چاوچنۆک و قرچۆکتر دەبێت، قەرزەکانی لە بری خوێنمژینی ئەوانیدیکە بێ گیرفان و نەدارایە!

پێکەوە ژیانمان لە ناو ھەمان جوگرافیا و مێژوودا وامان لێناکات کە وا ھەست بکەین ھاوشان و تەبا و تفاق لە ناو ھەمان پەیوەندی مرۆڤانەداین، چونکە ناھاوسەنگی و جیاوازییەکی گەورە لە نێوان ئەو دوو ژیانەدا ھەیە کە ھی دەسەڵاتدارەکان و خەڵکی بندەستە: چی وەک رۆح و چ وەک جەستە و پێویستییەکان و کەرەستەکانی بەردەستی ئەوان و خەڵکی جیاوازن، خەون و خولیا و خەمی جیاواز، ئەوان لە شوێنێکدان کە مەحاڵە ھەمووان بتوانن بە ئاسانی بچنە ناوی و تیایدا بژین، سەر بە ھەمان زەمەن نین، دەسەڵاتدار تاقانەیە و ھەم دونیای تایبەتی خۆی ھەیە کە دەگمەنە، لە چاوی دەستەڵاتدارانەوە ئەو رەشە خەڵکە وەک تەنێکی ھاوشێوە وان و ھیچ تایبەتمەندییەکیان نییە، حەز و ھیوا و هەوەسێکی ئۆرستوکراتیانە وا کوشندە لە خوێنی کەسانی دەستەڵاتخوازدایە کە ھەرگیز دەستەبەرداری نابن، بوون و ھاتنی ئەو ھەموو دونیا سادە و غەمگینەکەی ئێمە دەشڵەژێنێت، ئەوان بڕوایان وایە کە خوێنێکی شین نەک سوور بە دەمارەکانیاندا دەگەڕێت، نوێنەری هەڵبژاردە و یەکەمی یەزدانە لەسەر زەوی، ھەموو دونیا ھی خۆیەتی، ئەو شوێنەی من و تۆش جێگەی تایبەتی ئێمە نییە و مافێکی ئادەمیانە و خاکەڕایی خۆمان نییە، چونکە ئەوی دەسەڵاتدار میھرەبانە و بەخشیوییەتی بە ئێمە، مەرجی دەستەڵاتدار ئەوەیە کە زۆرتر بخوات و جوانتر و چاکتر لەبەر بکات و جێگەی تایبەتی خواھانەی ھەبێت، تاوەکو زۆرتر بژی و ئاگاداری ئێمە بێت، ئەگینا بێ «ئەو» ھەر ھەموومان بێ جێگە و رێگە دەبین و دەفەوتێین، رێک وەک باوکی من کە دەبوو ھەر ھەموومان، بە دایک و خوشک و براکانمەوە، دەستەو نەزەر لە بەردەمیدا بوەستین و خوانی بۆ برازێنێنەوە، چونکە «ئەو» رەنجی کێشاوە و گەر نەمێنێت گورگ دەمانخوات!

ھەمیشە جێگە و بالینگی باوکە لە بنەبانی ژوورەکە بوو، ئێمەش لە پایینی و لە خوارەوە دادەنیشتین، ئەم حکومەت و میرییە چەندە لە ماڵە شێواوەکەی ئێمە دەچێت. ماڵ وەک شوێنێک ھی باوکە بوو، ئامادەگی ئێمە لە ماڵدا لە وەختی ھاتنەوەی ئەودا ئەوپەڕی رێز و وەفا بوو کە پڕ بوو لە ملکەچی و ترس، ھەروەک چۆن نیشتمان ھی ئاغاکانی سیاسەتکارە و زۆرینەی ئەوانیدیکە کرێچین، خاکێکە گوایە کە ئەوان ئازادیان کردووە و تا ماوین ئەرکە لە سەرمان سوپاسگوزار بین، ھەر وەک چۆن باوکە شەوان دەچووە گژ دایکمان و لە ھەمان ژووردا خۆمان مت و کپ دەکرد، ھەتا گەر دایکە ئاسوودەش نەبووایە، ئەو ھەر بە زۆردارەکی لاقەی دەکرد و لە تەکیدا جووت دەبوو، ئێمە دەبوو خۆمان بکەین بە خەوتوو، رێک ھەمان وێنەیە کە دەسەڵاتدار گەر خاک و خەڵک ئەتک بکات، مادامەکێ ھی خۆیەتی و ئازادی کردووە، مەرجە ھەمووان خامۆش بن، ھەر بۆیە مەردمگەل بە ماڵەکان و نیشتمانی خۆیان نامۆ و نەناس دەبن، بێ ئەو رۆحەی کە کۆمان بکاتەوە، مەحاڵە بانگەشەی ئەوە بکەین کە لە ھەمان کات و شوێندا دەژین، ئەمەیان دۆخێکە کە لەڕووی فیزیکییەوە لەتەک یەکتریدا دەژین، بەڵام وەک رۆح و ئینسان دوورین لە یەکترییەوە و نزیکیمان لە یەکدی درۆیەکی گەورەیە، ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئێمە پڕە لە درۆی خۆشەویستی و پێکەوە ژیان، بەڵام چ بە ئاشکرا و چ بە دزییەوە ژێر بەژێریش بێت پڕە لەجەنگ و دوژمنکاری، چونکە رۆح ژەھراوی بووە..( ژان پۆل سارتەر) واتەنی "ئەوانیدیکە بۆ من دەبنە دۆزەخ".

ئەوەی کە لە سەرەتای راپەڕینەوە سەبارەت بە ئازادی وتراوە، وای نەکردووە کە مرۆڤەکان خاوەن ویست و سەرکەشی و شکۆمەندی خۆیان بن، ھیچ دەزگایەکی پەروەردە نادۆزینەوە لە ماڵ و مەکتەب و مزگەوت و بە حیزبیشەوە لەو ویست و شکۆمەندییەی نەدابێت، گەر لە دەرەوە چەند زیندانێکی سەردەمی "بەعس "رووخابن، ئێمە بووین بە خاوەنی زیندانی کوردی و لە ھەمووی خراپتر ھیچ پەروەردەیەک نەیتوانی ئەو بەندیخانەیەی ناو رۆحی مرۆڤەکان بڕمێنێت، تۆ بڵێیت ئازادی و سەربەستییەک ھەبێت لە دەرەوەی تێگەیشتنی ئێمە و لە دەرەوەی ئەم جیھانە و لە سەرووی سروشتەوە کە ئێمەی گەلحۆ تێینەگەین و نەیزانین چییە.

دەسەڵاتدار وەک یەزدان دوورە، لە جێگەیەکی دیاریکراو نییە بیگەینێ و گفتوگۆی لەتەکدا بکەین. ھەتا ئاسان نییە بە زۆردارەکی و ھەڕەشەش لە خۆمانی نزیک بخەینەوە، ئەم ھەرگیز ناچار نییە ئەو خەڵک و عەوامە ببینێت و بیدوێنێت، گەرچی جێگەیەکی دیاریکراوی نییە، بەڵام خودا ئاسا لە ھەموو شوێنەکاندایە و ھەزارەها چاو و دەستی ھەیە کە کەی حەزی کرد بۆ خێر بێ یان شەڕ بە کاریان دێنێت. گومانی گەورە لەوەدایە کە ئاخۆ ھەر ھەموومان لە نێوان ھەمان جیھانداین، یان دوو جیھانی جیاواز، یاخود چەندین جێگە و پێگەی جیاواز کە لە نێوانیاندا ھیچ پردێک نییە؟ ئاخۆ خاوەن ھەمان زمان و کەلتوورین؟ کێ سەنتەری ئەم ژیان و بوونەیە و کێ پەراوێز کراوە؟ ئاخۆ ھەمان ئاڕاستە و ئارەزوو ھەیە بۆ کۆبوونەوە لەسەر خوانێک و لە گۆڕەپانێکدا کە میھرو سۆز و خۆشەویستی زمانی ئاخافتن بێت و عەقڵ بەرکەماڵ بێت؟ چەندە ویست و نیازە پاک و راستەقینەکان ئاڵ و گۆڕ دەکەین؟ چەند ھێزمان ھەیە فەرمان بە شەیتان و دڕندەکانی ناو ناخمان بکەین بۆ تاوێک بخەون؟ بایی چەند دەتوانین لەو خودپەرستیییەی خۆمان دەربچین؟ چ مۆدێلێکی ئەخلاقی سیاسی و فیکری و کۆمەڵایەتی لەناو ئەم کولتوورەی خۆمان پەسەندە؟

ھەموو پەیوەندییەکی مرۆڤدۆستانە بێ سەربەخۆیی و ئازادی دوو لایەنەکە: مەحاڵە، جا چ پەیوەندییەکی سیاسی بێت یان عاشقانە، لە نێوان دەسەڵاتدارێکی زاڵ و کەسانی بێ ویست و ژێردەستدا ھیچ پەیمانێکی مرۆڤپەروەرانە لە ئارادا نییە، ھەر دوو لایەن و بەرە وان لە ناو ھەمان دونیادا، بەڵام ئەو جیھانەی تیایدا نیشتەجێین، ھەمان جیھان نییە، رەنگە واقیعی و کۆنکرێت بێت بۆ ھەر دوو لایەن، چ سەرکردەکان بن و چ بنکردەکان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ھەمان جیھان نییە بۆ خۆشی و ناخۆشی ھیچ کامیان، بەشدارییەک لە ئارادا ھەیە لەسەر ھەمان خاک، بەڵام بە خەم و خولیا و خەونی جیاوازەوە، پەیوەندییەکی ناڕێک لە ئارادایە کە پتر پەیوەندی "بکەر" و "بەرکارە"، ئاغا و کۆیلە. بابەت و شتگەلێک لەبەرانبەردا هەن، بەڵام جیھانێکی ھاوبەش نییە بۆ ھۆگربوون و پێکەوە ژیان، لەسەر دوو لێواری دوور لە یەکدی سەر خەرەندێکی قووڵ و ھەزار بە ھەزاردا دەژین، نە ھاوکووف و ھاوشانی یەکدین و نە دەتوانن ببنە جێگر و زمانحاڵی یەکدی، ئەم دووربوونەی دەستەڵاتداران لە رەشە خەڵکەکە وەک دۆخێکی ناتەندروست هەم گشتگیرە، چونکە ئەوان وەک تەنێک حەشاماتەکە دەبینن، کە پتر لە پەیوەندی شوان و مێگەل دەچێت، بەو مانایەی شوانەکان وەک سوود و قازانجی تایبەت بە خۆیان سەیری مەڕو ماڵات دەکەن، نەک وەک ژمارەیەک لە گیانلەبەری ناو سروشتێکی زیندوو، یان وەک بولبولی ناو قەفەز کە جوانی و خۆشییەکەی لەوەدایە چەند خۆشخوانانە بۆ خاوەن قەفەز بچریکێنێت. ھەمیشە گەورەکان ناویان ھەیە و دەناسرێن، بەڵام خەڵکی رەشۆکی بێ ناون و وەک حەشامات و تەنێکی بێ ناسنامە و گەوھەر دەردەکەون، دەستەڵاتداران رابردووی خۆیان جیا دەکەنەوە، ئێستاشمان تەواو جیاوازە، بۆ ئایندەش بەھەمان رێگادا ناڕۆین، بۆ چوونە ناو بەھەشت و دۆزەخیش کلیلەکانی دەرگاکان وا دەنێو گیرفانی ئەواندا، لەسەر چاکە و خراپەی مەردمگەل سزا و پاداشت دەکەونە چنگی خوداوەندەکانەوە.

لە ناو وەھا جیھانێکدا گەڕان بە دوای زمانێکی ھاوبەشدا کە دڵنیامان بکاتەوە لەوەی ئێمەش خاوەنی بوونێکی راستەقینەین لەتەک ئەوانیدیکەدا، زمانێک کە بۆ مانا ئاشکرا و نادیارەکاندا بتوانین دەست بۆ ھەمان فەرھەنگ ببەین کە ئاماژە و کۆدەکانمان بۆ بکەنەوە، بگەڕێینەوە سەر زمانی دایک بەر لەوەی بارگاوی بووبێت بە ھەموو ئەو مانا و نیاز و حەزانەی کە ئێمە و ئەوانیدیکەی لە یەکدی جیا کردەوە، زمانێکی نێرینەیی پڕ لە توندوتیژی ئەوان کە تیایدا خۆ بە نەمر و خوداوەند بزانن، ئێمەش فانی و بەندەی لە ڕێلادەر و گوناھبار، مەرجە بگەڕێین بۆ زمانێک کە وەفادار بێت بۆ ژیان خۆی، بۆ گەشەکردن و کامڵبوون و گەیشتن بەوی دیکە، گەرچی ئەو زمانە ھاوبەشەی خەونی پێوە دەبینین کە لە نێوان ئەو دوو لایەن و بەرەیەدا ھەبێت بۆ ئاشتیەوانی کە کەوتوونەتە دوو دونیای جیاوازەوە، کە بەرەیەکی زاڵە و بەرەی دووەم بندەست و کۆیلە، دۆزینەوە وەها زمانێک لە مەحاڵ نزیک بۆتەوە، ھەر لەبەر ئەوەشە کە دیالۆگ و گوێگرتن لە یەکدی وەھا گران و ئەستەم بووە، ئێمە پێویستیمان بە زمانێک ھەیە کە یارمەتی ھەمووان بدات کە بێنە ناو بوون و ژیان و دۆخێکی شیاو بە مرۆڤ، زمانێک کە لەگەڵ رسکان و زمان پژاندا بمانگۆڕێت و گەورەترو عاقڵترو فامیدەترمان بکات، یارمەتیمان بدات لەوەی بێینە ناو جیھانێک کە پێکەوە ھەڵبکەین، کەچی جیھانە جیاوازەکان پتر لە یەکدی دوور دەکەونەوە، بۆ ئەبەد زمانی دایکمان لەیاد دەچێتەوە و دەکەوێنە ناو ھەرێمی زمانی باوکە ستەمکار و چەوسێنەرەکان کە بە زمانی خوێن لەگەڵ یەکتری دەدوێن، زمانێک زاڵە کە بە رۆحی پیاوە جەنگاوەرەکان و خوێناوی دەستیان سواغ دراوە، زمانێکە لەو کاتەوە لە یادمان چۆتەوە کە لە سەروەختی ناوک بڕین لە دایکانی خۆمان جیامان دەکەنەوە، ئەو کاتە درامییەیە کە بە ناوی باوکەکانەوە بانگ دەکرێین.. نەک دایکانی گەوزیو لە ناو خوێناو و ئازارچەشتوو بە ژانوژور، کە ناوکەکە بڕا و لە کۆشی دایکە جیا بووینەوە بە واتا لە ماڵ جیا دەبینەوە، لە ھێلانەی یەکەم کە ھەر ھەموومان دەتۆرێین تا دەگات بە دوا تۆرانی ھەتاھەتایە لە ماڵی دووەم کە 'نیشتمان'ە، نیشتمانی باوک و پیاوە خوێنخۆرەکانی ناو خێڵە بەربەرییەکان.

ئیدی زمانێک نامێنێت لەگەڵ خودی ژیان و خۆشنوودی و میھر و خۆشەویستی و زیندەگی و بوونی خۆمان و ئەوانیدیکە ئاشتمان بکاتەوە، زمانێک کە تەنها بەو ئاقارەدا دەمانبات کە بەردەوام بین و بمێنین و لە ورتە ورت و ورێنەکردندا بەردەوام بین، لە خۆگوزەراندن و خۆلەوەڕاندن و خۆسەرقاڵکردن و خەسارکردنی جوانی، زمانێکە پڕ بە پێستی ژیانێکی کولەمەرگی و رۆژ بەرێکردن و سیاسەتی 'مەمرە و مەژی'. لەبەرانبەریشدا ئیمپراتۆر و فیرعەون و بارۆنەکانی سەدەی بیست و یەک دەپرسن کە بۆچی قسەمان بیرچۆتەوە و زمانمان چۆتە کلیلەوە، یان کە دەدوێین بۆچی تێمانگەن و ئەوەیان چ زمانێکە لەسەر زەمین کە ئێمە بۆ خۆمان دامانتاشیوە و لە ھەموو فەرھەنگەکانی دونیادا دەگەڕێن بۆ مانا شاراوە و ئاڵۆزەکانی.. کەچی نایدۆزنەوە. ھەر بۆیە پتر داخدار دەبن و بە زۆر دەمانخەنەوە ناو کلاسەکانی زمان فێربوونەوە تاوەکو سەرلە نوێ و بۆ هەمیشە فێری زمانی ئەوان بین و تووتی ئاسا لاسایی ئەو نیوە بنیادەمانە بکەینەوە کە میراتگری سەر و ماڵی ئێمەن، ئەوسا ئەمەیان زمانێک نابێت بۆ خەمڵینی رۆحێکی یەکگرتوو، بۆ پێکەوە بوون و ژیان، ئەوەی فێرمان دەکەن زمانێکە پڕ لە غوربەت و تەوەللابوون و ھەلاھەلا بوون و پەرتبوون.

گرفتی زمان لەوەدایە کە وەک ھەبوویەک بەسەر یەکەوە دروستکراوی مرۆڤ خۆیەتی، بەڵام لەگەڵ تێپەڕبوونی زەمەندا کارگەیەکە مرۆڤ پەروەردە دەکات و سەرلە نوێ بۆ بوون و ژیان ئامادەی دەکاتەوە، لە دونیا تۆران و غوربەت و نامۆبوونی کوشندە بە تەنها لە ناو شوێنەکان و سەردەمەکاندا نییە، بەڵکو نامۆیی و غوربەتی یەکەم لە ناو زماندا دەڕسکێت کە ھەر ھەمووان بە ھەموومان نامۆ دەکات، رێک وەک ھەنووکە و ئا لێرەدا. نەمانی زمانی دایک و پیسبوونی بە زمانی باوکە دەسەڵاتدار و ستەمکارەکان، بزرکردنی ھەموو ھێلانە و پەناگاکان و جوانییەکانە، پچڕانی پەیوەندی ئێمەیە لەگەڵ ئەواندیکە و ڕمانی ھەموو ئەو پردانەیە کە جیھانەکان بە یەکدییەوە دەبەستێتەوە. سەرەتای زاڵبوون بەسەر مرۆڤدا و کۆیلەکردنی بە تەنها زاڵبوون نییە بەسەر جەستە و زیندانی کردن و کەلەبچە لە دەست بەستن و زنجیر و سندم لە پێبەستن، بەڵکو زاڵبوونە بەسەر ئەو زمانەی قسانی پێدەکەین، یان لێسەندنەوەی زمانێکە و سەپاندنی زمانێکی دیکەی دسەڵاتدارە، زیندووترین نموونەش زاڵکردنی زمانی عەرەبی و فارسی و تورکییە بەسەر ئێمەی داگیرکراودا، کە دوا جار بە داگیرکردنی عەقڵ و رۆح کۆتایی دێت.

سیاسەتخوازی کوردی لەمرۆکەدا پێماندەڵێت ئێمە ھیچ زمانێکمان نییە بۆ گفتوگۆ و گردبوونەوە و چوونە ناو ژیان و ئاشتبوونەوە، «تی.ئێس. ئیلیەت»ی شاعیر واتەنی، "ئەو زمانە چەندە لە خشەخشی قاچی مشکەکان دەچێت کە بەسەر شوشەی شکاودا رێدەکەن" بەواتا داماڵراو و بەتاڵ لە مانا جوان و بەهادارەکان. مێژووی خوێناوی ئێمەو شەڕی براکان لە بەرانبەر یەکدیدا، لە ھەموو پارچەکانی کوردستاندا، بەڵگەی نەبوونی زمانێکی ھاوبەشە کە تا ھەنووکە درێژەی کێشاوە، شەڕی نۆ ئەمارەتی کوردی و خیانەتی ھۆز و تیرە و خێڵەکان لە یەکدی و سی/٣٠ ساڵ لە ئەزموونی حوکمڕانی پڕ لە قەیران و شکستی سیاسەتی ئێمە و گەیشتی بە بنبەست بۆ خۆی مردنی ئەو زمانەیە.

ئەو جیھانەی لەو بیست ساڵەدا دروست بووە، جیھانی دەستەبژێرێکە لە سیاسەتبازانی قاچاغچی و نەوتفرۆش و قۆنتەراتچی و فەرهوود رەفتار و ملیاردرێری بێ خەون کە لەسەر خوێن و فرمسێک و رەنج و ئارەقەی ملیۆنەھا دەلەوەڕێن، ئەو دەستەڵاتدارانەی کە لە ناو جیھانێکدا دەژین کە خۆیان دایانمەزراندووە و رێنوما و بۆسەڵەی ئەخلاقی تێدا ونبووە، تاکە زمانی ھاوبەش لە ناو ئەو پەیمانە ستراتیژییەی کە لە نێوان سەرانی حیزبەکاندا مۆر کراوە، پەیمان و رێکەوتنێک بووە لەسەر دابەشکردنی بازاڕەکانی کوردستان بەوپەڕی وەفا و شەرەفی بازرگانە لە خەم رەخسیوەکان کە یان سەر بە زۆنی زەردن یان زۆنی کەسک/سەوز. ئەمەیان دوو جیھانی جیاوازە، جیھانێک بۆ رەشە خەڵکەکە کە وان لە ژێرزەمینەکان و کەلاوەکاندا، جیهانێکی دیکەش کە تیایدا ھەموو سەرزەمین ھی ئەوانە و بۆ خۆیانە و بۆ ھەمیشە بە میرات دەیدەنەوە بە فرزەندەکانی خۆیان، وڵاتێکە یان جیھانێکە کە تاپۆکەی و قۆچانی رەشی وا لە گیرفانی چەند کەسانێکدا.

دامەزراندن و چوونە ناو پەیوەندی مرۆڤپەروەرانە وا دەخوازێت کە ھەر ھەمووان پێکەوە لە ھەمان جیھاندا بژین، لە خۆشی و ناخۆشی و خەون و خولیا و خۆزگەکاندا پشکی ھاوبەشمان ھەبێت، لە خوڵق و خوو و خدە و موودی ھاوبەشەوە تا دەگات بە گوتاری ھاوبەش، رۆح لەتەک رۆحدا بدوێت و بوونەکان بە یەکدی خۆیان گەرم بکەنەوە، گەر ئێمە بە نیازی ئەوە بین کە پێکەوە بژین، پێشمەرجی پێکەوەبوون و دۆزینەوەی ئەو زمانە دزراوەی لێمان زەوت کراوە، دەرچوونە لە خۆپەرستی و چڵێسی و نەوسنی ھەتاھەتایە. گەر قووڵتر بڕوانین.. گومان لەوەش دەکەین کە ھەمان ھەوا ھەڵمژین و ھەمان شیری پاکی دایکانی خۆمان خواردبێت!

ئاخۆ ئەوەی کە گوێبستی دەبین لە قسە و ھات و ھاوار و غەڵبە غەڵب، وتووێژ و دەمەتەقێیەکی پڕ مانا و راستەقینەیە یان بە تەنها دەنگە دەنگە و لە زار دێتە دەر و بە تەنها ھەوا دەشێوێنێت و هیچی دیکە؟ ئاخر ماناکانی ژیان بە تەنها لە پەیوەندی ھەموو کەسەکان و لایەنەکان و بەرەکاندا دەسازێت و کە زمانێکی ھاوبەش پردی نێوانیانە، ئەوەی کە دەگوزەرێت یارمەتیمان نادات ئەو جیھانە بناسینەوە کە تیایدا دەژین، جیھانێکە لە بری ئەوەی تیایدا ئۆقرە بگرین و ھۆگری بین و نیشتەجێ بین، پتر تیایدا سەرگەردان و وێڵ دەبین، وەھا جیھانێکیش شیاوی رەتکردنەوە یان ھەڵوەشاندنەوەیە، جیھانێکە رووی لە وێرانە و خاپووربوونێکی رۆحی و مۆڕاڵییە، گەرچی تاوەرەکان و باڵەخانەکانی بڵند بە پێوەش بوەستن، جیھانێکی وا وەک ئەوە وایە بەر زەبری کارەساتێکی گەورەی سروشتی یان مرۆیی کەوتبێت، کە وا بکات هەتا زووە ھەر ھەموو مەلەکانی ئاسمان و ماسییەکانی ناو رووبار و زەریاکان و گیاندارانی سەر وشکانی و مەردمگەلی سەر زەمین بیر لە ھەڵاتن و سەرھەڵگرتن و فڕین و بەجێھێشتنی بکەنەوە و ئاوڕ نەدەنەوە!
ئەو کۆچ و سەرھەڵگرتنەی نیو سەدەی رابردوو بەڵگەیە لەسەر نەبوونی ژیان لێرە، بە تایبەتی لەو سی ساڵەی دواییدا کە داستانی گەورەترین کۆچڕەوی تۆمارکردووە، "رامبۆ-ی شاعیر واتەنی: ژیان وا لە شوێنێکی دیکە!"
گرفتەکە لەوەدا نیە کە گومان بکەین لە بوونی زمانێکی ھاوبەش، زمانێکیش ھەبووبێت، ھیچ یاسا و رێسایەکی سینتاکسی (syntax) تێدا نەماوە، پەیڕەوی لە رێزمانێک ناکات کە بە ئاڵوگۆڕ و گفتوگۆی دوو لایەن و دوو کەس و دوو تاقمدا تێپەریبێت، ھیچ ریزکردنێک و رێک و پێکییەک لە رستەسازی و داڕشتنی زمانەکەدا نادۆزینەوە، پەیوەندییەکانی وشەکانی ناو رستەکان لێمان ون دەبن، چونکە پەیوەندی ئینسانی و رۆحی نێوانمان بزر و شاراوەیە، وەک کۆی جیھانی خوداوەندەکانی سەر ئەم خاکە لە ئێمە شاراوەو بزرن، وەک شاردنەوەی ناوی پروژە و قۆنتەرات و پلانەکان و ژمارەی پارە و پوولەکانتان و رووگە و ئاراستەی سەفەرەکانتان، تەقەت و داخراو وەک کۆشک و تەلار و قاسەکان و بانقەکانتان، دۆڕانی گەورە ئەوەیە بەسەر شان و کۆڵی ئەو خەڵکەوە ھاتنەوە ناو شارەکان، بەسەر رووباری خوێن و فرمێسک و ئارەقەی ھەزارەھا پەڕینەوە ناو باخچەکانی شار، کەچی ھەنووکە وان لەودیو دیوار و شورا بڵندەکان، چەقیونەتە ناو کورسیە گرانبەھاکانتان و تازە زەحمەت بووە واز لەو حەرەمسەرایە بێنن و کەمەکێ لەو تەخت و تاراجە بێنە خوارێ و گوێ لەو ڕەشەخەڵکە بگرن کە ناچارن ھاوار بکەن بەڵکو خوداوەندەکانی سەرزەمین ئاوڕێک لەو ھاوارە و ناڵەیە بدەنەوە، ئێوەش بێباک لەو نواندن و نمایشە خوێناوییەی سەر سەکۆکان و سەر جادەکان و بەر بارەگاکانتان، ھەروەک ئەوەی شانۆگەرییەکی تراژیدی «شکسپیر» بێت و چاوەڕوانی تەواوبوونی نمایشەکە بکەن و ھیچی!

• تایتلی ئەم وتارە لە شاعیری فرەنسا-یی "ئارتر رامبۆ: ١٨٥٤-١٨٩١" وەرگیراوە کە دێڕە شیعرێکە، کە دواتر رۆماننووسی "چیکی" 'میلان کۆندێرا:١٩٢٩-' کردی بە تایتڵی رۆمانێکی خۆی هەر وەکو خۆی "ژیان وا لە شوێنێکی دیکە" کە دیارە سەرسامیم بەم رۆمانە وایکرد کە لە ئینگلیزییەوە وەریبگێڕمە سەر زمانی خۆمان.

دوا مانیفێستی من

$
0
0
دوا مانیفێستی منHeminپش, 10/28/2021 - 21:23

 

+ سڵاو دۆستانی ئازیزم.. ئەم کاتەتان باش.. بە بێ زێدەڕۆیی لە سەروەختی 'راپەڕین'ەوە تا هەنووکە، رۆژانە و هەفتانە و مانگانە، تاوەکو ئێستاکێ کە دەکا پتر لە (٣٠/ سی)ساڵی رەبەق؛ جۆرەها کەس پەلاماریان داوم، لەسەر ئاستی تۆمار و زارەکی و رێبواری و فیزیکی و رۆحی و رەوانی، بە ناوی راستەقینەی خۆیانەوە بووبێت یان خوازراو و نادیارەوە، کە هەندێکیان بانگخواز و ئەندامی کاراو سەرانی حیزبە ئیسلامییەکانن، هاوکات هەیانە کە بێلایەنن و سەر بە هیچ گروپ و حیزبێکی سیاسی نین، کە بەردەوام لە رێگەی کەناڵەکانی ماس-میدیا و تۆڕی کۆمەڵایەتی و بگرە لە رێگەی 'مۆبایل'ەوە جنێوی سووکی زۆر و هەڕەشەی بەردەوامم بۆ دەنێرن کە گوایە من دژی ئەم ئایینە پیرۆزەی 'ئیسلام'م، هەست و نەستی موسڵمانان بریندار دەکەم کە ناکرێت ئیمانیان وا تەنکۆڵە بێت.

لە کاتێکدا ئەوان کە خودایەکی مەزن و پێغەمبەرێکی خاتەم و قورئانێکی پارێزراویان هەیە لە " )لەوحی مەحفوز(دا و ئایین و ئیمانێکی وا تۆکمەیان هەبێت کە لە ملیارێک و نیو تێپەڕیانکردووە. ئاخۆ چۆن بە چەند گومان و پرسیارێکی من شێلوو دەبن و دەمارگیرانە بەرپەرچی من دەدەنەوە، نەک بە دیالۆگ، بەڵکو بە جنێوی سووک و بە زمانێک کە هی گفتوگۆ نییە؟!

ئەوان هەقە لە خۆیان بپرسن کە ئەگەر خودی "خودا" خۆی منی دروست کردبێت و ئاوەز و دەماغێکی پێبەخشیوم و رێگای داوم بیر بکەمەوە و قسان بکەم و تا هەنووکە خودی "زاتی ئیلاهی" بێزی نەهاتووە دەمم دابخات و کەڕولاڵم بکات یان بمکوژێت و مەحفم بکات، کە ئەم رستە و دەستەواژانە، لە پاڵ تەغارێک لە جوێن و هەڕەشە کە هی سەر زاری ناحەزەکانی منە کە من بە دۆستیان دەزانم، بەڵگەش ئەوەیە کە من تاوەکو ئێستاکێ بە یەک وشە کاردانەوەم نەبووە!

هەڵبەتە نەوەیەکیش پەیدا بوون کە بە هەزارەهایە و زمانی عەرەبی نازانن و هەر بە سیلەی رەحم موسڵمانن کە هونەر نییە، چونکە گەر لە هەریمی "تبێت/ تەیبت " لە دایک بوونایە، دەبوون بە {بوودیست} و "گواتما بوودا" بە پەیامبەری خۆیان دەزانی و "دالای لاما"ش بە رەهبەری دینی و رۆحانی، ژمارەیەکی بێشومار ناشزانن ناوەرۆکی ئەو ئایینە پیرۆزەی ئەوان لە چی دەدەوێت و سوودی چییە بۆ ئەوان و مرۆڤایەتی و من؟هەموو تێگەیشتنەکەی ئەوانلەسەر زاری ئەو مەزهەبزەدە و ئاخوند و زاتانەوە سەرچاوە دەگرێت کە لەسەر مینبەرەکانەوە بە فەرمی و نافەرمی خۆیان بە وتەبێژ و پارێزەر و زمانحاڵی 'خودا' دەزانن بێ ئەوەی بتوانن بێنە پای دیالۆگ و لۆژیک و گفتوگۆیەکی زانستیانە و شارستانی. هەڵبەتە من بە درێژایی ژیانم وەڵامی جنێوەکان و تەکفیر و تەخوین و هەڕەشە و گوڕەشەی هیچ مەردمگەلێکمنەداوەتەوە، چونکە هیچ جوانی و رێزێکی تێدا نابینم بۆ دیالۆگێکی کراوە!

ئەمن بڕوام بە وتە دروستەکەی "کارل مارکس: ١٨١٨-١٨٨٣"ی فەیلەسووف هەیە کە ناوەرۆکەکەی شیدەکەمەوە کە دەڵێت، " پێشمەرجی هەموو رەخنەیەک سەبارەت بە هەر ئایدیا و بەهایەک و کایە و چالاکییەکی مرۆییانە بێت، ناچێتە خانەی رەخنەگرتنەوە، ئەگەر لە رەخنەکردنی ئایینەوە دەست پێنەکات."

کە دیارە لای منیش ئەم پێشمەرجەی "مارکس" زێدە پەسندە چونکە خودی ئایین وەک کایەی تێفکرین زادەی تەئویل و تەفسیرێکە کە بە تەنها "خودا" و "پێغەمبەرەکان" کایەیان تێدا نەکردووە، بەڵکو لە ماوەی هەزارەها ساڵ ژمارەیەکی بێ شومار لە پیاوان و نێرگەل سەرگەرمی راڤە و توێژینەوە و شیکاری بوون و شەنوکەویان تێدا کردووە، بەو نیاز و مەرامەی کە بە رۆحێکی داخراو و دۆگماتیک و ئایدیۆلۆژستانە روانین و خواستی خۆیان هەبووە، نەک تێڕامانێکی مرۆڤپەروەرانە، کە زۆرینەیان نێرینە بوون، نەک مێینە کە بە روانینی من کرۆکی کارەساتێکی گەورەیە و جێگەی گومانە کە تیایدا سەر لەبەری مێژوو هی پیاوەکانە نەک هی ژنان، بە تایبەتی لە ناوئاخنی کایەی ئایین و سیاسەت و سەرمایەگوزاری و بزنسدا!

هەڵبەتە میراتێکی فیکری و فەلسەفیهەبووە کە لە لۆژیک و ئاوەزداری و عەقڵزەدەییسەرشار بووە، بەڵام ئەوەی کە هەنووکە زاڵە و هەم دەچنەوە سەر میراتی فیکری "ئیبن تەیمییە: ١٢٦٣-١٣٢٨" و "ئیبن ئەلقەییم: ١٢٩٢-١٣٥٠"کە بە واتا پێچەوانەکەی دەبینین کەکۆمەڵیک بزافی وەک "قاعیدە" و "بوکوحەرام" و "داعش" و "تالیبان"ی خوڵقاند کە خاوەنی سەدەها سەرچاوەی خوێناوین، کە ئەوەیان بۆ من شاڕەگی گومان و پرسیاری منە بە درێژایی نیو سەدە، کەواتە ئێمە لە هەنووکەدا لە سەدەی بیست و یەکدا ناژین، بەڵکو لە سەدەی سیازدەی میلادیدا دەژین کە فیکری 'ئیبن تەیمییە' و 'ئیبن ئەلقەییم' و شاگردەکانی بوون بە ڕابەر؛ نموونەی سەرانی ترسناکترین رێبازی "وەهابیزم" کە پەیڕەوکەرانی ئەو دوو زاتەی سەرەوەن کە بوون بە مایەی فەزایەکی تاریکستان ئاسا لە نێو دونیای عەرەبی و ئیسلامیدا کە تا هەنووکەش بەردەوامە کە بە تەڵاقدانی عەقڵ کۆتایی هاتووە!

پارادۆکس و تەوس و بەزمە سەیرەکە لەوەدایە کە من بە رەوای دەبینم کە ملیارێک و نیو موسڵمان هەن لەسەر زەمین، بەڵام ئەو ملیۆنەهایە و ئەو هەزارەهایە لە خەڵکانی خۆمان و کورد-زبان بەرگەی ئەوە ناگرن کە بە قەولی خۆیان منی کافر و زندیق و و مورتەد و خوانەناس پرسیار و گومانم هەبێت، یان پێیان ئەستەمە کە رەخنەگری کۆی ئەم میراتەی باب و باپیران بم کە بڕێکی زۆری ئەو میراتە جێگەی گومان و پرسیاری منن، بە واتا شایستەی هەڵوەشاندنەوە و نەمان و سڕینەوەن، نەک بە پیرۆزکردن.

روانین و لێکدانەوەی منیش زادەی ئاوەز و عەقڵ و تێفکرین و تێڕامانێکی منە بۆ دین و دونیای لای خۆمان کە بایی ئەوەندەش هۆش و گۆشم هەیە کە 'هەقیقەت' لای من نییە و هەرگیز بە تەنها بۆ خۆمی قۆرغ ناکەم، چونکە من بڕوام بە "یەقین" و "تەلقین" و "نەقل" و تاکڕەوی هەقیقەتپەرستی رەها نییەکە دەگاتە دۆگما و وشکە باوەڕ و ئیمانی کوێرانە، کە سەهۆڵبەندانی عەقیدەیی لێ دەخوڵقێت کە ئیمانێکی تاریکپەرستانە بە دوای خۆیدا دەهێنێت، کە بە ناوی پیرۆزکردنەوە "عەقڵ" و تیفکرین و رەخنەکاری دەکوژن!

خۆ ئەگەر وابێت منی فەرمەسۆن دەچـمە دۆزەخ و "وە- بیئسەلمەسیر"، لەتەک "شەیتان"ی هاوکوفم پێکەوە بە ستوونێکی ئاگرینەوە لە ناوەراستی جەهەننەمدا دەبەسترێینەوە و بۆ هەتاهەتایە دەسووتێین کە من دەمێکە خۆمم بۆ ئامادە کردووە و گرفتێکم نییە، چونکە بۆ ماوەی ساڵانێکی زۆر سەرمام بووە تا رادەی ئەوەی کە ئێسقانەکانم بوون بە شەختەبەند و زوقمی ناو چللەی زستان، سەرمام بووە لە پای بەرکەوتنم بەو هەزارەها مەردمگەلەی کە زێدە سارد بوون بە ئەندازەیەک کە دەبوو بە چللەی هاوین پاڵتۆ/ساقۆ لەبەر بکەم، ساردتر لە ناو دەمی مردووەکان و بەفرەکانی سەر شاخەکانی 'هیمالایا'، هاوکاتیش پیرۆزبایی لەو ملیارەهایەش دەکەم کە دەچنە فیردەوس و بە‌هەشت و جەنناتی عەدن-ی پڕ لە عەیش و نۆش و حۆری و غیلمان و شەرابەن تەهور و چی و چی کە من هەرگیزبۆ خۆمی ناخوازم، کە دیارە پێم شەرمە لە ژێر عەرشی "خودا" بە ڕووت و قووتی سەرگەرمی سەرمەقولات و گەوگەوزانێ بم لەبەر دەم و چاوی 'یەزدان' کە ئیماندارەکانی دیکە خەونی پێوە دەبینن!

جارێ ئەوان مەرجە بزانن کە ئەمن 'حیکمەتی ئیلاهی' جێبەجێ دەکەم کە ئەگەر ئەمن 'ئەهلی دۆزەخ' بم، چونکە زۆرینەتان دەزانن کە مەرجە دۆزەخی یەزدان پڕپڕ ببێتەوە وەک بەهەشتەکەی کە خزمان و خەڵکێکی زۆر خۆیان بۆ ساز و ئامادە کردووە، بە پای پیلان ببن بە خاوەنی کۆشک و تەلاری خۆیان لە ناو بەهەشتە بەربەرینەکەدا کە رازاوەتەوە بۆیان .. پیرۆزیان بێت؛ بەبێ من!
ئایەتێکتان هەیە کە دبێژی: " يَوْمَ نَقُولُ لِجَهَنَّمَ هَلِ امْتَلَأْتِ وَتَقُولُ هَلْ مِن مَّزِيد؟ٍ

مەرجە ئەو بەهەشتییانە بزانن کە خودی 'خودا' خۆی بەرامبەر بە "شەیتان" کە هەڵگەڕایەوە و ئامادە نەبوو کرنوش بۆ "ئادەم" ببات سزاکەی کوشتن نەبووە، بەڵکو لە بەهەشت دەریکرد و بێبەری کرد لە فریشتەبوون و هەڵیدایە سەر ئەم ئەستێرە زێدە رەنگینە کە سەرزەمینی ئێمەیە و خەریکە بنیادەمەکان گڵاوی دەکەن، بگرە یەزدان 'ئیبلیس"ی سەربەست و ئازادی کرد لەوەی کە لە فریودان و گوناهکردنی بەرامبەر بە مرۆڤ بەردەوام بێت کە بە دیدی من ئەفسانەیەکی رەمزدارە پتر لەوەی واقیع بووبێت!

دیسانەوە گەر ئاوڕ لە 'نەخێر' و هەڵگەڕانەوەی 'ئادەم' و 'حەوا' بدەینەوە بەرامبەر بە 'خودا' کە رێنماییکردن و بگرە هەڕەشەی لێکردوون کە لەو سێوە یان گوڵەگەنمە یان لەو میوەی حەرامکراوەی درەختی ناسراو بە 'درەختی مەعریفە' نزیک نەبنەوە و نەیخۆن، بەڵام خواردیان و سزاکەیان تڕۆکردن و وەدەرنانیان بوو لە بەهەشت و فڕێدانیان بۆ سەر زەوی و بەس، نەک کوشتن!

ئەمن وەک کادیرێکی پەروەردەکار بۆ ماوەی سێ سەدە و نیو وا سەیری دەکەم کە ماقووڵ نییە من پیرۆزبایی لە ملیۆنەها دەکەم کە دەچنە بەهەشت و بە رەوای دەبینم و هەست و نەستم بریندار نابێت، بەڵام ئەو ملیۆنەهایە یەک کافر و زەندیق تەحەمول ناکەن کە منم. هەر بە راست تۆ بڵێیت من ئەوەندە ترسناک و ئاوقات و بەرباد بم کە بتوانم ئایینی ئیسلام هەڵبوەشێنمەوە کەپتر لە چواردە سەدەیە ڕەگوریشە دادەکوتێت کە لە رێگەی 'فتوحات و غەزەوات'ەوە هاتوون و وڵاتانیان داگیرو تاڵان کردووە، کە بە ناوی "جیهاد"ەوە کراوە و دەکرێت، واتا چلە زەیتوونیان پێنەبووە و کۆتری ئاشتیەوانی نەبوون، بەڵکو شمشێرەکانیان خوێنی لێتکاوە.. نەک شیر و هەنگوین.

منێک کە کادرێکی پەرەوەردەم و بڕوام وایە کە وانەی یەکەم وئەرکی پەروەردەکاری تازەگەر ئەوەیە کە لە 'کیندەر گارتن' و 'باخچەی ساوایانەوە' دەست پێبکەین بەوەی کە کچان و کوڕانی خۆمان وەک نەوەیەکی نوێ و ڕاچەنیو فێری ئەوە بکەین کە ئێمەی کوردگەل بۆ هەزارەها ساڵە داگیرکراوین لە لایەن چەندەها نەتەوەی جیاوازەوە، بگرە لەسەر ئاستی دونیادا بە خاک و خەڵکەوە بووین بە موستەعمەرە وکۆلۆنیالێکی نێونەتەوەیی و جیهانگیری و گلۆبال، چ بە ناوی 'خودا'وە بووبێت یانگەمەی چەپەڵی سیاسەتی نێودەوڵەتی، ئێمە لە ناوەکانی خۆمانەوە بۆ ناوەرۆک و سەر پەڕەی رۆحمان داگیر کراوین، پرۆسەی داگیرکاری و ئاکام و دەرئەنجامە زۆر خراپ و کوشندەکانی وانەی یەکەمی پەرەوەردەناس و فەیلەسووفی بەرازیلی "پاولۆ فرێری: ١٩٢١-١٩٩٧"ی مامۆستامە کە فێری کردووم، بە تایبەتی لە رێگەی کتێبە دانسقەکەی بە ناوی "پێداگۆگی ستەمدیدە"کە تیایدا بە قووڵی ئاماژە بەوە دەدات کە ستەمدیدە و ستەمکار بۆ هەمیشە جێگۆڕکێ دەکەن، چونکە رۆحی داگیرکاری لە لای هەردووکیان پتەوە و بنەبڕ نەکراوە تا هەنووکە، بە تایبەتی لە "ڕەشهەلاتی ناوەراست"!

کۆی مێژووی ئیسلام کە عەرەبی بیابان-نشین بوون بە خاوەنی لە بەرژوەندی شۆڤێنیزمی دینی و هەم فاشیزمی میلیتاری و عەسکەرتاری پان-عەرەبیزم کۆتایی هاتووە کە هەزار و چوار سەد ساڵ پترە بەو رۆحە بارباریست و وەحشییەتگەرایە کوردگەل و نەتەوەکانی دیکە دەچەوسێنێنەوە، ئەوەی بۆ من سەیر و سەمەرەیە و هەم هێدمگرتیم دەکات ئەوەیە کە ماقووڵ نییە داگیرکەر و چەوسێنەری خۆمان بە ناوی ئاسمانەوە بپەرستین و پرسیار و گومانێکمان نەبێت بۆ ماوەی چواردە سەدە؟!

واتا پێشمەرجی پەروەردە و فێرکردن هەر لە وانەی یەکەمەوە تا دوا وانە و بە درێژایی ژیانمان خوێندنەوە و هەڵكۆڵین و پشکنینە سەبارەت بەوەی کە ئێمە لە کەنگێوە داگیر کراوین لەسەر ئاستی رۆحی و رەوانی و فیزیکی کە بە داگیرکردنی "مێشک" و مێژوومان کۆتایی هاتووە؟ بۆچی و لەسەر چی و چۆن بووین بە کۆیلە و کرێچی و کرێگرتەی سەر خاکی خۆمان؟ بۆچی دوژمنانی داگیرکەر بوون بە خانەخوێ و سەرداری ئێمە؟ بە چ زمانێک و ئامرازێک و بیانوویەک و ئامانجێک وایانکردداگیرکەرانی خۆمان بپەرستین و هیچ گومان و پرسیارێکمان نەبێت؟ بە راست ئێمەی کوردەیل رۆڵمان هەبووە لە میانەی پرۆسەی بە کۆیلەبوونی خۆمان؟ یاخود سوپەر پاوەر و زلهێزەکانی دونیا نەخشەی ژیانی ئێمەیان لە باری رامیاری و ئابووری و کۆمەڵایەتی و مەزهەبزەدەیی و فەرهەنگییەوە داڕشت و سمیان پێوەنا کە ئێمە ببین بە سواڵکەر و دەرۆزەکەرانی سەرزەمین بۆ تۆزێک سەربەستی؟ یان هەتیوەکانی ژێر دەواری دڕاو و هەلاهەلای رژێمە بارباریست و وەحشیەتگەریوڵاتانی دراوسێ کە هەر هەموویان خۆیان بە جەنگاوەرانی ئاسمان و خودا و ئایینەکەی دەزانن کە وا نییە؟
"کارل مارکس" بڕوایە وایە کە "ستەمی رۆژهەڵاتیی" ستەمێکە کە وێنەی نییە لە توندوتیژی و وەحشییەتگەری لەسەر ئاستی رامیاری و کۆمەڵایەتی کە تا هەنووکەش ئەو روانینەی 'مارکس' بەردەوام و بەرجەستەیە و من لە رۆحی داگیرکاری و بارباریستی ئەو چوار وڵاتانەدا دەیبینمەوە کە بە ئاگر و ئاسن ئێمە لێدەخوڕن: تورکیا، ئێران، عێراق و سوریا کە بەوەوە دەنازن کە خۆیان بە دەوڵەتی تیۆلۆژی و ئایین پەروەر و موسلمان لە قەڵەم دەدەن کە خراپترین چوار ولاتانی دونیان لەسەر هەموو ئاستەکاندا، هەڵبەتە لە پاڵ ئەو چوارەی سەرەوە مەرجە ئاماژە بە حوکمڕانی دکتاتۆریانەی ئەفغانستان و پاکستان و سودان و سعودیەی عەرەبی بدەین کە دۆزەخێکیان بۆ خەڵکانی خۆیان ئاگر داوە!

ئەم گومان و دڵەراوکێ و پرسیارانەی سەرەوە بۆ هەر خانەوادە و ماڵبات و تیرە و هۆز و خێڵ و مەزهەبدار و نەتەوەیەک پێویستە و پێشمەرجی زیندووییەتی هەر خەڵک و نەتەوەیەکە کە ئێمەی کوردگەل، لەسەر ئاستی کوردستانی گەورە، لە بواری پەروەردەدا تا هەنووکە ئەو پرسیارەمان لە خۆمانمان نەکردووە، دیارە کە خاوەنی قەوارەی خۆمان نەبین و دەوڵەتداری سێنترال جڵەومان بکەن، مەحاڵە لەم دۆخە تراژیک و دراماتیکە دەربچین!

ئایا بۆچی نەتەوەیەکی چل ملیۆنی بە درێژایی مێژووی رۆحی بەرگری و چەوساندنەوەی ئێمە و شكستی درامی و تراژیکی شۆڕشەکانمان و هەڵواسین و کوشتن و زیندانیکردنی رابەرەکانمان تاوەکو هەنووکە پلان و نەخشەیەکی سیاسی و ستراتیژی و لۆبییەکی یەکگرتوومان نییە؟ بۆ ئێمەی پەراوێزخراوی ناو مێژوو کە لە ساڵی (٢٠٢٣)دا دەکەوینەوە ناو بازنە و سەر یادی پەیماننامەی "لۆزان" کە لە بەرواری (٢٤/٧/١٩٢٣)دا بووین بە قوربانی و وەک بەرخەکەی "ئیبراهیم" سەر بڕاین و خوراین. گوایەدەوڵەتە سەرکەوتووەکانی دوای یەکەمین جەنگی جیهانگیریی بە چاکیان زانیوە، بێجگە لە کوردگەل، زۆرینەی نەتەوەکانی دیکەی "ڕەشهەڵاتی ناوەراست" شایستەی قەوارەیەکی سیاسی خۆیان بن، بێجگە لە ئێمە کە وەک (عیسا-ی مەسیح) بە خەڵک و خاکەوە لە خاچ دراین و "خودا"ش سەیری هەمووانی دەکرد و نەیدەکرد.

"رەجەب تەیب ئێردۆغان"یش کە خۆی بە جەنگاوەری ئاسمان و ئیسلامو خۆ بە خوداناس دەزانێت مرخی لەوە خۆشکردووە کە دیسانەوە بە ناوی "فتوحات و غەزەوات"ەوە کە چلۆن بەشێکی لە کوردستانی "رۆژئاوا" و "باشوور"ی داگیر کرد، بە موبارەکەی خودا و دونیا، لە خەونی ئەوەدایە کە ئیمپراتۆرییەتی عوسمانلی دێرین و لە دەستچووی زیندوو بکاتەوە، ئەو رۆژگارەی کە بە بەرچاوی هەموو دونیای دوون و خەوتووەوە هاواری کرد ئێمە بەرەو "عەفرین" دەچین، هەر وەک چلۆن باوک و باپیرانمان دەچوونە "فتوحات و غەزەوات"، بە واتا وانەی یەکەمی ئەوان داگیرکردنی خەڵک و خاکی دیکە بوون کە کوردەگەل تیایدا زۆرینەن بوون، لە دێر زەمانەوە تا هەنووکە!

بەڵام ئەوەیان چ ئایینێکە کە چوار وڵاتی خۆ بە موسلمان-زان بە موبارەک-بایی و موبارەکەکردنی زلهێزەکانی دونیاوە بۆ هەتاهەتایە لە خاچمان بدەن؟

بیرمەندی ئانگلۆ-ئایرش"جۆناتان سویفت:١٦٦٧-١٧٤٥" دەڵێت: "ئێمـە بڕی ئەوەندە زۆر ئایینمان هەیە کە بۆ هەمیشە کینە و رقمان لە یەکتری بێتەوە، بەڵام هەرگیز بایی ئەوەندە دین/ ئایینمان نەبووە کە یەکتریمان خۆشبوێت!"
ئەو روانینەی 'جۆناتان سویفت' مێژوویەکی دێرینی هەیە و دەنێو 'ڕەشهەڵاتی ناوەراست' و دونیای ئێمەدا تا هەنووکە لە برەودایە و خوێنبارانەکەش زەریای خوێنی بەرپاکردووە و هەر هەموومان مەلەی تێدا دەکەین!

"ئێردۆغان"ێک کە بە هەزارەها لە موسڵمانانی کوردگەل هەن کە ئەم چنک خوێناوییە بە نموونەی باڵای خۆیانی دەزانن، بێ ئەوەی تەماشا بکەن کە ئێمە خاوەن چ دیرۆکێک و چارەنووسێکین کە تا هەنووکە بەسەر خاچەکەوەین و خوێنمان لێدەچۆڕێت، گوایە چاوەڕوانی دونیای دوون و بێ مۆڕالین لەو خاچە دامانبگرن کە ئەوان لە تەختە و داری خۆمان ئەو خاچەیان بۆ ئێمە دروستکردووە!

پرسیاری من ئەوەیە کە ئەگەر خودا دادگاییەکی باڵای خۆی هەیە لە ئاسمانێ کە لە قیامەتێ و سەروەختی 'حەشر و نەشر' دادگاییهەموومان دەکات، مەڕ بە پێی خۆی و بزن بە پێی خۆی بە قەنارەوە هەڵدەواسرێت، کە دایکم و نەنکم بە هێوری و دڵنیاییەوە وایان دەگوت. دەی.. کەواتە ئەم سەدەها دادگا و دادوەری گشتییە چییە کە بە ملیۆنەها بە ناوی ئاسمانەوە لەسەر زەمین دایانمەزراندووە؟ ئەو هەزارەها و ملیۆنەهایە چلۆن وەکالەتی عام و خاسیانلە خودا وەرگرتووە؟ کەنگی و لە کوێندەرێ و بە چ هەق و مافێک؟ ئەوەی ئەوان دەیکەن رێک هەڵوەشاندنەوەی دادگای باڵای "یەزدان"ی خۆیانە لە ئاسمانێ!

ئەمن لە کۆتایی ئەم مانیفێستەدا وەک هەمووان، چ بەهەشتی و چ دۆزەخی، منی فەرمەسۆن حەزمە زیندوو ببمەوە و دادگایی بکرێم و بە دۆزەخ شاد ببم، نەک بەهەشت، بەڵام ئەگەر لە دادگاکەی 'باری تەعالا' ماف و هەقی ئەوەم هەبێت لەتەک خودا و دادوەرەکانی چەند رازنیازێک بدرکێنم، ئەوسا چەند راستییەکی گەڵێک تاڵ و کوشندە هەن کە ئیماندارەکان حەز ناکەن لە منی ببیستن، کە مەحاڵە دڵی هیچ خوداناسێک خۆشبکات، چونکە پڕە لە گومان و پرسیار و سکاڵای جەرگبڕ، خۆ گەر خوداش گوێی لێنەگرتم و وەک باوکم راژدییەکی سراوەندە بناگوێم و دەمی منی داخست و بە دۆزەخی شاد کردم، ئەوسا دەزانم زۆر ئاسانە لەگەڵ دۆزەخدا هەڵبکەم و ئاشنا بم بە ئاگر و سووتان، چونکە من سەر بە خانەوادە و گەڕەکێک و شار و وڵاتێکو نەتەوەیەکم کە لە ناو جەهەننەمدا ژیان و زیندەگیان گوزەراند، کە وا مەزەندە دەکەم شورەییە کە دوای بینینی هەزارەها دۆزەخی سەرزەمین؛ دیسانەوە و سەر لە نوێ بچینەوە دۆزەخ، گەر وا بوو، من دەبم بە سەرقافلەچی کاروانی کوردگەل یان پاسەوان و پاشکۆی کاروانسەرای روو لە دۆزەخ، کە شکۆمەندانە و سەربڵندانە رووەو دۆزەخی هەڵایساو بە بەرگی بڵێسە و ئاگرەوە رێدەکەین و نالەرزین و ناترسێین، چونکە نەبەهەشت بەو شێوەیەی کە وەسفکراوە جێگەی خۆشحاڵی منە و نە دۆزەخیش جێگەی نیگەرانی و ترس تۆقاندنی منە!

(شێرزاد حەسەن)
پایزی/٢٠٢١


مەرگەساتی کۆرپەلەیەک

$
0
0
مەرگەساتی کۆرپەلەیەکHeminیش, 12/05/2021 - 21:15

 

مەرگەساتی کۆرپەلەیەک

 

بەر لە دوو هەفتەی رابردوو، گەرماوگەرم هەواڵی لە دایکبوونی منداڵێک لە شارۆچکەی 'زاخۆ'دا بڵاو بۆوە، کە تۆڕی کۆمەڵایەتی و ماس- میدیا قۆستیانەوە و بوو بە هەواڵێکی تراژیک و سەمەرە و غەمهێن تا ئەوپەڕی بێچارەیی و دۆشداماوی کە نیگەران و غەمناکی کردم، بێگومانم کە کەسانی دیکەشی دڵتەنگ کردووە، بەڵام ئەوەی مایەی نیگەرانی زۆرینە بووە؛ ئەوە بوو کە ئەم وەک کۆرپەلەیەکی تازە لە دایکبوو، لە باری جەستەیی و تەندروستییەوە گرفتی کوشندەی هەبووە، بە واتا شێواوییەک لە بونیادی فیزیکی ئەودا هەبووە کە زێدە جەرگبڕ بووە کە کۆرپەلەکە بە یەک دەست و یەک قاچەوە هاتۆتە دونیاوە، "کۆم"ی نەبووە بۆ پیسایی و پاشەرۆک دەردان، هەروەها ئەندامی زایەندی سروشتی نەبووە تاوەکو بزاندرێت کچە یان کوڕە، بە واتا میزەڕۆی نەبووە، هەتا نێرەمووکیش نەبووە، کە نێرەمووک بوون لەم مەملەکەتەی ئێمە بۆ خۆی کارەساتێکی کوشندە و رسواکەرە، بە درێژایی تەمەنی خۆی، نێرەمووک لە ناو خێزانەکەی خۆیشی بێزراوە، بێجگە لە خەڵکی دیکە، گەرچی گوایە ئەویش هەر خەڵقەندەی خودایە!

کۆرپەلەی بێئاگا لە ژینگەی دەوروبەر هەرچی بخوات دەیهێنێتەوە و دەڕشێتەوە، نە گووی پێدەکرێت و نە میز، تەنها پێنج سەعات لە خەستەخانە بووە، گوایە خانەوادەکەی نائومێد بوون لە چارەسەرکردنی، ئیدی بە ملعندی و لەسەر ئەستۆی خۆیان بردوویانەتەوە بۆ ماڵی خۆیان کە ئەوەشیان جێگەی سەرنج و پرسیارە، چونکێ.. چارەنووسی کۆرپەلەکە دەخاتە مەترسییەکی کوشندەترەوە.

لە نێو دونیای پێشکەوتوودا بە مانا زانستی و نوژدارییەکەی ئەرک و کاری دەوڵەتداری و وەزارەتی تەندروستییە کە هەر لە سەرەتاوە کە خانمان 'دووگیان/ ئاوس*' دەبن و دەکەونە سەروەختی سکوزاکردن؛ پزیشکی پسپۆر و تیمێکی شارەزا هەنگاو بە هەنگاو چاودێری تەندروستی دایکەکان و ئەو دەڵەمە و کۆرپەگەلەیە دەکەن کە هێشتا تۆماوە و نەخەمڵیوە، ئاخر مەرجە هەر کۆرپەلەیەک بە ساغڵەمی و بە لەشێکی بونیاد تۆکمە و کامڵ و بێ کەموکوڕی بێتە دونیاوە کە خودی 'یەزدان' ئەو بەڵێنەی پێداوین، سەرباری ئەوەش کە هەر کۆرپەلەیەک مرۆڤێکە کە ئایندەی خانەوادە و نیشتمان و نەتەوەکان لەسەر هێز و هزر و توانای رۆحی و فیزیکی نەوەی نوێ وەستاون و پەرە بە خۆیان دەدەن لەسەر هەر هەموو ئاستەکان.

لە لای خۆمان لەم بوارەدا بێ سەر و بەرییەکی ئەوتۆ هەیە کە تا ئەوپەڕی بێباکی و کەمتەرخەمی لە ئارادایە و بگرە لە دوای راپەڕین، ساڵ لە دوای ساڵ، لە پاشەکشێدایە، کە پتر دەدرێتە دەست رێکەوت و قەدەر و دانایی و تێنەگەیشتن و پەینەبردن بە ئەسراری 'حیکمەتی ئیلاهی'. پەنا دەبرێتە بەر نوشتە و نزا و گەرمە شین و شەپۆڕ و خۆدانە دەست چارەنووس. سیستمی تەندروستی لای خۆمان زێدە سەرەتایی و پریمیتیڤ و بێ کەڵکە، چونکە خودی مرۆڤ لای ئێمە بەها و سەنگێکی ئەوتۆی نییە کە دڵخۆشکەر بێت. ئەو سەگ و پشیلانەی وان لە "رۆژئاوا" بەختەوەرترن بە بەڵگەی ئەوەی کە خانەوادەکان بیر لە تەندروستی گیاندارەکانی خۆیان دەکەنەوە، بە هەر هەموو جۆرەکانییەوە، بگرە ناو و ناسنامە سەرجەلە و پاسپۆرتیان هەیە، خەستەخانە و خۆراک و دەرمانی تایبەتی خۆیان هەیە، سەرباری بڕینەوەی شتێک لە بودجە و خەرجی و پێویستییەکانی ئەو گیاندارانە: لە پشیلە و سەگ و مشکەوە بیگرە تا باڵندە و پەلەوەر و گیاندارانی ئاویی.

لە دێر زەمانەوە، مامەڵەیەکی خراپ و نامرۆییانە لەتەک مەردمگەلی شکست و دەردەدار لە باری فیزیکی و رۆحی و سایکۆلۆژییەوە کراوە و تاوەکو ئێستاکی بەردەوامە، بۆ نموونە؛ لە "یۆنان"، بە تایبەتی لە شاری "سپارتا" وەک نموونەیەک لە مێژووی کۆنینەدا کە هەرێمێکی سەربەخۆ بووە وەک لایەنی حوکمڕانییەکی خۆسەری، کە دیارە ئەو هەرێمە بەوە ناسراوە کە رۆحی جەنگاوەربوون و ئازایەتی لە شەڕدا بۆ هەمووان مەرجی جوامێری و ئازایەتی بووە، لەو رۆژگارەی کە رۆحی شەڕانگێزی و خەونی داگیرکردنی خاک و خەلكی دیکە بەرکەماڵ بووە، لەو سەروبەندەدا کەمئەندامەکان لەسەر ئاستی فیزیکی و عەقڵی و سایکۆلۆژی نەدەچوونە ناو بازنەی مرۆڤبوون و پیاوبوونەوە، لە سۆنگەی ئەوەی کە نەیاندەتوانی جەنگاوەری ناو کوشتارگاکان بن، کەواتە دەبوو لە ناو ببرێن، هەمان یاسا و رێسا لە لایەن "نازییەکان"ی سەردەمی 'هیتلەر' دووبارە دەبێتەوە، بە کورتی بە درێژایی مێژوو و هەم دەنێو جوگرافیای جیاوازدا کەسانی کەمئەندام وەک بارگرانی و بەڵا و نەفرەتزەدە چاویان لێکراوە، لەسەر ئاستی میللیگەرایی و مەزهەبزەدەیی هەندێکجارلە دایکبوونی منداڵانی کەمئەندام زادەی بەدکاری و گوناهباری دایکان و و باوکانە، یانژی کەسانێک هەن وا مەزەندە دەکەن کە تاقیکردنەوەیەکە بۆ دایکان و باوکان و خودی خانەوادەکان کە لە لایەن ئاسمانەوە تاقیدەکرێنەوە کە بزاندرێت بایی چەندە خۆراگر و پشوودرێژن و شوکرانەبژێرن بەو پەند و حیکمەتەی کە تەنها ئاسمان خۆی دەیزانێت، بەدەر لەوەی کە لە نێو خودی کولتوور یان ئاییندا رەگی هەبێت یان نەبێت، یان لە یەکێکیاندا بووبێتە جۆرێک لە روانینێکی جێگیر و هەقیقەت!

مێژووی مرۆڤایەتی سیخناخە لە مامەڵەکردنێکی ترسناک و خوێناوی بەرامبەر بەو منداڵانەی کە بە ناکامی و ناکامڵی لە دایک دەبوون، بگرە لەسە یاستی میللیگەرایی وا چاویان لێکراوە کە خودی خودا سزای داون.. دەنا وایان لێنەدەهات، بگرە کەسانی شێتۆکە و گێلۆکە دەکران بە کەسانی دەستخەڕۆ و فریو خواردووی 'شەیتان' و جنۆکە و لەمەچێتر کە گوایە لە ناو رۆحی ئەوانی دەللی و دەیری و کاڵفام لانەیان چێکردووە، کە مەرجە بە زەبری سزا و ئازاردانی ئەوانی کاڵفام و شێتۆکە، بە بیانووی دەرکردنی "شەیتان" و 'جنۆکەکان لە ناو گیانیاندا، هەرچی کوشندە و خوێناوییە پیادە دەکرا تا ئەندازەی کوشتنیان کە تاوەکو هەنووکەش لە هەندێک جوگرافیای ئێرە و ئەوێندەرێ پیادە دەکرێت، بە واتا گەر نەکرا رۆحی شەڕانگێز و خراپ لە ناو گیانی ئەوانی دەردەدار دەربکرێن و قاو بدرێن، ئەوسا مەرجە بەدەم ئەشکەنجە و سزاوە بمرن، بە بیانووی دەرکردنی رۆحی بەد و پیس و نەگریس لە ناو رۆحی ئەوانی بیمار و دەردەداردا لە باری جەستەیی بووبێت یان رۆحی و سایکۆلۆژی کە بە ژمارە پترن. دیارە دیسانەوە وا لێکدراوەتەوە کە رۆحی شەڕانگیزی ئەوانی ناکامڵ و نەخۆش و کەمئەندام و گێلۆکە و شێتۆکە هی خودی "شەیتان'ە و بەرجەستەی رۆحی کۆی شەڕ و خراپەکارییە کە گوایە 'خودا' خۆی بۆ تاقیکردنەوەی هەر هەموومان بەری داوەتە سەر ئەم سەرزەمینە کە مایەی تێڕامان و پرسیارە، بگرە خودی هەردوو فەیلەسووفی یۆنانی:"ئەفلاتون" و "ئێرستۆتل" و دەیان بیرمەندی دیکە: نموونەی فەیلەسووفی ئەلمانی:"هیگل: ١٧٧٠-١٨٣١"ی هاوسۆزی لە ناوبردنی ئەو کەمئەندامانە بوون!

با بێمەوە لای کۆرپەلەی نامێ و ناکام و ناکامڵ وەک بوونی جەستەیی کە لای خۆمان ئەو کەمئەندامانە بە {سەقەت} ناوزەد دەکرێن کە داتاشراوە لە زمانی عەرەبییەوە، لە هەنووکەدا کە مرۆیانەتر و شیاوترە بەو کەسانە دەگوترێت 'خاوەن پێداویستی تایبەت' کە نەزاکەتێکی تێدایە.

دیارە وەک مەزەندە کراوە لە نێو یەک ملیۆن کۆرپەلەی لە دایکبووی بەم شێواوییە، تەنها یەک دانەی وەک ئەم کۆرپەلەیەی 'زاخۆ' بە ناکامڵی دێتە دونیاوە کە ئەمساڵ بوو بە خەڵات و دیاری بۆ ئێمە. پرسیاری من ئەوەیە کە بە گوێرەی {ئایەتی ژمارە '٤' و لە سورەتی التین/ هەنجیرەکە}* بێت مەرجە بنیادەم کە مینا و موعجیزە و پەرجووی پەروەردگارە کە خودی ئایەتەکە ئاماژەیەکە بەوەی کە 'خودێ' مرۆڤی بە جوانترین و باشترین وێنە و شێوە و شەمائیل خوڵقاندووە.
زۆر جاران کە پرسیار لە مەلا و ئاخوند و قەشە و حاخام و مەزهەبزەدە و دیندارەکان کراوە کە کوا 'حیکمەتی ئیلاهی' و یەکسانی و دادپەروەری؟ بۆچی دەبێت کۆرپەگەلێک لە دایک ببن بە ناکامڵی؟ کوێر و لاڵ و کەڕ و ئۆتیزم و کەمئەندام و کاڵفام و شێتۆکە و گێلۆکە... ‌هتد؟ وەڵامی باوی زۆرینەیان لەوەدا چڕ بۆتەوە کە نهێنییەکە لای خودی 'یەزدان'ی خالیقە. رۆژانە منداڵانێک هەن کە لە باری جەستەییەوە ناکامڵانە دێنە دونیاوە، وەڵامی ساز و ئامادە ئەوەیە کە کامڵبوونی خولقاندنی لە لای 'خودا' بە تەنها مەبەستی "ئادەم و حەوا"یە و بەس، دوای ئەوان فاکتەری دیکەی ناکامڵبوونی خولقاندن گەلێک زۆرن کە مەرجە بیر لە سروشتی و ناسروشتی لایەنی بایۆلۆژی بکەینەوە لە نێو ئەو ژینگەیەی کە منداڵەکان تیایدا لە دایک دەبن، یان مەرجە ئەو هەڵە و پەڵە و ناجۆری گرفتەکانی زایەندی و پەیوەندی ژنان و پیاوان بە هەند وەربگرین، یانژی پیسی و پاکی لایەنی تەندروستی بە گشتی کە ئیدی مەرجە مەردمگەل خۆیان بەرپرس بن کە خاوەن ئاوەز و عەقڵن!

پارادۆکس و تەوسەکە لێرەدایە کە دایک و باوکی ئەو کۆرپەلەیەی "زاخۆ" هێشتا گەنجن، بڕیاریانداوە کە ئەگەر کۆرپەکە ژیا و کچ بوو: ناوی"فاتیمە"یە، گەر کوڕیش بوو: ناوی "ئەحمەد"ە کە دوو ناوی عەرەبی و ئیسلامین، دیارە لە باری سایکۆلۆژییەوە ئەم دایک و باوکە بیانوووی هەڵبژاردنی دوو ناوی پیرۆز بە مەرامی نزا و نماز و تکاکارییە لە خودا کە ئەم کۆرپەلەیە بکات بە خەڵاتی ئەم خانەوادەیە، بۆ من پرسیارە ئەوەیە کە بۆچی دوو ناوی سەردەمییانەیان هەڵنەبژاردووە؟ وەڵامی خۆم لەوەدا چر دەکەمەوە کە لە کنە منیش ئەوەیان ئاماژەیەکی ئاشکرا و روونە کە ئیمەی کوردگەل لە ناوەکانمانەوە تا ناوەرۆک و رۆح و مێژوومان داگیر کراوین و تا هەنووکەش زۆرینە پێیان راست و رەوایە، کە زووتر لە دوا وتارێکی خۆمدا بە نێوی {دوا مانیفێستی من} دەیەها پرسی کوشندەترم درکاندووە سەبارەت بە داگیرکردنی ئێمەی کوردگەل لەسەر هەموو ئاستەکاندا.
ئەوەی کە مایەی قەهر و تێڕامانە بۆ من ئەو هەموو حیزبە فشۆڵانەی خۆمان کە دروشمی " ناسیۆنالیزم" و نەتەوەگەری و کواردایەتیان بەرز کردۆتەوە، تا هەنووکە نەیانتوانیوە وا بکەن کە لەسەر ئاستی دەوڵەتداری و دەزگایی هانی دایکان و باوکان بدەن کە هەرهیچ نەبێت وەک خەڵکانی بندەست و داگیرکراو لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و نێونەتەوەیی و گڵۆبالیست، بە فەرمی ناوی کوردی بۆ کچەکان و کوڕەکانمان هەڵبژێرین کە سادەترین ئاماژەی هۆشیارییە بۆ نەتەوەیەک کە لەسەر خاکی خۆی پەنابەرە!

با بێینەوە لای کۆرپەلەی تایین کە ژمارەیەکی کەم بێت یان زۆر، شێواوی جەستەیی ئەم بە موعجیزە و پەرجوو دەزانن، سەبارەت بە پرسیارێکی ناحەزانەی من لە چاوی ژمارەیەک لە مەزهەبزەدەکان کە ئاخۆ چ پەند و حیکمەت و موعجیزەیەکی ئیلاهی لە پشت وەها خەڵقەندەیەکەوە هەیە؟ وا مەزەندە دەکەم بێجگە لە تەکفیر و تەفسیق و تەبدیع و نەفرەتکردن گوێبیستی هیچی دیکە نابم لە بەرامبەر ئەم پرسیارەم کە ئەوەشیان سەیر و سەمەرە نییە و خۆشە بوویمە!

بەربڵاوترین و سادەترین وەڵامی زۆرینە ئەوەیە کە 'یەزدان' پێشتر رەسمی کردووە کە خوڵقاندن بە چ یاسا و رێسا و بەرنامە و رێنماییەکدا دەڕوات، بەڵام ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵکی ئەم شێواوی و ناکامڵییە دەگێڕنەوە بۆ ئەو هەڵسوکەوت و مامەڵەکردنەی ژنان و پیاوان لەتەک یەکتریدا کە نازانن بە دروستی پەیڕەوی ئەو رێ و رەسمانە ناکەن کە خودا و هەم زانست و نوژداری دەیخوازن، یانژی هەڵە و پەڵەیەک و نەزانینێک هەیە سەبارەت بەو ژنگەل و پیاوانەی کە زاووزێ دەکەن، کە بە هەق لە باری سروشتی و دونیاییەوە راستییەکی تێدایە.

وەڵامێکی دیکەش هەیە کە لە لای مەزهەبزەدەکان بە مانا دینییەکەی گوێبیستی دەبین کە پتر لە پینەوپەڕۆکردن دەچێت و لۆژیکی تێدا نییە، کە ئەوەشیان بێجگە لە پاساو و خۆپەڕاندنەوە لە خودی پرسیارەکەمان کە ئەویش ئەوەیە: ئایا بە راستی و دروستی دەکرێت 'یەزدان' خۆی دایکان و باوکان فەرامۆش بکات کە چلۆن بە پێچەوانەی یاسا و رێسا و بەرنامەی خودا مامەڵە بکەن؟ دیارە لە وڵاتانی بڕواهێن بە 'سێکیولاریزم' و زانست پەرجووی نوژداری: دەوڵەتداری ئەم ئەرکانە دەگرێتە ئەستۆی خۆی لە رێگەی نەخشە و پلانی تۆکمە و پێشین لە پێناو پاراستنی تەندروستی و زیندەگی هەمووان، هەرگیز رادەستی چارەنووس و ئاسمانی ناکەن.

" ئەبو حامیدی غەزالی: ١٠٥٨-١١١١" لای وایە خودا وەک مالک و خاوەندار مافی رەهای هەیە بەسەر مرۆڤ و دروستکراوەکانی، کەسیش بۆی نییە کە پرسیار لە کار و کردەوەی ئیلاهی بکات. لە کاتێکدا زاتی ئیلاهی دەتوانێت پرسیار و لێپرسینەوە لە هەمووان بکات.

ئەو وەڵامانەی 'مەزهەبزەدکان' لەوەدا خۆی چڕ دەکاتەوە کە گریمان منداڵەکان و گەورەکان بە ناکامڵی دروست دەبن کە یان زگماکە، یان رووداوێکی سروشتی یان ناسروشتی کوشندە بۆتە مایەی شێواوی و پەککەوتن، جا چ بە دیوە رۆحی و رەوانییەکەی بێت یان فیزیکی و جەستەیی، وەڵامی ئاسانی باوەڕدارەکان ئەوەیە کە خودا خۆی میهرەبانە و لەو دونیا پاداشتیان دەداتەوە، هاوکات لە خۆشی و جوانی بەهەشت بەهرەمەندیان دەکات، بە مەرجێك بەدکار و گوناهبار نەبووبن و خودای خۆیان ناسیبێت. هەمان بەڵێنی خەڵات و پاداشت بۆ ئەو دایک و باوکانەش دابین کراوە، بە مەرجێک شوکرانەبژێر و ئارام و پشوودرێژ بن و ئەو دۆخەی خۆیان و منداڵ و زارۆکەکانیان تێیکەوتوون و گیرۆدە بوون، وا رەواترە کە بە تاقیکردنەوەی ئاسمانی تێبگەن بۆ بەندەکانی خودای تەبارەک وەتەعالا، بە دەردێکی وا کوشندەی نەزانن، بەڵام دیسانەوە مەرجی لە پێشینە بۆ دایان و باوان ئەوەیە کە پاکزاد و خوداناس بووبن!

ئەوەی کە منی خستۆتە گومان و پرسیارەوە، لە سەردەمانێکەوە کە هەرزەکار بووم تاوەکو ئێستاکێ: ئەوەیە کە بۆ هەمیشە بڕواداران لای خۆمان پاساو و بیانوو بۆ هەموو مەرگەسات و گرفتێکی ئینسانی دێننەوە، هەرچەندە کوشندە و ناماقووڵ بێت، ئاسانترین وەڵامیش ئەوەیە کە دەڵێن: ئاسمان خۆی دەزانێت و ئێمە لە نهێنییەکانی 'مەلەکوتی ئەعلا' تێناگەین، ئێمەی بەندە لەوە کاڵفامترین بیزانین و تێیبگەین و بگرە بێچارەین و بەو چارەنووسەش شوکرانەبژێرین!
من وای دەبینم کە ئارامییەکی زۆر لای خەڵکی ئێمە لەوەدایە کە پرسیار و گومانیان نەبێت و حەساوەترن گەر هەر هەموو مەرگەساتەکان رادەستی ئاسمان بکەنەوە، بەوەش سەریان سووکتر و خەویان خۆشترە.
دیوێکی زۆر غەمهێنی ئەم دۆخەی کە لە ئارادایە ئەوەیە کە منداڵان و کۆرپەگەلێک هەن کە هەرکە لە دایک دەبن دوچاری نەخۆشی کوشندەی شێرپەنجە بوون کە هەندێکیان دەمرن، لەوەش کوشندەتر ئەوەیە کە لەسەر ئاستی میللیگەرایی خەڵکانێک هەن بڕوایان بەوە هێناوە کە کێ ناڵێت 'حیکمەتی ئیلاهی' تێدا نییە کە ئەوانەی نابینا و کەڕ و گول و لاڵ و تلاوەی دەستی دەردی گرانن، هەر خودا خۆی دەیزانێت چلۆن وا بە ناکامڵی و دەردەداری دەیانخوڵقێنێت، چونکە گوایە ئەگەر تەندروست و ساغڵەم بوونایە، لەوەدا بوو شەڕانگێز و بەدکار بوونایە و زیانیان بۆ خەڵکی بێگوناە و بیدەرەتان هەبووایە، بە واتا ناکامڵی کۆرپەلەکان گەر بە زگماکیش بێت، خەڵکانێکی بێشومار هەن وا مەزەندە دەکەن کە دانایی و 'حیکمەتی ئیلاهی' تێدایە کە ئەوەشیان خۆ دزینەوەیە لە کارەساتەکان، دیارە بە درێژایی تەمەنی خۆم تا هەنووکە گوێم لەم چەشنە لێکدانەوە و روانینە و بڕوایە دەبێت کە ئەوەشیان چەقبەستنێکە لە ناو تاکە وەڵامێکدا کە دەبوو چەندین سەدە لەمەوبەر وەڵامێکی تازەمان هەبووایە.. کە نیمانە!

ئەمن ناچارم ئاماژە بەوەش بدەم کە کەمئەندامی و نوقسانی بە تەنها لەسەر ئاستی فیزیکی و جەستەیی نییە، بەڵکو کۆی سیستمی ناسیستماتیکی ئێمە لەسەر ئاستی هەموو خانە پەروەردەییەکاندا وەها نارێک و شکست و بەربادە کە لە باری دەروونییەوە هەر هەموومانی نەخۆش خستووە، بە واتا هەر یەکێک لە ئێمە بیمارە لە باری رۆحی و رەوانی کە لە رەفتاری هەر هەمووماندا دەرکەوتەی زۆر خراپی هەبووە لەسەر ئاستی سیاسی و کۆمەڵایەتی و سایکۆلۆژی و سۆسیۆلۆژی و کۆبەندی کولتووری بە مانا هەرە فراوانەکەی. سەرباری ئەوەی کە لە کۆمەڵگای ئێمەدا بە هەزارەها لە کەسانی دڵڕەق و دەروون بیمار بە ناو و ناتۆرە و سووکایەتی کردن بە کەسانی "خاوەن پێداویستی تایبەت" و هاندیکاپ بەزم و رەزمی سەیر بەو زاتانە دەکەن کە لە باری فیزیکی و جەستەییەوە گرفت و کێشەیان هەیە، کە ئەوەشیان دەبێت بە مایەی خۆ بە کەم بینین و تێكشانێک و کەمبودی لە باری رۆحی و سایکۆلۆژییەوە کە دەمخواست بیاننوسمەوە، بەڵام لیستێکی درێژە و هەمووتان دەیزانن!

هەر بۆ نموونە: من بۆ خۆم بۆ ماوەی پتر لە (١٠) دە ساڵ پێیاندەگوتم {کوندەمیز}دەرئەنجامی ئەوەی شەوەهای شەو بۆ چەندین ساڵ لە منداڵییەوە میزم بە خۆمدا دەکرد و بنە خۆم تەڕ دەکرد کە لە زۆربەی چیرۆکەکانمدا رەنگی داوەتەوە، یان منی لەڕ و باریک و بنێس و 'جافیلۆک' لە پای لاوازی و ترس و شەرمی کوشندەی خۆم جێگەی مەزاق و پێڕابواردن بووم، یان پێیاندەگوتم "کوڕی زارە دۆمێ/ قەرەج" کە ئەم بابەتە هەڵدەگرم بۆ وتارێکی دیکە، بیرمە جاروبار دایکم دەگریا کە ئەگەر گەورە بم و ئیدی سەروەختی ئەوە هاتەپێشێ کچێکم بۆ بخوازن، لە تاوان دایکم شینی دەگێڕا و دەیگۆت، "کوو حەیا و نامووسمان دەچیتن لە مەملەکەتێ کە لە شەوی یەکەمی بە زاوابوون و چوونە پەردەوە 'شێرۆ' پێخەفی بووک و زاوایەتی لە میزدا نوقم بکاتن.. واوەیلا لۆ ئەوێ رۆژێ و.. هەش و قوڕ بەسەر خۆت زارێ؟ هەڵبەتە پێڕابواردن و شەرم و شکانی من و خووی میز بە خۆداکردنی من گەیشتە گوێی ژنان و کچانی گەڕەکێ، رێک ئەو کاتەی کە ئیدی باڵق ببووم بە ناخێری گیانم!

دێمەوە سەر چەمکی عەدالەت و 'دادپەروەری خواهانە' کە بۆ من مایەی تێڕامان و تێفکرینە کە لە رۆمانی "برایانی کارامازۆف"ی "فیۆدۆر دۆستۆیڤسکی: ١٨٢١-١٨٨١" کە لەسەر زمانی یەکێک لە کارەکتەرەکان پرسیارێکی ترسناک دەکات و دەژنەوێت، "خودایە.. بۆچی منداڵەکان دەخولقێنیت و کەچی زۆر زووش دەیانمرێنیت؟" لێرەدا گەرەکمە نموونەیەک بێنمەوە سەبارەت بە بوون و نەبوونی دادپەروەری 'یەزدان' کە لە ناوئاخنی هەمان رۆماندا دۆزیومەتەوە، لە میانەی ئەو رۆمانەدا تێبینی دەکەین کە خانەوادەی "کارامازۆف" سیخناخە لە نێرینە و بە ژمارە براکان زۆرن، هەر یەکە و لە هەوای خۆیدا دەژی و تەواو لە یەکتری جیاوازن، جێگەی سەرنجیشە تارمایی کچێکی تێدا نییە و بێ خوشکن، لە نێوا براکاندا کە لێکدی ناچن، بە تایبەتی "دێمتری" و "ئیڤانۆڤ" کە وەک دوو برا سەرگەرمی جەنگێکئ فیکری و رەوشتمەندین لەگەڵ یەکتریدا کە کۆتایی نایەت، یەکێکیان ئاتەییست و خوانەناسە و ئەویدیکەیان خواناسێکی دەمارگیر و سەرسەختە، لە میانەی دیالۆگ و دەمەتەقێیەکی کوشندەدا سەبارەت بە 'خودا'یەکی هەستیار و دادپەروەر کە بە راست هەیە یان بێباک و کەمتەرخەمە و دەستی لە دونیای دوون شۆریوە؟ خوانەناسەکە پرسیارێکی جەرگبڕانە و زیرەکانە لە برا خواناسەکەی دەکات، بەو مەرجەی کە خوداناسەکە یەکسەر و یەکاندەردوو وەڵام بداتەوە، کە یەک چرکە نەوەستێت بۆ تێرامان و تێفکرین، چونکە بڕوادارە و پێویستی بەوە نییە خێرا و بە یەکهەناسە وەڵام نەداتەوە.
پرسیاری برا خوانەناسەکە لە برا خواناسەکەی بەم چەشنە دەبێت:
" هۆ برا ئاییندارەکەم.. من دەزانم کە تۆ بڕوات بە دادپەروەری و هاوسەنگی خودای خۆت هەیە، ئایا قایل و رەزامەندی هەموو خەڵکانی مەملەکەتی {روسیا}ی خۆمان تێر و پۆشتە و پەرداغ و خۆشبەخت و بێخەم بن، بە مەرجێک لەسەر حیسابی تلانەوە و ئازار و برسییەتی یەک کەس بێت، کە دەکرێت ئەو کەسە من بم یان تۆ بیت، چ قەیدییە کە هەمووان تێر بن بەو مەرجەی من یان تۆ برسی بین؟"
خودانەناسەکە سڕ و سەرسام و واقوڕماو.. جام دەبێت، بە پەریشانییەوە زاری گۆ ناکات و بەدەم تیفکرین و تێرامانەوە بۆ وەڵامێک دەگەڕێت کە خودا زویر نەکات.. ناتوانێت و لاڵ دەبێت بەرامبەر بە پرسیاری ترسناکی برا خوانەناسەکەی!
خودانەناسەکە بە برا ئیماندارەکەی دەڵێت:
"ئەتۆ لە من خوانەناس و بێ بڕواتریت مادامەکێ بۆ وەڵامێک دەگەڕێیت کە دوو وشەیە: "نەخێر" یان "بەڵێ"، کەواتە ئەتۆش بڕوات بە دادپەروەری ئیلاهی نییە بە شێوەیەکی دیکەی جیاواز لە من!"

کەواتە منیش دەپرسم کە ئاخۆ ڕەوا و خواهانەیە کە کۆرپەلەیەک لە دایک بووە و نوقسانە بەوەی کە لەسەرەوە ئاماژەم پێدا، کە نە کۆمی هەیە و نە کێر وگون و نە کوزیلە، دەست و قاچێکی لە ئاسمان بەجێماوە و بە دوو پەل: دەستێک و قاچێک، رەوانەی سەرزەمین کراوە کە دەکرێت هەر یەکە و بۆ وەڵامێک یانژی پەند و حیکمەتێکی ئیلاهی بگەڕێت، بە مەرجێک بوێرێت و بە تەنها بۆ خۆ دەربازکردن نەژنەوێت: سوبحانەڵلا!
پارادۆکس و تەوسەکە لێرەدایە کە لەو ملیۆنەها یان ملیارەها فریشتەگەلی ژیر و میهرەبان و سۆزدارەی ئاسمان، شتاقیان هاوارێک لەو کۆرپەلەیە ناکەن و تاق دەستەکەی بگرن و بیوەستێنن تاوەکولە کارگە سەراسیمەکەی 'یەزدان'دا دەستیك و لاقێکی دیکەی بدەنێ و ئینجا رەوانەی لە ئیمەی بکەن!

*پەراوێز:
* ئاوس: هەن دەستەواژەی "ئاوس" بوون بۆ خانمان بە نەشیاو دەزانن، کە وا نییە، چونکە لە لقی شێوە زاری دیکەی سۆرانی، بە تایبەتی لە هەولێر، مایەی نەنگی و شەرم نییە، کە لە سلێمانی 'دووگیان' باوترە، 'سکپڕ'یشمان هەیە.

* دیارە من وشەی "سەگتۆپ" یان "تۆپین" بە ڕەوا نابینم بۆ هیچ گیاندارێکی سەرزەمین، بە تایبەتیش بۆ "سەگ" کە ئەگەر ئەم گیاندارە نەبووایە قۆناغی "شوانکارەیی" کە یەکێکە لە قۆناغە هەر پێشکەوتووەکانی زیندەگی مرۆڤایەتی، بۆ چەندین سەدەی دیکە دوا دەکەوت، دیارە هاوسۆزیم بۆ گیاندارەکان لەوەوە هاتووە کە ئەوان وەک ئێمە بەدکار و پۆخڵ نەبوون، چونکە ئەو گیاندارانەی کە فڕندە بن، یان پەلدار و سەر بە وشکانی. یانی ئاویی، هەرگیزاوهەرگیز 'هەوا' و 'ئاو' و 'خاک'یان پیس و بۆگەن نەکردووە وەک ئێمە، بەڵام دەستەواژەی 'سەگتۆپ' لەسەر زاری ئێمە بەکار دێت بۆ سووکایەتی کردن بە کەسانێک کە گوایە خراپەکار و گڵاون، بەڵام گیانداران و ئاژەڵان لە ئێمە بێ زیان و بێوەیترن، چونکە ئەوان ژینگەی خۆیان وەک ئێمە ژەهراوی نەکردووە و تێکیان نەداوە، ئێمەیەک کە گوایە نازی ئەوە دەکەین کە مرۆڤ 'خەلیفە'ی خودایە لەسەر زەمین، دەی.. ئەگەر دڕندەی خودا بووایە..چی دەکرد؟ چونکە شارازەیانی ژینگە پێشبینی بەدبینانە دەکەن کە ئەم ئەستێرە رەنگینەی کە ئێمە لەسەری دەلەوەڕێین و دەژین، سەردەمانێک دێت لەسەر دەستی ئێمەی مەردمگەل دەکوژێتەوە و نامێنێت!

شێرزاد حەسەن
2021-12-05

من بووم.. نەک شێرزاد حەسەن

$
0
0
من بووم.. نەک شێرزاد حەسەنHeminسش, 12/21/2021 - 09:22

 

وەک ئاگادارن کۆمەڵێک کەس، بە تایبەتی ئیسلامییەکان، لەسەر ئەو گرتە ڤیدیۆییەی ڕۆمانووس‌و نوسەر و مامۆستا شێرزاد حەسەن هاتوونەتە دەنگ. لەملاو ئەولا هەندێکیش هەڕەشە دەکەن گوایە کاک شێرزاد سووکایەتی کردووە و گوتوویەتی کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی لە قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان داعش دروست دەکەن. سەرەتا دەبێ ئەوە ڕاستبکەمەوە کە کاک 'شێرزاد' گوتوویەتی بە گەڕانەوە بۆ سەرچاوەیەک کە توێژینەوەیەکی دکتۆر "شێرکۆ کرمانج"ە. (بەندە) وانەکانی پەروەردەی ئیسلامی لە قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان داعش بەرهەم دێنن کە من خاوەنیم،نەک خودی 'شێرزاد' بۆ خۆی بەم دەرئەنجامە گەیشتبێت.

لە بەرئەوەی گفتوگۆکان ڕاستەوخۆ پەیوەندیان بە چەند توێژینەوە و بابەت ‌و چاوپێکەوتنی منەوە هەیە، بە باشمزانی کە سەرەتا بۆ وەڵامی ئەوانەی کە هاتوونەتە دەنگ‌و دەڵێن شتی وا لە کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی نیە کە داعش-دروستکەر بێت، هەر بۆ نمونە ئاماژە بە چەند دەق‌و پەیامێک لە کتێبەکان دەکەم، بەڵام هەر ڕۆژەی نموونەیەک دەخەمە ڕوو. دواتر، لە دەرفەتێکدا کورتەی توێژینەوەکانم دووبارە بڵاودەکەمەوە.

سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێم کاتێک کاک شێرزاد دەڵێت کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی داعش بەرهەمدێنێت مەبەستی "داعشیزم"ە، واتە عەقڵییەتی داعش، ڕێک ئەوەی کە من لە توێژینەوەکان پێداگریم لەسەر کردوون، ئەگینا ئەو کاتەی من توێژینەوەکەم ئەنجامدا بوو داعش وەک ڕێکخراوێک بوونی نەبوو.

بۆ ئەم مەبەستە سەرەتا وا چاکە پێناسەی عەقڵییەتی داعش یان داعشیزم بکەین. داعشیزم فۆڕمە هەرە توندڕەوەکەی ئیسلامیزمە، ئەو ئیسلامیزمەی کە میانڕەوانی وەک یەکگرتو و توندڕەوانی وەک داعش کۆدەکاتەوە. لێرە مەبەست لە میانڕەویی ‌و توندڕەویی زیاتر لە بیرکردنەوە نییە؛ بەڵکو لە ڕێباز و ئامراز و دەرکەوتەدایە. هەرچۆنێک بێت، مەبەست لە عەقڵییەتی "داعش" تێگەیشتنێکی تاکڕەوانە و ڕەهاییگەرییانەیە بۆ هەقیقەت، بە مانایەکی دیکە، مرۆڤێک کە هەڵگری بیروباوەڕێک‌و جیهانبینییەک بێت کە پێیوابێت هەقیقەتەکان هەمووی لای ئەوە و ئەوانی دیکە دەبێت بێنە سەر ڕێچکەی ئەوانی داعشگەرا، ئەگینا لەناو دەبرێن، لە باشترین حاڵەتیشدا ببن بە پاشکۆ. هاوکات، لەبەر ئەوەی هەقیقەتەکانی ئەوان، مەبەستم عەقڵ داعشئاساکانە، هەقیقەتی دینین ئیدی پیرۆزن‌ و لە دەرەوەی گومان و پرسیار و ڕەخنەن، هەر کەس‌ و لایەنێک لێیان نزیک ببێتەوە، دەبێت سزا بدرێن و سەریان پەلبدرێت.

بە کورتی، ئیسلامیزم/ داعشیزم ئەو تیۆرە‎‎‏ فیکری یان ئایدیۆلۆژییە سیاسییەیە کە لە ئاکامی هەوڵەکانی کەسانی وەک (سەید قوتب یان ئەبوبەکر بەغدادی) جێگیر بووە،‎‎‏ ڕێکخراوێکی وەک (‏ئیخوان موسلیمون) یان بزووتنەوەیەکی (داعش) ئاسا بەرهەمدێت،‎‎‏ ئەویش بە خوێندنەوەی سەرچاوە سەرەکییەکانی دینی ئیسلام.‏ بە دەربڕینێکی دیکە، ئەو دیدگایەیە کە دین‌ و سیاسەت لێکتری جیا ناکاتەوە، واتە جیهانبینییەکە کە ئیسلام ‏تەنیا وەک دینێک نابینێت کە تێگەیشتنی تایبەت بە خۆی هەبێت بۆ بوونی ڕسکێنەرێک (خالق)ێک، لەگەڵ چەندین ڕێوڕەسمی ‏پەرستن وەک نوێژ و ڕۆژوو، بەڵكو وەک ئایدیۆلۆژیا و سەرچاوە ‌و ڕێنیشاندەر ‌و ڕێنماییکەرێک بۆ تەواوی پرسە سیاسیی ‌و کۆمەڵایەتی‌ و ‏ئابورییەکان دەیبینێت‌ و مامەڵەی لەگەڵدا دەکات. بە واتایەکی دیکە، وەک بیرمەند و تیۆریستە ئیسلامییەکان دەڵێن "ئیسلام شێوازێکی کامڵی ژیانە"و ‏‏"تاکە چارەسەرە" بۆ پرسە سیاسی ‌و کۆمەڵایەتی‌ و ئابوورییەکانیش.

هاوکات دەبێت ئەوەش بڵێم کە من باوەڕ ناکەم من و کاک 'شێرزاد'یش پێمانوابێت کە کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی تاکە بەرهەمهێنەری داعش‌ و داعشیزم بن لە هەرێمی کوردستان. هیچ دیاردەیەک، فیکرێک، ڕووداوێک نییە کە یەک هۆکاری هەبێت. کاک شێرزاد قسەکانی لەسەر ڕۆڵی قوتابخانە و پەروەردە بوو، توێژینەوەکانی منیش تەنیا لەسەر کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی لە قوتابخانەکانی هەرێم بوو، بۆیە هەردووکمان ئاماژەمان بەو هۆکارە کردووە کە لە پشت سەرهەڵدانی "داعش" و "داعشیزم"دایە، دەنا دەیان هۆکاری دیکە هەن لە پشت دروستبوونی ئیسلامیزم/داعشیزم لە کوردستان‌ و لە جوگرافیا و شوێنەکانی دیکەدا.

دەبێت ئەوەش بڵێم کە لە نووسینی ئەم بابەتە ڕێسا و ڕێکارە ئەکادیمییەکان بەکارنەهاتووە؛ چونکە ئەمەی ئێرە توێژینەوە نییە بەڵکو خستنەڕووی هەندێک لە دەرئەنجامی توێژینەوەکانە، بۆ وردەکاری زیاتر دەبێت بگەڕێنەوە بۆ سەر توێژینەوەکان.

با بێینە سەر ناوەڕۆکی بابەتەکە. لەم کورتە بابەتە و لە ڕۆژانی داهاتوودا بە چەند نموونەیەک پشتڕاستی ئارگیومێنتی توێژینەوەکانم دەکەمەوە، کە دەکرێت وەک بەرگرییەک لە کاک شێرزاد ببینرێت، وا بێت یان نا..گرفتێکم نییە!

+نمونەی یەکەم:

لە کتێبی پەروەردەی ئیسلامی بۆ پۆلی پێنجەمی بنەڕەتی چاپی (٢٠١١) و لە لاپەڕە (٤٠)دا، دانەرانی کتێبەکە دەڵێن: "شاندێکی کریستیانەکانی هەرێمی "نەجران" هاتنە لای پێغەمبەر (د.خ)، ئەویش دوای خستنە ڕووی باسێکی چڕ و پڕی سەبارەت بە ئایینی ئیسلام، پێیفەرموون، ئەوە ئیسلامە، یان وەریبگرن یان سەرانە بدەن، ئەگەر نا.. خۆتان ئامادە بکەن جەنگێک کە لەگەڵ ئێوەدا بەرپای دەکەین" لە پەراوێزدا (تەماشای وێنەی هاوپێچ بکەن).

ئێستا دەزانم هەندێک کەس دەڵێن جا کێ دەڵێت ئەم چیرۆکە ڕاستە، یان ئەم فەرموودەیە سەحیحە. نەک بۆ ئەم نموونەیە؛ بەڵکو بۆ هەموو نموونەکانی دیکەش ئەوە پرسی من نییە. پرسی من ئەوەیە داخۆ ئەم دەقە چ پەیامێک یان تێگەیشتنێک لای خوێندکار/منداڵ دروست دەکات؟ بە کورتی‌ و بە ڕاشکاوی دەپرسم، ئەم دەقە "داعش" دروست نەکات، ئیدی نازانم چی داعش دروست دەکات ئەگەر دەقی وا دروستی نەکات؟ ئاخر ئەم دەربڕینە بە ڕاشکاوی بە منداڵان دەڵێت ئەو کرستیانانەی لەگەڵتاندا دەژین لەم وڵاتە دوو بژاردەیان هەیە: یان سەرانەی/باجی "کرستیان-بوونیان" بدەن؛ یان دەبێت شمشێر بە ڕوویاندا هەڵبکێشین‌ و بیانکوژین.
لە (٢٠١٤)دا کاتێک داعش هات‌ و دەشتی "نەینەوا"ی داگیرکرد، ڕێک بەو شێوەیە مامەڵەی لەگەڵ "کریستیانەکان" کرد، وەک ئەوەی بڵێیت هەموویان خوێندکار ببوون لە قوتابخانەکانی کوردستان.

ئەوەی ڕاستی بێت ئەم دەقە لە چاپی (٢٠١٥)ی هەمان کتێب ڕەشکراوەتەوە، تەنیا ئەو چەند دێڕە نەک تەواوی بابەتەکە. ئەمەش دوو شت دەسەلمێنێت:
یەکەمیان: ئەو ڕەخنانەی کە من گرتبووم لەو کتێبانە لە ساڵی( ٢٠١٢ )ەوە، چ بە نووسین چ بە چاوپێکەوتن، لەگەڵ ئەو دیدارانەی کە لەگەڵ وەزیری پەروەردە و بەڕێوەبەری گشتی پڕۆگرام‌ و چاپەمەنییەکان سازکران‌، هاوکات هەوڵەکانم لەگەڵ ڕێکخراوی "یۆنیسکۆ"، کاریگەرییان هەبووە، کە بۆ هەموومان جێگەی خۆشحاڵی‌ و دەستخۆشییە. بەڵام زۆر بە ڕاشکاویی دەیڵێم کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامیی دەیان ‌و سەدان نا؛ بەڵکو هەزاران پەیام ‌و چیرۆک‌ و گوزارشت و دەربڕینی وای تێدایە کە مەرج نیە داعش دروستکەر بن، بەڵام هێندە کرچ‌ و کاڵن کە بە هیچ شێوەیەک هیچ پەیام‌ و نرخێكی پەروەردەیی لە خۆیان ناگرن، بگرە بە پێچەوانەوە پەیامی ناتەبایی‌ و دژە پێکەوەژیان‌ و پەراوێزخستن ‌و بە کەمزانینی ئەوانی دیکە لەخۆیان دەگرن.

نموونەی دووەم: لادانی ئەو دەربڕینە لە چاپە نوێکەدا خۆی سەلمێنەری ئەوەیە کە تەنانەت دانەرانی کتێبەکانیش درکی مەترسیی بوونی دەقێکی لەم جۆرەیان لە کتێبەکان کردووە.

وەک لە سەرەتادا گوتم، تا چەند ڕۆژێکی دیکە هەر ڕۆژەی لە کورتە بابەتێکدا بە خستنەڕووی نموونەیەک دەمەوێت ڕاستیی "داعشدروستکەری" کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی لە قوتابخانەکانی هەرێم بخەمە ڕوو. بەڵام دەبێت ئەوە بڵێم کە ئەو نوسخانەی کە من لە( ٢٠١٢ ) تا ( ٢٠١٥ ) ئیشم لەسەر کردوون، ئێستا لە کتێبخانەکەمدان لە "ئوسترالیا" و لێرە لەبەر دەستم نین، بۆیە کارکردنم زۆر ئاسان نابێت. بەهەرحاڵ هەر چۆنێک بێت هەوڵ دەدەم لانیکەم پێنج شەش نموونە بخەمەڕوو. چاوەڕوان بن.

 

"پرۆفایل"
+ شێرکۆ کرمانج: دکتۆرای لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی "ساوس"/ ئوسترالیا تەواوکردوە. نووسەری کتێبی "شوناس ‌و نیشتیمان لە عێراق"ە، کە بە ئینگلیزی‌و عەرەبی‌و کوردی بڵاوکراوەتەوە، لەگەڵ کتێبی "بە سیاسییکردنی ئیسلام" کە دوو چاپی بە کوردی بڵابۆتەوە. شێرکۆ دەیان توێژینەوەی له‌سه‌ر پرسی کورد و پۆلەتیکی عێراق ‌و فیکری سیاسی ئیسلام بە ئینگلیزی لە جۆرناڵە ئەکادیمییەکان بڵاوکردۆتەوە و بەبەردەوامیش لە رۆژنامە و گۆڤارە کوردییەکان بابەت‌ و توێژینەوە بڵاودەکاتەوە. شێرکۆ چوار ساڵ مامۆستا بوو لە زانکۆی "ئوتارا" لە مالیزیا، پێش ئەویش توێژەری پۆست دکتۆرا بوو لە زانکۆی ساوس ئوسترالیا. لە (٢٠١٠) بۆ ماوەی هەژدە/ ١٨ مانگ گەڕایەوە کوردستان ‌‌و وەک بەڕێوەبەری تواناسازی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا کاری دەکرد و لە "زانکۆی سەلاحەدین" دەرسی دەگوتەوە. ئێستا یاریدەدەری پرۆفیسۆرە و سەرۆکی بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانە لە زانکۆی شارقە لە ئیمارات.

 

کاتێک بێدەمووچاوەکانی کۆمەلگای تورکی ڕووخساری خۆیانمان پیشان دەدەن.

$
0
0
کاتێک بێدەمووچاوەکانی کۆمەلگای تورکی ڕووخساری خۆیانمان پیشان دەدەن.Heminپش, 02/17/2022 - 20:23

 

کاتێک بێدەمووچاوەکانی کۆمەلگای تورکی ڕووخساری خۆیانمان پیشان دەدەن.

نووسینی بەکر ئەحمەد
20220116

"یادەوەریی بێ کێشە نییە،  چونکە ئینسان کاتێک یادەوەریی بانگ دەکاتەوە، ئەوا بۆ پێداویستییەکی هەنووکەییە. ڕابردوو لە ڕێگای هەلومەرجەکانی هەنووکەوە خۆیمان دەداتە دەست بۆ تێگەیشتن. ئەمەش بە مانای ئەوە دێت کە یادەوەری دووبارە لە فۆرم دەدرێتەوە. بۆیە مێژوو و یادەوەری هەمان شتمان پیشان نادەن. " (1)
دەستپێکردنی من لێرەوە بۆ سەرنجدانە لەو مێژووە ڕەشانەی کە گروپێک برینێکی قوڵ لە جەستەی گروپێکی دیکەدا دروست دەکات و ئەم ڕووداوە دەبێتە یادەروریی  و میژوویەک کە هەردوولا، تاوانبار و تاوانلێکراو لە دوو گۆشەنیگای جۆراوجۆرەوە سەرنجی دەدەنێ.

کورد چۆن لە ئەنفا ل دەڕوانێ ،  هاوڵاتییەکی عەرەبزمان چۆن دەیبینێ. کورد چۆن لە یەزیدیەکان دەڕوانێ و ئەوان چۆن لە ئێمە، جووەکان و ئەڵمانییەکان. ئینسان دەکرێ لیستێکی درێژ بنووسێتەوە بۆ ئەم پەیوەندییەی ئەم گروپە جۆراوجۆرانەوە بەیەکەوە دەبەستێتەوە، بە تایبەت لە کاتێکدا کە خوێن و فرمیسک لە نێواندایە. 

کۆششی من لەم نووسینەدا ، سەرنجدانە لە پەیوەندی نێوان هاولاتی کورد و کەمایەتییەکانی دیکەی ناو تورکیا لە گەڵ هاولاتیانی تورکدا،  ئەویش  بە سەرنجدان لەو دراما تورکییانەی کە لە نێتفلێکس و پلاتفۆرمەکانی دیکەی پەخشکردنەوەدا دەبینرێن. نەک ئەو دراما تورکییانەی کە لە تەلەفیزیۆنە کوردییەکانەوە دۆبلاجکراون و پەخش دەکرێن.
بۆ سەرنجدان لەم درامایایە، ڕوونکردنەوەیەکی کورتم پێویستە سەبارەت بەو چوارچیوە تیۆرییانەی کە لەگەڵ ئەم پرسیارانەدا سەروکارییان هەیە، ئەویش چۆنێتی مامەلەکردنە بەم ڕووداوانە لەلایەن گروپە جۆراوجۆرەکانە. بە کورتییەکەی هەڵبژاردنی کامە ستراتیژی بەکاردەهێنرێت بۆ ئاوڕدانەوە لە کردەوەکانی گرووپی خۆ کاتێک مێژووی گرووپ خوێناوی و  ئازارخوڵقێنەرە بۆ ئەندامانی گروپی بەرانبەر. کەمکردنەوەی ویژدانناڕەحەتی یان "ئازاری ویژدان" و بە نۆستالژیاوەباسکردن لەو ڕووداوانەی کە ڕوویان داوە، دوو ستراتیژی ناسراون بۆ مامەلەکردنی گرووپە دەستدرێژیکەرەکان بە مێژووی خوێناوی خۆیان.  ئایا ئەوەی لەم درامایانەدا دەبینرێت، دەکرێ جۆرێک لە کۆششێکی هێزە زیندووەکانی ناو کۆمەلگای تورکیا بێت بە مێژووی خوێناوی ئەم وڵاتە کاتێک حەرامەکانی دوێنێ ناخرێنە ناو مەملەکەتی حەرامەکانەوە و بە دەنگ و ڕەنگی خۆیانەوە، ئەوە دووپات دەکەنەوە کە لە ڕۆژگارێکی تردا بۆیان نەبووە بیکەن. با سەرنجێکی خێرا لە هەردوو چەمکی نۆستالژییا و ویژدانناڕەحەتی بدەین و دواتر بگەڕێینەوە بۆ لای پرسیارەکانی سەرەوەمان. 

ویژدانناڕەحەتی: 
کاتێک گروپێک دەستدرێژی دەکاتە سەر گروپێکی  دیکە، هەمیشە ئامادەیی ویژدانناڕەحەتی، یان ئەوەی بە کوردی پێیدەوترێت "عەزابی ویژدان"، ئامادەییەکی گرنگی هەیە لەلای گروپی دەستدرێژیکەرەوە. ئینسان پێویست ناکات خۆی بەشداریکەرێکی چالاکی ئەو کردەی دەستدرێژکردنە بێت. بێگوومان ئەمە بە مەرجێک کە گروپی دەستدرێژیکەر ئەوەی قبوڵ کردبێت کە گروپەکەی خۆی کارێکی قێزەونی ئەنجام دابێت. ئەم هەستی ویژدانناڕەحەتییە لە داعشێکدا ناکرێ بوونی هەبێت کاتێک سەبایاکردنی کچانی یەزیدی بە ئەرکێکی ئاینی لە قەڵەم دەدات، بەڵام بۆ زۆربەی خەڵکی ئەڵمانی لەمڕۆدا، مێژووی هۆلۆکۆست و ئاوشوفیتس، ویژدانێکی ناڕەحەت لە ئاستی گروپدا دروست دەکات، ئەوەی کە پێی دەوترێت ویژداننارەحەتی کۆلێکتیڤی. 
"مایکڵ هۆڵ" و"نیللا برانکۆمبی" و "یاخیل کلار" پێیان وایە کە : هەستکردن بە نارەحەتی ویژدان، پێویستی بە 4 هەلومەرجی  تایبەتی هەیە. 
یەکەم: چەند تاک خۆی دەبەستێتەوە بە گروپی دەستدرێژیکەرەوە یاخود نا
دووم: چەند تاک پێی وایە گروپی دەستدرێژیکەر بەرپرسیاری ئەو ڕەفتارەیە کە مەبەست بووە زیان بە گروپی دووم بگەێنێ. 
سێیەم: ئەوەی کە تاک پێیوابێ زیانی بەرکەوتووی تەرەفی ئەوبەر ناڕەوا و نائەخلاقیی بووە
چوارەم: ئەوەی کە تاک درک بە قورسی و تێچووی ئەو زیانە دەکات بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵەیەک کە کراوە.
لای نووسەرانی سەرەوە، سێ شێوازی تایبەت هەیە بۆ ئەوەی تێروانینی بەرپرسیارێتی گروپی خۆ کە زیانی بە گروپی بەرانبەر گەیاندووە، کەمترین هەستی ویژدانناڕەحەتی لای گروپی خۆ بەرهەمبێنێ. 
بە کورتی هەستنەکردن بەوەی ئەوەی کە ڕوویداوە شتێکی گرنگ بووە. 
یەکەم: ئەوەیە کە گروپی دەستدرێژیکەر هەمیشە نیگای لەسەر زیانی لێکەوتووی گروپی بەرانبەرە لە جیاتی ئەوەی چاوی لەسەر هەڵەکانی گروپی دەستدرێژیکەر بێ. بەمەش نیگای سەرنجلەخۆدان تا دێت بچووک دەبێتەوە.
دووم: ئەوەیە کە گروپی دەستدرێژیکەر هەمیشە تاوانی ئەو زیانەی گروپی بەرانبەر دووچاری بووە لە پێشداوەرییەکانی خۆیەوە سەرنج دەدا کە گروپی بەرانبەر چ تایبەتمەندییەکیان هەبووە یان نا.  
سێیەم: ئەوەیە کە گروپی دەستدرێژیکەر هەمیشە تاوانی ئەوەی ڕووی داوە دەخاتە  سەر چەند دانەیەکی جیاوازی گروپی بەرانبەر کە گوایە بە هۆی ئەوانەوە ئەنجام دراوە.
لە ڕێی ئەم سێ دۆخەوە، هەمیشە گروپی دەستدرێژیکەر بە شوێن ئەوەوەیە کە هەستی ویژدانناڕەحەتی خۆی کەمکاتەوە  و چاو لە تاوانەکانی گروپی خۆی بنوقێنێ.  

ئەوەشمان بیرنەچێت، داننان بە زیانی گروپی بەرانبەردا و قبوڵکردنی ئەوەی کە گروپی خۆ کردەوەیەکی نائینسانی ئەنجام داوە، ستراتیژییەکی ترە، دووبارە بۆ کەمکردنەوەی هەستی کۆلیکتیڤی ویژدانناڕەحەتی گروپی دەستدرێژیکەر وەک لە کەیسی دادگاییەکانی ڕوواندا و ئەمڕۆی کۆمەلگای ئەڵمانیدا دەبینرێت.  
نوستالژیا
یەکێك لەو نیگایانەی تر کە ئینسان سەرنجی ڕووداوە مێژووییەکانی دیکەی پێدەدا، نوستالژیایە. لای "سڤێتلانا بۆیین" " ئارەزوو و تاسە بۆ ماڵێک کە لە ئێستادا بوونی نییە و یاخود قەت بوونی نەبووە، بەشێک لە جومگە ناوەکییەکانی هەموو نوستالژیایەکە. نوستالژیا تاکە شێوازێک نییە کە تاک سەرنجێکی سۆبژێکتیڤی لە ڕابردوو پێ دەدات، بەڵکو ئەم نیگایە بەوە دەناسرێتەوە کە هەمیشە بە جومگەی پۆزەتیڤی ژیان ڕازێنراوەتەوە و وێنەیەکی کەم پۆزەتیڤتر لە ئێستا دەنەخشێنێ. "
تیۆری نوستالژیاش، بە جۆرێکی دیکە مامەڵە لەگەڵ پرسیاری کەمکردنەوەی ویژدانناڕەحەتی دەستەجەمعی دەکات و لە دۆخی دەرپەڕاندن و ناچاربەکۆچکردنی کەمایەتییە جۆراوجۆرەکاندا سەرنجی پرسیاری پێ دراوە. 
ئەم ڕوونکردنەوە درێژەی من لێرەدا سەبارەت بە چەمکی ویژدانناڕەحەتی و نوستالژیا بۆ سەرنجدانێکی تارادەیەک خێرای چەند دانەیەک لەو زنجیرە تورکیانەی سەر بە پلاتفۆرمەکانی پەخشکردنی (نیتفلێکس)ە کە لە ئاستێکی نێونەتەوایەتیدا وەک کارە سەرکەوتووەکانی دراما تورکییەکان سەرنجی دراوەتێ. لە ڕێی ئەم درامایانەشەوە ، سینەما و درامای تورکی لە ئاستێکی بەرینی نێونەتەوایەتیدا بەرزڕادەگیرێت.
سەرنجدانی من لە م زنجیرانە، لە گشتییەتی ڕووداوەکانی ناو دراماکاندا نین، بەڵکو نیگایە لە دەمووچاوە حەرامەکانی ناو کۆمەلگای تورکی کە تا زەمەنێکی درێژ لە ناو ئەرشیفە کڵۆمدراوەکانی دەوڵەتدا تووندکرا بوون و قسەکردن لەسەر هەر یەکێکییان، بە زیندانیکردنی خاوەنی قسەکەر تەواو دەبوو. 
ئەو گروپانەیشی کە جیگایەکی تایبەت لەم زنجیرانەدا داگیردەکەن، کورد و گرێکی و جووەکانی تورکیان.
ئایا بێدەنگکردنی کورد و قەدەغەکردنی زمانەکەیان و ناوبردنی ئەوان بە تورکی چیا لە زەمەنێکی دوورەوە، چ ئاڵوگۆڕێکی لە زەینی ئینسانی تورکدا دروست کردووە و دەرکەوتنی گۆرانی  کوردی و چیرۆکی کوردی لە زنجیرە دراما تورکییەکاندا، چەندێک دەچێتە خانەی ویژدانپاککردنەوەیەکی گروپێکی دەستدرێژیکەرەوە لەبەرانبەر گروپێکی دەستدێژیلێکراودا؟
جوولەکەکانی ئیستانبوڵ چۆن دەرکران، شەوی شەش لەسەر حەوتی ١٩٥٥ چییان لە یۆنانییەکانی ئەستەنبوڵ کرد، ئەمانە بەشێک لەو دەستدرێژییە خوێناویانەن کە کۆمەلگای تورکی و ئیلیتی کولتوری تورکی لە مەملەکەتی"قەدەغەکان"ی تورکیادا دووبارە دەنگ و ڕەنگییان پێداداتەوە و دەیانخاتەوە بەر نیگا. نەک هەر نیگای گرووپی خۆ، بەلکو لە ئاستێکی فراوانی نێونەتەوایەتیدا بە جیهان دەڵێ: ئاوامان کردووە. 
درامای Ethos یان : Bir Başkadır

"ئێتۆس" کە ناوهێنانی دراماکەیە لە نیتفلێکسی سویددا، یەکێک لە دراما هەرە جوانەکانی ئەم پلاتفۆرمەیە. لە تورکیادا و لە کاتی نیشاندانی ئەم زنجیرەیەدا، کۆمەلگای تورکی بە ئاستێکی سەرنجڕاکێش بەخۆیەوە جەزب دەکات.
چیرۆکی دراماکە ، نیشاندانی کۆمەڵێک دەمووچاوی ئەمڕۆکەی کۆمەلگای تورکییە بە خەون و پرسیارە سادە ئینسانییەکانی خۆیانەوە. یەکێک لەو ڕووخسارە ئامادانەی ناو دراماکە کچێکی کوردی دەروونناسە کە خوشکێکی مەزهەبی هەیە و لە دوو گۆشەنیگای تەواو دژبەیەکەوە لەبەریەککەوتنێکی هەمیشەییدان. خێزانێکی کورد کە لە گۆشەیەکی ئەستەنبوڵدا ژیان بەسەر دەبەن و دایک و باوکێک کە کە هێندەی شاتە شات و قنەشەڕی کچەکانییان هات و هاوار لە ماڵەکەدا دروست دەکات، هێندەی کاتەکانی تر سەر قاڵی کوڕێکی گەورەی خۆیان دەبنەوە کە بە هۆی نەخۆشییە ئاوتیستییەکەیەوە، دایک و باوکی بە خۆیەوە سەرقاڵ کردووە. تا ڕۆژێک لە دەنگدەرهاتن دەکەوێت و تەنها گۆرانی باوک دەتوانێت بیخاتەوە ناو جیهانی قسەکردنەوە.
ئینسان کاتێک کلیپی سووکایەتی ئیلیتی فاشیستی تورکیا دەبینێت لەبەرانبەر هەواڵی بە کوردی گۆرانیوتنی "ئەحمەد قایە"دا لە ساڵی 1999دا کە چ کاردانەوەیک دروست دەکات، هەست دەکات کە گۆرانییەکی کوردی لەم دراما گەورەیەی تورکیادا، کە تیکستەکەی و ئاخاوتنی دایک و باوک کە بە کوردی قسە دەکەن و بە ژێرنووسی تورکی پیشانی بینەری تورکی دەدرێت، چ تەزوویەک بە ناخی ئینساندا دەهێنێت. ڕەنگە هیچ ڕەخنەگرێکی ئەوروپی لە کۆڕاڵی بەزنرخاندنی ئەم پرۆژە تەلەفیزیۆنییەدا چاوی نەچووبێتە سەر ئەم دیمەنە چەند خولەکییەکە، بەڵام مێژووی بە 'تورکی چیا' لەقەڵەمدانی کوردەکانی تورکیا و قەدەغەکردنی ئەم زمانە و زاردەربڕینی ئەم زمانە لە یەکێک لە دراما گەورەکانی ئەم وڵاتەدا، کۆتایی زەمەنێکە کە مەگەر "داگیرکردنی تاریکی" بەختیار عەلی دەربڕی بێت.

زنجیرە درامایەکی دی کە بە تورکی بە "عەتییە" ناو دەبرێت و لە زمانی ئینگلیزیدا بە The Gift ناسراوە و کەش و هەوایەکی تەواو کوردی دەخاتە باکگراوندی ڕووداوە سەرەکییەکانی خۆیەوە. دراماکە لە دەوری دۆزینەوەی ئەو پاشماوە شارستانیەی کە لە تورکییەکەیدا بە "گوبڵی تەپە" دەناسرێت و دەکەوێتە 15 کیلۆمەتری باشووری ڕۆژهەڵاتی شاری ئورفەوە دەسوڕێتەوە، کاتێک نیگارکێشێک بە شوێن دۆزینەوەی نهێنی ئەو ڕەمزە تایبەتییەوە کە لە تابلۆکانی خۆیدا دەردەکەێت و ئەم ڕەمزەیش بەشێک لەو وێنانەیە کە لەسەر بەردەکانی گۆبڵی تەپەدا دۆزراونەتەوە. چیرۆکێک کە لەسەر خەیاڵێکی زانستی بنیاتنراوە. 
بەڵام ئەوە بە تەنها کورد نییە دەگەڕێتەوە ناو مێژووی ئەمڕۆی تورکیا، بەڵکو لە زنجیرە درامای "گۆبەنخانە" یان لە زمانە بازاڕییەکەیدا "مەلها" دا کە بە ئینگلیزی بە The Club پێناسەکراوە، جووەکانی تورکیا و گرێکییەکانی ئیستەمبوڵ لە سەنتەری ئەو ڕووداوانەدان کە قسەکردن دەربارەیان وەک زمانە قەدەغەکراوەکەی کوردی بووە و ئەوەتانێ لەم دراما سەرکەتووە جوانەدا بەشێک لە مێژووی چۆنێتی دەرپەڕاندنی جووەکان و قەتڵ وعامی گرێکییەکانی سالی 1955 دەبێتە تەوەری سەرەکی ڕووداوەکان.

بەڵام هۆی چییە کە حەرامەکانی ناو کۆمەلگای تورکیا دێنەوە سەر شانۆ لە کاتێکدا ئەو دەسەڵاتە سیاسییەی لەمڕۆدا ئامادەیی هەیە پرۆژە ناسیونالیستتیەکەی ئەتاتورکی لە بەرگێکی ئاینییەوە پۆشاوە و ئەمجارەیان لە ناو پرۆژەیەکی ئایینی دیدا بە شوین خەونە ناسیونالیستییەکانی تورکیاوەیە؟
بەبڕوای من، لە هەر لایەکەوە وەڵام بەم پرسیارە بدرێتەوە، ڕەهەندی سیاسی ئەم وەڵامە هەمیشە ئامادەیی هەیە. ئەوە چاوکاڵی کورد نییە لە دراما تورکییەکاندا بە کوردی دێیتە ئاخاوتن و جووەکان باسی چۆنێتی دەرپەڕاندنیان و گرێکەکان باس لە ناخۆشترین شەوەکانی خۆیان دەکەن لە پێنج و شەشی سێپتیمبەری ساڵی 1955دا. لە هەموویشی سەرنجڕاکێشتر، ئەم دووبارە گێراندنەوانە لە زمانی نەتەوەی سەردەستەوە دەهێنرێتە سەر شانۆ، تا هەردوو لایەنی کێشەکە لێی بڕوانن. 
بە کورتییەکەی، ئەوە کورد نییە لە بێزمانخستنی خۆیدا بۆ گۆرانییەک دەگەڕێ حەکایەتی زمانداربوونی خۆی بگێڕێتەوە، بەڵکو ئەوە نەتەوەی سەردەستە کە لە چرکەیەکی مێژوویدا، ئەم زمانە قەدەغەکراوە دەخاتە سەر شانۆ و لە ڕێگای وەرگێڕانی وشەکانیانەوە، هاوڵاتی تورکزمان لە ناوەرۆکی گۆرانییەک ئاشنا دەکات.
بە بڕوای من، کاتێک بەشێک لە هاوڵاتییانی ئەمڕۆی شاری ئەستەنبوڵ پەلاماری کۆمەڵێک گەنجی کورد دەدەن کە بە کوردی گۆرانی دەچڕن، ئەو بەشە لە دید و بۆچوونی کۆمەلگای تورکی دێتە پەیڤین کە خوازیار بووە پرسیاری بێزمانکردنی کورد، وەک ئەو پرۆژە سیاسییەی ئەتاتورک بۆ هەمیشە درێژەی هەبێت. ئەم دیدە بە هەمان شێوە لەمڕۆکەی کۆمەلگای ئەڵمانیدا ئامادەیی هەیە کە پرۆژەی قەتڵوعامی جووەکانی لە جەنگی جیهانی دووەمدا بە ڕێگاچارەیەکی زۆر ئاسایی دەزانی بۆ کۆتاییهێنان بە مەشغەڵە کۆمەڵایەتییەکانی سییەکانی ئەڵمانیا و لە خەون و خەێاڵێکی نوستالژیایانەدا، ئومێدی هێنانەوەی دوێنێی هەیە بۆ ئەمڕۆ. بەڵام هاوکاتیش دەنگێکی بەرزتر و گەورەتری ناو کۆمەلگای ئەڵمانیش دەبیستین کە دەچێتە خانەی ویژدانپاککردنەوەی خۆوە لەبەرانبەر ئەو تاوانە گەورانەدا کە لە زەمەنی جەنگی جیهانیدا ڕوویان داوە.
بە بڕوای من، دەرکەوتنی کورد بەم ئاستە لە دراما تورکییەکاندا، دەکرێ وەک پرۆسەیەکی ویژدانپاککردنەوەی نەتەوەی سەردەست بێت لە بەرانبەر دەستدرێژیکردنە سەر کەمایەتییەکی ئەمڕۆکەی کۆمەلگای تورکیدا کە بە خۆیی و زمانەکەیەوە ڕاوەستاوە و لە گۆرانیپەیڤینی خۆی نەکەوتووە. چەندێک ئەم پرۆسەی ویژدانناڕەحەتییەی ئینسانی تورک و ویژدانپاککردنەوەی خۆ لە گوڕو تینی خۆیدایە، دەکەوێتە سەر بەرابەرکێی ئەو دوو تێروانینەی کە لە بەرانبەر چۆنێتی مامەڵەکردن بە ڕووداوەکانی ڕابردووە، دەکرێ چۆن هەڵوێست بنوێنرێت؟

بەڵام ئایا یۆنانی و جووەکان کە لە مڕۆدا قەوارەیەکی گەورەی سیاسی پێکناهێنن، بە هەمان مەغزای داوالێبووردنکردنەوە  دێنەوە سەرشانۆ وەک چۆن پرسیاری ویژدانناڕەحەتی ئەم دەستدرێژییە مێژووییە دەیهێنێتە پێش، یان ئەوان دەهێنرێنەوە سەر شانۆ وەک نوستالژیایەک بۆ زەمەنێکی پێکەوەژیانی فرەکولتووری کە لەمڕۆدا نەماوە بەڵام زەبروزەنگێکی خوێناویشییان بەرانبەر بەکارهێنراوە؟ وەک چۆن جووەکانی سلێمانی و شارەکانی دیکەی کوردستان لە پرۆسەیەکی نوستالژیئامێزدا باسێان لێ دەکرێت. بە بڕوای من ئەوان لەمرۆدا لە نوستالژیادان، چونکە بە عەمەلی لێرە نین. ڕەنگە ئەم جۆرە مامەڵەکردن بە قوربانییەکانی دوێنێ بۆ هێنانەوەیان وەک نوستالژیایەک، ڕێگایەکی دیکە بێت بۆ مامەلەکردن بە مێژوویەکی خوێناوی و داننان بە تاوانەکانی دوێنێدا.

بە بڕوای من، شتێک لە کۆمەلگای تورکیدا ڕوویداوە کە هەتا بڵێی ئومێدبەخشە. بۆیە هەر موتیڤێکی سایکۆلۆژی یان سیاسی لە پشت دەموچاونیشاندانی بێڕووخسارەکانی دوێنێی کۆمەلگای تورکییەوە هەبێت، ئەمڕۆ ئەو ڕووخسارانە لێرەن تا ڕابردووە خوێناوییەکەی خۆیانمان بۆ بگێڕنەوە. 

*1 Åsa Berntsson · 2010 — Minnet av 6-‐7 septemberhändelserna. -‐ istanbulbornas minne av upploppet mot den grekiska minoriteten. By: Åsa Berntsson.

 

یادەوەرییەکی جاویدان

$
0
0
یادەوەرییەکی جاویدانHeminچش, 03/16/2022 - 19:44

یادەوەرییەکی جاویدان

شیعری شاعیری ئۆکرانی کاتێرینا  بابکینا (Kateryna Babkina)

پیشکەشکراوە بەو سەدان ئینسانانەی لە خرۆشانی "مەیدان"دا گیانیان لەدەست دا.

پێشەکییەکی کورت:
یەکەم جار، ئەم شیعرەم لە هەفتەی یەکەمی دەستپێکی  شەڕی ڕوسیا لە ئۆکرانیادا لە بەشی کولتووری ڕادیۆی سویدەوە گوێ لێ بوو. زۆر سەرسامی کردم.  خۆپیشاندانەکانی مەیدانی ئۆکرانیا سەرچاوەی ئەم شیعرەی کاتیرینایە. ناوەڕۆکە ئینسانیی و پرسە وجودییەکانی ناو قەسیدەکە لەوە گەورەترن بانگەوازی ئایدیۆلۆژیی سەبارەت بەو بزووتنەوە سیاسییەی لە 'مەیدانی کیڤ'دا گووزەرا، وامان لێ بکات شیعرەکە نەخوێنینەوە. 
ئەم شیعرە لە ڕۆژنامەی " یۆتێبۆری پۆستن" لە ڕۆژی 11ی مارسی 2022 دا بڵاوکراوەتەوە.

وەرگێڕانی لە سویدییەوە بۆ کوردی: بەکر ئەحمەد
”Evig hågkomst” – dikt av Kateryna Babkina | GP

 

کاتێک لەبەردەستی مەرگدا ڕادەکشێی،  لەبیرت بێت
کە هەمیشە چاکە دەیباتەوە
گەرچیش لە ئەوەڵدا، دەکرێ وا نەیەتە پێش چاو
لە بیرت بێت
کە لانی کەم لە شوێنی تر، درەختی خۆڵەمێشی و جۆگەی شەکراو بوونی هەیە
ئەوەی بۆ هەمیشە دەبێتە هی تۆ، هەر ئەوەیە کە دەیبەخشیت
ئەگەرچی هەموو رووناکییەکی تۆ هەر ئەوە بێت 

خۆشەویستی  نە زەندەقی کەسێ دەبا و نە ئازاری کەسێ دەدا 
ئەگەرچی تۆ لە خۆشەویستیدا، ترسی بێ ئامان و ژان دەورت دەدا
تۆ تێفکرە ,  بە هیچ جۆرێک بیر لەوە نەکەیەوە 
 کە لە دوای تۆش، خەڵکانێک دەژین و  دەمرن
کەسانێک کە نازانن تۆ هەشبووبی

بۆیە کاتێک کە وەختت هات
بۆ تۆ، چاوەڕاونکراو بووبێ یان نا
لە شارێکدا، کە لە ئاگردا دەسووتێ
لە وڵاتێکدا کە داوای زۆرت لێ دەکات
لە یادتدا، ناوی هەموو ئەوانە بژمێرە خۆشت دەوێن:
ئەوانەی لە عیشقدا بە شوێنپێکەی تۆدا دەڕۆن
چاوەکانت مەنووقێنە!
یادەوەرییەکی جاویدان:
تێپەڕینی تاڵە شەبەنگ بە گشت کاتدا، دەنگی ناسک لە هەوا دا
دەنگی شین کاڵ
بریسکەیەکی ئاڵتوونی لە نیگای چاوانی دیدا
بۆیە کاتێک لە بەردەمی مەرگدا ڕادەکشێی
گۆرانییەکی بێدەنگ بچرە:
ژیان دەبێتەوە بە ژیان وەک چۆن دەریا دەبێتەوە بە باران
سووڕێکی بە بێ کۆتایی
یادت نەچێ
ناوی ئەوانەش بهێنی کە قەت بۆ تۆ گرنگ نەبوون
ئەوانەی خۆشیان نەویستی یان چاویان پێتەوە نەبوو
ئەوانەی لە رۆژەکانی میحنەتدا، دەستیان بۆ درێژنەکردی
دۆعایەکیش بۆ ئەوانە بکە
کە بە سۆزەوە پێیان ئەوترێ دوژمن
بۆ بەدەکان ، هەروەها بۆ دڵڕەقەکان
بۆ ئەوانەی، ئەوە نین کە دەبوو ببن
بۆ ئەوانەی لە تۆ ناچن
نەکەی ئەوانەت لەبیرچێ کە لە کێڵگەن، ئەوانەی وا لە دەریادان، وان لە باخچە
یاخود ئیستا لە سینەمان
ئەوانەی لە ڕێدا دەکەون، ئەوانەی خۆ فڕێ دەدەنە خوارەوە و ئەوانەی بە چیچکانەوەن،
ئەوانەی درۆ دەپەیڤن، ئەوانەی یەکەم رۆژیانە لە دایەنگا،
ئەوانەی
کێک دروستدەکەن
کۆت و شەڵواریان کڕیوە
پەنجەرەیەکیان شکاندووە،
وەفاداربوون بە پەیمانەکانی خۆیان،
ئەوانەی نازانن روو لە کوێ بکەن یان بە کام ریگادا بگەڕێن
بە ناوی خۆیانەوە بانگیان بکە!
تا ناوی کەسیانت لە بیر نەچێ
بانگی ئەوە بکە تەنیایە و
ئەوەی سەقفی ماڵمان بۆ چاکدەکا
ئەوەی هەموو رۆژێ ماشینەکەی بە هەڵە لە پارک ڕادەگرێ و
ئەوەی لەسەر لای ڕاست دەنووێ
ئەوانەی قاڵدرمەکان لە سەهۆڵ پاکدەکەنەوە و
ئەوانەیشی قەشمەرییان بە ترسییان کرد و لە جەنگدا مردن
لەسەروی تۆوە، مۆمێک دەسووتێ
لە ژوورەکەتدا بێدەنگییە و لە دەرەوەیش هەر هەمان شت
تۆ ئێستا ڕوون، بێکێش و سەربەهیج کەسێک نیت
تۆ لە مێشوولەیەک بچووکتری
لە شەونمیش زۆر ناسکتر
سا بڕژێ رووبار!
بپشکوێ تۆو!
بۆ ئەوەی لەسەرتەوەیە، چاوبگێڕە!
یادت نەچێ
نەکەی نەتوانی ناویان بێنی
دەربارەی ئەوانیش بدوێ
بۆ وانیش، هەمان شت بخوازە!

 

'دوا شەوی دابەزینی عیسا' بە ئەڵمانی

دیدارێک لەگەڵ وەرگێڕی ڕۆمانەکانی بەختیار عەلی

لە کوردستان فتبۆلی "تۆپی پێی کچان" خڕ نییە

$
0
0
لە کوردستان فتبۆلی "تۆپی پێی کچان" خڕ نییەHeminدش, 07/25/2022 - 21:29

 

لە کوردستان فتبۆلی "تۆپی پێی کچان" خڕ نییە.
یۆرۆی  2022ی كچان لە ڕۆژنامەگەری کوردیدا

نووسینی: بەکر ئەحمەد

20220717

ڕۆژی چوارشەممەی 6/7/2022 یۆرۆی  2022ی كچان لە ئینگلتەرا دەستی پێ کرد.
كاروانی یارییەكانی ئەم یۆریە بە یاریی نێوان ئینگلتەرای میوانداریكەر و نەمسا كەوتەڕێ و تا ئێستاش یارییەکان بەردەوامە. سەرنجێکی خێرا لە ئاستی گەشەی هەڵبژیردراوانی ولاتە جۆراوجۆرەکانی بەشدار بوو و ژمارەی تەماشاچیانی یارییەکان، چ لە گۆڕەپانی یارییەکاندا و پەخشی زیندووی یارییەکان لە کەناڵەکانی تەلەفیزیۆنەوە، گێڕەرەوەی حەکایەتێکی تازەی یاری تۆپی پێی کچان یاخود خانمانە.

دەسپێکی ئەم پێشبڕکێ ئەوروپییە لە گۆرەپانی Old Trafford لە نێوان ئینگلتەرا و نەمسادا دەستی پێ کرد کە جێگای 75 هەزار کەس دەبێتەوە و ژمارەی ئامادەبووانی یارییەکە بە 70 هەزار ئامادە بوو هەژمارد کرا.

تۆپی پێی کچان لەم ئاستە بەرزەی ئێستایدا بێت یاخود ئەو دۆخەی کە یاریی هەڵبژێردراوە میللیەکان لە گۆرەپانە لاچەپەکەکانی وڵاتەکاندا ئەنجام دەدراو ژمارەی تەماشاچییان و ئارەزووی مێدیا بۆ پەخشکردنی یارییەکان لە جێی نەبوواندا بوو بێت، ئەم یارییەی کردووەتە گۆرەپانێکی گەورەی هەموو ئەو کەسانەی بە شوێن پرسیارەکانی یەکسانی نێوان ڕەگەزەکانەوەن.

تۆپێی پێی کچان ئەو گۆڕەپانەیە کە پرسیاری یەکسانی:" کە ژنان و پیاوان دەبێ هەمان ماف و بەرپرسیارێتی و دەرفەتییان هەبێت لە هەموو بوارە گرنگەکانی ژیاندا" بە هەموو جومگە و بڕگەکانی خۆیەوە ، خۆیمان نیشان دەدات.

ئەوەی کە ئێستا ئاڵوگۆڕێک پێک هاتووە لە پەیوەند بە تێڕوانینێکی پۆزەتیڤانەتر لە بەرانبەر ئەم چالاکییە وەرزشییەدا، بەڵگەی ئەوەیە کە تێڕوانینی ئینسانەکان لە پەیوەند بە تۆپی پێی کچان، نێرێتی و مێیتی، پرسی جەندەرو یەکسانی ، کاریگەرییەکانی خۆی خستۆتە ناو دڵێ گەورەترین و فراوانترین جومگەکانی بەرهەمهێنانەوەی نێرێتی و مێیتی و نایەکسانیەوە لە ناو کایەی تۆپی پێدا.

بەڵام ئەم دەرکەوتنەی کچان بەم هێزەی ئێستاوە لە گۆرەپانەکانی فتبوڵێندا، بە تایبەت لە ئەوروپادا، بێ دەردیسەریی نەبووە. ئەوەتانێ کاتێک یەکێتی تۆپی پێی ئینگلیزی لە ساڵی 1921 دا داوا دەکات کە: " تیپیەکانی پیاوان ڕێگا نەدەن بە تیپەکانی ژنانی خۆیان کە لەسەر گۆرەپانەکانی یانەکانی ئەوان یاری بکەن" ، ئەوان بەم بانگەوازەیان نەک هەر ڕێگرییان لە ژنانی ئینگلتەرا گرت شوێنێکیان دست نەکەوێت فتبۆڵێنی تێدا بکەن، بەڵکو لە ڕێێ ئەم بانگەوازەیانەوە چوارچێوە ئایدیۆلۆژیەکانی فتبۆڵییشیان داڕشت و دووپاتیان کردەوە کە ئەم وەرزشە هی پیاوە و بۆ پیاوانە. بۆیە کارێکی زۆر سەرنجڕاکێشەر نییە کاتێک "سەحەر خودایاری" کە لایەنگری تیپی فۆتبۆڵی "ئیستقلال"ی ئێرانە و بە خانمە شینپۆشەکە ناسراو بوو، لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەگیرێت و بڕیارە سزای بدرێت چونکە بە دزییەوە چووتە ژوور بۆ سەیرکردنی یاریی تیپی دڵخوازی خۆی. لە بەرانبەردا خانمی شینپۆش، بەر لە بانگهێشتکردنی بۆ بەردەم دادگا، ئاگری لە خۆی بەردا و خۆی کوشت. ئەو تێروانینە ئایدیۆلۆژی و فیکرییەی لە پشت بانگەوازی یەکێتی تۆپی پێی ئینگلیزییەوە بوو، بە هەموو هێزی خۆیەوە لە زۆر جێگای دنیادا ، لەمڕۆدا کاری خۆی دەکات.

بە پێی ڕاپۆرتیکی فیفا لە ساڵی 2007دا، ( million playing football 265)، نزیکەی 265 ملیۆن ئینسان لە ساڵی 2006دا یاری تۆپی پێیان کردووە. ژمارەکە لە پاش وەڵامی 207 وڵاتی ئەندامی ڕێکخراوەکەوە دێت کە وەک تۆمارێک داویانەتە فیفا. لە ناو ئەو ژمارە گەورەیەدا تەنها 26 ملیۆن کەسیان ژن بوون. بە پێی بەراوردێک لەگەڵ ساڵی 2000، تەنها 6 ملیۆن خانم زیادی کردووە.

ئەگەر دەربڕینی Rosabeth Moss Kanter بەکار بهێنرێت کە بە "ڕەگەزڕەنگڕێژکردن" ناودەبرێت و بریتییە لەو: "سترۆکتۆرانەی کە ڕێگری لەبەرانبەر ئینساندا پێک دەهێنێ بە هۆی ڕەگەزیەوە"، یان بە زمانێکی تر، بەشێک لە سێکتەرەکانی کار و تەنانەت ئەو شوێنانەیشی کە دەکەونە بواری کاتی ئازادی ئینسانەکانەوە، هێندە ڕەنگڕێژی ڕەگەز کراوە، کە ڕەگەزی بەرانبەر زۆر ئاسان دەکاتە دەرەوە. بۆ نموونە قەسابی لە کۆمەلگای کوردستاندا هێندە نێرانە ڕەنگڕێژکراوە، کە زۆر سادە ژنان دەخاتە دەرەوەی ئەم ڕشتەیەوە بۆ ئەوەی وەک قەساب کار بکات. بەشێکی گەورەی کەرتەکانی بیناسازیش بە هەمان شێوە. ئەمەش بە مانای ئەوە دێت : " ئینسان بەهۆی ڕەگەزی جیاوازیەوە، سنوورداری بۆ پێک دێت بۆ هەندێک کارو چالاکی کاتی ئازاد و پلە و مەقامی جیاواز لەسەر کاردا" .(1)

بۆ Moss Kanter ئەم دیاردەیە بە هۆی ئەو نیزامە کۆمەلایەتییەوە دروست دەبێت کە لە باری ستراکتۆرییەوە پلەو پایەکی زیاتر بۆ پیاوان فەراهام دەکات. بۆیە بەلەبەرچاوگرتنی ئەو ژمارانەی سەرەوە ئەوا هەست دەکرێت کە جیهانی فوتبۆڵ، جیهانێکی "ڕەنگڕێژکراوی ڕەگەزی"یە و هیچ بالانسێکی ڕەگەزی کە بریارە 60 بە 40 یش بێت، نایگرێتەوە. ئەو ژمارانەی سەرەوە نیشانی دەدات کە 10٪ کچان لە یاریەکانی فوتبۆلدا بەشدارییان کردووە و ئەمەش وا دەکات کە سترۆکتۆرەکانی نێرێتی و سەردەستساڵاری پیاوان لە ئارەزوویەک و کارێکی وەک فۆتبۆلدا لە نایەکسانییەکی گەورەی نێوان ڕەگەزەکاندا دەهێڵێتەوە.

 

تۆپی پێ و نایەکسانی نێوان ڕەگەزەکان

ئەم پرسیارە، لە وڵاتێکی وەک سویددا، سەدەها لێکۆڵینەوەی زانستی بەرهەم دەهێنێت و پرسیارگەلێکی وەک: ڕێگریە ستراکتۆرییەکانی بەردەم بەشداری زیاتری کچان لە کوێدایە، ڕۆڵی مێدیا لە بەرپرسیارێتی بۆ فراوانکردنەوەی ڕووبەرەکانی یەکسانی نێوان ڕەگەزەکان،لاپەرەی وەرزشی ڕۆژنامەکان چەندە یەکسانن لە ڕووماڵکردنی یارییەکاندا و خۆیان چەندە یەکسانن، ئەم پرسیارانە دەکاتە پرسیارێکی هەمیشەیی ئامادە لە کایەی وەرزشدا.

بۆمن ئەوەی خالێ سەرەکی نووسینی ئەم وتارەیە، نەک هەر بەشێکی کەمی ئەم پرسیارانەی سەرەوەیە لە پەیوەند بە دۆخی تۆپی پێی کچان لە کوردستاندا، بە ڵکو لە ونبوونی تەواوەتی هەر هەواڵێکە لە پەیوەند بەم جامی ئەوروپییەی کە بەردەوامە. بە کورتیەکەی سەرنجدان لە یۆرۆی کچانی 2022 لە ڕۆژنامە و ماڵپەڕی کوردیدا . بۆ زانیاری پەیداکردن لەسەر ئەوەی کە چەندە ئەم هەواڵە جێگایەک داگیر دەکات، من سەردانی هەموو ئەو ماڵپەڕانە دەکەم کە لە لینکی ماڵپەری "سپی مێدیا"دا دانراون. دەرئەنجامەکەی ئەم زانیارییە سادەیەیی خوارەوەیە.

لە ناو 101 ماڵپەڕی ڕیزکراوی "سایتەکان"ی ماڵپەڕی سپی مێدیادا، تەنها و تەنها لە ڕۆژنامەی "کوردستانی نوێ" و لە ڕۆژی 4:ی تەمووزدا ناونیشانی:" یۆرۆی كچان- 2022 دەست پێ دەكات" دەخوێنرێتەوە.

ئەگینا خەبەرێک لە ئاراد نییە. ئەم سەرنجدانە لە سایتەکان لە ڕۆژەکانی 11ی تەمووزی 2022 تا 17ی تەمووزی 2022 بووە و ئەگەر سایتێک شتێکی تری دوای ئەم بەروارە بڵاوکردبێتەوە، دەکەوێتە دەرەوەی ئەم باسە کورتەی من.

چی وا دەکات ئەم هەموو دەستە ئیدارییەی سایت و ڕۆژنامە و تەلەفزیۆنانە لە کوردستان هەواڵێک لەم چالاکییە گەورە وەرزشییە بڵاو ناکەنەوە؟

لە کاتێکدا هەواڵی لە چەشنی:" لە قۆناغی یەکەمى نازناوی ویمبڵدۆن بۆ تێنسی سەر زەوی کە خەڵاتەکەی بە بەهای ١٦ ملیۆن دۆلارە و لە لەندەن بەڕێوە دەچێت لەسەر ئاستى خانمان سیمۆنا هالیپ بەرامبەر کارۆلینا موکوڤا یاریکرد" و وێنە سیکسییەکانی "ماریا شاراپۆڤا" بەشی سەرەوەی هەواڵە وەرزشییەکان داگیر دەکات. تەنانەت ناوی یەک بەیەکی:" خەڵاتەکانی خانمە پاڵەوانەکانی خلیسکێنەی سەر بەفر لە یارییەکانی ئۆڵۆمپیادی زستانەی بەیژینگدا" بڵاودەکرێتەوە.

سەرنجڕاکێش ئەوەیە کە لاپەرەی وەرزشی ئەم دەستگا مێدیایانە باش دەزانن کە هیچ کام لەو وەرزشانەی ئاوا تیشکی دەخرێتە سەر، بینەرێک و خوێنەرێکی گەورەی نییە. لە کاتێکدا تۆپی پێی پیاوان و ئارەزووی هەواڵە وەرزشییەکانی ئەم گۆشە وەرزشییە لە ئاستێکدایە کە بۆ هەندێک لەلایەنگرانی تیمە ناودارەکانی فۆتبۆڵی ئەوروپی لە کوردوستاندا، دەستبردن بۆ چەکی لێ دەکەوێتەوە و کوردستان دەکاتە جێگای بەرهەمهێنانەوەی فوندەمینتالیستترین لایەنگرانی تۆپ پێ.

من دڵنییام کە لاپەرەی وەرزشی سایت و ڕۆژنامەکانی کوردستان، لە پرۆفیسیۆنالیزمێکی ئەکادیمی بێبەشن و ئەوەی دەبینرێت و دەخوێنرێتەوە، بەرهەمی خولیا و ئارەزووی کەسانێکە کە مەیلییان بۆ ڕووماڵکردنی ئەم جۆرە لە هەواڵ هەیە. بەوەیشی تۆپی پێ گۆرەپانی پیاوانە و مەیدانی کاری پیاوانەیە، ڕشتەیەکی "ڕەنگڕێژکراوی" پیاوانەیە کە لەسەرەوە بە کورتی ئاماژەم پێدا، چاوەڕوانی ئاڵوگۆڕێکی گەورە لەم ڕشتە وەرزشییە لە ئێستادا ناکەم بۆ ئەوەی ئەو مەیلە خۆرسکەی کە کچانی کوردستان هەیانە بۆ فوتبۆڵ بەهێزتر بکات و ئاڵوگۆڕێک لە تێروانینی کۆمەلگا دا پێک بێنت. بەڵام چاوەڕوانیم لەو کەسانە هەیە کە توانای دروستکردنی سەرنجییان هەیەو هەموو ئەو ئیمکاناتانەیان لەبەر دەستدایە کە جیاوازییەک دروست بکەن کە لە دۆخی ئێستا نەچێت.

لە وڵاتێکدا کە پرسیاری یەکسانی، یەکێک لە بەرپرسیاریەتەکانی مێدیایە، دەکرێ پرسیاری وەک:

چەند ڕۆژنامەنووسەکانی بەشی وەرزش ، سەیری ڕۆل و نەخشی خۆیان دەکەن لە پەیوەند بە پرسیاری یەکسانییدا بە تایبەت لە بەڕێوەبردنی لاپەڕە وەرزشییەکانیاندا؟

ئایا ئەوان پێیان وایە کە بەرپرسیاریتییەکی یەکسانیخوازانەیان لەسەرشانە لە ڕووماڵکردنی کایە وەرزشییەکاندا، ئەگەر وایە، ئەم بەرپرسیارێتییە چۆن خۆی نمایش دەکات.

ئەوەی کە لە ئێستادا من دەیبینم، لە 101 ماڵپەر و وڕۆژنامەدا تەنها خەبەرێک لە یۆرۆی کچان بوونی هەیە، نێشاندەری ئەوەیە کە بەرپرسیاری سایتەکان و لاپەرە وەرزشییەکانیان، هێشتاش لە ساڵەکانی 1921ی ئینگلتەرەدا دەژین و پێان وایە تۆپی پێ تەنها بۆ پیاوانە. یان بە کوردییەکەی، فوتبۆڵی کچان وەک پیاوان خڕ نییە و بۆیە هیچ نیگایەکی ڕۆژنامەوانی ناچێتە سەر کە شایەنی ئاوڕلێدانەوە بێت.

من لە سەرەتای وتارەکەدا ئاماژەم بە چەمکی یەکسانی دا کە ناچارم جارێکی دیکە بێمەوە سەری.

یەکسانی ئەوەیە: " کە ژنان و پیاوان دەبێ هەمان ماف و بەرپرسیارێتی و دەرفەتییان هەبێت لە هەموو بوارە گرنگەکانی ژیاندا". ئەم پێناسە، سادەترین پێناسەیەکە کە سیاسەت لە سویددا لەبەرچاوی دەگرێت.

بۆ ئەوەی ئاسانتر لەم دەربڕینە سادەیەی سەرەوەی چەمکی یەکسانی بگەین، ڕوونکردنەوەیەکی سادەی "Cecilia Ridgeway" بە پێویست دەزانم . سێسیلیا دوو شێوازی نابەرابەری ئاماژە پێ دەدات بۆ ئەوەی ئاسانتر لە دەربڕینی چەمکی یەکسانی بگەین. یەکەمیان ناودەبات بە "نابەرابەری کولتوری" و دووەمیشیان بە "نابەرابەری مەتریال"ی.

بە کورتیەکەی: بۆ ئەوەئ نایەکسانی نێوان ڕەگەزەکان درێژە بە ژیانی خۆی بدات، ئەم دوو نابەرانبەرییە پێویستن.

نابەرابەری یەکەمیان " نابەرابەری کولتووری" لە سەرزەمینەی نۆرم و پێشداوارییەکان ڕاوەستاوە و دووهەمیشییان لەسەر دەسەڵات وکەرەستەکان . ئەم دوو نابەرابەرییە دەبێتە هۆی بەرهەمهێنانەوەی نایەکسانییەک لە بواری مەقامدا یان ستاتوس(نابەرابەرییەکی کولتووری)، یاخود بەرهەمهێنانەوەی جێگاوڕێگایەکی چینایەتی (نابەرابەرییەکی مەتریالی).

" بۆ ئەوەی ئاڵوگۆڕێک لە نابەرابەری کولتوریدا پێک بێت، دەبێ ئاڵوگۆڕێک لە نابەرابەری مەتریالیدا ڕوو بدات. یانی ئاڵوگۆڕێک لە دەستڕاگەیشتن بە کەرەستە و دەسەڵاتەکاندا ڕووی دا بێت. کاتێکیش ئاڵوگۆڕێک بەئەنجام گەێنرا، زەمەنێکی دەوێ تا نیگای ئینسان لەبەرانبەر هەلومەرجی واقعیدا، ئاڵوگۆڕی بەسەردا دێت" (3)

لەمڕۆدا و لە ئەوروپادا ئەم گۆرینی پارادیمە لە پەیوەند بە تۆپی پێی کچانەوە بە زەقی هەست پێ دەکرێت و کڕێی بەرزی یاریزانە لێهاتووەکانی کچان و تەرخانکردنی بوودجەیەکی گەوەرەی مێدیایی بۆ پەخشی یارییەکان و دروستبوونی لەشکرێکی باش لە ڕۆژنامەنووسانی کچان و فەراهامکردنی سەدەها یانەی وەرزشی و گۆرەپانی گەورە، وەک نیشانەکانی فراوانبوونەوەی سنوورەکانی یەکسانی لەم بوارەدا سەرنج دەدرێ.

ئەم ئاڵوگۆڕە، هەم زەڕبەیەکی لە نابەرابەری کولتوری داوە و تێروانینی ملیۆنەها ئینسانی بۆ تۆپی پێی کچان گۆڕیوە و هەمیش دەستی بەو کەرەستە مەتریالە مادییەدا گەیشتووە کە لەسەر بنەماکانی ئەو بتوانێت هەنگاوی گەورەتر بهاوێژرێت.

لە دۆخی کوردوستاندا، من دڵنیام کە ئێمە ڕووبەڕووی هەمان باری سیستەمی قانونی نین لە پەیوەند بەو ڕێگرییە قانوونیانەی وەک کۆماری ئیسلامی ئێران کە نایەلێت کچان بچنە ناو یاریگاکانی فوتبپڵینەوە و سەیری یاری بکەن، بەڵام دڵنیاشم کە ڕێگرییە کولتورییەکانی کە لەبەردەم کچاندان بۆ بەشداریکردنێکی زیاتر لە هەموو بوارەکانی وەرزشدا، لە دەمی تیژی یاساکانی کۆماری ئیسلامی ئیران تیژترە. سەرنجدانیش لە نابەرابەری مەتریاڵی لە کۆمەلگای کوردستاندا، نیگایەکی تیژی پێویست نییە.

کچان و پیاوان لە کوردستاندا بە مانای وشە لە هەردوو بوارەکانی ( نابەرابەری ماددی و کولتوری)دا دەبێت خەباتێکی هەمەلایەنە پێکەوە ئەنجام بدەن تا هیچ نەبێت هەواڵی گەورەبوونی ئەم یارییە بەو هەموو گەنجەی ئاشقی فتبۆلە بگەێننن و لە پاڵ میسی و ڕۆناڵدۆکانی خۆیاندا، ئایدلە کچەکانی خۆیان وەک ڕێنیشنادەرێکی نموونەیی لەبەر چاودا بێت.

کاتێک نێتفلێکس زنجیرەی " The Queen’s Gambit” نیشان دا کە سەبارەت بە Beth Harmon و چۆن ئەو لە خانەی بێدەرەتاناندا و لە ژێرزەمینی ئەو شوێنەدا لە ڕێگەی کابرایەکی عەبووسی وەک میستەر شەیبلەوە فێری یاری شەترەنج دەبێت و دەبێتە ناوێکی گەورەی جیهانی، ئارەزوو بۆ فێربوونی یاری شەترەنج لە وڵاتگەلێکی زۆردا گوڕ و تینێک بەخۆیەوە دەبینێت کە وێنەی نییە.

بۆیە ونبوونی سەرنجدان لە هەواڵەکانی تۆپی پێی کچان لەم دۆخەی ئێستایدا، نەک هەر شەقتێهەڵدانە لە پرەنسیپە ئینسانییەکان، بەڵکو درێژکردنەوەی کولتوری بە سووک تەماشاکردنی تۆپی پێی کچانە و تێکشکاندنی ڕۆحیەتی ئەو کچانەیە کە دەیانەوێت وەک کوڕانی هاوڕێیان لەم گەمە گەورە کۆمەڵایەتییەدا بەشدار بن.

 

  1. Filip Edvardsson, Felix P. 2018 , Samma sport, samma guld, olika kön, Linnéuniversitet

  1. Cesar Fältskär, Felix Tornberg och Karl Andersson، 2020، Ingenting avgörs här، det bara låter så”JMC

  1. Joakim E, 2019, Varför är läkterna så tomma på damernas matcher, Malmös Universitet

 


ئایا ئەوەی سیلفی دەگرێ نارسیسیستە؟ 

$
0
0
ئایا ئەوەی سیلفی دەگرێ نارسیسیستە؟ Heminشە, 07/30/2022 - 21:54

ئایا ئەوەی سیلفی دەگرێ نارسیسیستە؟

نووسینی: Sinziana Ravini
وەرگێرانی بۆ کوردی لە سویدییەوە:بەکر ئەحمەد

 

هەر جارەی سێڵفییەیک دەگرم، هەست بە ئازاری ویژدان دەکەم. کاتێکیش دەیخەمە سەر ئینستاگرام، هێندەی دی بێتاقەت دەبم. بە تایبەت کاتێک بیر لەوە دەکەیتەوە کە چۆن جیهانی ئەمڕۆبە کارەسات و جەنگ قاندراوە. دواتریش وەک سمۆرەی ناو چەرخەکە کە هەمیشە لە سووڕانەوەی خۆیدایە، هەست دەکەم گیرم کردووە و بە شوێن ئەوەوەم بزانم کێن ئەوانەی لایکیان کردووە، هەستێک زیاتر لەوەی بزانم کە چی لە جیهاندا دەگووزەرێ.

"نارسیس" ببووە کۆیلەی وێنەکەی خۆی، بەڵام ئەو خۆی خۆشنەدەویسیت، ئاخر بۆیەش هێند گیرۆدەی وێنەکەی خۆی بوو. ئایا کەسی سێلفیگر کەسێکی نارسیستی خۆگیرۆدەیە کە خۆی خۆش ناوێت؟

ئەمە بۆ ئەو هونەرمەندانەش دەشی کە ‌ئەوەندەی ئینسان بیری دێت، سەرقاڵی خۆپۆرترێتی بوون. من خەیاڵم بۆ لای " Dürer" دەچێ کە هەمیشە نیگاری خۆی وەک مەسیح دەکێشا. یان"  Frida Kahlo" کە جگە لە کێشانی وێنەی پۆرترێتی خۆی ، چی دیکەی نەدەکرد.

بەڵام بیریش لەو ڕاستییە حاشاهەڵنەگرە دەکەمەوە کە خۆپۆرترێتی لە ساڵۆنی هونەرە جوانەکانی ئەم ڕۆژگارەدا تەواو ونبووە. ڕەنگە لەبەر ئەو هۆکارەش بێت کە لە زەمەنی ئەم خۆڕازیکردنەی ئەمڕۆدا سێلفی جێی ئەو "خۆڕازیکەر" ی گرتبێتەوە و هونەرمەندیش دەیەوێ نیشانی بدات کە بیر لە شتی دیکەی وەک ئیکۆلۆجی، جیۆپۆلیتیک و هاوکاریی دەکاتەوە.

بۆ بەشداریکەرانی پێشانگا ساڵانە و گرووپی و ئەوانەی کە کۆمەکی دەوڵەتی بۆ کارەکانییان وەردەگرن، ئەو چاوەروانییەیان لێ دەکرێ کە دەبێ لە دەموچاوی "ئەوی دی" بکۆڵنەوە، ئەو دەموچاوانەی کە عادەتەن ئێمە نیگایان لێ وەردەگێرین.

دەموچاوی "ئەوی دی"، سەرچاوەی مۆڕالە. Levinasی فەیلەسوف جارێکیان وای وتبوو. پاشان دەڵێ: لەوێدا و لە ڕووخسارە ڕووت وهەستپۆشیووەکەی "ئەوی دی"دایە کە ئینسان دەبێ بە شوێن هەموو پرسیارەکانئ خۆیەوە بێت.

Baudelaire (بۆدلێر) نیگەران بوو لە فۆتۆگرافی و پێیوابوو کە فۆتۆگرافی دەکرێ مرۆڤایەتی بگۆرێت بە "نارسیس"ێکی گەورە کە بە تەنها بەشوێن وێنەکەی خۆیەوەیەتی. بەجۆرێکیش ڕاستی هەبوو. ئێمە لە زەمەنێکی نارسیستیدا دەژین. ئەم سێلفییە ئایدیالیزەکراوە، سیمبۆڵی نارسیزمێکی هیستیریکیانەیە ، هاووێنەیەک کە فشارمان بۆ دێنێ کە بەختەوەر تر بین لەوەی کە هەین.

لە بۆدابیست، مۆزەیەکی سیلفی هەیە کە ئینسان دەتوانێت وێنە لەگەڵ دارخورما، ئەسپی شاخدار و حەوزێکی پڕ لە تۆپی ڕەنگاورەنگدا بگرێت. تەنانەت لوس ئەنجلسیش بۆتە خاوەنی مۆزەی خۆیی و تیایدا مۆنالیزا و ڤان کوخ سیلفی خۆیان دەگرن.

لەم مۆزانەدا، سیلفی وەک نیگاری سەرئەشکەوتە کۆنەکان وەسفدەکرێت و تەنانەت ژوورێکی تێرامان لە کاریگەریەکانی سێلفی تێدایە وەک killfies یان ئەو ئەو سێلفییە نامۆرالێانەی لەگەڵ بێخانەولانەکاندا دەگیڕین یان لەکاتی ناشتنی مردووەکاندا ، ئەمەی دواییان بۆتە رەوتێکی subkultur ژێرفەرهەنگی.

 

قەدەغەکردنی سیلفیش بە هۆی کۆمەڵیک هۆکارەوە دەستی پیکردووە. ئەستێرەکانی سینەما بۆیان نییە لە میهرەجانی "کان"دا و لەسەر فەرشی سوور سێلفی بگرن. کاتیکیش Carla Bruni, خێزانی Nicolas Sarkozys گوێ بە فرمانی قەدەغە نادات و لەگەڵ خودی بەرێوەبەری باڵای "کان"دا سێلفییەک دەگرێ، دەبێتە چ هەرایەک.

لە کۆشکی Belvedere لە ڤێنا ، لە تەنیشت نیگاری ماچەکەی Klimts وە، تابلۆیەک هەڵواسراوە کە داوا لە تەماشاچییان دەکات لە نیگارەکە وورد ببنەوە وەک لەوەی سێلفییەکی لە پاڵدا بگرن.

چەند ساڵێک لەمەوبەر، شازادە Harry نەیویست لەگەڵ کچێکی گەنجدا سیلفی بگرێت و پێیوت:" Selfies are bad, you should take a normal picture". ئەو دەیویست مەسافەی نێوان خۆی و خەڵک ڕابگرێت . دەکرێ ئینسان ئەم تێروانینەی هەبێ کاتێک ئینسان لەو شووێنەدا بێت کە دەتوانیت وا بڵێیت. رۆژنامەنووسێکی بەریتانی لە دوای ئەم ڕووداوەوە نووسی بووی: عومری سیلفی تەوا بوو. بەڵام کەس وەک ئەو هەلەی نەفەرموو بوو. سیلفی لەمڕۆدا بووە بە تلیاکی تازەی خەلکی.

لە Pitié Salpêtrières psyk کە خەستەخانەی دانشگایە لە پاریس ،من هەندێک جار لەوێ کاردەکەم، خزمەتگووزاری "وازهێنان لە مۆبیل تەلەفۆن" بەو کەسانە پێشکەش دەکرێ لەوێ خەوێنراون و زۆربەی زۆریان لە مارپێچەکانی سیلفیدا گووم بوون و یان بوونەتە

Selfiestalkers, ، ئەوانەی کە بە شوێن کەسانی دییەوەن بێ ئەوەی خۆیان ڕەزامەندییان نیشان دابێ. ئەم ڕەفتارانە لە درێژ ماوەدا دەبێتە دروستبوونی چاونەیاری (بەخیلی) و ڕقلەخۆبوونەوە بەوەی کە هەمووان ژیانیان لە تۆ باشترە.

زۆر نییە کە من وەک رەخنەگری خوێندکارێکی نووسەر لە بەرانبەر وەرگرتنی بروانامەکەیدا لە برۆکسل بانگێشت کرابووم. ئەو رۆمانێکی لەسەر گەڕان بەشوێن دەستگیرانە کۆنەکەیدا نووسی بوو کە تیایدا دەستگیرانەکەی وێنەی خۆیی و هاوژینە تازەکەی لە ئینستاگرامدا دادەنێ. مەگەر ئەوان دووچاری نارسیسیزمێکی دوانەیی بوو بوون؟

من خۆم تیا ماوم. حەزم لە تەماشاکردنی ئەوەیە کە خەلکی چۆن ژیانی خۆیان نمایشدەکەن و کەمێک یاری لەگەڵ ئەو وێنەیەدا دەکەم سەبارەت بەو ژیانەی کەمن دەمەوێ دەربارەی خۆم بە کەسانی دی بدەم. ئەوەش دەزانم هەموو کارێکی شەخسیش سیاسییە.

سێلفی جۆرێکە لە ئاهەنگگرتنی خود و کەسانی دی، بەیادهێنانەوەی ساتێکی کورتخایەنە، جۆرێک لە چوارچیوەنانی فەوزای ژیانە ، شیوازێکە لەوەی کە بڵێی: من سیلفییەک دەگرم کەواتە من هەم. بەڵام ئایا کەسی سیلفیگر کەسێکی نارسیسیستە؟

لێکۆڵینەوەیەکی زۆر ئەوە نیشاندەدەن کە سیلفیگران ، زۆر جار خۆوێنەیەکی گەورەی نارسیسیستیان هەیە، بەڵام لە بە دواداچوونێکی تازەی Psychology and aging دا نیشانی دەدات کە ئەوانەی لە نێوان سالانی 1946 و 1964 دا نەوەی(boomers) لە دایک بوون ، لە نەوەی millennials ( لەدایکبووانی نێوان 1980 و ناوەڕاستی 1990) نارسیسترن.

 

نارسییزم هەمیشە دیار نییە. دەکرێ لە نیشاننەدانی ئارەزوو بۆ جیهانبینی ئەوانی دیکەدا خۆی نمایش بکات. نەوەی millennials، بوونەتە میراتگری ئایندەیەکی نائارام. بۆیە سەیر نییە کە زۆرینەیەکیان وێنەی خۆ و کەسانی دیکەیان لەدەستداوە. نارسیستەکان لە هەموو زەمەنێکدا هەبوون بەڵام بە راستی چۆن پەیدابوون؟

دەروونناس Donald Winnicott, کە تا ساڵەکانی 1970 چالاک بوو، روونیکردۆتەوە کە دایک ئاوێنەی یەکەمی منداڵە. نیگاگۆڕکێی دایک کە کاردانەوە یان قبوبوڵکردنی هەستەکانی کۆرپەیە ، بڕیاردەری ئەوەیە کە کۆرپە چ خۆناسییەکی self-esteemێکی هەبێت. ئەگەر دایک شپرزە بێت و سەرقاڵی شتی دیکە بێت کاتێک ئێشکی مندالەکەی دەگرێت، ئەوا کۆرپە هەستی کەسێکی بەجێهێڵراوی تیا دروستدەبێت تەنانەت ئەگەر دایک لە باری فیزیکییەوە لە منداڵەکەیەوە نزیکیش بێت. بۆیە دەکرێ دڵەترسەیەکی گەورە "تراومایەک" پەیدا بێت و تاک لەگەڵ خۆیدا هەموو تەمەنی هەڵیبگرێ. بەمشێوەیە کۆرپە "من"ێکی ساختە دروستدەکات و هەمیشە لە نیگای ئەوی دیدا بەشوێن دانپیانانەوەیە, confirmation. من لەم ڕۆژانەدا جارێکی تر ئەوم خوێندەوە و کەوتمە خەیاڵی زەمەنی گیرۆدەبوونی ئێمە بە سیلفییەوە. کولتوری سێلفی لەسەرچی ڕاوەستاوە جگە لە گەڕان بەشوێن نیگای دانپیانان وقبوڵکردنی دایک یان باوکەوە نەبێ؟ رۆژگارێک ئینسان وێنەی منداڵەکانی خۆی پیشانی کەسانی دیکە دەدا. لە ئێستادا منداڵی خۆ بۆتە موڵکی گشت. ئەم جۆرە لە هەراجکردنی کۆرپە و مندال لە تۆرە کۆمەلایەتییەکاندا چی بە خۆوێنەی ئەوان دەکات شتێکە و ئێمە تەنها دەکرێ بە خەیاڵ پێی بگەین.

من لەگەڵ نەخۆشەکانی خۆمدا، بەشێکی زۆر کار لەسەر کۆمۆنیکاسیۆنی ناوشەیی و کاردانەوەی دەموچاویی دەکەم. من هەولدەدەم نیگایەکی دانپیانانەیان پێببەخشم کە ئەوان قەت وەریاننەگرتووە.

Donald Winnicott لە جێگایەکی تردا دەڵێ کە دایک پاش ماوەیەک، دەبێ ئەوە فێری منداڵەکەی بکات کە بەرگەی خودتەنهایی بگرێت. دایکێکی هەمیشە ئامادە و لەبەردەستدا بوو سیندرۆمی جێهێڵراوی لای منداڵ دەخوڵقێنێ. دایک دەکرێ دەربڕینی: ”good enough”.، هێندە کافییە قبوڵبکات. تەنانەت دەرووناسیش دەبێ "هیند کافی"یە قبوڵبکات و بە نەخۆشی نیشان بدات کە ئەو کەسێک نییە کە قابیلی جێگرتنەوە نەبێت.

لە نەوەدەکاندا ئینتەرنێت پەیدا بوو ولە 2000کاندا تۆرە کۆمەلایەتییەکان. لەو کاتەوە ئیمە لە نێوان چەندەها شوێنی مەجازیدا لە هاتووچۆداین. مەیل دەنووسین ، ئیس ئیم ئێس دەنێرین، وێنە لەسەر فەیسبووک و ئینستا دادەنێین و لایک دەکەین. ئابووری ئەمڕۆکەی لەسەر سەرنجدان راوەستاو ، دایک و باوک لە نادیاریدا ڕادەگرێت و منداڵانێکی نارسیسیستی دەخوڵقێنێ. پێموایە دەکرێ بەرەو خراپتریش بڕوات، بەلام چارە لە کوێدایە؟

من لانی کەم وەڵام لای Kenneth Wright و بەرهەمەکەی کە بە ناوی Mirroring and attunement – self-realization in psychoanalysis and art från 2009 دا دەبینمەوە.

Wright ڕوونیدەکاتەوە ئەو شتەی دەتوانێت ئەو بۆشاییە پر بکاتەوە کە لە غیابی نیگای دایکدا دروست دەبێت ، هونەرە. لە هونەردایە کە دەکرێ لە بری نەبوونی خۆشەویستی و نەبوونی نیگا لەسەرمان کە قەت وەرنەگیراوە، ئەو دڵنەواییە بەدەستبێنینەوە .

بەڵام هونەریش دەبێ کاری گەڕان بێت بەشوێن ئەو دڵنیانامەدا کە سەروکاری لەگەل دانپیاناندایە، وەک چۆن هیگڵ دەڵێ: گەرانی ئینسان بەدوایی دانپیاناندا زۆر بەهێزترە لە غەریزەی سیکسی.

Amalia Ulman, Cindy Sherman, Rafia Santana, Arvida Byström och Mikael Olsson. هەریەکە لەم هونەرمەندانەی سەرەوە، جۆرێک گەمەیان لەگەڵ سیلفی و دووبارە ‌هەڵوەشاندنەوەی میکانیزمەکانی سیلفییدا کردووە.

 

بەڵام ئایا کەسی سیلفیگر کەسێکی نارسیسیستە؟

لە راستیدا وەلام بە نا یە، بە تایبەت ئەگەر سەرنجێک لە خودی ئەفسانەی نارسیس بدەین.

نارسیس پێویستی بە کەسی دیکە نییە. ئەو هێندە سەرقاڵی کاردانەوەی وێنەکەی خۆیەتی کە تەنانەت خۆشەویستی "ئێخۆ یان ئێکۆ"ی پەریش رەتدەکاتەوە. ئەو ناتوانێ خۆی لە چاوانی کەسێکی دیکەوە خۆش بووێت. نارسیس کەسێکی خودرازیە کە پییوایە پێویستی بە کەسی دیکە نییە. کەسی سیلفیگر پێچەوانەی ئەمەیە.

لەو شوێنەی نارسیس "ئیخۆ یان ئێکۆ" ڕەتدەکاتەوە بە گوێرەی ئەفسانە یۆنانییەکە، (ئێکۆ بە مانای دەنگدانەوە دێت، وەرگێڕ)، خودی سیلفی دەبێتە بانگەوازێک بۆ دەنگدانەوە. بەشێک لە ئیکۆلۆژییەکی کۆمەلایەتی کە پێمان دەڵێ ئێمە کێین و دەمانەوێ کێی دیکە بین. بیگوومان ئەویش بەو ئاستەی کە کەسی سیلفیگر دەیەوێت چەند لە خودبیرکردنەوە و تێرامانی خۆی بە کەسانی دی بگەێنێ. سیلفی شیوازێکی دیکەی دەستگیرۆییکردن لە کەسانی دییە. ئەویش لە ڕێگەی لایک و دانانی کۆمینتاری پۆزەتیڤەوە بۆ ئەوانەی کە وێنەکانی خۆیان بلاودەکەنەوە. چونکە بلاوکردنەوەی وێنەی خۆیش، جۆرێک لە ئازایەتی پێویستە. ئەوەی کە ئەم جۆرە بە ئیکۆلۆژییەکی کۆمەلایەتی ناودەبرێت لە خۆیدا زۆر ئیکۆلۆگییانە نییە بۆ ژینگە بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە سیلفیگرتن چەند گازی دووم ئۆکسیدی کاربۆن مەسرەفدەکات، ئەمە بۆ خۆی بابەتی باسێکی ترە.

هەرچۆنێک ئێمە بیرکەینەوە و سەرنجمان لەسەر سیلفی بێت، ئێمە خۆمان لەبەرانبەر subkultur ،ژێرفەرهەنگێکدا دەبینینەوە کە هاتووە تا بمێنێتەوە. بەوەی کە عەقلە گەورەکانی سەردەممان چاویان ناچێتە سەر ئەم دیاردە کولتوورییە بەو شێوەی کە دەبوایە، گێرەرەوەی شتیکە دەربارەی خۆیان وەک لەوەی دەربارەی ئەم فۆرمە کولتورییە بێت. ئەوەشمان بیرنەچێت کە Roland Barthes یەکێک لە جوانترین تێکستەکانی خۆی سەبارەت بە ئۆتۆمبیلی Citroën بوو. با سیلفیش مرد بێ، بەلام بژی سیلفی.

 

لینکی وتارەکە بە سویدی لە رۆژنامەی ئێوارانی سویدی ئافتۆنبلادیت.

https://www.aftonbladet.se/kultur/konst/a/z7ajdr/sinziana-ravini-om-sel…

 

 

دیوانی شێرکۆ بێکەس

بڵاوکردنەوەی دوو بەرهەمی نوێی بەختیار عەلی

پەنجەرە

$
0
0
پەنجەرەHeminشە, 09/24/2022 - 07:31

Mahsa_Amini
سوپاس بۆ خاوەنی تابلۆکە.

...
...
وەختێ کە متمانەم بە پەتی شلوشاوی عەدالەتەوە 
بەسترابۆوە و
لە تەواوی شارا
دڵی چراکانی منیان لەتوکوت ئەکرد
وەختێ کە چاوی مناڵانەی عیشقی منیان
بە دەسڕی تاریکی یاسا ئەبەستەوە و
لە لاجانگە شپرزەکانی ئارەزوومەوە 
فوارەی خوێن بۆ دەرەوە فیچقەی ئەکرد
وەختێ کە ژیانی من ئیدی
هیچ نەبوو، هیچ، جگە لە چرکەچرکی سەعاتێکی دیوار
تێگەیشتم کە ئەبێ
ئەبێ
ئەبێ
دێوانەئاسا عاشق بم
...
....

 

 

----------------------
ژنێ لە بەردەم وەرزێکی سارددا، لاپەڕە ١٦٣

کارنەڤاڵی گڕبەردانە سەرپۆشەکان

$
0
0
کارنەڤاڵی گڕبەردانە سەرپۆشەکانHeminسش, 11/15/2022 - 22:28

 

" کارنەڤاڵی گڕبەردانە سەرپۆشەکان"
'دەقی: شێرۆی پلکە زارێ'

( هەتا چارشێو بەسەر تۆوە دەبینم نازەنینی کورد
بەسەر بیلبیلەکەی چاوی مندا دەکشێ تەمێکی تر

...

کە فرمێسکم لەسەر روخساری کیژی دڵشکاو بینی
وتم یاخوا لەسەر سوورگوڵ نەبینم شەونمێکی تر)
"هێمن / موکریانی"

 

{شایی خوێن}
+ ژینا گیان.. ماڵئاوا.. چ باسە هەنووکە لە ئاسمانێ؟ یان بە رۆح و گیان و جەستە لەوە ماندووتری لەوەی کە ئەم سەرزەمینە بەجێبێڵێت، نۆستاڵژیای تۆ لەگەڵ خاك و خۆشی و ناخۆشی خەڵکانێکە کە کەمینەیەکی ئاشنان بە تۆ و هەم پەرۆشی ئەوانەشی کە نایانناسیت، من دڵنیام تۆ ناخوازیت کەس پەنجەیەکی بریندار بێت یان مەرگەساتی خۆت ئاسا.. بچێژێت، چونکە دەزانیت وەک تۆ ستەمدیدە و زامدار و لێوبەبار و زێدە پەژموردە بوون. ئاخۆ هەنوکە خەوتوویت یان بێداریت؟ تۆ بڵێیت ئاگات لەو شۆرش و هەرا و زەنا و گۆڤەندە بێت کە خوێن و خەنە و خەندە و خەم و خۆشنوودی و خەیاڵی ئاگرین و خولیای سەرفرازی و سەربەستی.. دونیای تەنیوەتەوە؟ بە هەزارەها نەوبووک و کچانی نەباڵق و بێوەژن و دەرۆزەکەر و کەلاوەنشین و کۆشکنشین هاوسۆزی تۆن، چ مێینە بن و چ نێرینە، لە خانمان و لە پیاوان، هەم یاخی و خەونبین بە ئایندەیەکی زێڕەوشان و مژدەبەر و مژدەهێن کە هاوسۆز و هاودەردی تۆن. کەمەکێ سەر هەڵبڕە و ببینە چ شایلۆغان و جۆش و خرۆش و جونبوشێکە کە دڵی هەر هەمووان دەخاتە سەر ریتمی سروودی "ئەی رەقیب" و "خوایە وەتەن ئاوا کەی"، هەم سەرقافڵەچی هەزارەها لەوانەی کە خەونیان بە شکاندنی قەفەزەکان و داڕووخانی قەڵا سەختگیرەکان بینیوە، کە ببوون بە زیندانی بۆ هەر هەموو ئەوانەی نەترسانە خەونیان بە دونیایەکی بەهادارتر و ئارامتر و یەکسانیخواز و مرۆڤپەروەرانەتر بینیوە کە بێتە بوون!
***

{قۆچی قوربانی}
گیانی گیانان..گوتیان کە گوایە جوانەمەرگ بوویت.. وەلی حاشا.. هۆ 'بەور'ی ئازا و سەرمەشقی رابوونێک کە هەموومان خەونمان پێوە بینیوە، بێگومان جوانەمەرگ بوویت وەک خانمە شۆرشڤانی فرەنسایی "ژان دارک: ١٤١٢/١٤٣١""ی پاکیزە کە وەک تۆ دژی ستەم و بێدادی رۆحی کەڵەگایی نێرسالاری و دزسالاری جەنگا، بەڵام ئەوە هەر تۆ بوویت.. هۆ 'تەوار'ی بەرزەفڕ کە باڵەکانت دەیدا لە بنی عەرشی فەلەک و هاوکات چریکەت تاریکپەرستەکانی کاس و هوڕ و گێژ کردووە و تۆقاندوونی، ئەوە تۆیت.. هۆ تاقانەترین مێینە کە وەک خانمە شۆرشڤانانی " کوردستانی رۆژئاوا بە خوێنی پاکی خۆت دونیات بێدار کردەوە و گرەوت بردەوە، کە نەک بە تەنها "ئێران" و بەس، بەڵکو لەسەر کۆی نەخشە و جوگرافیای "ڕەشهەڵاتی ناوەراست" تۆ بوویت بە بەیداغ و مەشخەڵ و نموونەی گیانفیدایی بە درێژی چەندین سەدە، دەنێو مەملەکەتێك و مێژوویەک کە زیندان و قەسابخانەیە بۆ ژمارەیەکی زۆر لە ژنان و کچان بێ چەند و چوون، بگرە بانگی خوێنی تۆ هەر چوار قوڕنەی دونیای تەنیوەتەوە. ئەتۆی خۆشەویست لای ملیۆنەها بوویت بە سیمبول و سەرمەشقی شۆرش و بەرخودان، بگرە لە چاوی هەر هەموو هاوخوێن و هاوتوخم و هاورەگەز و هاوسۆزەکانت جوانییەکت بەجێهێشت کە بارتەقای خەون و خۆزگەی هەر هەموو مەردمگەلە ژیاندۆست و جوانناس و جوانپەرست و بەرزە دەماغەکانە کە بە چ ئەفسوونێکی سادەیی رۆحی پاک و خاکەڕای خۆت هەر هەموومانت لە دەوری خۆت کۆ کردەوە، دەنێو ئەم رۆژگارەی کە سیخناخە لە پیاوانی گرگن و خەسیو و دژە ژن و کۆی هاورەگەز و هاوتوخمەکەی تۆ!
***

{پایزنامە}
هۆ لە پایز و خەزان مەلوولتر و هەم شاعیرانەتر، هەڵوەرینی تۆ لە یەک خیاباندا پایزی راگەیاند کە گەڵا رێزانێکی وەدەووی خۆی هێنا کە هەزارەها خیابانی دیکە مژدەی بەهارێکی بە ملیۆنەها بەخشی، ماڵئاوایی تۆ چ موعجیزە و پەرجوویەک بوو کە هەر هەموومانی لەسەر سفرە و خوانی خۆشەویستی کۆ کردەوە.. ئەوەیان چەندە سەنگین و پەرجوویەک بوو کە نواندت بە نەمانی خۆت؟ دۆستان و دۆژمنانی دڵڕەشت لەسەر هەمان ئەو خیابانەدا گرد کردەوە و هەم لەسەر هەر هەموو جادە و کوچە و کۆڵانەکان و خیابانەکانی دیکە کە تۆ کردت بە کوانوو و ئاگردانی بەرخودان و خۆشەویستی و جۆش و خرۆشی سەرکەشی و خەونی زیندەگییەکی شکۆمەندانە کە ئەگەر تا هەنووکە نەمانبووبێت و خەون بووبێت.. ئەوە تۆ لە پایزێکی غەمناکی نێو دڵ و رۆحی ئێمەدا وەک تەتەر و پەیکی شارەزا هێنات و دەنێو چاوانی ئێـمەدا چاندت .. هۆ خەونهێنە غەمین و بەجەرگ و خاکەڕا و زێدە سەلار و سەنگینەمان!

ئەوەیان چ گۆبەندێکە کە چەند تاڵە موویەکی سەر و پرچی تۆ، یانژی قەفێک لە کەزی یاخی و هەڵاتوو و سرک و جوانی تۆ کە بە بەر چاوی هەزارەها خۆیان لە رەفتە و سەرپۆش راپسکاند تا بەکامی دڵی خۆت هەتاو و هەوای پاک بیشواتەوە، ئاخر نەدەکرا.. ئاخر نەدەکرا جوانییەک لە ناو جوانی تۆدا بخنکێت. ئەرێ بە راست ئێمە لەسەر کام ئەستێرەدا دەژین کە سەر و پرچی تۆ پیاوانی هەوەسباز و خۆگر لە شەهوەت رژێندا هار و دەیری و دەللی بکات، بە تەنها بە بینینی سەر و پرچی کۆت و بێ سەرپۆشت؟ تۆ بڵێیت ئەوان و ئێمە جێنشینی هەمان ئەستێرە بین؟
ئاخر حیکمەتی تێدا نییە ئەوانی دیکەی ئیماندار و خوداناس زەندەقیان لە پرچ و پەرچەم و زولف و ئەگریجەی کچان و ژنان بچێت و بتۆقن.. ئەوەیان چ سام و ترس و 'فۆبیا'یەکە بەرامبەر بە جوانی کە یەزدان یانژی سروشت بەخشیوییەتی کە بێ پەند و حیکمەت نییە.. پەحا و ئەفسووس و جەخار و سەد حەیف و موخابن بۆ ئەو ئیماندار و بڕوادارە بەستەزمانانە!
***

{پەرچەمی ئاگرین}
چ شەرم و شوورەیی بوو کە پیاوانی ئامێرد و رۆبۆت ئاسا و ئەڵقە لە گوێ زەندەقیان چوو لە پای یاخیبوونی چەند تاڵێک لە ئەگریجە و پەرچەمی نەترست، کە گوایە لە ترس و تاوی دزە کردنی زولفی تۆ لەوەدایە عەرشی فەلەک بلەرزێت.. گەرچی ئەوەیان مەحاڵە. بەڵام بەڵام.. لە چاوی پیاوانی دار بەدەست و پاسەوانانی ئاداب و ئاکار ئەتۆ بوویت بە کانگا و و سەرچاوە و کوانووی گڕکان و تۆفان و وەیشوومە و بوومەلەزە و فیتنە و فەساد و فسق و فجور و فاحیشە، کە بە ئەندازەیەک کوشندە و بڕندە و ترسناک بوویت بۆ ئەوان کە لەوەدابێت دۆزەخت لە ئاسمانەوە گواستبێتەوە سەرزەمین و ئەو سەر خیابانە بە رادەیەک خرۆشان بەدەم هەنگامە و زەبر و زەنگ و خوێن هەڵچوونی ناحەزەکانت کە وەک ئەوە بوو کە گڕکان و تۆفان و زەمین لەرزەیەکت بەرپا کردبێت.. وای لە پیاوانی زێدە لەرزۆک و گرگن و گزگل و تۆقیو لە سێبەر و بۆن و بەرامە و نیگا و لەنجەی لەرزەکەمەر و ترپە و تەققەی پێڵاو و حریتە حریت و قاقا و قریوەی لە ناکاوی خانمان.. وای وای!

گیانۆ.. ژیناـ ی ئازا و جەربەزە ئەوە تۆیت کە ژینی ملیۆنەهات بە درۆ خستەوە، ئەوانێک کە مردوون و بە خۆیان نازانن، مردووەکان ئەوەندە زۆرن کە مەگەر مردووەکان میهر بنوێنن کە مردووەکانی دیکە بنێژن. ئەتۆ بە مەرگی خۆت سەلماندت کە ئەوانی نێرگەل و هەم كەڵەگا نەیانزانیوە بژین، لە تۆ پەست و تووڕەن کە سەلماندت ئێمەی نێرینەکانی ئەم دەڤەرە زیندانین لە پای ئەوەی گوایە ئەوان شاد دەبن گەر ئێوە دەنێو ئەشکەوت و کونجی ماڵەکاندا وەک باڵندە و مەلی نێو قەفەز بژین و هەتاویش لێتان نەدات، وەک هوزار و بولبول بخوێنن بۆ ئەوانێک کە نازانن چریکەی ئێوەی نێو قەفەز گریان و شیوەنێکە کە ئەوانی کەودەن و و نەبان و حۆل و یاغنیش دەرکی ناکەن!

مەگەر نەتزانیوە کە وەها وێنای ژنان دەکرێت کە چ جادووگەرێکن کە لەژێر هەر تاڵە موویەکی سەر و پرچی ئێوە شەیتانێک خۆی حەشارداوە کە ئەگەری فریودانی پیاوە ئیمان تۆکمە و هەم لەرزۆکەکانی هەیە، ئەوەیان چ بڕوا و ئیمانێکی تەنکۆڵە و عەمبارەپۆیە کە وا زوو بە دەرکەوتنی پەرچەمی خانمێکی سەلار و سەنگین کە ویقار و شکۆیەک لە چاوانی تۆدا شەوی دەیجووری رۆشن دەکردەوە، دە من دلنیام ئەتۆ دەتزانی کە ئەوان هەترەشیان لەو پڕشنگ و تین و تاو و چرایەک چووە کە لە چاوانی تۆدا نێو دڵ و رۆح و مێشکی تاریکی ئەوانی رۆناک کردۆتەوە، ئەوان کە شەمشەمەکوێرە ئاسا لەسەر تاریکی راهاتوون، نەدەکرا رۆشنایی تۆ چاڵ و گۆڕ و خەرەند و بیری بێ بنی نێو گیان و بوونی ئەوان بخاتە بەر دیدەی هەزارەها کە دوا جار خۆت کرد بە قوربانی وەک پەروانەی دەوری شەمع و سووتایت تا هیچ نەبێت بۆ تاوێک رۆحیان رۆشن بێتەوە، وەلی تۆ چی بکەیت کە ئەوان نەیانەوێت ئەو خەرەند و چاڵ و کونە ئەشکەوتەی ناو مێشک و دڵ و رۆح و تاریکستانەی ناو خۆیان ببینن کە سیخناخ بووە لە مار و دوپشک و تیغ و زەمهەریر و سەڕسەڕ و پاشماوەی سەدەها جڕوجانەوەر کە ئافات و وەیشوومە و زووخاوێک لە کینەبازی و رق و ژەهری شاماری حەوت سەریان هەیە دەرهەق بە تۆ و هاوتوخم و هاورەگەزەکانت!
***

{نهێنی و تەڵزگەی گۆبەندێک}
ئەرێ بە راست ئەتۆ بە ئەنقەست ئەو گۆبەندەت نایەوە؟ یان خودی رەشەبای عەزرەتی و شەیدای سەر و سەکوت و قژوقاڵت بوو کە بە هەویای بینینی ئەگریجە و خەت و خاڵت بوو کە وەک شنەبا و شەماڵی سەرمەست خۆی نواندبوو تا سەری کۆت و تاڤگەی دارژاوی کەزی و بسکی شاراوە عەترلیت رابمووسێت و نەوازشت بکات، جواناوی بۆن و بەرامەت لەتەک خۆیدا ببات بەو مەرام و نیازەی کە هەرچی کچان و ژنانی شانشینی مەملەکەت هەن لاسایی تۆ بکەنەوە، لەولاوە چی نێرگەل و پیاوانی رۆح کەڵەگایی هەن زەندەقیان بچێت کە ئیدی تۆی سەرقافڵەچی و رابەر رێنوێنی هەمووان بکەیت کە ناکرێت سەر و پرچیان قڕێژ و کەڕوو هەڵبێنن، بەو نیازەی کە ئیدی نەدەکرا رشک و ئەسپێ و گەنە و زەروو خوێنی پاکیان بخۆن!
هۆ کچی ئاسمان.. ئەوەتا بای 'وەشت' هات و لە هەر چوار قوڕنەی دونیاوە شنەبای خۆشنوودی و رەهاکردنی زولف و بسک و پەرچەم و کەزی راگەیاند کە لەو زیندانەی تێیکەوتبوون.. رەها و سەرفراز بن بۆ هەتا هەتایە.. تۆ بڵێیت ئەو خۆزگەیە بێتە دی؟ ئەرێ بە راست تۆ بڵێیت نێرگەلێک و رۆح کەڵەگا ئاسا هەبن کە لە سەدەی بیست و دوو و هەزارەی سێیەمدا بە سیحری ئەو پەرچەم و ئەگریجەیە بکەونە سەر سمکۆڵان و حیلاندن لە ژێر فشاری کوڵانی خوێن و جۆشدانی هەوەسی هار و گڕگرتنی شادەمار و هەم دەمارە دەزوولەییەکان تا ئەندازەی زەڕین و پەڕین.. خۆ گەر وا بێت.. مەرجە ببرێنە بیمارستان و تیماری ئەو هەموو برینە زۆر و زەوەندەیان بۆ بکەین کە بۆتە کیم و زوون و تیراوەی هەوکردوو.. لە سەر پێست؟ نا نا نا.. بەڵكو لەسەر پەڕەی رۆح و دڵ و مۆخ و گلێنەی چاوانیان!

وێجا.. خۆ کە ئەگەر ژیان و زیندەگی مەردمگەل ئیمتیحان و تاقیکردنەوە بێت لەم دونیایەی خۆمان، پاداشتی چاکە و خراپە لە قیامەتێ بە فەرمانی یەزدان بێت، کەواتە وا رەواترە کە پیاوان بۆ خۆیان کە بە نیازن بە دیداری حۆرییەکان و غیلمان شاد بن لە بەهەشت.. مەرجە ئەوان چاوانی خۆیان دابخەن.. ئەگەر نا..ئەوەیان چ تاقیکردنەوە و ئیمتیحانێکی ساختە و فشۆڵە؟ کەواتە چ حیکمەتێکی ئیلاهی تێدایە خانمان بۆ خاتری نێرینەکان لە کوونی ژوورەوە نەیەنە دەرەوە و کە هاتنە دەرەوەش مەرجە نیقاب و بورقا و سەرپۆش و رەفتە و لەچک و مانتۆ بپۆشن، گەر وابێت کەواتە بەهەشت هۆتێلێکی بەلاشخانەیە.
بە دیدگای من ئەوەیان تەوسئامێزە و پڕە لە موفارەقە و پارادۆکس، پتریش فێڵ و تەڵەکەبازی رۆحی نێرینە و پیاوسالارییە، گەمەیەکێ چەپەڵی دەستەڵاتخوازی و ئایدیۆلۆژیایەکی سەردەستەیی نێرینەیە کە هەوڵێکی هەزارەها ساڵی بە دواوەیە لە ستەم و چەوسانەوە و خۆ زاڵکردنی نێرینە لە رێگەی یاسا و رێسا و ئەدەبیاتی مەزهەبەزەدەیی کە کۆی میراتەکە هی نێرینەیە.. نەک مێینە کە جێگای گومان و پرسیارە، لە ئاکامدا بەو نیازەش گەیشتوون کە ژنان و کچان کۆیلە و ملکەچ و ستەمدیدە بن و بە درێژایی تەمەن و زەمەن خەون بە سەربەستی و خودگەرایی و سەرخۆییبوون نەبینن، کە زادەی مێژوویەکی نایەکسان و راسیستی و نارسیستی نێرینەی تێدا پیادە دەکرێت بەو مەرجە کۆتایی دێت کە ژنان و کچان خاوەن بەڵێ و نەخێر خۆیان نەبن لە قۆناغی پێڕەوگەییەوە تا سەریان دەیدا لە بەردی ئەلحەد!

یانژی بە دیدگا و قەولی ئەوان ئەوەیان فیتی شەیتان بووە کە فریوی داویت سەرپۆشەکەت دابخزێت و توندی نەکەیتەوە، یانژی ماندووی سەفەر بوویت و شەکەت و پرزە لێبڕاو، پاسدارانی کەودەن و یاساوڵەکانی ئاکار و ئاداب و پاسەوانی ناوگەڵ دوچاری هیستیریا بووبن، ئاخر دەکرێت ئەوانی کەودەن و یاغنیش وایان مەزندە کردبێت کە ئاسمان رەش هەڵاتبێت لە تاو ئەو گوناهە کەبیرەیە، چون ئەگەری ئەوە زۆرە فریشتەکان سەرەتاتکێیان کردبێت، بێباک لە ماجەرای دونیا و مەردمگەلی تلاوە بە دەست گرفتی لە بن نەهاتووی شەڕ و شۆڕی هەزارەها هابیل و قابیل و کوشتارگە نەبڕاوەکان و ئەفسانەی ململانێی ئیبلیس بەرامبەر ملیۆنەها بە مەرجی فریودانی مەردمگەل کە ڕوو لە خراپە بن و پشت لە چاکەکاری، بە واتا ئاسمانێکی بێباک یان سەرقاڵ بەو خوێنبارانەی کە ئەم سەرزەمینەی بۆگەن و پیر و لەوتاوی کردووە، لەوەتەی "عیسا" بەسەر خاچەوە چوارمێخەی کێشراوە کە تا هەنووکەش نە دابەزیوە و نە ئاسمانیش هەڵیکێشاوەتەوە بۆ بارەگای باری تەعالا!

{خانمێکی تەنیا دەنێو جەنگەڵدا}
رۆحی رەوان.. ژینا.. کەواتە کێ فریای تۆ بکەوێت کە ئاسمان سەرقاڵ و پەشێوحاڵ و شپرزە بێت، نەکا کەشتییەکەی "نوح" بە خۆی و سەرنشینەکانەوە زەریا هەڵیلووشێت، سەراسیمە بەو هەموو زەمین لەرزە و گڕكان و بورکان و جۆرەها دەرد و نەخۆشی کوشندە کە مەردمگەلی گیرۆدە کردووە، کەچی.. کەچی تۆ بێباک لەوەی سەرپۆش و رەفتەکەت 'با' دەیبات و فریشتەکان لە خۆت تووڕە و تۆراو دەکەیت، هاوکات ئیسرافیل و جیبرائیل و عزرائیل و رەزوان چاوانی خۆیان نووقاندووە لە ترس و تاوی دیمەنەی تۆ تیایدا گیرۆدەیت و هەم ئازا و جەربەزە، کەچی ئەوە تۆ بوویت 'ژینا'ی هێور و سەلار، لە بری ترس و تۆقین، ئەوەندە چاو قایم بوویت.. یان هەر خوو و خدەی خۆت بووە کە خەندەلێو بوویت و سەڵانە سەڵانە پیادەڕەوی هەنگاوت ناوە و رەدووی سەرپۆشەکەت نەکەوتوویت، لەولاوە ناچار و سیاچارە و لەرزە لێو بوون فریشتەکان لە حەوتەمین تەبەقەی ئاسمانێ، پاسداران و یاساوڵانی داربەدەست ناحەز بە جوانی و بوێریت بە رادەیەک شێتگیر بوون کە وەک ئەوەی تۆ ڕەشكەکا بیت و بتکوتن و بتکوتن و بتکوتن تا هەناسە لەبەربڕان!
ئیدی تەنگەتاوتر بوون یاساوڵەکانی رەوەشتمەندی عەمبارەپۆ کە بە هەق مەخلووقاتی زەندەقچوو بوون لەبەردەم ئارامی و دلێری تۆ و هەم پەرکەمدار و 'فێ'لێهاتوو لە تاو شەنگی و زیباییت، ناچار بە پەلەپروزێ و یەکاندەردوو وەخۆکەوتن و هەلقەیان بەست و پژدێنەیەکی بازنەیی و بڵندیان سازکرد بە قەد باڵای تۆ و بە پێچ و لوول وەک خەمی ناقۆڵات لە ساتەوەختی شکانی شکۆمەندی کچانەت لەژێر زەبر و زەنگی دڕندانەی پیاوانی مەزهەبزەدەی بێ مەزەب و مۆڕاڵ و ترسنۆک!
چما نەتدەزانی توخمی نێرگەلی ناوگەڵ برسی بە بینینی پێچ و لوولی قەفی کەزی و بسکی تۆ خوێنیان دەکوڵێت و ئاگرێک دەنێو شادەمار و دەمارە دەزوولەییەکانیان بەرپا دەبێت کە لەوەدایە کڵپە و بڵێسەی هەڵایساوی بگاتە دارستانەکانی سەرزەمین و باخەکان و لالەزار و باخی نێو فیردەوس کە تەڕ و وشك پێکڕا بسووتێنن؟
چما نەتدەزانی کە پاسەوانانی دەوری دامەن و تەشک و تیرێژ و قەد و باڵای تۆ وەک گیانداری کێوی و دڕندەکان و سمدارەکانی ئەسپی شێت ئاسا سمکۆڵان دەکەن لەتاو هەوەسی هار و شەهوەتی دەخوێندا گڕگرتوو، قەستیانە خۆیان ببن بە قامچی و تیغ و شمشێر و قەممەی دوودەم کە سادیستانە لە سەد لاوە لەت و کوتت بکەن و.. هێشتا ئۆخەی ناکەن؟ ئەوان بە تەنها بە بینینی خوێن و فرمێسک و ئارەقەی ڕەش ئۆرگازم دەبن و بەس!
چ غەمناکە دیمەنی گەلەگورگ و کارئاسکێکی سرک و تەنیا و بێچارە دەنێو جەنگەڵدا، جەنگەڵی سەدەی بیست و دوو و هەزارەی سێیەمینی "ڕەشهەڵاتی ناوەراست" کە تیایدا رۆحەکان پەژموردە و تاریک و سام لێنیشتوو.. تاریکترە لەوەی کە چاو بتوانێت چاو ببینێت.. ئەمەیان چ گورگستانێکە.. ئیلاهی؟
چما ئەتۆ نەتدەزانی کە کچەزای 'حەوا'یت کە 'ئادەم'ی فریوداوە و بێباکانە لە درەختی حەرام و قەدەغەکراوی خواردووە. بەڵێ ئەوە ئەتۆی کە لاسایی دایکە 'حەوا'ت کردۆتەوە و سەرپێچی دەکەیت و هەم پڕ بە زارت خەندەلێوانە سێوەکە دەکرمێنی و هەم سەرپۆش دەدەیتە دەست 'با' و گێژەنی گەردەلوولەوە!
چما ئەتۆ نەتدەزانی دایکانی من و تۆ و هەزارەها بۆ سەدەها جار و بار بەردەوام بە ترسەوە بە کچەکانی خۆیان دەگوت. "سەرت داپۆشە.. کۆشت داپۆشە.. با دامەنی کراسەکەت تا سەر گۆزینگ بێت.. مەمکەکانت بشارەوە.. قریوە و قاقا و خەنینت نەیەت، خۆت تاس و لووس مەدە و خۆ مەڕازێنەوە، بەدەم رۆیشتن و پیادەڕەوییەوە ئاوڕ مەدەرەوە، زار و دەمت بشارەوە کە نان دەخۆیت ئەو کاتەی پیاوان دیارن، ترپە و تەقەی کەوشەکانت نەیەت.. گەر نا.. نێرەوز گەمارۆت دەدەن و و و...هتد. بە راست ئەمەیان جەنگەڵە یان دونیایەکی تازە؟

چما نەتدەزانی بۆچی دایکانمان سەد بارەیان دەکردەوە بە چرپەوە کە ئێمەی کچانی 'حەوا' لە پەراسووی چەپ و هەم خوار و خێچی 'ئادەم' دروست بووین و تا قیامەت راست و رێک نابینەوە.. هەر بۆیە لەسەر هەر سیلەی کۆڵان و گۆرستانێک و جادەیەک پیاوان و لاوانی داربەدەست وەک ئەرژەنگ وەستاون لە شمشێری بڕندەتر قیت و قۆز وەستاون بە ناوی چاودێری خراپە و چاکەکاری خەڵکی، کە گەرەکە بۆ هەر هەڵە و پەڵە و کەتنێک و سووکە گوناهێک بە دار و مەترەق و تێڵا و قامچی و قیرپاچ و شەللاق بەو نیازەی رێک و راستتان بکەنەوە، ئەی دایکە نەیچرپاند بە گوێی تۆدا کە هەر راستکردنەوەیەک خوێن و شکانی شکۆمەندی و گۆبەند و رسوایی بە دواوەیە کە زادەی میراتێکە کە زۆر قورسە کەسمان بیزانین کەی دەستی پێکردووە و کەی کۆتایی دێت و گۆڕ بە گۆڕ دەبێت.. خۆ گەر بشیزانین پێمان شەرمە بیدرکێنین، چونکە پیشەسازی و بەرهەمی دەست و فیکری ئێمەیە.. ئێمەی چی چی چی؟ خۆتان ناوی بنێن!
***

{ژینا.. قەقنەس ـ کەی ئێمە}
مەگەر هەر هەموومان نەمانبیستووە کە لە ناوئاخنی ئەدەبیاتی "ئیسرا و میعراج"دا هاتووە و جەخت لەسەر ئەوە دەکات کە زۆرینەی 'ئەهلی دۆزەخ' ژنان بوون لە پای ئەوەی کە بۆ هەمیشە نزیکن لە خراپەکارییەوە و دوورن لە چاکەکاری، گوایە لە دۆزەخیشدا بە قژ و قاڵی خۆیانەوە هەڵواسراون.. بە راست.. دیسانەوە.. خۆ ئەوان زۆر زووتر دەنێو دۆزەخدا ژیان هەم مردن.. من بەڵگەم هەیە و گەواهی دەدەم کە پلکە 'زارێ' دایکم و پێنج خوشکی خۆم و سەرباری کچان و ژنانی گەڕەک چلۆن دەسووتان.. ئاخۆ بەس من ئەو ئاگرەم بینیوە یان هەر هەموو نێرینەکانی گەڕەک و شار؟ نازانم.. بەڵام ئەوەندە شکۆمەند بوون کە دوای هەر سووتانێك ئازایانە وەک باڵندەی ئەفسانەیی "قەقنەس" ئاسا دەنێو خۆڵەمێشی خۆیان سەر لە نوێ رادەبوون و هەڵدەستانەوە و زیندوو دەبوونەوە.. ئاخر سۆز و بەزەیی و میهری ژنانە و دایکانە و خوشکانەی خۆیان دەنواند کە هاوخەم و سۆزیاری ئێمەی نێرینە بوون کە نەکا غەمناک و پرسەدار و تەنیا بکەوین.. ئەوەیان چ قوربانیدان و جوانی و رۆحێکە کە ئێمەی نێرینە نایبینین.. ئیلاهی؟!
ژینا.. ژینای ژن و ئازادی و شکۆمەندی و بوێری.. لەوەش قەباحەتر و ترسناکتر و گوناهێکی کەبیرەتر ئەوەبوو کە ئەگەر سزای تۆ نەدەن و نەتکەن بە نموونە و پەندی زەمانە، جوغل و تەمبێت نەکەن بۆ توندکردنی سەرپۆشەکەت، ئەوسا كچانی هاوتەمەنی تۆش سایلی تۆ سەرکۆت و ئاڵاو واڵا دەبن و ئیدی پیاوانی چاوچڵێس و ناوگەڵ برسی دوچاری نەزەری حەرام دەکەن، لەوەش کوشندەتر ئەوەیە کە ئێوە بپرسن و گومان بکەن کە بۆچی دەبێت ئیمانی پیاوە سمێڵ بابڕەکان ئەوەندە تەنکۆڵە و لەرزۆک و چروک بێت؟ بۆچی مەرجە لەرزۆکی ئیمانی ئەوان یان تۆکمەیی دینەکەیان لەسەر بە دیارکەوتنی پەرچەم یان داپۆشینی پابەند و وەستابیت کە بۆ هەمیشە پێوانە بێت بۆ وەدەستهێنانی بەهەشت و دووربوون لە دۆزەخ؟

ژینای.. دەرە ژین.. ئەتۆ چیت کرد گیانی پەژموردەی گیانان، چلۆن وا ئاسان هەوەسی پاسدارانی دار بەدەستی ئەخلاقت ئاگر داوە بە ئەندازەی دەیری و دەللی بوونی فریشتەکانی ئاسمان لە تاو ئیرەیی و بەغالەت بە جوانییە ئەفسوونبار و و رۆحی 'بەور' ئاسات.. گەرچی کە مەرگهێنیش بووبێت؟ ئاخر پاسەوانانی نامووسپەرست مەزەندە و ترسی ئەوەیان هەیە کە بە هەزارەها فریشتەی دەوری عەرش و مەلەکووت پایدۆستی لێبکەن و بتەکنەوە، لە گوینە کە هەندێکیان لە تین و تاو و ترسێکی پەنهان کە تۆ بەرپات کردووە.. پەڕ و باڵیان هەڵوەرێت، بە هەزارەهاش لە تەک حۆرییە زێدە نازدارەکان لە تاو بێباکی تۆ و نەترسانت لە ئاگری جەهەننەم سۆمای چاوانیان بڕژێت، ئاخر فەرمانە کە نەدەکرا نێرەوزەکانی ئاسمان و هەم سەرزەمین یەکاندەردوو بە شەوارە بکەون ئەو کاتەی پێکڕا مەست و حەیرانت دەبن کە ئاوڕ لە تۆ دەدەنەوە بە جۆرێک کە کەیل و کاس ببن کە وەک گەداکان سواڵی خەندەیەک و نیگایەک و ناز و هەوایەکی تۆ بکەن، وای وای.. ئەوەیان چ ئابڕووچوونێک بوو کە فیز و شكۆی خۆیان لەبەردمی خانمۆڵەیەکدا دۆڕاند!
***

{ خەون و خەیاڵێکی خوێناوی}
چما ئەتۆ نەتدەزانی کە لە شانشینی بێ خەیاڵ و خەونەکاندا.. خەون بینین و خەیاڵی فڕین سزاکەی خوێنی سەرە؟ هۆ ‌نازەنینی هەر هەموومان مەراقی ئەوەمانە و بێ ئۆقرەین.. ئاخر چڵۆن ئەتۆ لە شەوی دەیجوردا وەک چرا دادەگیرسێێت کە هەر هەمووان عەیب و عەورەت و چەهرەی ئەرژەنگ ئاسای خۆیان ببینن لە مەملەکەتێک کە هەر خەونێکی سەرکەش و سەرکێش بۆ خۆی خوێنی سەرە و خۆ سپاردنە بە دۆزەخ لەسەر دەستی ئەوانی ناحەز بە خەونی شەکرە کەنیشکێک؟
هۆ 'شەهرەزاد' کەی ئێمە.. چما ئەتۆ نەتدەزانی ئاخوندەکان کە نابینان هەر خەونێکی رەنگینی کچە رەنگاڵەیەک و شەکرەژنێک زەندەقیان دەبات، دە ئاخر دەزانی یان نا کە بینینی خەون بە رۆژی رۆناک لای شەمشەمە کوێرەکان چ گوناهێکی کەبیرەیە، تۆی خۆشخوان و سەراسیمە بە داستانی "هەزار و یەک شەو"ە کە 'شەهرەیار'ی مەست و مەیزەدە کردبێت و جوانی تۆ ئەفسوون و سیحری حیکایەت و داستانەکانی تا دوا پەندی پڕ لە تانوپۆ و گرێچن بیبات و بەدەم زرنگانەوەی زەنگوڵەی دەنگی تۆی خۆشخوێن خەو بیباتەوە.. ئیدی بۆ هەمیشە و بۆ هەتاهەتایە 'شەهریار' شەیدا و دێوانە و گیرۆدەتە و ناتوانێت سەرت ببڕێت و بتکوژێت وەک هەزارەها لە هاورەگەزی تۆ، لە پای بیانوویەک کە تا هەنووکەش دیار نییە.. تاکە بیانوویەک خوێنخۆری پادشاکان و پیاوەکان بووە کە بۆ هەمیشە خوانی خوێناوی 'ئۆرگازم' و سەرمەست و شادی کردوون، ئیدی تۆی ئەفسوونگەر هاتیت و بە گێڕانەوەی داستانەکان سەرسام و حەیران و هۆگرت کرد و مەرگی دیکەی هاورەگەزەکەی خۆت راگرت، بە ئەندازەیەک شاد بوو کە شەوێکیان خواستی ئەوە بوو ئیدی سەرپۆشکەت فڕێ بدەیت.. ئیدی خۆت رەها کرد، چون جوانی و زرنگی و ئەفسوونی جادووگەرانەت بوو کە ئەو خوێنخۆرییەی 'شەهرەیار'ی بنەبڕ کرد، ئەوەشیان پیاوە سادیست و خوێنخۆرەکانی مەملەکەتی شێت و داغان و غەمگین کرد و کۆستیان کەوت کە پادشا دەستبەرداری خوێنخۆری کچان و خانمانی ببێت.. پیاوانی مەست و خۆشنوود و ئاسوودە بە خوانی خوێنای و خەیاڵکوژ لێنەگەڕان گیانۆی کەلەکەوێت .. لێنەگەڕان.. تا هەنووکەش خوێنبارانە و شانشینی پرسە و واوەیلا و مەرگەساتە جوانێ.. بەڵام ئەوە تۆیت کە هەزارەها داستان و سەرگوزشتە و پەند و بەیت و بالۆرە و هیکایەت و چیرۆک و رۆمانت بۆ ئێمە بەجێهێشتووە و تازە فرچکمان پێوە دەکەین و میراتگری ئەمەکداری جوانی و میهر و شکۆمەندی و ئازایەتی و زرنگی تۆین.. بە قوربان.. شەو و شەوگارت شاد و ئەرخەیان و ئارام بنوو کە ئەمشە و سەدەها شەوی دیکە هەر هەموومان بێدار ئێشگر و دەرگاوان و پاسەوانی خۆت و خەیاڵ و خەونە شیرینەکانی تۆین بە درێژایی زەمەن و تەمەن.. هۆ 'قەقنەس'ی هەر هەموومان..!

(سەرەتای پایزی/٢٠٢٢)
"شێرزاد حەسەن"

 

+ پەراوێز: ـ
• قەقنەس: قەقنەس (بەئینگلیزی:Phoenix، گریکی دێرین: Φοῖνιξ، بەفارسی: ققنوس، عەرەبی: العنقاء)، باڵندەیەکی خەیاڵی و ئەفسانەئامێزە کە بەروارد دەکرێت بە جۆرەها باڵندەی دیکەی راستەقینە، باسی لێکراوە دەنێو داستانە کۆنەکانی عەرەب وەکو سەرچڵییەکانی سندیباد و داستانی 'ھەزار و یەک شەوە'، بەگشتیی لەنێو داستانە فارسی و رۆمانی و گریکی و میسڕی و چینییەکاندا ھەبووە. قەقنەس، وەکو بێچووی باڵندەیەکی پیرۆز لەنێو داستانەکاندا چاوی لێکراوە. باڵندەیەکە لەسەر هێلکەکەی دەنیشێت تاوەکو دەتروکێت، لە کاتی تروکاندا ئەوەندە بە خۆشییەوە بۆ بێچوەکەی دەخوێنێت و پوش و پەڵاش لە دەوری خۆی کۆدەکاتەوە تاوەکو پوشەکان ئاگر دەگرن و خۆیشی دەسوتێت، جا ئەو بێچوەی کە لە هێلکەکە دەتروکێت، پاشانیش دەبێتەوە بە دایکانە. دیارە سەرچاوەی دیکە ئاماژە بەوە دەدەن کە خودی" قەقنەس" تاکە باڵندەیەکی ئەفسووناوییە کە پێشبینی مەرگی خۆی بکات، گوایە سەروەختی گیانەڵا پووش و پەڵاش کۆ دەکاتەوە کە ئاگر دەگریت و قەقنەسەکە دەسووتێت بە پەرجووێکی دەگمەن و ئەفسانەئامێز دەنێو خۆڵەمێشی خۆیدا کە زادەی موعجیزەیەکی ئەفسانەئامێزە زیندوو دەبێتەوە.
• بەور: سەر بە خێزانی پڵنگە، هەندێک جاریش وەک مێینەی پڵنگ چاوی لێدەکرێت.
• تەوار: مێینەی باز یان بازی مێچکە.

(سەرەتای پایزی/٢٠٢٢)
"شێرزاد حەسەن"

Viewing all 244 articles
Browse latest View live